سەركردەكانى كورد..... دوینێ .. ئەمڕۆ.. سبەى !؟
Tuesday, 26/07/2011, 12:00
"چى بەكەڵكى مرۆڤ دێت ئەگەر هەموو دونیا بەرێتەوە بەڵام نەفسى خۆى بدۆڕێنێت !!"
مەسیح , ئینجیلى لۆقا
زۆر جار مرۆڤ دەكەوێتە دۆخ وبوارێكەوە كەپێویستە تیایدا هەڵوێست ومرۆڤایەتى بوونى خۆى بەڕاشكاوانە یەكلا بكاتەوە وبوێرانە بەرگرى لەحەقیقەت وناواخنى ڕاستیەكان بكات ,مرۆڤى ڕاستەقینە بەباوەڕى من ئەو مرۆڤە نیە كەلەمردن ناترسێ وەكو ئێمە لەڕابردووا وا لێ تێگەیشتووین وتێگەیشتێنراوین وئەو مرۆڤە نیە كە خاوەن ناوبانگیەت وهێزێكى ڕادەبەدەر وزانستێكى فراوانە بەڵكو مرۆڤى ڕاستەقینە ئەو مرۆڤەیە كەوەك گیڤارا دەلێت بەچرایەكەوە ڕێگاتاریكەكان ڕۆشن دەكاتەوەوماڵى گەلەكەى ڕووناك دەكاتەوە یاخود وەك خۆمان لەووتەیەكدا دەڵێین (پیاو ئەو پیاوەیە شێوەى شەمعى بێ ، بۆخۆى بسوتێ ونەفعى جەمعى بێ) بەڵام سیاسەتمەدار وسەركردەسیاسیەكانى ئێمە ئێستا پێچەوانەى ئەم ووتەى "گیڤار"ان وماڵى كوردیان كردووەتە ئەشكەوتێكى تاریك وخۆیانیش بوونەتە بلاجیكتۆرى بەردەم ووڵاتانى بیانى وبەرپرسە ئەمریكى یەكان ..
هەندێك جار مرۆڤە مەزنەكان وسیاسەتوانە بەناوبانگەكان كەلەمێژووى مرۆڤایەتى وئێستاشدا ناویان دەبیستین ووێنەیان دەبینین بەهۆى بەرزڕاگرتنى هەست وكەرامەت وبەهاى ئەخلاقى خۆیانەوە دەست بەردارى موڵك وماڵ وسەرجەم بەرژوەندییە شەخسى وخزم وبنەماڵەیەكەى خۆیان دەبن وتەنانەت دەست بەردارى ئەومافانەش دەبن كەهى خۆیانە ودەبنە مۆمێك بۆ گەلەكەیان وەكو ڕەمزێكى كاریزمى گەورە وهەڵۆیەكى بەرزەفڕ لەیادەوەرى نیشتمانەكەیان دا دەمێنینەوە بەڵام هەندێك بەپێچەوانەوە, نموونە گەلێك هەن لەومرۆڤانەى مێژووى جیهان وخۆشماندا كەئەم ووتەیەیان بەسەردا جێ بە جى دەبێت وولەكاتى حوكمڕانى كردنیاندا هەمووشتێكیان بۆ خۆیان داگیركردبوو هەرلە موڵك وپادرە وداهات وبودجەى ووڵات تاوەكو خاك وئاو زەوى , لەمێژووى فەرەنسادا ئەگەر تەماشایەكى حوكمى لویسەكان بكەین دەبنیین لویسى شازدە ومارى ئەنتوانێت بۆ ماوەیەكى زۆر سەرجەم دام زدەزگا وكۆى خانە وڕەهەندەكانى وولاتیان داگیركردبوو وشتێك نەمابوو بەناوى یارمەتیدانى هەژارن ولێقەوماوان بەڵام لەكۆتاییدا كەوتنە بەر ڕەحمەتى گەل وجەماوەى فەرەسى ولەشۆڕشى 1789دا سەرى هەردووكیان بەئامێرى مەقسەلە لەلاشەیان جیاكرایەوە, هیتلەر هەموو شتێكى برد بەڵام لەكۆتاییدا ببووە خۆڵەمێش وبەخستنە تەنەكەى زبڵدانى مێژووەوە ئابڕووى خۆى ومیللەتەكەشى برد , هەموو ئەو تووڕەبوون وباڵفشكردنەوەى وحەماسەتەى كەهەیبوو لەماوەیەكى كورت دا كەوتەوە ژێر پێى ڕوس وبەرلینى پایتەختى دەسەڵاتەكەشى ببووە خۆڵەمێش , مۆسۆلێنى هەمیشە خۆى بەپادشاى هەموو جیهان وسەكردەى گەورەى جیهان دەزانى كەچى ئیتالیەكان لەبەردەم ئاپۆڕاى جەماوەردا خۆى وخێزانەكەیان بەپەتى سێدارەدا هەڵواسى , سەدام خۆى بەنبوخزنێر وێلاح دینى ئەیوبى دەشوبهاند وپیێ وابوو كەپادشاى هەرچوارلایە تەنانەت چوو بەگژى هونەرمەندى گەورى عێراق دا (كازم ساهیر) كاتێك لەووڵاتێكى بیانى دا ووتبووى من عێراقم وعێراقیش منە)وەكو كە "لویسى چوارەدەى فەرنسالەپێش شۆرشى فەرەنسى ووتبووى" , لەبەر ئەم ووتەیە سزاى ئەم هونەمەندەى دا وپێى وابوو كەدواى خۆى هیچ كەسێك جێگەى ناگرێتەوە تاوەكو حوكمى ووڵات بكات وئەو نەبێت عێراقیش نامێنێت بەڵام بینیمان لەدواساتەكانى تەمەنى دا كەچۆن كەسایەتى وناوبانگەیتیە مێژووییەكەى وئەو هێزەى زەبەلاحەى كەلەبەردەستى دابوو دادى نەدا ولەكون وكوچە تاریكەكانى زیندان دا جلەكانى خۆى دەشوشت وببووە كۆمیدیا وگاڵتەپێكەرى میدیا وكەناڵەكانى ڕاگەیاندن ودواتر لەلایەن ئەو هێزانەی كەساڵانێك لەلایەن سەدامەو ستەمى زۆریان چێشتبوو لەسیدارە درا , نموونە گەلێك زۆرە لەم بابەتە كەلەسەرەتادا خۆیان بەخواى سەرزەمین دادەنا ودواتر دەكەونە بەر ڕەحمەتى تووڕەى جەماوەر ومێژوو !! لەوانە پۆل پۆت وبیرۆن وستالین ولەئەمرۆشدا حوسنى موبارەك وزین عابدین وقەزافى وفلاًن وفیسار..
گرفتەكە ئەوە نیە كەچەند دیكتاتۆرمان هەبووەلەمێژوودا ولەچ كاتێك حوكمیان كردووە لەچە كاتێكدا لەناوبراون , گرفتەكە ئەوەیە كەبۆچى ئەم سەركردانە هەنگاویان بەرەوەدیكتاتۆریەت نا یاخود بۆچى دیموكراتیخوازەكانى دوێنى دەبنە دیكتاتۆر وستەمكار وپارە پەرست وتۆتالیتارەكانى ئەمڕۆ , گرفتەكە لەوەدایە بۆچى كەسانێك هەن لەمێژوودا دەبنە ڕەمز وسیمبولى و كاریزماى وڵاتەكەیان وەكو مرۆڤێكى باڵاو جۆرێك لەموقەدەس لەزیهن وكولتورى وفیكرى هاوڵاتیانى ووڵاتەكەیاندا دەمێننیەوە(گاندى وماندێلا وتاگور وگیڤارا وقازى موحەمەد و..هتد) بەڵاًم لەولاشەوە كەسانێك هەن دەكەونە بەر شەقى گەل وجەماوەرەكەى خۆى وهەتاوەكو ناوى بمێنى نەفرەت وجوێن وتف لەگۆڕەكەى دەكرێت ..
لەكولتورى سیاسى خۆشماندا نموونە گەلێك هەن لەدوێنى وئەمڕۆشدا كەهەمان تەمسیلى ستەمكارو دیكتاتۆرەكانى ووڵاتان دەكەن , دوێنێ ئازادیخواز ومرۆڤ دۆست بوون وقوربانیدەر وخۆبەختكاروخەباتگێڕبوون ,ئەمڕۆ ستەمكار ودوژمنى گەل وجەلادن وسبەینێ دەبنە كۆمپانیایەكى گەورەى خێل وبنەماڵە وموڵك وماڵى گەلەكەیان لەژێر ناوى جیاجیادا مۆنۆپۆڵ دەكەن وەك مێردەزمە وئەژدیهایەكى حەوت سەریان لێدێت كە دواتربەداخەوە تەنها بەڕاپەرین وشۆڕشێكى پڕ حەماسەتى جەماوەر لەناودەبڕێن !!.
كاتێك ڕاپەرینى 1991ڕووى دا ئەوكات تەمەنم یازدە ساڵ بوو , هەمووشەوێك بەشەیداى ئەوەوە دەنووم كەسبەینى خۆر هەڵبێت وپێشمەرگەیەكى شاخ ببینیم وئارەزووى ئەوەم دەكرد كەسەركردەكانى كورد ببینیم یەك دووقسەیان لەگەڵدا بكەم , بەڵام ڕۆژگار تێپەڕى وتێگەیشتم كەئەم سەركردانە لەمەبەستە ڕاستەقینەكە لایانداوە وئەوەى كەلەكوردستان ڕایانى گرتووە نەعەشقى خاكە ونەخۆشەویستى نیشتمانە ونەپیرۆزى ئاڵاى كوردستانە بەڵكو كۆمەڵێك بەرژوەندى بنەماڵەو عەشیرەت وخێڵگەرایی وئیمتیازاتى شەخسیە , وەكو ئەوەى كەلەشەڕى ناوخۆدا بەتەواوى ڕەنگى دابووەوە ولەسەر ئەرزى واقیع جێبەجێ بوو , شەڕى ناوخۆ نهێنى ومەبەست ونیەتە ناپاك وگڵاوە شاراوەكانى سەركردەكانى كوردى ئاشكراكرد ومتمانەى خۆیان لەبەردەم جەماوەرەكەیاندا دۆڕاند , ئەوەى كەئەمرۆِ ئەم سەركرانەى لەنێو پێكهاتەى حكومەتى كوردى دا ڕاگرتووە تەنها هێزى میلیشیاى وئیتفاقیەى دۆلاریی وپڕوپاگەندە وچەواشەكارییەكانى ڕاگەیاندنەكانیانە نەك عیشقى خەڵك وخۆشەویستى جەماوەر وپاراستنى بەرژەوەندى گشتى وحیكمەت ودانایى كەبەداخەوە زۆر لەمانەوە دوورن !! بۆیە ئەم هۆكارانە كارییگەرییەكى بەرچاوى دەبێ بۆ سەر ناشرین كردن وبەدێوكردنى سەرانى سیاسى كورد لەبەرچاوى میللەتەكەیاندا وپێى دەچێ سبەى یادووسبەى هەروەكو چۆن خوێندكارانى فەرەنسا لەشۆِرشەكەیاندا لەساڵى 1968توانیان سەركردەكەیان ژەنرال دیگۆل لەووڵات بەدەرنێن وڕەوانەى سویسرایان بكەن , دوور نیە خۆێندكارانى ئەم كۆمەڵگایەش هەمان چارەنووسى ئەو ژەنراڵەبەسەر سەركردەكانى ئەمڕۆى كوردداجێبەجێ بكەن لەحاڵەتێكدا ئەگەر لەسەر ئەم سیاسەتە ناتەندروست ونامرۆڤانەوناواقیعەیان بەردەوام بن !!!
شەماڵ ئەحمەد- نووسەر وڕۆژنامەنووس
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست