ئینتیمانی ئێمە = شەڕى كوردو عەرەب
Thursday, 09/04/2009, 12:00
2472 بینراوە
لەبەرەكەتى ئەو رستەیەدا، شكور ئەم چەند رستەیە بەرهەمهات .
هیچ بە سەیرى مەزانن گەر نیشتمانم بیر بچێتەوەو زەڕەیەك ئینتیمام بۆی نەبێت!، بە سەیریشی مەزانن گەر نەفرەتى لێ بكەم.
ئاخر منێكی گەنج چی لەخاك و وڵات و ئینتیماو نیشتمان و بیرە نەوت و پەترۆڵ بكەم كە زەڕەیەك مافم نەبێ و خاوەنی 10 هەزار دینار نەبم و گەردەلولیش لەگیرفانمدا فلسێكی قەڵپ نادۆزێتەوە؟!، ئادەى چۆن پێشمەرگایەتی و شۆڕش و خەباتتان نەك پشتگوێ بەڵكو پاشگوێ نەخەم و نەفرەتی لێ نەكەم لەكاتێكدا لەسایەى ئەوانەدایە ئەمڕۆ دەچەوسێمەوەو بە چەندان ملیار دۆلاری بەرهەمى ئەو میللەتە لوش دەدرێت؟ كەچی منی گەنجیش ( )، حەیف! بریا یەك تەقەتان نەكردبا، پێڵاوێكتان نەدڕیبایە، شۆڕش و مۆرشتان هەر نەكردایە، چی لەشۆڕش و رابوردووتان بكەم كە وڵاتەكەم بووەتە مەنبەعی تاوان و كوشتن و فەزاى ناعەدالەتی و پارە لوشدان و بازرگانیكردن بە ئەنفال و هەڵەبجەو تەنانەت ئایین و بگرە تەواوى كوردیشەوە.
ئەم چەند دێرەی هۆنراوەى حەزرەتى (قانع)، هەوێنی راستی بابەتەكە دەوڵەمەند دەكات و لەسایەی ئەم دەسەڵاتەدا لای تەواوى گەنجان كاركردن لەروانگەى ئەو چەند دێرە هۆنراوەیەوە بووەتە بنەمایەكى جێگیر، ئەمەش پاش ئەوەى ئەو گەنجانە رۆژانەو هەمیشەش دەبینن وڵات لەوپەڕی پاشاگەردانیدایەو تەواوى مافەكانیان كراوەتە قوربانی، حەزرەتى قانعیش ئەم هەڵبەستە لەژێر ناونیشانى (وەسیەت) ئاراستەى كوڕەكەى دەكات و دەڵێت:
{پارە پەیداكە بزانە دینی چی؟ ئیمانى چی؟}
{خوێنی میللەت هەڵمژە ئینسافی چی؟ ویژدانى چی؟}
دیارە حەزرەتى (قانع) تەواو لەناخێكی بێزارى و نائومێدییەوە ئەو تانەیە بۆ هەندێ كاربەدەستى گەورەى بەناو كوردپەروەری ئەو سەردەمە ئاراستە دەكات، بۆ ئەمرۆش هەمان ئەو دوو دێڕە تەواو راستی دەپێكێت كە دەفەرموێت:
{چویتە سەر كورسی بزانە پارە چۆن پەیدا ئەكەى}
{چۆن بە ناحەق كوردی پێ پشت و پەنا ئەكەى}
یان لەم هەڵبەستەى خوارەوە سەرزەنشتى هەندێ كۆمەڵی بەناو نیشتمانى دەكات و دەفەرموێ:
{لێخوڕەو لێدەو بڕۆ، لابارى خۆت بگرە لەمشت}
{كوردی چی نیشتمانى چی؟ بۆ كورد چۆن خۆت دەی بەكوشت؟}
هەموو ئەم كۆدێرە هۆنراوەیەى حەزرەتی گەورەى كورد (قانع)، راستەوخۆ یەخەی ئەو بەرپرسانە دەگرێتەوە كە بازرگانى بەناوى پێشمەرگایەتى و ئەنفال و شەهید و تەواوى كوردانەوە دەكەن و دۆلارپەرستیان كردووەتە بنەما نەك كوردایەتى (1).
لەوە سەیرتر ئەوەیە هەر كە باسی رەخنەگرتنی گەنج و توڕەبوونی پڕ وەفاو دڵسۆزییان دەكرێت، دەڵێن قەیدی نییە ئەوانە لەرابوردوو نازانن! پێشمەرگەیان نەكردووەو هاتوونەتە سەر حازری!!. ئەرێ ئەزانن ئەم جۆرە وتانە هی كەسانى دیكتاتۆرو بێ بڕوایە بە مافی هەموان نەك مافی گەنج!،دە وەڵڵاهی ئەم پرسیارە دەتەقێنمە بەردەمى هەموو ئەو مەسئول و بەرپرسانەدا كە خۆیان دوێنی گەنج بوون و كەچی ئەمڕۆ ئەنتى گەنج و گەنجایەتى!، (سەردەمێك ئێوە گەنج بوون و لەشاخ و تەنزیماتی ناو شار دژی حكومەتى نەیارو دیكتاتۆر خەباتتان دەكرد، لەدڵی خۆتانەوە نەتاندەپرسی باشە ئەم كابرایە (سەدام) بۆ وا دەكات خۆ ئێمەش مرۆڤین! هەر یەكێك لای خۆتانەوە نەتاندەوت شەرتبێ ئەگەر من لەجێگەی ئەو بومایە وڵاتم دەكردە بەهەشت و مافی گشت كەسێكم دەبەخشی و یەك كەسیشم نەدەكوشت؟). سەیر، كەچی ئەمڕۆ ئەو لەژێر گڵدایەو ئێوەش دەسەڵاتدارو خاوەن وڵات، هەمان سیناریۆو كردەوەكانى دوبارە دەكەنەوە.
ناچارم بڵێم: (هەراج هەراج كێ ئینتیما ئەكڕێ بە 5000 هەزارى بریمەر ئەیفرۆشین!؟).
بڕوا بكەن ئەمە دەربڕینی ناخی زۆر گەنجی ئەم كوردستانەیە... كەواتە تكایە بەرپرسان فریای وڵات بكەون.
لەدوا ئاماژەی پێنوسەكەمداو بەیارمەتی جەنابتان ئەم شیعرەى شاعیرتان (سامان سەربەست)تان پێشكەش دەكەم كە دەڵێت:
که من خاوهنی خاکێک بم
خهڵکی برسی و
پارچه پارچهی
یهکپارچه خهڵتانی خوێن بێ
ئای که سووک و هیچ و پووچم
خهمم تهنها له پێناوی
خهندهی خۆم و ناوی پێک بێ
پێکی دهستیشم له ئهشکی
جهرگ سووتاو و
له خوێنی شههیدان پێک بێ!(2)
سەدلەسەد خەمى ئەمڕۆی زۆرینەى بەرپرسان و وڵات بەدەست، خەمی دەست و ژیانیان، خەمی میللەت و وڵاتەكەیان، تەنها پێكەكەى دەستیان و چونەخەڵوەتبوونی شەوانیانە. ئیتر قەیدی نییە چی دەبێت و چی روودەدات!؟، ئاكام بەو هۆیەو زۆرینەى زۆری گەنجان نەك ئینتماو وڵات، بەڵكو تەنانەت دایكی خۆشیان لەبیر دەكەن و بەهەرچ رێگەیەك بێت لەهەوڵی بەجێهێشتنى وڵاتدان.
زۆرجار سەرۆكی كوردستان (مەسعود بارزانی) وتویەتى دەبێت ئێمە كار بۆ گەنجانمان بكەین بۆ ئەوەى ئینتما لەدەست نەدەن و وڵاتی خۆیان خۆشبوێت، بەڵام دەپرسم بەڕێزم سەرۆك ئەرێ كەى ئەو وتەو لێدوانانەتان دەربارەى گەنج و ئینتمایان دەخرێتە ستراتیژی كاركردن و سیاسەتى حكومەتەكەتانەوە؟، گریمان پەرلەمان و حكومەتی هەرێم پێ باك و پشتگوێخەرى ئەو بابەتە بوون، ئەدی ناكرێت تۆی سەرۆك وەكو سوپەر دەسەڵاتی هەرێم بەجیدى و لەسەر بنەمای قسەكانت، وەك خودی كەسێتی بەتەنها جەخت لەو مەسەلەیە بكەیتەوەو سوربیت لەسەر جوڵاندن و گەرمكردنى پەرلەمان و حكومەت بەوەى چ زووە فریای (ئینتما)ی گەنجان بكەون؟، دەبا بەڕێزتان ببنە فریادرەسی گەنجان و (گاندى) ئاسا دڵسۆزیت بنوێنی، چونكە وەك پەرلەمانتێرێك پێی وتم بەخودا هەموو شتێك بەدەست ئەو دوو زاتەیە (تاڵەبانی و بارزانی).
بۆیە زۆر سەیرم پێ دێت كە هەندێ كەس دەڵێن شەڕی كوردو عەرەب روودەدا، لەكاتێكدا ئینتیماى تاكی كورد یەكسانی سفر بووە!!، نازانم بە چ بڕوایەك وادەڵێن، ئەو كاتە دەتوانن ئەو كارتە بدەن بەڕووی بەرامبەردا كە جەماوەر ئینتیماى مابێت.
بەهیوایەكى پڕ تاسەوە دەخوازم فریای نیشتمان بكەون، سوێندم بە هەموو شتێكی پیرۆز ئێمەى گەنج دوژمنى خاك و نیشتمان نین، بڕوا بكەن هەموو ئەو گلەیی و نوسینانە لەخامەى دڵمانەوە بەرهەمهاتووە، جا توخودا بە وڵات فرۆش لێمان مەڕوانن!!!.
پەراوێز :
گوڵچنی دیوانی قانع، هەڵبژاردەى سید تەیب سجادی زادە.
ماڵپەڕی كوردستان نێت، سامان سەردەم، كۆكتێلێك لە: فرمێسك و خوێن... http://kurdistannet.info/index.php?id=3984
[email protected]