کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)

  • Su
  • Mo
  • Tu
  • We
  • Th
  • Fr
  • Sa
  •  
  •  
  •  
  •  
  •  
  • 1
  • 2
  • 24
  • 25
  • 26
  • 27
  • 28
  • 29
  • 30

ڕیکلام

وشە: لە ڕۆژی: تا ڕۆژی:


سەعاتی دەستی پیاوە مردۆکان!

Thursday, 16/01/2014, 12:00

3091 بینراوە


ئێمە ناتوانیین لە داهاتوو بگەین تاکو رابردوو راڤە نەکەین، راڤەکردنیش دەبێت لەسەر بنەماکانی زانست بێت ئەگینا هەرگیز ناتوانینن لە داهاتوو بگەین، تۆ دەبێت ئەو راستییە بزانیت کە رابردوو نەک بەشوێنمانەوەیە بەڵکو سەرتاپای ژیانی ئێمەی داگیرکرووە و لەگەڵماندایە، ئەشێت لە هەندێ شوێندا پێش خۆیشمان کەوتبێت.
هاورێ تۆ ئەو دەموچاوانە ناناسیتەوە کە پەنجا ساڵ بەر لە ئێستاکە، چەکیان کردینە شان‌و بەرەوو چاڵەکانی جەنگ ڕاپێچیان کردین و بەسەر شەرەفی نیشتیمانەوە بەجێیان هێشتین، ئەو دەموچاوانە ناناسیتەوە کە ئێستاکە پاش پەنجا ساڵ نیشتیمانیان کرد بە مادەی ١٤٠ دیسانەوە بەجێیان هێشتین.

لە جەنگەدا پیاوە ئازاکان دەمرن
مردن هیچ شتێک نابەخشێ بە ژیان
پیاوە مردۆکان ناتوانن دیوارێک لە خۆشەویستی هەڵچنن
ناتوانن جۆلانێیەک دروست کەن بۆ مناڵ
پیاوە مردۆکانی جەنگ
پیاوە ئازاکانی کێڵگەکانی جەنگ
ئیتر ناتوانن گەنم بەرهەم بهێنن
ئیتر ناتوان منداڵان پڕکەن لەباوەشی باوکایەتی
ئیتر ناتوانن ژنەکان دڵخۆش کەن بە ماچ‌ و باوەش

تاکی کورد دەبێت لەوە بگات لە نیشتیمانەکەی داگیر کراوە نەک مافەکانی خوراوە، دەبێت باش تێبگات کە ماف خوران و خاک داگیرکردن دوو بنەمای جیاوازیان هەیە بۆ تێگەیشتن، ئەو دەستوورە عێراقییەی کە حیزب و سەرکردە شانازی پێوە دەکەن و بێ شەرمانە پێمان دەڵێن مافەکانی کورد لە دەستووری عێراقیدا پارێزراوە ئەوە جگە لە ناپاکییەکی گەورە هیچی تر نییە . بەڵام هەرگیز بە دەمیاندا نەهات کە خاکیان داگیرکراوە نەک مافیان خوراوە.
ئەوە درندایەتی نییە کە بە دووژمن دەڵێت لە خاکم بچووە دەرەوە بەڵکو ئەوە سوکایەتیی‌و شەرمەزارییە کە دوژمن خاکەکەی داگیرکردوویت ئنجا بۆشیت نییە پێ بڵیت بەری چاوت کلی پێوەیە . تۆ لەوە گەیشتیوویت لەو ڕۆژەوەی نیشتیمان پڕ بووە لە پیاوی دەمامکدار ئیتر نیشتیمان لە ماناکەی خۆیی بە گومانە کە نیشتیمانە، جگە لەوەی پانتاییەکی گەورە بێت لە ترس و تۆقاندن.
عەرەب نیشتیمانەکەی داگیرکردووین، تورک زمانی بە دەممانوە دووریوە بە ناوی دیموکراسییەوە دەمان کوژێ سوکایەتیمان پێدەکات، فارس پێناسی کوردبوونمان دەکات بە ئێرانی کەچی تاکو ئێستاکە بۆمان نییە بە مولازم موحسینەکان بڵێین شەرم ناکەن دهێنە ووڵاتەکەمانەوە کە هێشتاکە دایکانی نیشتمان بەدەم زامی ئەنفال و هەڵبجەوە دەتلێنەوە.

باوەشی پیاوە مردۆکان
پڕە لە بەستەڵەکی سەرما
پڕە لە دووری و پرە لە ناسۆر
بۆ دەبێت ئەم جهیانە پڕ بێت لە ئازادی
تاکو منداڵان بە ئارامی یاری تێدا بکەن
لە جەنگدا پیاوە ئازاکان دەیانەوێت بکوژن
پیاوی کوژراو ناتوانێت بستێک لە کێڵگە بکێڵێت
پیاوی خەڵتانی خوێن ناتوانێت خەندە بگەرێنێتەوە نێو باوەشی ماڵ
ئای پیاوە کوژراوەکانی نیشتیمان!
ئەبێت ئێوە ئێستاکە لە کوێی گورستانی ئەم نیشتیمانەدا نێژرابن
نەمر ئەو کەسەیە لە دڵی میللەتدا دەژی نەک لە دڵی حیزبدا
ئای پیاوە کوژراوەکانی نیشتیمان دەزانن:
ئێوە هەم نائومیدی، هەم هێزی‌و بازووی ئێمە بوون
کە هێزو بازووتان بردە ژێر خاک
ئیتر لەو ڕۆژەوە پەنجەرەی چاوەروانی ئێمە
پڕ بوو لە ئائومێدی ڕۆژەکان
ماڵی پڕ لە تەنیایی ئێمە
پڕ بووە لە ئائومێدی ئێوە

ئەوە دڵی بەوە خۆشە لەدوایی ڕووخاندی دیکتاتۆرێک ئازادی دەگەرێتەوە ئەوا بزانە زۆر خۆشباوورە. کورد کەسایەتێکی خۆشباوور ، سادە، دوور لە تێروانین هەمیشە بە دەووری بازنەکانی بیرچونەوەدا خول دەخوات، کورد هەمیشە لە ناهەمواری‌و دوودڵیدا دەژی، هەربۆیە ئایندەیەکی روونی نییە.
کورد نیشتیمانێکی هەیە هەر بە قسە تاپۆکەی لە گیرفانی دووژمندایە، کورد سەرکردەیەکی هەیە هەر بە قسە ووتەکانی لە دڵی دوژمندایە. ئەوەی نیشتیمانی نەبێت هەرگیز لەوە ناگات واتایی ئازادی و خوشەویستین بریتییە لە ڕێزگرتن لە تاکەکانی کۆمەڵ، تاکەکانی ئێمە ئاوارەی ناخی خۆیانن. هەر میللەتێک تاکی ئازادی نەبێت، ووتەی ئازادیشی نابێت ، نیشتیمانیش نابێت. حەقیقەت دەڵێت: کوردستان وڵاتی کوردە و داگیر کراوە، لۆژیکی پێمان دەڵێت: ٣٥ ساڵە باشوری کوردستان بەدەست ئەم حیزبانەوە دەناڵیت.
تۆ لەو دوورەوە قسەی زلمان بۆ مەکە ، ئێمە لێرەوە بە کۆمەڵی فایلی ڕەشەوە بریار لە چارەنوسی تۆ ئەدەین و دەتنوسێنین بە عێراقی عروبەوە.

هەندێک جار پیاوێک چاڵێک هەڵدەکەنێ
بۆ ئەوەی مردووەکی تیا بنێژێ
هەندێک جار پیاوێک چاڵێک هەڵدەکەنێ
بۆ ئەوەی حەقیقەتێکی تیا دەست کەوێ
کەچی ئەو پیاوەی گەرەکی ئێمە چاڵێکی گەورەی هەڵکەندووە
بۆ ئەوەی حەقیقەتێک و زیندوویەکی تیا بنێژرێت

بە خستنی قنگی سیگارەیەک بۆ تەنەکەی خۆڵی نیشتیمان واتای خۆشویستنە بۆ نیشتیمان. بەڵام مەخابن ئێمە تەنەکەی خۆڵمان نەبوو نیشتیمانەکەمان کرد بە تەنەکەی خۆڵ.
سەعاتی دەستی پیاوە مردۆکان
هەرگیز زەنگی بەیانی لێنادات
کەس گوێ لە زەنگی سەعاتی ئەوان نییە
کێ دەیەوێت سەعاتی دەستی پیاوێکی مردوو
بکات بە میقاتی ڕۆژی تازەی
سەعاتی دەستی پیاوە مردۆکان
تەنها دڵی خاک نەبێت
دڵی زیندووی ئێمە گوێ لێ نییە
ئەی پیاوە مردۆکان!
سەعاتی دەستیی ئێوە زەنگی نییە
سەعاتی دەستی ئێمەی زیندوویش
پڕە لە زەنگی مردن.

نامۆ سامان
سوید ٢٠١٤/٠١/١٢

چەند بابەتێکی پێشتری نووسەر


(دەنگدراوە: 0)