كۆتایى ژیان لە 2012 و ئیسلامییە سیاسییەكانى كوردستان
Monday, 25/01/2010, 12:00
كاتێك لایەنێكى سیاسى و ئیسلامى دەیەوێت ئەگەرێكى زانستى بقۆزێتەوە بۆ خۆىو لەرێگەیەوە كەسبى خەڵكى پێبكاتو ئیدیعا بۆ ئەو ئەگەرە بكات لەكاتێكدا تەنها ئەگەرەو بەس، ئەوا بێ گومان عومرى درێژى ئەو سەركەوتنەى لەكەسبكردندا بەدەستى دێنێت تا ئەو كاتە بڕ دەكات كە كاتو مێژووى ئەگەرەكە تیایدا بەسەردەچێت.
ئیعلامى هەندێك لایەنى ئیسلامى كوردستان لەدواى بڵاوبونەوەى دەنگۆى ئەگەرى كۆتایى ژیان لە 2012 بەشێوازێكى ناپرۆفیشناڵەنە مامەڵە لەگەڵ ئەو ئەگەرەدەكات، ئەم ئیعلامانە تەنها ئەو تیۆرییە لەزانستو ئەو بیروبۆچونانەى زانایانمان بۆ دەگوازنەوە كەپێیانوایە ژیان لەساڵى 2012 ژێرو ژور دەبێتو هەمووان بۆ دواهەمین جار باى باى لەگەڵ یەك دەكەین.
تلیسكۆبەكانى ئیسلامى سیاسى لەكوردستاندا ! لەجیاتى ئەوەى ئاهێك بەدڵى خەڵكیدا بهێننەوە بۆ ژیان، یان وەك (دەستەى زانایانى جیهانى بۆ ئیعجازى قورئان) بەتوندى دژى بانگەشەى ئەگەرەكە بوەستنەوە، كەچى لە هەندێك لەسایتو كەناڵى راگەیاندنى جیاوازیانەوە تاك لایەنانەو بەدەر لەعورفى راگەیاندنو گەیاندنى زانیارى كەوتوونەتە داوى تەنها ئەو تیۆرە زانستییانەوە كە پێیانوایە هەسارەیەك بەناوى (نیبیرو) لە (زەوى) نزیك دەبێتەوە، ئەمەش وادەكات هەناسەى ژیان لەگۆى زەوى نەمێنێتو "ئاخیر زەمان" بێت. لەكاتێكدا دەستەى ناوبراو " بەدرۆو دەلەسەو "تەڵەكەبازىو فێڵ"ى هەندێگ لەئەستێرە ناسەكانو "فاڵچىو دەجالەكان" ناوى دەبەن.
بەداخەوە هەندێك ئیعلامى ئیسلامی كوردستان چاویان دەنوقێنن لەشیكردنەوەكانى گەردونناسێكى گەورەى وەك (دیڤید مورسیسون) لەئاژانسى ناسا، كاتێك جیهانى دڵنیاكردەوە لەروونەدانى ئەو ئەگەرەو بە "تەڵەیەك و فێلێك"ى گەورەى دژى بەرەو پێشچوونى مرۆڤایەتى لەقەڵەمدا. ئەم ئیعلامیانەى ئیسلامییەكانى لاى خۆمان وێراى ئەوەى بایەخیان بە (دەستەى زانایانى جیهانى بۆ ئیعجازى قورئان) نەدا، بێ مانایانەش نەچوون بەلاى بۆچونەكانى چەندین گەورە گەردوناسى ئاژانسەكانى جیهان، ئەو گەردونناسانەى پێیانوایە رۆژى 21/12/2012 هەروەكو رۆژەكانى تر ئاساییە. (وەك ئاماژەیەك بەوەى ئەو رۆژە وەك رۆژەكانى ترى ساڵە).
ئەم جۆرە لەئاراستەكردنى ئیعلام ئەمانباتەوە بۆ سەر سفرەى سیاسەتى سیاسییە ئیسلامییەكانى پێش ساڵى 2000 ئەو كاتەى بەهەمانشێوەى ئێستا پێشبینییەكان بەهێزبوون بەرامبەر بەوەى ساڵى 2000 كۆتایى بەژیان دێت، بەڵام نەك ئەم پێشبینىو ئەگەرە ئەسڵو ئەساسى نەبوو، بەڵكو لەجیاتى كۆتایى بەژیان وڵاتانى دنیا قەشەنكترین ئاهەنگیان بەبۆنەى هاتنى ئەو ساڵەوە لەسەر شەقامەكان گێڕا.
ئیسلامییە سیاسییەكان لەساڵى 2000 بەهەمان ئاڕاستەى ئێستا بۆ قەرەباڵغكردنەوەى مزگەوتەكانو پاڕانەوەو نزاو دواجاریش تەیار كردنى ئیسلامی سیاسى جیهادى لەمزگەوتەكانەوە كەوتنە خۆسازدانو بەو هۆیەشەوە بەهێزترین رێكخستنى ئیسلامییان لەنێو مزگەوتەكانەوە هێنایە سەرشەقامەكان، بەڵام ئەم جۆرە تەیاركردنو خۆرێكخستنە بەرێكخستنێكى مۆدێرنى ئیسلامى درێژەى بەكاروانى ئیسلامى سیاسى لەكوردستان نەدا، بەپێچەوانەوە باڵێكى توندرەوى لێ بۆیەوە كەزۆرێك لەئەندامەكانى لەبەرماڵ بەدەستێكى سادەو لەخواترسى ناو مزگەوتەوە بوو بە چەك بەدەستێكى توندڕەوى سەرچیاكانى هەورامان. بێ گومان گەر زلهێزێكى وەكو ئەمەریكا فریاى دۆخەكە نەكەوتبان ئەوا نەك هەورامان بەڵكو كوردستانیش رۆژێك ئارامىو ژیانێكى ئاسایى بەخۆیەوە نەدەدى.
ئیسلامى سیاسى لەكوردستان مافى خۆیەتى وەك سەرجەم لایەنەكانى تر چالاكى سیاسىو رێكخستنى حزبى ئەنجامبدەن، بەڵام ئەو كاتەى چالاكییە سیاسییەكانى گرێدەدات بەئەگەرو پێشبینییەكانەوەو قەناعەت بەخەڵكى دەكات لەسەر"بوونى ئاخر زەمان" لە 2012 داو لەم رێگەیەوە دەیەوێت دەسكەوتى كەسبكردنى خەڵكى هەبێت، ئەوا بێ گومان دەبێت ئاگاداربن لەوەى ئیسلامێكى توندرەو بەرهەمدەهێنن كەدواجار بۆ خودى ئیسلامى سیاسیش زەرمەند دەبێت وەك لە 2000 دا بەئیسلامییە سیاسییەكانیشەوە ئەو ئەزمونەمان ئیدانە كرد.
لەراستیدا ئەوەى لەگوتارى هەندێك لایەنى ئیسلامى سیاسى لەدواى دەركەوتنى ئەگەرى كۆتایى هاتنى ژیان لە (2012) دەبیستین هەمان گوتارى ساڵى دووهەزارە كاتێك دەیانویست لەرێگەى ریكلامكردن بۆ (ئاخیر زەمان) ئیسلامێكى داخراوو نەفیكەرمان بۆ بەرهەمبهێنن، ئیسلامێكى شەڕكەر، ئیسلامێكى تەماحكار بەوەى هەمووان بەڕەنگى خۆى رەنگ بكات.
ئەم سیفەتە یاخود ئەمجۆرە لەگوتارى كەسبكردنە، بەتەنها بۆ ژیانى ئاسایىو كۆمەڵایەتى هاوڵاتیانى كوردستان زەرەرمەند نابێت ، بەڵكو وەكو ساڵى 2000 بۆ خودى ئیسلامییە سیاسییەكانى كوردستانیش بێجگە لەسەركەوتنێكى كاتى لەكەسبكردندا، هیچى ترى تیا سەوز نابێت.
[email protected]
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست