ئەگەر بە تەمای (گۆڕان) بن ئەبێت بێ شێو سەربنێنەوە
Monday, 23/01/2012, 12:00
زۆر بە چڕی و پڕی: ئەوانەی واچاوەڕوانن (گۆڕان) گۆڕانكاریەكی بنەڕەتی لە ژیانی كۆمەڵگادا بەدی بهێنێت لەبەرژەوەندی زۆربە كە هەژاران و بێكارانن، ئەوانە هەر لە هەمان چاوەڕوانیی ڕابووردوودا دەژین، ئەوانە هەمان خەیاڵی 50 ساڵی ئەم دواییە دووپات دەكەنەوەو بەری هەمان داریش ئەڕننەوە كە (جەلال بارزانی) و (مستەفا تالەبانی) لە شەستەكاندا ڕوواندوویانە.
ئەی مەگەر سەرانی (گۆڕان) یش قوتابی هەمان قوتابخانە نین؟ ئەی مەگەر ئەوانیش بە درێژایی چل ساڵی ئەم دواییەی تەمەنیان، لە هەموو یاریە سیاسیەكانی عیراقدا بەشدار نەبوون؟ ئەی مەگەر ئەوانیش پەروەردەی نێو دیوەخانی دەرەبەگەكانی كوردستان نین؟ ئیتر بۆ دەبێت وا چاوەڕان بین گوایە ئەمان بە دونیایەكی ترمان ئاشنا دەكەن! ئەو دونیایەی ئەوان هەمان دونیای بارزانی و تالەبانیە، دونیای تێرو برسی، دونیای ئاغاو ڕەنجبەر، دونیای ئەو ژمارە زۆرەی لە هەژارو بێكار، بێ شێو سەردەنێنەوە، لە كووخێكی دارووخاودا دەژین، بەرگێكی پواوی پیناوی دەپۆشن .. ئەی مەگەر ئەو جۆرە كەسانەتان لە گردەكەو دەوربەریان بینیوە؟ ئەی بەرنامە سیاسیەكەی گردەكە هیچ پەیوەندیەكی بەژیانی ئەو داماوو زۆرلێكراوانەوە هەیە؟
ئەگەر ئەوان لە شاخ لایەنگری دەرەبەگایەتی بووبێتن، ئەوا لەشار لایەنگری سەرمایەدارین. ئەگەر ئەوان لە شاخ نەرێتە دەرەبەگایەتیەكانیان پاراستبێت، ئەوا لە شار نەرێتە برجوازیەكان برەو پێدەدەن. ئەگەر ئەوان لە شاخ موڵكدارێتی دەرەبەگایەتیان بەرز نرخاندبێت ئەوا لەشار موڵكدارێتی سەرمایەداری پیرۆز رادەگرن. ئەوان وەك یەهودی و مەسیحی و ئیسلام، باوەریان وایە چەوساندنەوە هەر بووەو دەبێت هەر بمێنێت، ئیتر چۆن و بە چ ئامرازێك كۆمەڵگا لە چەوساندنەوە رزگار دەكەن؟ ئەوان وامان تێدەگەیەنن ئەگەر سەرمایەی نیشتمانی پێشبكەوێت ئەوا هەموومان پێشدەكەوین، واتە نایانەوێت پێمان بڵێن: گەشەی سەرمایە خۆیەتی هەژاری و بێكاری بەكێش دەكات بۆ كۆمەڵگا. كەی و لە چ زروف و زەمانێكدا ئەمانەتان بینیوە باس لە ئازادی مرۆڤ بكەن بە مانای ئازاد بوون لە چەوساندنەوە؟ ئەی مەگەر ئەو ئازادیەی ئەمان باسی لێوە دەكەن هەر هەمان ئازادی نیە بارزانی و تالەبانی باسیان دەكرد؟ با ڕۆژنامەكان ئازاد بن، با وەك باران جنێوی ئازاد بەڕووی دەسەلاتداراندا ببارێنن، بەلام ئەو ئازادیە چی لە ژیانمان دەگۆڕێت ئەگەر ئامانجی دابەشكردنەوەیەكی ئینسانیانەی سامانی نیشتمانی نەبێت؟
گیروگرفتی كۆمەڵگا چۆنیەتی دابەشكردنی سامانی نیشتمانیە، ئەو دابەشكرنە بە شەفافیەتی بودجەو قسەی بێمانای لەو چەشنە چارەسەر ناكرێت، بەڵكو بە شۆرشێكی كۆمەلایەتی چارەسەر دەكرێت. ئەو شۆرشە لە نێوەندی هەژاران و بێكارانەوە سەر دەردێنێت. هەرگیز شۆرشێكی لەو جۆرە بە (گۆڕان) ناكرێت. تاكتیك و ئامرازەكانی ئەو شۆرشە هەرگیز لە لاپەرە سیاسیەكانی (گۆڕان) دا نابینرێتەوە. ئەو شۆرشە شۆرشی سەرلەنوێ دابەشكردنەوەی سامانی نیشتمانیە لە بەرژەوەندی هەموو تاكەكانی كۆمەلگا، ئەوەیش بەو مەجالسە هەلبژێردراوانەی جەماوەر خۆی دەكرێت كە ئیدارەی عەسكەری و بیرۆكراسی و مشەخۆر دەگۆڕێت بە ئیدارەی خەلكی خۆی لە كارگەكان و لە سەر زەویەكاندا، لە قوتابخانەو لە فەرمانگەكاندا.
ئەگەر خەونتان دابەشكردنەوەیەكی ئینسانیانەی سامانی كۆمەلگایە، ئەوا هەرگیز چاوەرێی بەیت و بالۆرەكانی (گۆڕان) مەبن. ئەگەر ئەتانەوێت كۆتایی بە هەژاری و بێكاری بهێنن، ئەوا شۆرش تەنها چارەیە.
ئەندامی لیژنەیەك لە لیژنەكانی 17 ی شوبات
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست