پەیامێك بۆ ئەوانەی بە ئیمەیل جنێوبارانیان كردم
Tuesday, 17/03/2009, 12:00
1684 بینراوە
تەنیا یەك دوو هەفتەیە، نزیكەی 5 بابەت و وتار و ڕەخنەم بۆ ماڵپەڕی كوردستانپۆست ناردووە و، لە دوای بڵاوبوونەوەی بابەتەكانیش، بە مەبەست یان بێ مەبەست، لە ڕێگەی ئیمەیلەوە بە ڕێژنە جنێوباران كراوم.
بابایەك، كە بە ئیمەیلە شاراوەكەی بەسەری كردوومەوە و خۆی نەناساندووە، دوای بڵاوبوونەوەی بابەتەكەی سەندیكای رۆژنامەنووسان، جگە لە كۆمەڵێك هەڕەشە و قسەی زبر، بۆی نووسیوم (تۆ ئەو قەلە نیت قسە لەسەر سەندیكا بكەیت، بەدفەڕ).
كە لەسەر رۆژنامەی گەندەڵ و گەندەڵییەكانی رۆژنامە لە كوردستان، هەندێك ڕام دەربڕین، چەند ئیمەیلێكی دیكەی جیاوازم پێ گەیشتن، كە سەرجەمیان لێوانلێو لە جنێو بوون و، منیان بە هیچ و پوچ و ناكەسبەچە و سەگباب وەسف كرد.
هەروەها پاش ئەوەی بابەتەكەم لەسەر ڕۆژنامەنووس نەبەز گۆرانیش دابەزی، خاوەنی ئەدرێس ئیمەیلێكی تر، دوو ئیمەیلی بۆ ناردم و، هۆشداریی ئەوەی پێ دام كە منیش پاراستنم و مافی ئەوەم نییە باس لە باشە و خراپەی كەس بكەم، هاوكات دووپاتی كردووەتەوە كە من مرۆڤێكی بچووكم و دەمەوێ قسە لەسەر شتی گەورە بكەم.
سەرەتا، پێشبینیی ئەوەم كرد كە ئیمەیلەكانی ئەم هاوڕێیانە، بە هەڵە بۆ من هاتوون، یان چاكتر وایە بڵێم، نەمویست وەڵامیان بدەمەوە و، خۆم بێدەنگ كرد، بەڵام كە لە بارەی كۆڕەك تیلیكۆمیشەوە گلەییەكی بچووكم كرد، بێ ئەوەی ناسنامەی خۆیان ئاشكرا بكەن، هەمدیسان بە چەند ئیمەیلێكی تر، كۆمەڵێك جنێوی دیكەیان پێ فرۆشتم، بۆیە بیرۆكەی ئەوەم لا گەڵاڵە بوو لێرەوە پەیامێك ئاراستەی ئەو جنێوفرۆشانە بكەم، كە كەمترین شارەزاییان لە ڕێزمان و داڕشتن و ڕێنووس نییە و، نە توانای بیركردنەوە، نە توانستی دەربڕینیشیان هەیە، هەر لەبەر ئەوەیشە كە لە هیچ و خۆڕایی دەمیان تەتەڵە دەكات و ئەم و ئەو جنێوباران دەكەن.
دەمەوێ بەر لە هەر شتێكیش، ئەوە بدركێنم كە هەرچەندە من خۆم بە فریشتە نازانم و، پێشم وایە تا ئەو جێیەی كە پێویست بووە، نەمتوانیوە وەك ئەو "من"ە بم كە بوونم هەیە و، دەمەوێ هەبم، جگە لەوەیش، ڕەنگە من نەمتوانیبێت وەك پێویست ئەو ئادەمیزادە كارایە بووبم كە خۆم خۆشم دەوێت و، دان بەوەدا دەنێم كە لەوانەیە هەرگیز بواری ئەوەم نەبووبێت گۆڕان دروست بكەم و ئەو شانازییەم پێ ببڕێت، بەڵام بە بڕوای خۆم، جاروبار، وێڕای لەبەرچاوگرتنی ئیتیكی رۆژنامەوانی، هەوڵی بچووكم داوە بۆ ئەوەی وەك رۆژنامەنووسێكی بێلایەن ڕەخنە بگرم و پەنجە لەسەر خاڵە لاوازەكان دابنێم، بۆیە پەیامی من تەنیا ئەوەیە كە من بە جنێوەكانی ئێوە، نە زۆر نە كەم كاریگەر نیم و، هەستیش بەوە دەكەم كە جنێوەكانتان لە بچووكییم زیاد ناكات و، ئەگەر گەورەیش بم، لە گەورەییم كەم ناكاتەوە، بۆیە بەوپەڕی جورئەتەوە دەڵێم، ئەو مرۆڤە هاوزمانانەی لەمەڕ خۆمان، كە ژمارەیەكیان دەروونیان نەخۆشە، پێویستیان بە هاوكاریی ئێمە هەیە و، دەخوازێ دووبارە فێری خۆشەویستی بكرێنەوە.
بە بۆچوونی من، بە تێپەڕبوونی كات، هەموو ئەوانەی كە لە ڕووی نەزانییەوە، دەیانەوێ جەنگ لە دژی ڕەخنە ڕابگەیەنن و، جنێو دەكەنە ئەو چەكە بێفیشەكەی لوولەكەی خۆركە لێی داوە، درەنگ یان زوو ئەو هەقیقەتەیان بۆ دەردەكەوێت كە ڕەخنەگرتن، شتێك نییە دژی پیرۆزییەكان بێت و، ئەزموونی گەلانی هۆشیاریش، پێمان دەڵێت كە بە درێژایی مێژوو، جنێو ئەو هێزە كاریگەرە نەبووە و نابێت كە بتوانێت بزاوتی ڕەخنە لە جووڵە بخات.
گەلۆ، چی دەبێ ئەگەر وەك لەمەوبەر بیر نەكەینەوە و، لێرە بەدواوە هەموومان كولتووری جنێوفرۆشتن ڕەت بكەینەوە، بە خۆشەویستی وەڵامی ئەو كەسانە بدەینەوە كە هەرگیز رۆژێك لە رۆژان ڕەخنەیان قبوڵ نییە، ڕقیان لە ڕای جیاوازە، گوێ بۆ ئەوانی دیكە ناگرن و وەك هونەر سەرنجی جنێوفرۆشتن دەدەن؟!.
دواجار، پێم خۆشە درێژدادڕیی نەكەم و بە كورتی بڵێم، ئێوە سەرزەنشتم بكەن یان ستایش، جنێوم پێ بدەن یان بە زمانی گوڵ بدوێن، هەر خۆشم دەوێن و قەت لێتان ناڕەنجێم.
yahoo.com@pishderi81