کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


لە شەش مانگى رابردوودا 83 ژن لەگەرمیان هەوڵی خۆشتنیان داوە

Friday, 20/08/2010, 12:00




بە پێی ئامارێكى بنكەى پۆلیسی نەخۆشخانەى كەلار،لەماوەى شەش مانگى رابردوودا 83 ژن هەوڵی خۆكوشتنیان داوە،58 ژنیان سوتاوون، كە 11 ژنیان گیانیان لەدەستداوە،وەك لە راپۆرتەكەدا هاتووە زۆربەى ئەو ژنانەى هەوڵی خۆكوشتنیان داوە لەبەر"دڵپیسی و رەزیلى مێردەكانیان و خراپی ماڵە خەزووران و نەبوونى ماڵی سەربەخۆو بەتەنها ژیانیانە".
" دوو فیشەكم نا بەخۆمەوەو تا كۆتایی بەژیانم بهێنم،بەڵام گەیاندیانمە نەخۆشخانەى كەلار،بەاخەوە رزگارم بوو"فرمیسك مەحمود تەمەن بیست و دووساڵبوو".
ئەم كچە خوێندكارە باڵا بەرزە باسی لەوەكرد كە داخراویی كۆمەڵگاى باوك سالاری وایكردووە كچان و ئافرەتان پەنا بۆ خۆكوشتن ببەن"لەماڵەوە زۆر خراپن و دڵیان لێم پیس بوو،لەهەمووجۆرە هەڵسوكەوتێكم رێگرن،زۆربێزار بووم كە بەو شێوەیە رفتاریان لەگەل دەكردم،تەنانەت جیاوازییەكى زۆر دەبینى لە نێوان خۆم و براكانمدا تەنها لەبەر ئەوەى بەس من كچم،بەڵام هەرچی بكەن ئازادن بەباش و خراپیانەوە".هەر ئەونائومێدیەش وا لە فرمێسك دەكات ساڵێك لەمەوبەر هەوڵى خۆكوشتن بدات" پەشیمان نیم كە ویستم ساڵێك لەمەوبەر خۆم بكوژم،چونكە ئەمە ژیان نییە،ژیانمان سوتاوە لەبەرئەوەى ئافرەتین،ئەبێت هەموشتێك لێمان حەرام بكرێت،ئێستادایكم زۆر چاودێریم دەكات لێم ترساوە كە جارێكى تر پەنا ببەم بۆ خۆكوشتن".
بە پێی ئامارێكى بنكەى پۆلیسی نەخۆشخانەى گشتى كەلار كە دەست ئاوێنە كەوتووە،رێژەى ئەو ئافرەتانەى روو لەخۆكوشتن دەكەن رۆژ بە رۆژ لەبەرزبوونەوەدایە،لەماوەى شەش مانگى رابردوودا 83 ئافرەت بەحاڵەتى جۆراوجۆر هەوڵی خۆشتنیان داوە،58 ئافرەتیش بەحاڵاتى جۆراوجۆر خۆیان سوتاندووە یازدەیان بەهۆی زۆرى سوتاویەكەیانەوە گیانیان لەدەستداوە.
توێژەرێكیش پێیوایە"بەزۆر شودانى كچان و رێگرتن لە پرۆسەى خویندن،هۆكارێكە كچان خۆیان بكوژن.
سۆزان عەلى تەمەن بیست ساڵ،كە خوێندكارى زانكۆیەو كچێكى ئەسمەرە،تا ئێستا چەند جارێك هەوڵی خۆكوشتنى داوە،بەڵام لەلایەن خێزانەكەیانەوە رێیان لێگرتووە.سۆزان وەك باسیكرد رێگرییەكى زۆری لێكراوە بۆ ئەوەى هاوسەرگیرى نەكات،ئەویش زۆر بێزار بووە"كورێكم خۆشدەویست،كە هاتە داوام،ماڵەوە رازینەبوون زەواجى لەگەڵ بكەم،ئیتر گەشتومەتە ئەوبروایە خۆم بكوژم،بەڵام تاكوو ژیانت لێتاڵ نەبیت قەت بڕیارى هەڵە نادەیت،هەمیشە نائومێدى سەرتاپاى ژینم دادەپۆشێت،هەركات گەیشتمە ئەوپەرى نائومَیدى حەزناكەم بژیم مردنم لە ژیانى تاڵ پێباشترە.
ئەو كچە وتیشی"هەمیشە دەبێت عەقڵى ژنان، پیاو بەكارى بهێنێت،دەبێت دروستكردنى ژییانیشمان بە دڵى ئەوان بێت،ئەوان بڕیارى لەسەربدەن،هەمیشە وەكو كۆیلە سەیری خۆم دەكەم.
لەمبارەیەوە،توێژەرى كۆمەڵایەتى، فاتمە عەبدوڵڵا باسی لەوەكرد كە" خۆكوشتنى ژنان و كچان لە كوردستان هەڵهاتنە لەدەست كۆمەڵگا داخراوەكەى ئێمە،وەكو رێگرى لە پرۆسەى هاوسەرگیری و خوێندن و بەزۆر شودانى كچان و هەروەها لە ڕوى داب و نەرێت و ئایینەوە،باوك سالاری وادەكات ژنان و كچان پەنا بۆ خۆكوشتن ببەن،ناوبراو ئاماژەى بەوەدا80% خۆكوشتنى ژنان نەخۆشی دەرونییە." 80% ئەو كەسانەى پەنا بۆخۆكوژى دەبەن رەگەزى مێینەیە كە هۆكارەكەى توشبونە بەنەخۆشیە دەرونییەكان زیاتر نەخۆشی خەمۆكییە،كە پیشتر توشی ئەو حاڵاتە بونەتەوە، دواتر پەناى بۆ دەبەن.
دەربارەى ئەوەى تا چ ئاستێك توانیویانە بەر لە خۆكوشتنى ژنان بگرن،بەڕێوەبەرى بەڕێوەبەرایەتى بەدواداچونى توندوتیژى دژبە ژنان لە سنورى گەرمیان رائید عەدنان مەحمەد وتى"بەڕێوەبەرایەتییەكەیان توانیانە ژنان لە خۆكوشتن رزگار بكەن،لە پاش رەزامەندى دادوەر"دەیان ژنمان لە ماوەى رابردودا لە خۆكوشتن رزگاركردوە كە مەترسییان لەسەربووە بكوژرێت،رزگارمان كردووە،پاش ئەوەى ئەو ئافرەتە داواى داڵدەدانى كردووە ناردومانە بۆ داڵدەخانە لە سلێمانى،دواى چارەسەركردنى كێشەكە هێناومانەتەوە بۆ سنورەكە،كۆمەڵێك لەوانە پێویستیان بە سكاڵا هەبوو، ئێمە لە ڕێگاى دادگاوە سكاڵامان بۆ نوسیوە.ناوبراو وتیشی"خۆشبەختانە ئافرەتان هۆشیار بونەتەوە،هەر توندوتیژییەك لە بەرامبەریان بكرێت دێن لە بەڕێوەبەرایەتییەكەمان سكاڵا دەكەن و بەدواداچونی بۆ دەكەین.
رائید عەدنان باسی لەوەیشكرد لەماوەى شەش مانگى رابردوودا سێ ئافرەت لە سنوورى گەرمیان خۆیان كوشتووە،129 ئافرەتیش سكاڵایان كردووە،هەروەها بەڕێوەبەرایەتییەكەیان بەدواچونیان بۆ 253 حاڵەتى سوتان و هەڕشەكردن و قەزاو قەدەرو رفاندن و لاقەكردنیان كردووە.
 

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە