کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


ئۆپۆزسیۆن داوا له‌ خه‌ڵکی توڕه‌ی سلێمانی ده‌کات، که‌ به‌گوڵه‌وه‌ به‌ره‌و روووی‌ هێزه‌کانی ده‌سه‌ڵات ببنه‌وه‌

Tuesday, 19/04/2011, 12:00


به‌یاننامه‌یه‌ك له‌لیژنه‌ی‌ هه‌ماهه‌نگی‌ ئۆپۆزسیۆنه‌وه‌
به‌ناوی‌ خوای‌ به‌خشنده‌و میهره‌بان
هاولاتیانی‌ به‌ڕێزی‌ كوردستان.
له‌كاتێكدا هه‌مولایه‌ك چاوه‌ڕێی‌ ئه‌وه‌بوین هێزه‌ حوكمڕانه‌كانی‌ كوردستان به‌ كرده‌وه‌ وه‌ڵامی‌ خواستی‌ خۆپیشانده‌ران بده‌نه‌وه‌، واز له‌ شێوازه‌ كۆنه‌كانی‌ خۆیان، له‌وانه‌ش په‌نابردنه‌ به‌ر چاره‌سه‌ری‌ ئه‌منی‌ و چه‌كداری بێنن، كه‌چی‌ به‌داخه‌وه‌ به‌پێچه‌وانه‌ی‌ ئه‌م پێشبینیه‌وه‌ بۆ چه‌ند رۆژێك ده‌چێت ته‌سعیدێكی‌ نه‌خشه‌ بۆ داڕێژراویان ده‌ست پێكردوه‌، دوێنێش 18/4 له‌ هه‌ردو شاری‌ هه‌ولێر و سلێمانی‌ ئه‌و ته‌سعید و به‌كارهێنانی‌ توندوتیژییه‌ پێی‌ نایه‌ قۆناغێكی‌ نیگه‌رانكه‌ره‌وه‌، ئه‌مڕۆش به‌نیازن باڵابردن و به‌كارهێنانی‌ توندوتیژی‌ به‌رنه‌ ئاستێكی‌ ترسناك تر و بۆ ئه‌م مه‌به‌سته‌ش هێزێكی‌ زۆریان له‌ چه‌ندین شار و شارۆچكه‌ و به‌تایبه‌تیش له‌ناو سلێمانی‌ دا بڵاوه‌ پێ‌ كردوه‌.
ئێمه‌ له‌به‌رامبه‌ر ئه‌م دۆخه‌دا و له‌ لیژنه‌ی‌ هه‌ماهه‌نگی‌ هه‌رسێ‌ هێزه‌ ئۆپۆزسیۆنه‌كه‌ی‌ كوردستان رای‌ گشتی‌ كوردستان ‌و سه‌رجه‌م لایه‌نه‌ چاودێر و په‌یوه‌ندیداره‌كان به‌ دۆخی‌ كوردستان له‌م خاڵانه‌ی‌ خواره‌وه‌ ئاگادار ده‌كه‌ینه‌وه‌:
1. ئیدانه‌ی‌ هه‌مو په‌لاماردان و به‌كارهێنانێكی‌ توندوتیژی‌ دژبه‌ خۆپیشانده‌ران ‌و خه‌ڵكی‌ مه‌ده‌نی‌ و خوێندكار و مامۆستایانی زانكۆ، میدیاكاران و ده‌زگا راگه‌یاندنه‌كان ‌و ده‌كه‌ین، هه‌ڕه‌شه‌كردن له‌ هێزه‌ سیاسیه‌كان مه‌حكوم ده‌كه‌ین، ده‌سه‌ڵاتیش له‌به‌رده‌وام بون له‌سه‌ر ئه‌م زمان ‌و شێوازه‌ هوشیار ده‌كه‌ینه‌وه‌ و ئۆباڵی‌ یاسایی‌ ‌و سیاسی‌ ‌و ئه‌خلاقی‌ و كۆمه‌ڵایه‌تیی ده‌رهاویشته‌كانی ده‌خه‌ینه‌ ئه‌ستۆی‌.
2. ئێمه‌ له‌گه‌ڵ سه‌روه‌ریی‌ یاساین، به‌ڵام په‌نابردنه‌ به‌ر یاسای‌ خۆپیشاندان كه‌هه‌ر له‌سه‌ره‌تاوه‌ به‌ئیفلیجی‌ له‌دایكبو و جۆره‌ها كێشه‌ی‌ لێكه‌وته‌وه‌، به‌ڕێكارێكی‌ ناڕاست ده‌زانین ‌و كێشه‌كانیش ئاڵۆزتر ده‌كات.
3. داوا له‌سه‌رجه‌م هێزه‌ ئه‌منیه‌كان ‌و پێشمه‌رگه‌كانی‌ كوردستان ده‌كه‌ین به‌گیانی‌ برایانه‌ له‌گه‌ڵ خۆپیشانده‌راندا بجوڵێنه‌وه‌ و خۆیان به‌ پارێزه‌رانی‌ مافه‌كانی‌ ئه‌وان بزانن، ئاماده‌نه‌بن روی‌ تفه‌نگه‌كانیان بكه‌نه‌ هیچ هاوڵاتیه‌كی‌ كوردستان، چونكه‌ كارێكی‌ له‌و جۆره‌ لێپرسراوێتیی‌ ئه‌خلاقی‌ ‌و یاسایی‌ و نیشتیمانی و كۆمه‌ڵایه‌تیی به‌دواوه‌یه‌، به‌شێك له‌ داواكارییه‌كانی جه‌ماوه‌ری‌ ناڕازی و ئۆپۆزسیونیش گێڕانه‌وه‌ی‌ رێز و مافی شایسته‌ به‌ ئه‌وانه‌.
4. داوا له‌ خۆپێشانده‌ران ‌و شه‌قامی‌ ناڕازی‌ ‌و چاكسازیخواز ده‌كه‌ین ده‌ست به‌شێوازی‌ ئاشتیخوازی‌ خه‌باته‌ مه‌ده‌نیه‌كه‌یانه‌وه‌ بگرن، به‌گوڵه‌وه‌ به‌ره‌و روی‌ هێزه‌ ئه‌منیه‌كان ببنه‌وه‌، ره‌چاوی‌ ئه‌وه‌ بكه‌ن كه‌ ئه‌وانیش رۆڵه‌ی‌ ئه‌م میلله‌ته‌ن و زۆربه‌شیان هاوسۆزی‌ ئه‌وانن ‌و خۆیان به‌به‌شێك له‌ خه‌ڵكی‌ ناڕازی‌ ده‌زانن.
5. ده‌سه‌ڵات له‌ كوردستاندا ئاگادار ده‌كه‌ینه‌وه‌ كه‌ئه‌م بیركردنه‌وه‌ و شێوازه‌ كێشه‌كان ئاڵۆزتر و چاره‌سه‌ره‌كان قورستر ده‌كات، گه‌ر به‌م جۆره‌ش به‌رده‌وام بێت ئه‌گه‌ری‌ ئه‌وه‌ هه‌یه‌ به‌ته‌واوه‌تی‌ ده‌رگا به‌ڕوی‌ گفتوگۆدا دابخات ‌و ئه‌مه‌ش ئۆباڵێكی‌ مێژویی‌ ده‌خاته‌ ئه‌ستۆیان. ئه‌مه‌ له‌ كاتێكدایه‌ كه‌ ئۆپۆزسیۆن له‌ چوارچێوه‌ی‌ پڕۆژه‌ چاكسازییه‌كه‌یدا ئاماده‌ی‌ گفتوگۆی پێنج قۆڵی بو وه‌ك رێكارێك بۆ ده‌رچون له‌و قه‌یرانه‌ی‌ له‌ ئێستادا هه‌رێمه‌كه‌مانی پیا تێپه‌ڕ ده‌بێت.
سه‌ركه‌وتو بێت ره‌وتی‌ چاكسازیخوازی ‌و خه‌باتی‌ مه‌ده‌نیانه‌ی‌ جه‌ماوه‌ر
له‌پێناو دواڕۆژێكی‌ گه‌شتر بۆ گه‌ل و نه‌ته‌وه‌كه‌مان.

لیژنه‌ی‌ هه‌ماهه‌نگی‌ ئۆپۆزسیۆن
19/4/2011

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە