کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


تەنیاترم لەتۆ

Sunday, 28/08/2011, 12:00




ئەی خودا تەنیاترم لەتۆ

وەرە و بمكە بەهاوڕێی خۆت

ئەی خودا بێكەسترم لەتۆ

وەرە و بمكە بە كەسی خۆت

تا پێكەوە نەفرەت بكەین

لەو ئەهریمەنانەی عەرشەكەی تۆیان سوتاند و

نیشتیمانەكەی من

تاپێكەوە نەفرەت بكەین لەو جاهیلانەی

ڕۆژە پیرۆزەكانیان كردینە خۆڵەمێش

تاپێكەوە جارێكیتر سورەی مەسەد بنێرینەوە

بۆ نەفرەت كردن لەو ئەبو لەهەبانەی

سوكایەتیان بە خۆشەویستانی تۆ كرد

خودایە



خودایە، وەرە و پێكەوە

موو لە زمانی ئەوانە بێنین

پەنجەكانیان هەڵوەرێنین

كە گوڵشەنەكانی نیشتیمان

بە دەردی گوڵخەنەكانی دۆزەخی خۆیان دەبەن

خودایە



خودایە من كەسی دی شك نابەم

گەر بەفریام نەیەیت

من تەنیاترم لەتۆ

ئەو دەم لە كێبەركێی تەنیایی لەگەلأمن

دەدۆڕێیت خودایە



خودایە

دەزانم تۆ بێ هاوبەشی

دەزانم تۆ تاق و تەنیای

بەندەیەكی تاق و تەنیات

تەقەی داوە لە دەرگاكەی ڕەحمەتی تۆ بیكەرەوە

زووكە وەرە و ببە هاوڕێی

باتەنیایی نەیكڕۆشێت



خودایە كارێبكە بەر لەمردن و مەرگی خۆم

مەرگی ستەم بەچاوانی خۆم ببینم

بەر لە هاتنی شەوەزەنگ

بەر لە ئاوابوونی خۆر

خۆری ئاشتی بێ ئاوابوون

بۆ ئەبەدی جیهان ڕووناك بكاتەوە



ئاسمان وەرە و دەرگاكانت ئاوەڵاكە

ستەمدیەكان لەزەمین كەس نایان بینێت

ئاسمان زووكە و بوراقێك بنێرە

بۆ ئەوانەی زەویان لێ بۆتە دوژمن

دۆستێكیان لێرە نەماوە

سێبەرەكانیان چاودێریان دەكەن

جلكەكانیان لەكن دوژمن

شایەدی درۆیان لێدەدەن

بۆ ئەو ڕەعیەتانەی تا شوانەكانیانیشیان

دەیانحەنە بەردەم كەڵبە و ڕنوكی گورگەكان

لە پێناوی سەلامەتی سەری خۆیان

ئاسمان زووكە و بەفریابێ و پەیامێكی نوێ بنێرە.
 

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە