مه‌حموود سه‌نگاوی نموونه‌یه‌ك لهبهربهریهت
Wednesday, 11/12/2013, 12:00
1653 بینراوە
بۆ كاوه گه‌رمیانی
زۆرجار پێموایه، بێده‌نگی گه‌نجینه‌یه‌كی شاردراوه‌ی ناخی مرۆڤه و گرنگه بیپارێزێت و له‌ژیاندا زۆر نه‌ڵێت، ته‌نانەت گرنگیشه مرۆڤ له‌دوای فره‌یی زانیاری و كۆمپیوته‌ر و میدیاكاندا، له‌م جیهانه زۆر نوێ و دیجیتاڵه‌دا، خۆی فێری فه‌زیله‌تی بێده‌نگی بكات. به‌ڵام به‌نیگه‌رانیه‌كی زۆره‌وه ده‌ڵێم: له‌گه‌ڵ زیادبوونی ئه‌زموونی گه‌نده‌ڵی و درۆیه‌كی زۆر و گاڵته‌جاڕی و ناعه‌داله‌تی و وه‌حشه‌تگه‌ری و كووشتن له‌دونیای ئێمه‌دا به‌و شێوه‌یه‌ی هه‌یه، بارودۆخێكی هێناوه‌ته‌كایه‌وه لهبهربهریهت كه‌متر نیه، ئه‌م به‌ربه‌ریه‌ته بێده‌نگییش ده‌قۆزێته‌وه و به‌كاری ده‌هێنێت له‌پێناوی خۆیدا. كێشه‌ی گه‌وره و سه‌ره‌كییش له‌وه‌دایه (بێده‌نگی) ناتوانێت له‌گه‌ل (بهربهریهتهدا) ڕێك بێت‌و هاوكاری پلانه‌كانی بكات. به‌ڵام تاوه‌كو تووندوتیژی هه‌بێت بێده‌نگی كهمتردهكات، تاوه‌كو گه‌نده‌ڵی و دزی و كووشتنیش زۆربێت تووڕه‌یی و ناڕه‌زایی و بوێری زیاتر ده‌كات. له مێژووی فه‌لسه‌فه‌ی هاوچه‌رخدا ده‌خوێنینه‌وه، چۆن یه‌كێك له دیارترین فه‌یله‌سووفی ئه‌ڵمانی وه‌كو مارتن هایدیگه‌ر، هه‌تاوه‌كو ئێستاكه‌ش له‌ژێر هێرش و ڕه‌خنه‌ی ئه‌و هه‌ڵوێسته زۆر پاسیڤهیدا به‌رامبه‌ر به تاوانه‌كانی هیتله‌ر و نازیزم دژ بهجوولهكهكان مایه‌وه‌و، هیچ شتێكی ئه‌وتۆی نه‌ووت تاوه‌كو كاتی مردنیشی. پێموایه بڕێكی زۆر له قووتابیه‌كانی خۆی، وه‌كو هێربێرت ماركوز و هانا ئاڕێنتو، هه‌روه‌ها شاعیرێكی وه‌كو پۆڵ سیلانیش داوایه‌كی زۆریان لێ‌كرد له ژووری بێده‌نگی بێته ده‌ره‌وه‌و ئاماژه به ئاشوێزت و تاوانی نازیه‌كان بكات، به‌لام هه‌ر به‌بێده‌نگی مایه‌وه. بێده‌نگی به‌ربه‌ریه‌ت به‌هێزتر ئه‌كات، له‌به‌رئه‌مه‌یه هایدیگه‌ر فایلی هه‌یه و خۆی له‌ناو بێده‌نگیدا حه‌شاردا.
تاوه‌كو ئێستاكه ئێمه‌ی كورد له‌دونیای سیاسه‌تی ناسیاسهتدا ده‌ژین، بێده‌نگ نین، زۆریش ده‌ڵێین، به‌ڵام گوێڕایه‌ڵی كۆده جه‌وهه‌ریه‌كانی بهكۆمهڵگبوون و، به‌نه‌ته‌وه‌بوون و به‌یه‌كسانبوون و بهعهدالهتبوون و مرۆڤبوونیش نین‌و نه‌بووین. ڕاسته ئێمه له‌دوای به‌عسه‌وه ده‌ژین، به‌ڵام له‌سه‌رده‌می به‌ئاسایی كردنی ڕاوكردن و كووشتنی ڕۆژنامهنووسهكاندا ده‌ژین. مه‌حموود سه‌نگاوی وه‌كو نموونه، باشترین پێداچوونه‌وه‌یه بۆ تێگه‌شتن له‌كه‌لتووری كووشتن و ڕاوكردنی ڕۆژنامه‌نووسان. ئه‌م پیاوه، لهتهلهفۆنهوه هه‌موو جنێوێك له‌ناو زمانی كوردیدا هه‌بێت ده‌یدات، به‌بێ هیچ شه‌رمكردنێك، به‌ئاره‌زووی خۆی و ئازادانه ئیهانه ده‌كات. ئه‌مجۆره كاراكته‌ر و سیاسه‌تمه‌دارانه وه‌كو ئه‌مانه‌ی هه‌مانه له‌دوای هه‌موو بێڕێزی و جنێودان و تووندوتیژی و وهحشهتگهریهك، دواییش له‌میدیاكانه‌وه به‌زمانی یاسا‌و دیموكراسی قسه‌ده‌كه‌ن و زۆرجاریش ده‌ڵێن: به‌دوای بكووژهكهدا ده‌گه‌ڕێین.
مه‌حموود سه‌نگاوی تاوه‌كو هێزی تیایه جنێوده‌دات و ویژدانی زمانی مرۆڤ ڕیسوا ده‌كات، به‌لام له‌به‌رده‌م ویژدانی خۆیدا به‌بێده‌نگی و بهپاسیڤی ده‌مێنێته‌وه. كێشه‌ی گه‌وره‌ی دونیای سیاسی ئێمه ئه‌وه‌نیه كه تووشی شیزۆفرینیا بووبێت، به‌ڵام جۆره شیزۆفرینایهكی ده‌ستكرده. چوونكه جه‌وهه‌ری ڕاسته‌قینه‌ی زمانی ناو تهلفۆنهكه، ئهوجهوههرهیه به‌هه‌موو شێوازێك هه‌ڕه‌شه ده‌كات، ناترسێت و ئازاده، چوونكه پێیی وایه كه‌سێك ناتوانێت و بۆی نیه هیج جۆره ته‌حه‌دایه‌كی بكات. خۆی وه‌كو جۆره خوادایهك دێته‌پێش چاو، له‌به‌رئه‌وه هیچ كه‌سێك ناتوانێت له‌گه‌وره‌یی و جه‌به‌رووتی كهمكباتهوه. به‌ڵام كه ده‌زانێت ته‌واوی میدیا و ئینته‌رنێت زمانه نهێنی و شاردراوه‌كه‌ی (جه‌وهه‌ره‌كه‌ی) جیهانی ته‌له‌فۆنی ئه‌و ده‌زانێت و ئیتر ناشاردرێته‌وه به‌ته‌واوه‌تی، گوومانم له‌وه نیه كه هه‌ستێكی په‌شیمانی له‌لا درووست بێت، به‌ڵام به‌بێ ئه‌وه‌ی هیچ داوایه‌كی لێبووردن بكات. ئه‌گه‌رچی، لێبووردن له‌دوای كووشتن و له‌ناوبردن بێهووده‌یه. كه‌لتوور و هزری سیاسی كوردی له‌وناوچه‌یه، ڕووبه‌ڕووی گه‌وره‌ترین كێشه‌ی ئهخلاقیو ده‌روونی دهبێپهوه به‌ڵام به‌بێ ئه‌وه‌ی بیه‌وێت ئاماژه به‌خۆی بكات. خۆفێرنهكردنی لێبوورده‌یی و خۆشویستنی كه‌سی به‌رامبه‌ره وه‌كو مرۆڤێك، نه‌وه‌ك وه‌كو یه‌كێتیه‌ك، پارتیهك، كۆمۆنیستێك یان ئیسلامیه‌ك.
ئاغایه‌كی وه‌كو مه‌حموود سه‌نگاوی، نه‌وه‌ك هه‌ر جنێوده‌دات و هه‌موو ڕێز و حوورمه‌ت و جوانیه‌ك له‌كاوه گه‌رمیانی داگیرده‌كات، به‌ڵكو به‌هه‌موو مانا و شێوازێك گیانی به‌رگه‌ری و پێشمهرگهبوونیشی لێ ده‌سه‌نێته‌وه.
ئێمه له‌سیاسی و ناسیاسیمانهوه، له ڕۆشنبیر و ناڕۆشنبیرمانهوه بێده‌نگ نین، زۆر زۆر ده‌ڵێین، ئه‌مه‌نده ده‌ڵێین جه‌وهه‌ر و گووتن و مانامان لێتێكدهچێت. یه‌كێكی وه‌كو مه‌حموود سه‌نگاوی ڕه‌نگه لهخهونهكانیشیدا هه‌ر جنێوبدات، ههرههڕهشه له ته‌واوی گه‌نجانی وه‌كو كاوه بكات، ڕه‌نگه له‌مه‌ودا، له‌دوای مه‌رگی به‌و شێوه‌یه‌ی ئه‌نجامدراوه، ئه‌مه‌نده به‌ئاسانی خه‌وی لێنه‌كه‌وێت. به‌ڵام زۆرجار قسه‌كردنی زۆریش ده‌بێته بێده‌نگی به‌جۆرێك له‌جۆره‌كان، به‌ڵام بێده‌نگی به‌بێ هیچ هونه‌ر و فهزیلهتێك. مه‌حموود سه‌نگاوی له‌به‌رده‌م ویژدانی خۆیدا به‌بێ ده‌نگی ده‌مێنێته‌وه، خۆی كه‌ڕ و ڵاڵ ده‌كات، خۆی ده‌كاته به‌ربه‌ری ترین سیاسه‌تمه‌دار له‌به‌رده‌م ڕووداوێكدا خۆی به‌رهه‌می هێناوه.
ئه‌گه‌ر سیاسه‌ت له هه‌ر كونجێكه‌وه په‌یوه‌ندی به هزر و ئیتیك و یاسا‌و دامه‌زراندنی كۆمه‌ڵگاوه هه‌بێت، ئه‌گه‌ر هونهربێت، ئه‌وا تاوه‌كو ئێستاكه ئێمه‌ی كوورد نهماویستوه په‌یوه‌ندی به‌هونه‌ری هزر و ئیتیك و یاسا و دامه‌زراندنی كۆمه‌ڵگاوه بكه‌ین. ئه‌گه‌ر ئاسانترین و مێژوویی ترین و له‌بارترین پێناسه بۆ سیاسه‌تكردن بدۆزینه‌وه، دیاره ده‌بێت ئه‌وه‌بێت كه سیاسه‌تكردن هه‌میشه ده‌بێت خۆی له‌گه‌ڵ پرانسیپه‌كانی سه‌به‌ب و ئتیك و یاسادا جیانه‌كاته‌وه، ئه‌وه‌ی له‌دونیای ئێمه‌دا ده‌گووزه‌رێت، به‌هه‌موو شێوه‌یه‌ك له عه‌شق و سۆزێكی زۆر زیاتر نه‌بووه بۆ حزب و خێڵ و چه‌ند كه‌سایه‌تیه‌كی دیاری كراوه.
ئه‌وه‌ی له ته‌له‌فۆنه‌كه‌ی مه‌حموود سه‌نگاویدا به‌ئاگای هێناینه‌وه، ئه‌وه‌یه ئێمه له‌ناو خه‌ونێكی ناخۆشداین. به‌ڵام كێشه‌ی گه‌وره‌تر ئه‌وه‌یه، كه له‌ڕاستیدا ئه‌مه‌ی بهئاگاماندههێنێت خه‌ون نیه و واقیعی سیاسه‌تی كووردیه. ئه‌وه‌ی به‌ئاگای هێناینه‌وه، ئه‌وه‌بوو به‌هه‌موو شێوه‌یه‌ك لهتیرۆریزمی ناو زمان و كرده‌وه‌كان زراومان بچێت. سوپاس بۆ بوێری ڕۆژنامه‌نووسی وه‌كو كاوه گهرمیانیو هه‌روه‌ها ته‌كنه‌لۆجیا، هه‌میشه ماهیه‌تی ئه‌م جۆره ناسیاسهتمهدارهانهمان بۆ ده‌رده‌خه‌ن و ڕیسوادهكهن. له‌به‌رئه‌وه‌ی ئیتر له سه‌رده‌می شاخدا ناژین، بۆ چه‌ندین ساڵیشه له‌ناو شارداین، ده‌بێت فێری ڕێزگرتن بین، فێری ژیانی ناوشار و شارستانی بین، فێری خۆ ووشیاركردنه‌وه بین، فێری چه‌ك هه‌ڵنه‌گرتن و به‌كارنه‌هێنانی بین، فێری هونه‌ری سیاسه‌ت بین، هه‌روه‌ها سیاسه‌ت به مێژووی ئازایه‌تی و پێشمه‌رگایه‌تی و خزمایه‌تی و حزبایه‌تی نهپێوین و نه‌خوێنینه‌وه.
ئه‌وه‌ی له‌سه‌ر ئینته‌رنێتدا گوێبیستی بووین، به‌رزترین پله‌كانی كه‌لتووری تهشهیرو جه‌نگ و تیرۆریزم بوو. ئه‌و كه‌لتووره، نه‌وه‌ك ههرسیاسهتی كوردیه له ناوهخنهكهیدا، به‌ڵكو ڕۆحی سیاسه‌تی حزبایه‌تیه و ئیتر ناشتوانێت وه‌كو خۆی بێده‌نگ بێت، چوونكه ئه‌وه ماهیهتهكهیهتی و نه‌یوستوه و ناشیه‌وێت گۆڕانكاری به‌سه‌رخۆیدا بهێنت. له‌دوای گوێبیستنی ئه‌و ته‌له‌فۆنه‌دا به هه‌مووشێوه‌یه‌ك كاراكته‌ره دیار و جه‌وهه‌ریه‌كانی ئه‌م حزبانه‌ی ئێمه ناتوانن خۆیان له‌حه‌قیقه‌تی خۆیان بشارنه‌وه. به‌كارهێنانی زمان به‌و شێوه زۆر تووندوتیژ و ناڕه‌واو بێ مسته‌وایه، به هه‌موو شێوه‌یه‌ك سیاسه‌تی حزبایه‌تی كوردی نمایشده‌كات له‌به‌رزترین پله‌ی تیرۆریستی‌دا. له‌دوای لاقه‌كردنی زمانه‌وه هه‌وڵی بێده‌نگكردنی كه‌سه‌كان ده‌ده‌ن، له‌دوای هه‌ڕه‌شه و گووڕهشهوه هه‌وڵی كووشتنیان ده‌ده‌ن.
ئه‌و بێڕێزیه‌ی مه‌حموود سه‌نگاوی به‌رامبه‌ر كاوه گه‌رمیانی وه‌كو گه‌نج و مرۆڤێكی كورد، گه‌ر پێی بكرایه هه‌ر له ته‌له‌فۆنه‌كه‌وه بهرفیشهكی ده‌دا، بێڕێزیهكه ده‌بێت دادگایی بكرێت و ڕابگیردرێت. ئه‌مجۆره ڕووداوانه دووباره‌كردنه‌وه‌ی به‌عس نیه به‌ته‌واوه‌تی، به‌ڵكو وێنه‌یه‌كی زۆر جیاوازی به‌ربه‌ری تری دونیای سیاسه‌تی ناسیاسی كوردیه هه‌رچیه‌كی پێ بكرێت ده‌یكات له‌پێناوی مانه‌وه‌ی خۆیدا.
ئه‌م پیاوه، نه‌وه‌ك هه‌ر ده‌یسه‌لمێنێت كوێخایه، ئاغایه،، مافیایه، به‌كارهێنانی زمانییشی ده‌یكات به‌باشترین كه‌سی به‌ربه‌ری حزبایه‌تی كوردی له‌هه‌سته زۆر پهیتتریاركیهكهیدا په‌روه‌رده‌ی كردبێت. به‌كارهێنانی زمانی به‌و شێوه‌یه شتێكی نائاشكرا و سه‌یر نیه له‌جیهانی ئێمه‌دا، ئه‌مه زمانی كوێخاكانه، خۆیان به (كه‌ڵه‌گا) ناوده‌به‌ن. به‌ڵام دیوه‌كه‌ی تری ئه‌م شێتگیریه ناسیاسیه پیشاندانی ئه‌و پهلهقاژهیهیه مرۆڤ هه‌ست به‌كۆتایی بوونی خۆی ده‌كات. تووڕه‌یی و بێڕێزی ئه‌م پیاوه، ترسێكی قووله لهخۆونبوون و ونبوونی ده‌ست و تاقمهكهشی له‌ژیان و ده‌سه‌ڵات. ترسی ئه‌م پیاوه، كاردانه‌وه‌یه‌كی ده‌روونی له‌ناو زماندا هه‌یه به‌و شێوه‌یه، حووكمی تیرۆریزمه به‌بێ ئه‌وه‌ی جیهادیستێكی ئیسلامیش بێت. به‌مانایه‌كی تریش، له‌ڕاستیدا من پێموایه، ئه‌م پیاوه زۆر زۆر ڕاستگۆیه لهناستی جه‌وهه‌ری خۆیدا، چوونكه به‌هه‌موو شێوه‌یه‌ك، به‌بێ هیچ سانسۆرێك به‌و شێوه‌یه زمان به‌كارده‌هێنێت و گاڵته‌جاڕی به‌كه‌رامه‌تی مرۆڤه‌وه ده‌كات. كه‌لتووری گاڵته‌جاڕ و تووند و تیژی وه‌كو ئه‌وه‌ی ئێمه، وه‌كو ئه‌وه‌ی مه‌حموود سه‌نگاوی نمایندهیهیهتی و به‌رپرسیاره لێیی، خوودی ئاسایی كردنی ڕاوكردن و تڕۆكردن و كوشتنی ڕۆژنامه‌نووس و گه‌نجانی بێتاوانه.