کاتێک نەفامێک قەڵەم، جەلادێک چەک و خائینێکیش دەستەڵات دەگرنە دەست، نیشتیمان دەبێتە جەنگەڵستانێک بۆ ژیان دەست نادات..(دکتۆرمستەفا السباعی).


نامەیەکی کراوە لە کۆمەڵێک فێرخوازی کوردی (زانکۆی کەرکوک) ەوە

Thursday, 05/07/2012, 12:00



نامەیەکی کراوە لە کۆمەڵێک فێرخوازی کوردی (زانکۆی کەرکوک) ەوە


نامه‌یه‌كی‌ كراوه‌ بۆ به‌ڕیزان

سه‌رۆكایه‌تی‌ كۆماری‌ عێراقی‌ فیدراڵ
به‌ڕێز سه‌رۆكی‌ هه‌رێمی‌ كوردستان
به‌ڕێز سه‌رۆكی‌ وه‌زیرانی‌ حكومه‌تی‌ هه‌رێمی‌ كوردستان و جێگره‌كه‌ی‌
به‌رێز سه‌رۆكی‌ په‌رله‌مانی‌ كوردستان و ئه‌ندامه‌كانی‌
به‌رێز وه‌زیری‌ خوێندنی‌ باڵای‌ هه‌رێمی‌ كوردستان
به‌ڕێز وه‌زیری‌ خویندنی‌ باڵای‌ حكومه‌تی‌ عێراقی‌ فیدراڵ

بۆ رای‌ گشتی‌

ئێمه‌ وه‌ك كۆمه‌ڵێ‌ فێرخوازی‌ كوردی‌ شاری‌ كه‌ركوك پاش چه‌ندین ساڵ ئاواره‌یی‌ و ده‌ربه‌ده‌ری‌ و ژیان به‌سه‌ر بردن له‌دووری‌ شاره‌كه‌مان ئێستاش له‌پاش پرۆسه‌ی‌ ئازادی‌ عێراق پاش گه‌ڕانه‌وه‌مان بۆ شاری‌ خۆمان وا بۆماوه‌ی‌ چه‌ندین ساڵ ده‌ڕوات تاكو ئێستا كێشه‌ی‌ زمانمان بۆ چاره‌سه‌ر نه‌كراوه‌ و ئه‌مه‌ش گه‌وره‌ترین كێشه‌ی‌ بۆمان دروست كردوه‌ چونكه‌ وه‌ك روون و ئاشكرایه‌ ئێمه‌ پاش ئه‌وه‌ی‌ كه‌ زۆربه‌ی‌ قۆناغه‌كانی‌ خوێندنمان به‌ زمانی‌ شیرینی‌ كوردی‌ خوێندووه‌ وه‌ك قۆناغی‌ (سه‌ره‌تایی‌، ناوه‌ندی‌، دواناوه‌ندی‌) به‌ڵام پاش وه‌رگرتنمان له‌ زانكۆكانی‌ كه‌ركوك وا بۆ ماوه‌ی‌ هه‌شت ساڵ ده‌چێت رووبه‌رووی‌ گه‌وره‌ترین كێشه‌ بووینه‌ته‌وه‌، به‌ڵام به‌داخه‌وه‌ كه‌س خۆی له‌ قه‌ره‌ی ئه‌م بابه‌ته‌ نادات، هیچ به‌رپرسێك خۆی‌ ناكات به‌خاوه‌نی‌ ئه‌م مه‌سه‌له‌یه‌ بۆ ئه‌م مه‌به‌سته‌ش چه‌ندین جار به‌ڵێنی‌ چاره‌سه‌ر كرنمان پێ‌ دراوه‌ به‌ڵام تاكو ئێستا نه‌چووته‌ بواری‌ جێ‌ به‌جێ‌ كردنه‌وه‌ و تاكۆ ئێستا چه‌ندین جار خۆپشاندانمان سازكردووه‌ و چه‌ندین جار مانگرتنمان سازكردووه‌ بۆ ئه‌م ساڵیش ده‌زگاكانی‌ راگه‌یاندان كاریان له‌سه‌ری‌ كردووه‌ به‌ڵام به‌داخه‌وه‌ هیچ نه‌بووه‌ته‌ جێگه‌ی‌ ئه‌وه‌ی‌ كارێكی‌ بۆ بكرێت.

ئێمه‌ له‌كاتێكدا وه‌ك فێرخوازه‌ كورده‌كانی‌ زانكۆی‌ كه‌ركوك، چاوه‌ڕێی‌ جێ‌ به‌جێ‌ كردنی‌ به‌ڵێنه‌كانتان لێ‌ ده‌كه‌ین، به‌داخه‌وه‌ چه‌ندین فێرخواز له‌زانكۆی‌ كه‌ركوك رووبه‌رووی‌ كێشه‌ی‌ گه‌وره‌ی‌ زمان بوونه‌ته‌وه‌ بۆ ئه‌م ساڵیش چه‌ندین فێرخواز له‌قۆناغه‌ جیاجیاكانی‌ زانكۆی‌ كه‌ركوك ده‌رنه‌چوونه‌ به‌هیچ شێوه‌یه‌ك نه‌یانتوانیوه‌ ده‌رچن ئه‌مه‌ش هۆكاری‌ سه‌ره‌كی‌ نه‌زانینی زمانی‌ عه‌ره‌بیه‌ و زۆربه‌ی‌ مامۆستاكان له‌زانكۆی‌ كه‌ركوك له‌نه‌ته‌وه‌ی‌ عه‌ره‌ب و توركمانن كه‌ نه‌ئێمه‌ لێیان تێ‌ ده‌گه‌ین و نه‌ ئه‌وانیش ده‌توانن تێمان بگه‌یه‌نن، به‌داخه‌وه‌ بۆ ئه‌مساڵ هاوكارانمان له‌كۆلێژی‌ په‌روه‌رده‌ی‌ كه‌ركوك و كۆلێژی‌ یاسا پشكی‌ شێریان به‌ركوتووه‌ رووبه‌رووی‌ زۆرترین نمره‌ شكاندن بونه‌ته‌وه‌ و له‌كاتی‌ تاقیكردنه‌وه‌كاندا به‌هیچ شێوه‌یه‌ك پرسیاره‌كانیان بۆ وه‌رنه‌گێڕدرابووه‌ سه‌ر زمانی‌ كوردی‌ و سه‌رجه‌م پرسیاره‌كان به‌ زمانی‌ عه‌ره‌بی‌ هاتبوونه‌وه‌ كه‌ به‌پێ‌ بڕیارێكی‌ وه‌زیری‌ خوێندنی‌ باڵای‌ عێراقی‌ بێت، پێویست بوو سه‌رجه‌م پرسیاره‌كانیان بۆ وه‌ربگێڕدرێت به‌ڵام نه‌یانكرد، هاوكات به‌پێی ده‌ستوری‌ عێراقیش بێت كه‌ زمانی‌ كوردی‌ و عه‌ره‌بی زمانی فه‌ڕمین له‌عێراقد بۆیه‌ داوا له‌سه‌رجه‌م ئه‌و لایه‌نانه‌ ده‌كه‌ین كه‌ مافێكی‌ ره‌وای‌ ئێمه‌یان پێشیل كردووه‌ به‌ زووترین كات به‌دواداچوون بۆ كێشه‌كه‌مان بكه‌ن و ئاگاداری‌ هه‌موو لایه‌ك ده‌كه‌ینه‌وه‌ كه‌ ئه‌گه‌ر هاتوو له‌ماوه‌یه‌كی‌ كه‌مدا كێشه‌كه‌مان بۆ چاره‌سه‌ر نه‌كرا بڕیاری‌ خۆپشاندان ده‌ده‌ین له‌ناو سه‌رجه‌م كۆلێژه‌كانی‌ كه‌ركوكدا.


كۆمه‌ڵێ فێرخوازی كوردی زانكۆی كه‌ركوك


نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە