کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


چەمكی ترس لە نێوان وەهم و واقیعدا!

Thursday, 24/09/2009, 12:00


بێ گومان باس و خواس و قسەكردن لە سەر وشەی "ترس" لەم ساڵانەی دووایدا زۆرترین شوینی لە نێو وتاری سیاسیماندا گرتووە. لە كاتێكدا فەنتازیای ترس لە دونیای ئێمەدا تەنها بە هۆی ئەزموونی حوكمڕانی كوردستانەوە بەرجەستە نەبووە، بەڵكو ئیش كردن لە سەر تۆخ كردنەوەی خودی ترس و ترسە وەهمییەكان و تۆو كردنیان لە نێو دڵ و دەروونی تاكەكاندا مێژوویەكی دێرینی هەیەو تا هەنووكەش "ترس" رووبەرێكی فراوان لە ئاستی دیدو تێڕوانینی كۆمەڵایەتی و سیاسیمان بۆ خۆی قۆرخ دەكات.
كێ لە ئێمە هەیە بە كۆرپەیی لە زاری دایكییەوە گوێی لە وەهمی گورگانە شەوێ و شەو لە بان نەبووبێت؟! گورگانە شەوێ وانەیەكی فێر دەكردین، بە نغرۆ بوون لە نێو دونیای ترسێكی وەهمی و داخستنی پێڵووی چاوەكان، ژیانت پارێزراو دەبێ و ئەگەری مەترسی "ترس"ەكە لە خۆت بە دووردەخەیتەوەو ئاراستەكەی دەگۆڕیت و ژیانی كەسێكی ناسراو و نێزیكی خۆتی پێ دەخەیتە مەترسییەوە!
نووستن لێرەدا ئەو حاڵەتەیە كە لە رێگەی ترسەوە بەر جەستە دەبێ و كۆتایی بە هەموو خەون و ئەندێشەی منداڵێكی ساوا دەهێنێت. ئەو ئیدی وا رادێت لە هەر شوێنێك وشەی "ترس" بەر گوێی بكەوێت، بە بێ بەراوردكردن لە نێوان جۆرەكانی ترسدا، پێڵووی چاوەكانی دابخاو بكەوێتە حاڵەتی مت بوونەوە!
ئەم نۆرمە كۆمەڵایەتییە بە گورگانە شەوێ دەست پێ ناكاو بە شەو لە بانیش كۆتایی نایات، بەڵكو پانتاییەكی زۆر لەوە فراوانتر لە ژیانمان بۆ خۆی قۆرخ دەكاو وامان لێدەكات: " بەر لەوەی هەست بە نیگای چاوەكانمان بكەین، هەڕەشەی كوێر بوونمان لێدەكات. پێش ئەوەی بزانین ئاگر چییە، وێنەی دۆزەخ لە نێو زیهینماندا دەكێشێت. بەر لەوەی لە مانای ژیان بگەین، لە رێی دێوە زمەی مەرگەوە ژیانمان خاڵی و خامۆش دەكات لە هەموو جووانییەك. پێش ئەوەی بە ئارامی ئاشنا ببین، ترس و دڵە راوكێ دەكات بە بەشێكی دانەبڕاو لە ژیانمان. بەر لەوەی متمانەمان پێ ببەخشن، فێری گومان و بەد حاڵی بوونمان دەكات! لێرەوە ئیمبراتۆریەتی ترس لە گەڵ گەورە بوونماندا گەورەتر دەبێ و لە نێو هەموو كایەكاندا بە ئاشكرا هەست بە بوونی دەكرێت.
"زەروورەتی درووستكردنی ترس"
رەنگە بۆ دایكێكی نەخوێندەوار ئاسایی بێت لە پێناو ئەوەی منداڵەكەی بە زووترین كات بخەوێنێت، ئامادە بێت بیترسێنێت. ئەو بە بێ ئەوەی لە رەهەندەكانی ترس بگات، وا دەزانێت سەركەوتنێكی گەورە بۆ خۆی تۆمار دەكات! لە كاتێكدا گەورەترین تاوان بەرانبەر جگەرگۆشەكەی خۆی ئەنجام دەدات. ئەو بە بێ ئەوەی ئەوە بزانێت دونیای منداڵ دونیایەكی هێندە هەستییارو ناسكە، كە بچووكترین هەڵە گەورەترین كارەسات بە شوێن خۆیدا پەلكێش دەكات، بۆیە لە نەزانیی خۆیەوە پەنا وەبەر درووستكردنی ترس دەبات!
لەم حاڵەتەدا شتێك داخوازی بوونی شتێكی دیكە دەكات، بە واتایەكی دیكە دایكێك داخوازی خەوێكی ناوازە لە منداڵەكەی دەكاو لە پێناو خەواندنیدا ترس وەكو دیارییەك دەكات بە ئامرازی دەستی، لە كاتێكدا ئەو هێندەی مەبەستێتی منداڵەكەی بخەوێنێت، مەبەستی نییە بیترسێنێت!
لێ هەر ئەم دیاردەیە لە ئاستی سیاسەتدا بە شێوەیەكی دی بوونی هەیەو دەبینرێت. ئەگەر لە حاڵەتی یەكەمدا خەو ئامانجەو "ترس"ەكە ئامرازە، ئەوا لە حاڵەتی دووەمیشدا بە هەمان شێوازی حاڵەتی یەكەم "ترس"ەكە ئامرازە نەك ئامانج. تەنها جیاوازییەكان ئەوەندەیە كە لە نێوان بە ئامراز كردنی ترسەكاندا مەبەستی جیاواز بوونیان هەیە. حاڵەتی یەكەم راستە لە پێناو خەوتندا ترس دەكات بە بەشێك لە ژیانت، بەڵام نابێت بە هۆكاری راگرتنی بیركردنەوەو راڤەكردنت. لێ حاڵەتی دووەم لە بەرنامەیدایە لە رێگای ترسێكی ئەبستراكت لە ترسەوە هەژموونی خۆی فەرز بكات بە سەر بیركردنەوە و تێڕوانینتدا. دایك هیچ مەبەستێكی شەخسی نییە لە پشت درووستكردنی ترسە وەهمییەكانەوە، بەڵكو ئاستی هۆشیاریی ئەو تا ئەو ئەندازەیەیە كە لە بێ ئاگاییەوە بەو كارە هەڵدەستێت. بەڵام زەروورەتی درووستكردنی ترسی گورگانە شەوێی سیاسییەكان، مەبەستێكی ئاشكرای لە پشتەوەیە و لە بەرنامەیدایە لە كاتە هەستییارەكاندا ترس بكات بە ئامرازی دەستی لە پێناو مانەوەی ستاتۆی خۆی لە هەرەمی دەسەڵاتدا ویستی خۆی بە سەرتدا فەرز بكات!
سەددامی دیكتاتۆر یەكێك بوو لەو سەركردانەی كە داڕێژەری زەروورەتی درووستكردنی ترس بوو، ئەو بە بەردەوامی پەنای وەبەر درووستكردنی دووژمنی وەهمی دەبرد و بە شێوەیەك ئەندامانی حزبەكەی بارگاوی دەكرد، كە كەسیان راست و چەپیان لە یەكدی جوودا نەكەنەوە! چونكە ئەو لە بەراییدا بە شەڕ تووانی درێژە مانەوەی خۆی بدات لە سەر كورسی حوكم، ئەو هەمیشە شەڕی دەكرد بە تەواو كەری سیاسەت، بۆیە بە باشی ئەو راستییەیشی دەزانی كە بە یارمەتی درووستكردنی ترسە وەهمییەكانەوە لە بارتەقایدا دەبێت تا كۆتایی ژیانی مانەوەی خۆی لە هەرەمی دەسەڵاتدا مسۆگەر بكات!
خەوشێكی گەورەیە بۆ ئێمەی كورد لەم سەردەمەدا كە خۆمان ئیدیعای دیمۆكراسی دەكەین بۆ ئێراق و خۆمانیش لە تارمایی هەڵبژاردن ئەترەشمان بچێت، ئەمە ئەوەمان بۆ پشت راستدەكاتەوە كە چەمكی ترس ئەگەر لە لای هەر میللەتێك تەفسیرێكی هەبێت، ئەوا لە لای ئێمە بە ئارەزووی خۆمان تەفسیری جیاوازیی بۆ دەكەین! ئەگەر ئەوان لە هەوڵی سڕینەوەی ترسدا ببن لە ژیانی سیاسیی و كۆمەڵایەتییاندا، ئەوا ئێمە لە هەوڵی ئەوەداین ترسیش بە مۆدێرنیزمە بكەین! رەنگە بۆ دایكێك كە تێ بگات گورگانە شەوێ كاریگەری سلبی چێدەكات لە سەر دەروونی ساواكەی، كارێكی سانا بێت دەسبەرداری بە تۆبزی خەواندنی كۆرپەكەی ببێت، لێ ئەگەر سیاسییەكانمان بزانن درووستكردنی ئەو ترسە وەهمییانە دەبێت بە هۆی درووستكردنی چ گومانێك لە ناخی تاكەكاندا، بڵێی دەسبەرداری زەروورەتی درووستكردنی ترس نەبن؟!
[email protected]

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە