رونكردنەوە ترسنۆكانە و شەرمنانەكەى (5) پەرلەمانتار و دكتوراى فەل !
Wednesday, 30/03/2011, 12:00
ئەم وشانە بەدوورن لە ئەندام پەرلەمانە بەهەڵوێست وئەو كەسانەى كە هەڵگرى بڕوانامەى دكتۆران وهەزاران كەس لەسەر دەستى ئەوان فێرى زانست و زانیارى و خۆشەویستى نیشتمانەكەى كراوە ، هەموو كەسیش فیكەى خۆى ئەناسێتەوە :
كوردستان لەسایەى دەسەڵاتى حكومەتە جووت حزبەكەى پارتى و یەكێتیی ئەوەندە كارى قێزەون و گەندەڵى جۆراوجۆرى تیاكراوە كە لەوانەیە كاریگەریە نێگەتیڤەكانى بە چەندین ساڵى حكومەتێكى توكنۆكرات و بێلایەن و فرۆفیشناڵیش نەهێنرێتەوە سەر رێی ئاسایی خۆی ،ئەوەى زۆر مەترسیدارە ئەوەیە جۆرە بەناو رۆشبیر و خاوەن بڕوانامەى واى دروستكردوە كە لەهەموو جوانى و مۆراڵ و بەها و هەستى مرۆیانە داماڵراون و ئامێر ئاسا هەركاتێ حزب بیوەوێ و پێویستى پێیان بێ ئەوا بە پەنجە پیانانێك دەكەونە كار ، حەیف بۆ میللەتێك كەسەكانى بگاتە پلەى ئەندامى پەرلەمان و لەهەمان كاتیشا هەڵگرى بڕوانامەیەكى بەرز بێت و كەچى هەڵوێست و رەفتارى سیاسی جیا نەبێ لە هەڵوێستى شێخ جعفر و خولە سەنگاوى و سۆزان و تێڕوانین و بۆچوون و دیگاى بۆ رەوشی سیاسی ئێستاى گەلەكەى و ئەو دۆخە پڕ تەنگژە و قەیراناویەدا كۆنەپەرستانە و حزبیانە و بەرژەوند پەرستانە بێت ، دواى ئەوەى ناوى (5) بۆق پەرلەمانتار لە دەقى بەیاننامەیەكدا لەگەڵ ناوى (27) رۆشنبیر و كەسایەتى و چالاكوانى كۆمەڵگەى مەدەنیدا بڵاوكرایەوە سەبارەت بە رەوشى زیندان ئاساى هەولێر بۆ كرانەوە و بڵاوپێكردنى هێزە سەربازیەكان و رێگەدان بە دەربڕینى ڕاى ئازادانەى خەڵك ....تاد كە هەندێ لە سایتەكان بڵاویان كردەوە ، ئەمڕۆ ئەو (5) بۆق پەرلەمانتارە بەپەلە پروزێ و زۆر ترسنۆكانە پاكانەیەكیان لە دووتوێی رونكردنەوەیەكدا بۆ راى گشتى بڵاوكردۆتەوە و زۆر بەئاسانى بیم و ترسی دەسەڵات لەو روونكردنەوەیەدا بەسەربێ ئیرادەیی و بچوكى ئەم رۆبۆتانەوە دیارە ، مخابن بۆ میللەتێك خاوەن شەهادە و بوناورۆشنبیرەكانى و پەرلەمانتارەكانى بگەنە ئاستێك غیرەتى كەسێكى ئاساییان نەبێ و ئەو هەموو ناعەدالەتى و نایاساییەى كە رۆژانە دژى گەلەكەیان ئەكرێ بێ دەنگ و بێ هەڵوێست و ویژدان مردوانە رەفتار بكەن . بەڕاى من ئەمانە هبچ جیاوازیەكیان لەگەڵ چەتە و چەقۆكێشەكان و پیاوكوژەكانى ناو بارەگا حزبیەكان نیە و ئەمانیش لەبرى چەك بە بێ هەڵوێستى و یژدانى مردوانەیان سەنگەرى خیانەت و دژى گەلەكەیان وەستاون و بەشدارن لەو خیانەت و خوێنڕشتنەى كە دەرحەق بەخەڵكى مەدەنى گەلەكەیان ئەنجام دەدرێ و نابێ هیچ كەسێك لە داهاتوودا چاو لە خۆفرۆشی و بێ هەڵوێستى ئەم جۆرە بۆرە پیاوە دوو سەر و ڕاڕاو سەرلێشێواوە بكەن .
ئەم جۆرە بۆرە پیاوانە لە نێو كوردا زۆرن ، هەیانە بەناو رۆشنبیرە ، یا راگەیاندن كارە ،یا هونەرمەندە ، لەهەر پێگە و پایەیەكى كۆمەڵاتى تردا هاو چەشنى ئەم جۆرە ویژدان مردوانە بەدى ئەكرێن ، ئەمانە كۆمەڵێ خەڵكن لە بارودۆخە هەستیارەكاندا ئەیانەوێت سیفەتى (كەرى ناوجۆگا) بنوێنن بەوەى بەردەوام خۆیان یەكلایی ناكەنەوە و دەیانەوێت لەمبەر بخۆن و بۆ ئەوبەریش لموز بژەنن ، ئەوانە كاتى خۆیشى (پێغەمەر) بە مونافیقین ناویان دەبات و خەڵك لە مەترسی دوو روویی و بێ هەڵوێستیان ئاگادار دەكاتە و تەنانەت فەرموویەتى (ئەوانە لە كافرە دیارەكان خراپترن) بۆیە جێگەى خۆیەتى بزووتنەوەى سیاسی و جەماوەرى ئازادیخوازانەى گەلەكەمان و هێزە ئۆپۆزسیۆنەكانیش ئەم راستیە لە بەرچاو بگرن و مەترسی ئەم حالەتانە هەست پێ بكەن چونكە یەكێك لە هەڵە هەرە گەورەكانى دەسەڵات و سیاسەتى یەكێتیی و پارتى ئەوە بوو كە رەوتى ڕاپەڕینى ساڵى 1991 یان بەلاڕێدا برد و پیادەكردنى سیاسەتى كۆكردنەوە و راكێشانى زۆرترین خەڵك واى كرد (سپى و رەش ، ئەنفالكراو و ئەنفالچى ، كوژراو بكوژ ، دڵسۆز و سیخوڕ ....تاد)
یەكسان بكرێن و حەماسی شۆڕگێڕى و نیشتمانى و نەتەوەیی خەڵكى كوردستانیان كوشت و دیوەخانى سەدان خائین و ئەنفالچیان گەرمتر و گەورەتر كردەوە و مانگانە لە لایەن بارزانى و تاڵەبانیەوە نەسریە و مووچەى نۆكەرەكانیان بۆ دەنێردرایەوە ماڵەوە كەئێستاشی لەگەڵ بێ ئەم كارە هەر هەیە و سەدان لەوانە بەردەوام شانبەشانى قەڵەم فرۆش و رۆشنبیرە خۆفرۆش و رەشبینەكەى كوردستان پارێزگارى لە مانەوەى ئەم دەسەڵاتە عەفلەقیەى پارتى و یەكێتیی دەكەن .
بۆ ئەوەى ئەو هەڵە مێژوویە دووبارە نەبێتە و جارێكى تر راپەڕین و تێكۆشان و خوێنى شەهیدەكانمان بەفیڕۆ نەڕوات و نەبێتە هۆكارێكى تر بۆ بەرزكردنەوەى كۆشك و تەلار ى هەندێ بازرگانى سیاسی تر دەبێ زۆر بەتوندى و شێلگیرانە رووبەروى هەر هەوڵ و تەقەللایەكى واببینەوە و دژى هەر دەست و گرۆپێك بوەستینەوە كەجارێكى تر بیەوێت (قەڵەم فرۆش و قەڵەم بوێر ، بەرەى خەڵك و دژە گەل ، بێ هەڵوێست و بە هەڵوێست) تێكەڵ بكرێتەوە و بەناوى (بن دیوار و سیخوڕى نهێنى و رێكخستنى نهێنى و پەیوەندى ژێر بەژێر) بێ هەڵوێست و قەڵەم فرۆش و ویژدان فرۆش و نامردەكان و پیاوكوژە نەتەوە كوژ و نیشتمان ئەتك كەرەكان بكرێن بەقارەمان و شاسوارى رۆژە سەختەكان !
ئێستا لە وڵاتى میسرى دواى دەرپەراِندنى حسنى موبارەك لاوان و خۆپیشاندەران داواى پاكسازى بنەڕەتى لە دامودەزگا و كەناڵەكانى راگەیاندنى ئەو وڵاتە دەكەن و دەیانەوێت راگەیاندكار و نوسەر و هونەركارەكانى لایەنگرى دەسەڵاتى موبارەك لەو دەزگایانە نەهێڵن و خەڵكانى بە هەڵوێست و گونجاو لەو شوێنانەدا كار بكەن ، وە لە تازەترین داواكاریشیاندا ئەوەیە ئەگەر حكومەتى نوێ و سەرۆكایەتى ئەنجوومەنى سەربازى میسر نەكەوێتە لێپێچینەوە و بەدواداچوونى ئەو كەسانەى كە لە كارى گەندەڵى و نایاسایی و دژى گەلیەوە گلاون ، ئەوا خۆپیشاندانى ملێۆنى رێك دەخەن و بەردەوامى بە خۆپیشاندانەكانیان دەدەن تاوەكو سەرجەم داواكارى و خواستەكانى خەڵك دێتە دى .
بۆ ئەوەى گیانى ئازادیخوازانە و رەوتى شۆڕشی جەماوەرى بەزیندوویی بمێنێتەوە و دەستكەوتەكان بەهەدەر نەدرێن و شۆڕشی سپی ئەو گەلە بەلاڕێدا نەبرێ میسریەكان پێویستیان بەهەڵوێست و بەتێڕۆانین و چاودێرى كردنى وردى رەوشى سیاسی میسرى دواى موبارەك هەیە گەرنا بێگومان جارێكى تر حوسنى موبارەكێكى تر لە شێوە و دێوجامەیەكى ترى حكومداریدا دەگەڕێتەوە .
ئەگەر هەر بڕى پارەى پێدراو بۆ كڕینى ئەو ئەندام پەڕلەمانانەى لیستى كوردستانى كە (52) پەنجاو دوو ملێۆن دیناربوە دەكاتە مووچەى (104) مانگى پۆلیسێك یا پێشمەرگەیەك كە هەڵوێست و بۆێرى ئەو پۆلیسە یا پێشمەرگەیە زۆر گەورەتر بوە لە هەڵوێستى ئێوە و زۆرێكیان مووچەكانیان لەبەرامبەر ناعەدالەتى و نایەكسانى و دیكتاتۆریەتى دەسەڵاتى حكومەتە جووت حزبیەكەى ئێوە كە تاكە سەرچاوەى بژێوى خۆى وخێزانەكەبوو رەتكردەوە ، كەچى ئێوە بەتەنها پارەى كڕینى ئۆتۆمبیلەكانتان نزیكەى (9) ساڵى دەوامى مووچەى ئەوانتان وەك پێشەكى وەرگرتوە ئەوە جیا لەوەى مووچەى تەنها یەك مانگى ئێوە زیاترە لە مووچەى یەك ساڵى ئەوان ، ئەگەر بەم پێیەش بێ ئێوە لە مانگى 8 / 2009 وە مووچەتان هەیە و گەر مانگى (6) ملێۆنیش وەربگرن تائێستا كە مانگى 29 /3/2011 دەكاتە (18) مانگ و بە پارەش دەكاتە (108) ملێۆن دینار واتە ئەمیش دەكاتە نزیكەى مووچەى (216) مانگ یا (18) ساڵى پێشمەرگەیەك یا پۆلیسێك ! بەهەمووى ئەو پارەیەى كڕینى ئوتۆمبیل ومووچەى ئەو 18 هەژدە مانگەى كە كە ئەندام پەرلەمانەكانى لیستى كوردستانى وەریان گرتوە دەكاتە ئەو بڕە پارەیەیەى كە پۆلیسێك یا پێشمەرگەیەك بە ماوەى (9 + 18) ساڵ = 27 ى خزمەت پێی دەدرێ ، كەچى ئەو پێشمەرگە و پۆلیسە بەهەڵوێست و بە ئیرادەتر و مەرد ترە لەو بۆق پەرلەمانتارانەى لیستى كوردستانى !
ــــــــــــــــ ــــــــــــــــــــــــــــ ـــــــــــــــــــــ
بۆ خوێندنەوەى تەواوى رونكردنەوەكەو دەقى بەیاننامەكە تكایە سەردانى ئەم سەرچاوەیە بكە :
http://www.rozhnama.net/Detail.aspx?id=345&LinkID=66
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست