فەزیحەتى ئەشكەوتى بەستون و وەڵامێك بۆ قایمقامى قەزاى سۆران
Saturday, 21/02/2009, 12:00
1458 بینراوە
گروپێك لە ڕۆشنبیرانى قەزاى سۆران و ڕەواندز ڕۆژنامەى ئاوێنەى بەڕێز و دڵسۆز لە ژمارەى ڕۆژى(3/2/2009)دا ووتارێكى بەرێز كەمال چۆمانى بڵاو كردوە لە بارەى تێكدانى ئەشكەوتى بەستونەوە لەلایەن سەرمایەدارێكى بارزانى (شێخ كاروان)ەوە، هەرچى خۆڵ و بەرد و پاشماوەى مرۆڤى كۆنى تێدا كۆ بۆتەوە لە ماوەى دوو ملیۆن ساڵدا هەمووى فڕێداوە وە ئەشكەوتەكەى پاك كردوە تا بۆ خۆى بكاتە پڕۆژەیەكى گەشت و گوزارى. ئەمەش وێنەیەكى ئەشكەوتەكەیە.
بەرێز كەمال چۆمانى كە دیارە ئەویش لە دڵسۆزانى فەرهەنگى باستانى كوردە چوەتە لاى قایمقامى قەزاى سۆران (كرمانج عزەت) چونكە ئەشكەوتەكە لە ژێر دەسەڵاتى ئیدارى ئەو دایە وە بە(10كم)لە ڕۆژئاواى مەڵبەندى سۆرانە لە شاخى برادۆست و پرسیارى لێ كردوە چۆن ئەم كارە ڕوویداوە وە پێ ى ووتوە گروپێك لە ڕۆشنبیرانى قەزاى سۆران و ڕەواندز ناڕەزاییەكیان ئاڕاستەى ڕۆژنامەى ئاوێنە كردەوە وە ئەم كارەیان بە خیانەت لە قەڵەم داوە.قایمقام لەم بارەوە زۆر پاكانەو مەرایی بۆ شێخ كاروان كردوە و ووتویەتى ئەوەى كاروان بارزانى كردویەتى تەنیا بۆ خزمەت كردنى ئەشكەوت و مێژووى كورد بوە وە خۆزگە زۆر كەس وەك ئەو دڵسۆزى شوێنەوارەكان بایە. بێگومان قایمقام نەى وێراوە ڕاستى بڵێ نەك شتێكى بەسەر بهێنن وەك ساڵى ڕابردوو بەسەر مامى ئەویان هێنا كە بەڕێز زرارى سلێمان بەگى دەرگەڵێ یە كە یەكێك بوە لە جەنگاوەرە ئازاكانى شۆڕشى بارزان و كۆمارى كوردستان لە مەهاباد وە لەگەڵ بارزانى چوەتە ڕووسیا.قایمقام ووتویەتى ((ئەشكەوتەكە تا ئێستاش مەڕدار و خاوەن حەیوانەكان بۆ خۆیان بەكار یان هێناوە وە سیماى شوێنەوارو شتى واى پێوە دیار نەبوە)) ئەم قسەیەى قایمقام بەڵگەیە كە هیچ لە شوێنەوار نازانێ چونكە لاى وایە هەر شوێنێك شوانەكان مەڕیان بردبێتە ناوى و پەینى تێدابێ ئەوە نوێ یە و شوێنەوار نیە، ئایا خۆى ئەشكەوتێكى دیوە شوانەكان مەڕ و بزنیان تێ نەخستبێ.لەوە دەچێ قایمقام ئەشكەوتى شانەدەریشى نەدیبێ كە ئێستا پڕە لە پەیین. زانا ئەمریكیەكان و (سولیكى) كە دەساڵ كارى تەنقیبات یان لە یەك شوێنى ئەشكەوتەكە دا كردوە وە چاڵەكەش ئێستا دیارە دەستكارى یەك بست لە پەیینى شوێنەكانى دیكەیان نەكردوە، لایان نەبردوە چونكە ئەو پەینەشیان بە شوێنەوار زانیوە و بەو پەیینە دەزانرێ تا چەند هەزار ساڵ لەمەوبەر مرۆڤ فێر بوە مەڕ و بزن بەخێو بكات لەنێو ئەو پەینەدا كەل وپەلى شوان و مرۆڤى هەزاران ساڵ لەمەو بەر هەیە وە هەروەك ڕۆژنامەى ئاوێنە یان بەڕێز كەمال چۆمانى لە شوێنەوارناسى كورد خالید رەشیدى پرسیوە و ووتویەتى: بەپێ ى یاسا نابێ هیچ كەسێك دەستكارى هەرچى لەنێو ئەشكەوتەكاندا هەیە بكات وە لابردنى دەنكە خۆڵێك پێچەوانەى یاسایە.
قایمقام وادەزانێ تەنیا شوان و حەیوانەكان لە ئەشكەوتى بەستون ماوە وە نەیزانیوە ئەشكەوتەكە دەكەوتە سەر رێگاى گشتى كاروانان بە درێژى هەزاران ساڵ وە زۆر جار كاروان وڕێبوارانى تێدا ماوە هەروەك كاروانسەرایەك بەكار هاتوە بەتایبەتى كە كانى ئاوى تێدایە وەك لە باو وباپیرانمان بیستوە. دیارە قایمقام شوێنەوارناسانى ڕووسى نەدیوە كە لەنێو ئەشكەوتەكەدا قسەیان دەكرد بۆ كەناڵى ئاسمانى ktv لە ساڵى (2007)دا خۆش بەختانە ڕۆژى (30/1/2009) ktv ئەو دیدارەى زانا ڕووسەكانى دووبارە كردەوە وە هەبوە دانەشیان لەبەرى گرتۆتەوە وا دیارە شوێنەوارناس خالید رەشیدیش دیویەتى كە دەلێ ڕووسەكان ووتیان ئەوەى لەنێو ئەشكەوت دا هەیە لەماوەى دووملیۆن ساڵدا كۆبۆتەوە هەروەها ووتیان هەندێ لە دزانى شوێنەواران هەندێ شوێنیان لە ئەشكەوتەكە كۆڵیوە وە دەبێ ئەم ئەشكەوتە بپارێزرێ وە نابێ كەس دەستكارى ئەوەى هەیە لەنێو ئەشكەوتەكەدا بكات وە ئەگەر دە ساڵ تەنقیباتى تێدا بكرێت كۆتایی پێ نایەت.ئەى چۆن لەماوەى دە ڕۆژێكدا ئەوەى لەنێو ئەشكەوت دا هەبوە دەرهێنراوە و فڕێدراوە كە ئەمە خیانەتێكى گەورەیە بە مێژووى كورد هەروەها خالید ڕەشید ووتى:شوێنەوارناس و کوردانی ئەوروپا شكات لەحكومەتى هەرێمى كوردستان دەكات لە لایەن ڕێكخراوەكانى نێو دەوڵەتى هەروەها ووتى: لە هەموو عێراقدا یەك شوێنەوارناس نیە لە تەنقیباتى ئەشكەوتەكان بزانێت وە لە كوردستان كەس لە تەنقیباتى غەیرى ئەشكەوتیش نازانێ. كەوایە چۆن دائیرەى شوێنەوارانى هەولێر بەناوى تەنقیباتەوە بارى سەدان قەلابە لەوەى هەبووە لەنێو ئەشكەوتەكەدا دەرى هێناوە لە ماوەى دە ڕۆژێكدا لەگەڵ كاروان بارزانى كە مقاولێك و نزیكەى سەد كرێكارێكى گرتوە بۆ پاككردنى ئەشكەوتەكە بەسەرپەرشتى چەند فەرمانبەرێكى دائیرەى شوێنەوارانى هەولێر. ئەشكەوتى شانەدەر كە دە ساڵ ئەمریكیەكان كارى پزو هشیان تێدا كردوە و ئێسك و پروسكى مرۆڤى (نیاندەرتال) یان دۆزیوەتەوە كە دەگەڕێتەوە بۆ حەوت هەزار ساڵ لەمەوبەر ئەى ئەگەر لە هەموو ئەشكەوتەكەدا پزو هشى تێدا بكرێت چەند ساڵى پێ دەوێت وە ئەشكەوتى بەستون كە چەند بەقەدەر ئەشكەوتى شانەدەر دەبێت دەبێ بەچەند ساڵ كارى پزو هیشى تێدا بكرێت تا كۆتایی پێ بێت؟.وە ئێسقانى چەند مرۆڤى كۆنتر لە مرۆڤى ئەشكەوتى شانەدەرى تێدا دەدۆزرا چونكە زۆر كۆنترە لە ئەشكەوتى شانەدەر و لە خاوەرمەیانەدا ئەشكەوتى وەها نەدۆزراوە و لەوانەیە مرۆڤى ملیۆن یان دوو ملیۆن ساڵ لەمەوبەرى تێدا دۆزرابایە بەڵام ئەم هەموو مێژووە كۆنەیان تەفرو تونا كرد لە پێناوى تەماع و دزى كردن بۆ مەسلەحەتى خۆیان.مێژووى كوردى چى و مێژووى نیاندەرتالى چى؟! وەك دەوترێت بەڕێوەبەرى شوێنەوارانى هەولێر كە ئەم فەزیحەتەى دروست كردوە شوێنەوارناس نیە و فڕى بە شوێنەواریشەوە نیە بەڵكو دەرچووى بەشى شانۆى پەیمانگاى هونەرە جوانەكانە كە ناوى حەیدەرە وە دڵسۆزیش نیە و دەڵێن مرۆڤێكى دزە كەواتە هەر دەبێ شوێنەوارەكان بە فرۆشتن و وێران كردن بدات. لە قسەى قایمقام دەزانرێت ئەوەى لە ئەشكەوت دەرهێنراوە بە مقاوەل تەنیا پەینى ئاژەڵە ئەى ئەو بەردانە چی بوون كە شوێنەوارناسە ڕووسەكان بەدەستیانەوە بوو لە ناو ئەشكەوتەكەدا و دەیان ووت: ئەمانەمان لە بەردەم و لە ناو ئەشكەوت دا دۆزیوە كە ئامێرەكانى مرۆڤى كۆنى كاتى بەردینى یە ئایا ئەو بەردانەیان لە ڕووسیایەوە هێنا بوو وەیان لە پێش چاوى جەماعەتى ktvیان دۆزی وە ئایا ئەوەش پەیین بوو؟. ڕووسەكان ووتیان زۆر ئەشكەوتمان دیوە بەڵام تا ئێستا ئەشكەوتى وەك بەستون گرنگمان نەدیوە وە مرۆڤى هەرە كۆنى تێدا ژیاوە.
لەبارەى ئەوە نوسیبومان ئێمە سێ كەس چوین تا ببینین چى دەكەن لەنێو ئەشكەوت بەڵام پاسەوان دانرابوو وە ڕێگەیان پێ نەداین وە گەڕاینەوە وە ناهێڵن هیچ كەسێك لە دورەوەش وێنەى ئەشكەوتەكە بگرێت. قایمقام لە وەڵامدا ووتویەتى ئەمە درۆیە. جا ئەگەر درۆبێت با خۆى بچێت تا بزانێت دەهێڵن بچێتە نێو ئەشكەوتەكە وە دەهێڵن یەك وێنە بگرێت. هۆى ڕێگە نەدان بە خەڵكیش ئەوەیە تا هەر ئاسەوارێك لە ئەشكەوتدا دەركەوێت بیدزن و لەنێو خەڵكدا بڵاوە كە شێخ كاروان و حەیدەر نیازیانە ئەشكەوتەكانى دیكەى قەزارى سۆران بكۆڵنەوە بۆ دزى كردن كەرەستەى شوێنەوارى وەكو ئەشكەوتى بەستونى لێ بكەن و بیكەنە شوێنى گەشت و گوزارى. لەشەڕى عێراق ئێران دا حكومەتى عێراق ئەم ڕێگایەى كردە ڕێگایەكى سەربازى و قیرتاوى كرد وە كەس نەى دەوێرا لەوێوە هاتووچۆ بكات وە كەس لەپێش شاندى ڕووسى نە گەیشتۆتە سەرى ئەشكەوتەكە بەڵام پاش ڕاپەڕین هەندێ كەس لە خەڵكى قەزاى سۆران لە 1992 دا چونەتە ناوى ووتیان لەبەر ئەوەى ڕووناكیمان باش نەبوو نەگەیشتینە سەرەكەى وە لەبەر ئەوەى شارەزای باشمان لە وێنەگرتن دا نەبوو زۆربەى ئەو وێنانەى گرتمان لێڵ و بێ كەڵك بوو ئێمەش سوپاسیان دەكەین كە ئەم چەند وێنەمان لێ وەرگرتن كە ئێستا لەم ووتارەدا بڵاوى دەكەین.
ڕۆژنامەى میدیا ژمارەى ڕۆژى(10/2/2009)باسى فەزیحەتى ئەشكەوتى بەستونى لە پارێزگارى هەولێر نەوزاد هادى پرسیوە ئەویش وەك قایمقامى سۆران نەى وێراوە ڕاستى بڵێ و لە وەڵامدا ووتویەتى:ئەشكەوتى بەستون ((وەك ئەشكەوتى شانەدەر نیە كە مرۆڤى تێدا ژیابێ،ئەو ئەشكەوتە تیایدا ئەوە نەسەلمێندراوە كە خەڵكى تێدا ژیابێت،ئەو ئەشكەوتانە بۆشایى و فەزاى گەورەن لەنێو چیاكان و دەكرێ كەڵكى لێ وەربگیرێ بۆ كارى گەشتیارى،ئاسار نییە.بۆیە بەڕێوەبەرایەتى شوێنەوارناس چووە و بەپێى خوێندنەوەیان وەسفەكەى كە كردوویەتى بۆ ئەو ئەشكەوتە، وەك غازى سەهۆڵانە كە لە مەهابادە)).لە وەڵامى ئەم شەكر شكاندنەى پارێزگارى ناڕۆشنبیردا دەڵێن با داواى دانەی فیلمى شوێنەوارناسەكانى ڕووس بكات لە(ktv)و تەماشاى بكات و با ئەم ووتارەشمان بخوێنێ و با وەڵامى لەنێوبردنى شوێنەوارى قەڵاى ڕەواندز و قەسرى پاشاى گەورەش بدات ئەگەر زەحەت نەبێ.
لە كۆتاییدا داوا لە حكومەت و یونسكۆ دەكەین لێكۆڵینەوە لەم بارەیەوە ئەنجام بدەن وە سزاى تاوانباران بدەن،هەروەها داواى لێكۆڵینەوە دەكەین لەگەڵ پارێزگارى هەولێر نەوزاد هادى لەسەر تێكدان و لەنێوبردنى شوێنەوارى قەڵاى ڕەواندز و قەسرى پاشاى گەورە.