فەزیحەتهكانی پارتی لەكفری
Tuesday, 26/04/2011, 12:00
دەمەوێت لەو خاڵەوە دەستپێبكەم كە پارتی و مەسعود بارزانی و بنەماڵەكەى لە17ی شوباتەوە سەدان جار باسی بەرباراكردنی بارەگاكانیان و سوتاندنی جامانەى سوور دەكەن ئەمەش بە مەبەستی شەرعییەتدان بەو مەجزەرەیەی ئەنجامیانداوە بە كوشتنی گەنج و منداڵی كوردی، بەڵام ئەوەى لەسەروبەندی هەڵبژاردنە ناوخۆییەكەى پارتی لەكفری روویدا زۆر لەوە گەورەتر بۆ خودی بنەماڵەو پارتی.
لەیەكەم چركەساتی هەڵبژاردنی ناوخۆیی پارتیدا لەكفری ئەندامێكی پارتی پاش ئەوەى سەرناكەوێت دەچێتە ژووری بەرپرسی ناوچەو جنێوێكی زۆر بە بارزانی دەدات و تابلۆى بەرپرسانی پێشووی ناوچە بەر شەق دەدات و دەیشكێنێت كە چەندین كەس لەو ناوانە شەهیدی ئەو حزبەن، كەچی بنەماڵەی بارزانی و خودی حزبیش فزەیان لێوە نەهات؟!، بەڵام لەبەر ئەوەی بەردبارانی بارەگاكەیان كرا لەسلێمانی و جامانەى سور سوتێنرا سەرۆك هاتە قسە.
هەر لەكاتی هەڵبژاردنەكاندا بەرپرسی ئێستاى ناوچەی كفری 18 قاتی مرادخانی كوردی بۆ 18 كادیرو پێشمەرگەو ئەندامی ناوچە دەكڕێت تەنها بە مەبەستی ئەوەى كارى بۆ بكەن كە ئەمەش دەلالەتە لەبوونی كوتلەبازییەكی فراوانی نێو ئەو حزبەو كڕینی دەنگ لەسەر بنەمای بەرژەوەندی نەك ئینتیما بۆ حزب.
بە پێی ئەو زانیارییانەى بەدەستم گەیشتووە بەشێك لەئەندامانی ناوچە رۆژانە لەژوورى بەرپرسی ناوچە دەوام دەكەن و كارى رێكخراوەیی خۆیان بەجێهێشتووەو ئەوەى نەچێتە ئەو ژوورە بە پارتی حساب ناكرێت.
لەدواى گۆنگرە لەوەتی ئەو كەسەی بووەتە بەرپرسی ناوچە دەموچاوی نوێ و خەڵكی ئاسایی رووی نەكردووەتە بارەگاكەو سەردانیان ناكەن چونكە دەزانن ئاستی رۆشنبیری و پەیوەندی كۆمەڵایەتی ئەو كەسە زۆر لاوازە.
سەبارەت بە نەسریەی مانگانەی ئەو ناوچەیە كە 2300 دولارە هیچ چالاكییەكی پێ ئەنجامنادرێت تەنانەت مەلا مستەفا لەمانگی 3دا لەدایك دەبێت و كۆچی دوایش دەكات بە بەیاننامەیەكیش یادی نەكرایەوە، هاوكات پێشمەرگەو پاسەوانەكانیش زۆر ناڕازین لەوەى بە هیچ شێوەیەك لەو بڕە نەسریە خواردنی ژەمەكانیان بۆ ئامادە ناكرێت.
ناوچەى ناوبراو لەپێش هەڵبژاردنی ناوخۆیی پارتی دەیانوت زیاتر لە4000 ئەنداممان هەیە كەچی لەكفری هەزار دەنگیشیان نەهێنا كە ئەمەش دەلالەتە لەفەشەلی رێكخستن و كردەى جزبایەتی ئەو حزبە لەو ناوچەیە.
حساب نەكردن بۆ پارتی و لاوازییان گەیشتووەتە ئەو ئاستەى كە حكومەتیش تەنها زەوییەكی نەداوە بە ئەندامەكان لەكاتێكدا هەموو حزبەكان لەم ماوەیەدا هەموویان پشكی زەوویان بەركەوتووە.
ئاخر كە لەتەنها ناوچەیەكی ئەو حزبە هێندە كێشەو بێسەروبەری هەبوبێت ئەوا گوزارشتە لەبوونی هەزاران كێشەو ململانێی بەرژەوەندی و بێسەروبەری سەرووی پارتی كە چارەسەركردنی ئەستەمەو لەچەند ساڵی داهاتوودا لەلاوازبوون بگرە نەمان نزیكیان دەكاتەوە.
ئەمەو دەیان كێشەو كەموكوڕى دیكەى ئەو حزبەو ناوچەكەی پارتی لەكفری چاوەڕوانبن.
[email protected]
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست