لەهەڵبژاردن گرنگتر پاككردنەوەى ناوى دەنگدەرانە
Saturday, 16/11/2013, 12:00
1810 بینراوە
ڕاستە هەشت ساڵ تێپەڕیوە بەسەر هەڵبژاردنى ئەنجوەنى پارێزگاكانى هەرێمى كوردستاندا، ڕاست حكومەت و پەرلەمان و بڕیاربەدەستان خۆیان دەدزنەوە لە هەڵبژاردنى ئەنجومەنى پارێزگاكان، ڕاستە ئەو ئەنجومەنەش كەهەیە بەجۆرێك لەجۆرەكان سڕكراوە، هەروەها ئەوەش ڕاستە كە ئۆپۆزسیۆن هەمو هەوڵى خۆى خستۆتەگەڕ بۆ ئەوەى بەهەر جۆرێك بوە هەڵبژاردنى ئەنجومەنى پارێزگاكان ئەنجام بدرێت و لەوە زیاتر دوانەخرێت لەژێر ناو و بەهانەى جۆراو جۆردا، بەڵام گرنگتر لە هەڵبژاردنى ئەنجومەنى پارێزگاكان پاككردنەوەى لیستى ناوى دەنگدەرانە.
ئەگەر ئەمڕۆ بەهەمان لیستى ناوى دەنگدەرانەوە بچینە پرۆسەى هەڵبژاردنى ئەنجومەنى پارێزگاكانەوە ئەوا گۆڕانێكى جەوهەریوا دروست ناكات كە جێگاى دڵخۆشی بێت!!! ئەویش بەهۆى ئەو ئامادە سازى و هەنگاو و میكانزمانەى كە پارتەكانى دەسەڵات لە پێش هەڵبژاردنەكانى پەرلەمانى كوردستان گرتیانە بەر، وەك ناوى دووبارەى هەردوو پارێزگاى كەركوك و موسڵ لە هەولێر و دهۆك و نەسڕینەوەى ناوى مردوان و هەروەها ناو نوسى برا ئاوارەكانى هەرسێ پارچەكەیترى كوردستان لە لیستى دەنگدەراندا، گرفتێكیتریش نەسڕینەوەى ناوى هێزەكانى ناوخۆ و پێشمەرگە لە لیستى دەنگدانى گشتیدا، من پێشنیار دەكەم ئەو كەسانەى كە ناویان لە دەنگدانى تایبەتدا دێتەوە دەبێت ناویان لە لیستى دەنگدانى گشتیدا بسڕێتەوە.
ئەگەر بێت و بەهەمان لیستى ناوى دەنگدەرانەوە بچینە هەر هەڵبژاردنێكەوە ئەوا ئەنجامەكانى زۆر جێگەى دڵخۆشی نابێت گۆڕانكارى بەسەردا نایەت، كەواتە پاككردنەوەى لیستى ناوى دەنگدەران گرنگترە لە خودى هەڵبژاردنەكان چ هەڵبژاردنى ئەنجومەنى پارێزگاكان بێت یان هەڵبژاردنى پەرلەمانى بەغدا بێت.
بەبڕواى بەندە پێش ئەوەى فشار بخرێتە سەر دەسەڵات بۆ بەزوترین كات بۆ هەڵبژاردنى ئەنجومەنى پارێزگاكان، دەبێت فشاریش بخرێتە سەر كۆمسیۆنى باڵاى هەڵبژاردنەكان بۆ بە زوترین كات بۆ پاككردنەوەى لیستى ناوى دەنگدەران.