ئازاردانی سمکۆی بێژەر چیمان پێدەڵێت؟
Saturday, 28/05/2011, 12:00
کەسایەتی ئیسماعیلی بێژەر لە مێژووی نوێی کوردستاندا بێوێنەیە. ئەو خۆشەویستە، نمونەی خۆڕاگری و بەرخودانی گەنجی کوردە.
ئەو وێنەیەی ئەو لە زەینی ئێمەدا کێشاویەتی زیندووە و بووە بە سیمبۆل. زیندوو بە جەستە و، سیمبۆل بە مێژووە بێگەردەکەی مەیدانی ئازادیی.
بە ئامادەکردن و دابیبکردنی مایکەکەی سەرای ئازادی و بوونی بە مایکبەدەست لەماوەی دوو مانگدا بوو بە خۆشەویستی خەڵک و توانی بچێتە ناو دڵ و ناخی هەموو تاکێکی ئازادی خوازی کوردەوە. وێنەی ئەو لای ئێمە هێند جوان و بێگەردە تەنانەت دەسەڵات و چەتەکانی تاریکییش لەوە تێگەیشتوون، بۆیە پێیان وایە بە زیانگەیاندن بە جەستەی سمکۆ دەتوانن وێنە جوانەکەی لای ئێمە بشێوێنن، دەیڕفێنن و جەستەی پڕ سوێ دەکەن.
ئەوەی ئەوان دەیانەوێت ئەوەیە، کاتێک جەستە و سیمبۆل دەبن بەیەک، لەڕیگەی جەستەوە بگەنە سیمبۆلەکە و بێبایەخی بکەن، بەڵام سیمبۆلەکە گەر یەکیش بێت لەگەڵ جەستەکە ناتوانن پێی بگەن بەو مانایەی لەکەداری بکەن، بەڵکو بە هەر زامێک کە دەیکەنە نێو جەستەکە، سیمبۆلەکە نازدارتر دەکەن.
ئەوان:
کۆمەڵێک چەتەی خەساو،
ترسنۆک،
دووڕوو،
بێ سیما،
خۆهەڵکێش،
دڵخۆش بە ئافەرینی کوێخا!
کوێخا:
گۆچانێکی نەخۆش بە ئینتەلا،
ورگ پڕ ژان،
سەروکەللە
باکردوو بە نەوس.
مێزەرێکی توڕە،
پڕ لە مەراق و تۆڵە!
بێژەریش سمکۆ:
لەناو دڵی ئێمەدا فریشتە،
پڕ لە هیوا بە دەنگی ئاپۆرای سەرا!
سلێمانی خامۆش،
گەنجان لە جاری پێشوو سوورتر
لەسەر هەڵسانەوە و،
تۆمارکردنی مێژوویەکی تر!
ئەشکەنجە و تیرۆر چیمان پێدەڵێت؟
ئەوەی لە کوردستان ڕوو دەدات چیتر تووشی شۆکمان ناکات، دەسەڵات هەموو شێوازەکانی خۆی پیشانداوین، سەیر دەبوو گەر بەو شێوازە هەڵسووکەوتی نەکردایە! ئەوان گەر سمکۆیان نەفڕانایە و، ئەشکەنجەی ئەو و ڕێبین و ئازادیخوازانی تریان نەدایە، ئەوا ئەو ڕاپەرینەی گەنجان لە حەڤدەی شوباتەوە پێی هەستان بێمانا دەبوو.
دەسەڵات لەم شەڕەدا بە چەک و تیرۆر باڵادەستیی بەدەست هێناوە، بەڵام شەقام و ڕاپەڕین دووبارە لە خاڵی کوڵان و قوڵپداندایە.
تەقینەوەی ئەمجارە وەکو جاری پێشوو نابێت بەڵکو کاریگەرتر دەبێت.
پڕبوونەوەی جادە و مەیدانەکان لە ئانوساتدایە.
ئاماژەکانی ئەم پەیامەی دەسەڵات بۆ شەقام و بۆ ئۆپۆزسیۆنە. بۆ شەقامە بەوەی بڵێت کە نابێت جارێکی تر سەر بەرزبکاتەوە. کە بە ئەشکەنجە و تیرۆر دەیەوێت شەقام سەرکوتبکات. پێمان دەڵێت مێشکی پڕە لە تووڕەیی و تۆڵە.
بە ئۆپۆزسیۆنیش دەڵێت کە، یان دەبێت بەتەواوی خۆی بدات بە دەستەوە، یان دانوستانی لە ڕاستیدا هەر "دان" دەبێت.
ئۆپۆزسیۆن لە چرکەساتی دەستدرێژیەکەی سەر سمکۆ وە لەبەردەم دووڕیانێکی چارەنوسسازدایە، یان خۆبەدەستەوە دان، یان بەرەنگاربوونەوە و ڕازی نەبوون بەو ستەمکاریەی دەسەڵات دەیەوێت دەرحەق بە خەڵکی ئێمەی ئەنجام بدات.
لەم چرکەساتەوە هەر دانوستانێک بێمانادەبێت.
ئەوانەی بەو دەستدرێژییە هەستاون، نێردراوی دەسەڵات بن، یان نێردراوی لایەنێکی نێو دەسەڵات بن بە مەبەستی تەگەرە خستنە بەر دانوستانەکان، هیچ لە
مەترسییەکانی کارەساتەکە کەمناکاتەوە.
چاوپۆشیکردن لەو تاوانە دەمانباتەوە سەر حاڵەتێکی زۆر خراپتر لەوەی پێش حەڤدەی شووبات، قبوڵنەکردنیشی هەنگاوێک دەبێت بەرەو پێشەوە و بەرەو ئاسۆیەکی ڕونتر.
لێدانی ئیسماعیل عەبدووڵا لێدانە لە هەموو شەقام و لە ئۆپۆزسیۆن!
شەقام دەبێت وەڵامی دەسەڵات بداتەوە، دەبێت ئەو پێشێلکارییە قبوڵنەکات! ئۆپۆزسیۆنیش دەبێت هەموو گفتوگۆیەک هەڵپەسێرێت و بیداتە دەست زەمەن!
چاوپۆشیکردن هیچ پاساوێکی نییە و خۆبەدەستەوەدانە!
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست