"هیچ مییلەتێک ناتوانێت لە مێژووی خۆی ڕابکات"
Thursday, 21/07/2011, 12:00
ناونیشانی ئەم بابەتە وتەیەکی بە ناوبانگی ویللی برانتە. ئەو سیاسەتمەدارە لە سییەکاندا لە دەستی نازیەکان هەڵاتبوو بەرەو سوید و دواتر لە دوای نەمانی هیتلەر کە گەڕایەوە بۆ ئەڵمانیای خۆرئاوا و بوو بە کانسڵەری ئەوێ لە یەکێک لە سەردانەکانیدا بۆ وارشۆ سەردانی مۆنیومێنتی کۆمەڵێک شەهیدی جولەکەی کرد و، لە ٧ ی کانوونی یەکەمی ئەو ساڵەدا لە بەردەم مۆنیومێنتەکەدا لە سەرچۆک دانیشتوو بۆ ماوەی بیست چرکە لەسەر ئەژنۆ بە بێدەنگی سوژدەی برد.
ئەو کردەی سوژدەبردنە ئاماژەیەکی گرنگی دا بە نووسینەوەی مێژوو هەروەها بە ئاشتبوونەوە لە گەڵ مێژووی خویاندا.
ئەو بەشێک نەبوو لە مێژووی نازیەکان و بەرپرس نەبوو لە تاوانەکانیان، بەڵام وەکو ئەڵمانییەک یەکێک بوو لە میللەتی ئەڵمان. میللەتی ئەڵمان گەر هەمووشی نازی نەبووبێت و بەشدار نەبووبێت لە تاوانەکانی هیتلەردا ئەوا وەکو ئەڵمانیی مێژووی ئەڵمان مێژوویانە و ناتوانن لێی دەرباز بن یان لێی هەڵێن. ئەو کە سوژدەی برد بۆ ئەوە بوو لە گەڵ مێژووی میللەتەکەی خۆیدا پێداچوونەوەیەک بکات و پرۆسەی ئاشبوونەوەیەکی لەگەڵدا دەست پێبکات. ئاشتبوونەوە بەو مانایە نا کە پشتگیریی لە تاوانەکان بکات بەڵکو بەو مانایەی بە ناوی میللەتی خۆیەوە ویژدانی خۆی بحەوێنێتەوە و داوای لێبووردن لە قوربانییەکان بکات.
ئەوەی برانت کردی ئەمڕۆ بۆ ئێمەی کورد پڕ ئاماژەیە. ئێمە لەگەڵ مێژووی خۆماندا شان بە شان ناڕۆین و کاتی ئەوە هاتووە بە خۆماندا بچینەوە. بە خۆداچوونەوەمان پێویستە دوو لایەنە بێت، لە لایەکەوە مەرج بۆ ئەو میللەتانە دابنێین کە تاوانیان بەرامبەرمان کردووە کە پێویستە ئاماژەیەکی وەکو ئەوەی برانتمان پێبدەن گەرچی لە تاوانەکانی ئەتاتورک و سەدام و ئەوانی تردا بەرانبەر میللەتی کورد بەشداریش نەبووبن.
لە دوای ڕووخانی سەدامەوە دەسەڵاتدارێکی عێراقی عەرەبی نەهات داوای لێبووردنمان لە بەرانبەر تاوانەکانی ئەنفال و هەڵەبجە و تاوانەکانی تردا لێبکات گەرچی ئەو سیاسەتمەدارە یان ڕووناکبیرە لە کاتی حوکمی سەدامدا لە سەنگەری دژی سەدامیشدا بووبێت. ئەوەی برانت کردی بۆی هەیە پێمان بڵێت کە هەموو عەرەب و تورک قەرزاری کوردن داوای لێبووردنی لێبکەن با بەشداریش نەبووبن لە تاوانەکاندا کە بەرانبەر کورد کراوە. لە لایەکی ترەوە ئێمە خۆمان وەکو تاکەکانی میللەتی کورد دەبێت بەخۆماندا بچینەوە و لەگەڵ مێژووی خۆماندا ئاشتببینەوە، بەو مانایە نا کە مێژووەکەی خۆمان هەموو قبووڵبکەین تەنیا لەبەر ئەوەی کوردین و چاو لە خراپەکانی بپۆشین بەڵکو بەو مانایەی بە هەڵەکانی ڕابردووماندا بچینەوە و دووبارەیان نەکەینەوە و پەنجە بخەینە سەر خاڵە لاواز و شکستەکانی، کە دووبارەکردنەوەیان ئامانجەکانی میللەتەکەمان بۆ دروستکردنی دەوڵەتی سەربەخۆی کوردستان و دیموکراسی و ئازادی و مافەکانی تاکی کورد دوا دەخات.
کەواتە:
یەکەم: ئەوان کە قەرزاری کوردن بە لێبووردن دەبێت مەرجیان بۆ دابنێین و شەرم نەکەین و لە مافی خۆمان خۆشنەبین و ناچاریان بکەین داوای لێبووردنمان لێبکەن، بۆ ئەوەی بتوانین بەردەوامی بە ژیانمان بدەین و زامەکانمان بەرەو ساڕێژبوون ببەین.
دووەم: خۆمان وەکو کورد گرنگە ڕەچاوی ئەم چەند لایەنە بکەین، سەرکردە و حیزبە کوردیەکان، تاکەکانی ئێمە کە سەر بە هیچ حیزب و لایەنێک نین و ئەوانەش کە لایەنگر و سەر بە حیزبەکانن جا لە دەسەڵاتدا بن یان لە ئۆپۆزسیۆن.
(با بابەتی ئەم باسە لەسەر باشووری کوردستان چڕ بکەمەوە.)
لە پێش هەموو شتێکدا دەبێت ئێمەی تاکی بێلایەنی کورد لە ڕووی ئینتمای حیزبیەوە بەرچاوی خۆمان ڕوونبکەین و بەشە بەرپرسیارەتی خۆمان لەو دواکەوتنەمان لە پێداچوونەوەی مێژووەکەمان بگرینە ئەستۆ و دان بە بەشە هەڵەی خۆماندا بنێین. ئێمە وەکو زۆرینەی میللەتی کوردستانی باشوور لە دوای ڕاپەڕینی شکۆداری کوردەوە کە لەشکری سەدامی ناچار کرد لە کوردستان پاشەکشە بکات و سەرەتا "بەرە" و دواتر پەرلەمان و دواتریش حکومەت و لە دوای هەموشیان سەرۆکێکی هەرێممان بەسەر خۆماندا سەپاند تەنیا لەبەر ئەوەی حوکمی کوردیی خۆمان هەبێت. لە جێگیرکردن و سەپاندنی ئەو دەسەڵاتانەدا کە دەسەڵاتی حیزبە بەسەر خۆماندا بەشە تاوانبارین، جا ئەو تاوانە لە نەفامی خۆمانەوە یان لە دڵسافیمانەوە بسەپێت بەسەرماندا دەبێت بە خۆماندا بچینەوە بۆ ئەوەی ڕژێمە کوردیەکانی ئایندەمان بە هەمان دەردی ئەمانەی ئێستامان نەچن و نەبن بە گوندە بەسەرمانەوە و خۆیان لێنەبێت بە نارسیس و، وابزانن عالەم لە بەر جوانی و خۆشەویستی ئەوان شێت و شەیدایە و دەبێتە ئاوێنەیان. ڕەخنە لێگرتن یان باسکردنیان بڤە دەبێت و کوشتنمان حەڵاڵ بێت.
ئێمەبووین ئاهەنگمان گێڕا، ئێمە بووین چامان بۆ بانگکردن، ئێمە بووین چەکدارەکانمان پێبەخشین، ئێمە بووین پەڕۆ ڕەنگاوڕەنگەکانمان بۆ بەرزکردنەوە، ئێمە بووین بە سرودەکانیان بڕوامان کرد، ئێمە بووین سەنگەرەکانمان بۆ گرتن، ئێمەبووین ڕاپۆرتەکانمان بۆ نووسین، ئێمەبووین چاوپۆشیمان لە تاوانەکانی شاخیان کرد، ئێمەبووین بەشداریمان لە تۆمارکردنی تاوانەکانی شاریاندا کرد. ئێمە بووین لە مێژووی ئەواندا بەشداربووین، ئەو مێژووە پڕفەنتازیە درۆیەی بۆیان دەنوسینەوە کەچی کە لە واقیعدا بە جۆرێکی تر بوو، ئێمە بووین و ئێمەین بە ئاوازی بەگەندەڵکردنمان سەمامان کردو تا ئێستاش سەما دەکەین.
ئێمە دەبێت بە هەموو ئەمانە و زۆر شتی تردا بچینەوە.
دەبێت ئێمەی تاکی کورد پێداچوونەوەیەک لەگەڵ مێژووی کۆن و نوێی خۆماندا بکەینەوە و بەرەو ئایندە هەنگاوبنێین و داوای لێبووردن لە نەوەی نوێ بکەین کە دووچاری ئەم ڕۆژەمان کردووە!
ئەندامەکانی حیزبە کوردیەکان، لەپێش هەموویانەوە پیرەپارتی و یەکێتی قەرزاری کوردن کە بە خۆیاندا بچنەوە و هەڵەکانی خۆیان دانپێدابنێن و گەرناشتوانن خۆیان بکێشنەوە ئەگینا هەتا ئەوان مابن بەو شێوەیەی ئێستایان و بەو پێداگرییەیان لەسەر مێژوویەکی پڕ خەباتی بێگەردی درۆیینە کە دەیانەوێت پێمانی بفرۆشن ئەوا هەر ڕیگر دەبن و پێویستی لەناوبردنی حیزبەکانیان ئەرکی هەموو کورد دەبێت. ئەوان لەبەر ئەوە قەرزاری کوردن کە ڕێگر بوون نەک هاندەر بۆ ئەوەی میللەتی کورد بە ئامانجەکانی خۆی بگات، ئەو دوو حیزبە لە هەگبەی سیاسی خۆیاندا چەندان نسکۆیان هەڵگرتووە و لەم کاتەشدا ناشرینترین شێوەی دیکتاتۆریمان ڕووبەڕوودەکەنەوە. دەزانم تا ئەم کاتە زۆرێک لە تاکە دڵسۆزەکانی میللەت کە داکۆکی لەو دوو حیزبە دەکەن چاک دەزانن ئەوانە چەند پێشێلکاری و تاوانیان ئەنجامداوە بەڵام چاوپۆشیان لێدەکەن بۆ ئەوەی کورد پەرت نەبێت بەڵام نازانن و تێناگەن کە بەو داکۆکیکردنەیان کورد ئەوەندەی تر پەرت دەکەن و دووچاری دواکەوتنی زیاتری دەکەن.
ئەوانەی لە گەڵن یان پشتگیری ئەو دوو پارتە دەکەن هەموو کردەوەو هەڵوێستەکانی ئەو دوانەیان پێباش نییە بەڵام پێیان وایە بوونی سەرۆکێکی وەکو مەسعود یان تاڵەبانی لە نەبوونیان باشترە.
لەناو ئەو تاکانەدا تەنیا تاکە سادە و ئاساییەکان ئەو باوەڕ و بۆچونەیان نییە و نەبووە بەڵکو سەرکردەی حیزبە ئۆپۆزسیۆنەکانیش ئەو باوەڕەیان هەبووە و پێدەچێت تا هەنووکەش داکۆکی لەو دیدە بکەن.
کاتی خۆی تەنانەت نەوشیروان و فەرەیدۆن لە پێشەنگەکانی نێو یەکێتی بوون بۆ پێدانی دەسەڵات بە پارتی و مەسعود بۆ ماوەیەکی دیاریکراو ئەوەش بۆ ئەوەی شەڕی ناوخۆ لە جەستەی کورد بکەنەوە و لە لایەکی تریشەوە بۆ ئەوەی کەمووکورتیەکانی ئەو سیاسەتمەدارە زیاتر نیشانی کورد بدەن و ئەوەش ڕێگە خۆشبکات تا لە ئایندەدا بە دیموکراتیانە کورسی چۆڵبکات و تێکبشکێت، بەڵام ئەوەی ئەوان تێیدا بە هەڵەچوون ئەوە بوو نەیانزانی مەسعود زۆرتر پێگەی خۆی قایم دەکات و هەوڵدەدات میللەت قوتبدات و ئامادە نابێت کورسی چۆڵبکات و شەرعیەتیش بە دەستدێنێت.
وەکو تاکی کوردیش زۆرێک لەوانەی باوەڕیان بە لێهاتوویی و تواناکانی مەسعود نەبووە چاوپۆشیان لەو دەردەکردووە بە ئومێدی ئەوەی بەڵکو هەرێمی سەربەخۆی خۆمان پێکبێنین و مەسعود بە خۆیدا بچێتەوە و ببێتە دڵسۆزی کورد، بەڵگەش ئەوەیە لە سەر زاری زۆربەی چاودێرەکان و ڕووناکبیران و کەسانی تر داکۆکی لە سەرۆکبوونی ئەو کراوە بەو هیوایەی واز لە سەرۆکایەتییە حیزبییە بەرتەسکەکەی بهێنێت و وەکو سەرۆکی پارتی هەڵسوکەوت نەکات، بەڵام هەموو ئەمانەش بە هەڵەدا چوون و مەسعود بە سروشتی خێڵەکیانەی خۆی هەر بۆ بنەماڵەکەی خۆی هەوڵیداوە و ئەو هەوڵانەشی چڕتر کردۆتەوە، بە دیوەکەی تریشدا ڕێگر بووە لەوەی کە کورد بە مێژووی بەرزانی باوکدا بچێتەوە و پەنجە بۆ هەڵە و کەمووکورتیەکانی ڕاکێشێت و هەر بەوەشەوە نەوەستاوە بەڵکو هاتووە ئەو چالاکیانەی ئەوی لێکردووین بە ڕێبازێک و ئێمەشی کردووە بە دەروێش و دەخوازێت بە بێ بیرکردنەوە و پرسیار زیکری بۆ بکەین. لەمەدا بەرانبەر ئەندامەکانی حیزبەکەی خۆی و لایەنگرەکانی سەرکەوتووبووە و خانەقاکەی لایەنگری وەکو پیاوکوژەکانی لقی چواری بۆ بەرهەمهێناوە، کەسانی ڕوناکبیریشی ڕازیکردووە کە باوکی وەکو سیمبۆلی یەکگرتنی کورد بۆ لەقەڵەم بدەن جا لە ترساندا بێت یان لە دڵسۆزی و پەرۆشییانەوە بێت بۆ دواڕۆژی کورد. بەو هۆیەوە چاوپۆشی لە باسکردن و ڕەخنە لێگرتنی ئەو مێژووە دەکەن.
یەکێک لە دەمدرێژترین ڕوناکبیرەکانی سلێمانی لە یەک کاتدا بارزانی و برایم ئەحمەد بە هۆکاری یەکگرتنی کورد دادەنێت و بە سیمبۆلی نەتەوەیی کوردیان دەکات و لە لایەکی تریشەوە سەکۆکانی گووتاربێژیی بۆ مافەکان قەرەباڵغکردووە.
جارێکیان برادەرێک ووتی چی ڕەخنەدەگریت بیگرە بەڵام لە پاڵیدا مەستەفا بارزانی بکە بە باوکی کورد لە سزای لە سێدارەدانیش دەرباز دەبیت، گەر بشچیتە سەر گۆڕەکەی ئەوا خەڵاتیش دەکرێیت. کەواتە ئەو بوێرانە چی دەڵێن با بیڵێن بەڵام گەر بارزانیان کرد بە باوکی کورد بنەمای هەموو بوێریەکەی خۆیان فشەڵکردووە و هەوڵیان داوە لە مێژوو ڕابکەن.
تاڵەبانی مێژوویەکی پڕ کارەساتی هەیە و پێوستە هەمومان بیخەینە بەردەم دادگای ویژدان و لێکۆڵینەوە.
ئەوەی پەیوەندی بە خاڵی یەکەمەوە هەیە کە مەسەلەی ئەو میللەتانەن کە تاوانیان بەرانبەر کورد کردووە ئەوا لە ناو کورددا سەرکردە کوردەکانی دەسەڵات چاوپۆشی لە ناچارکردنی ئەو میللەتانە دەکەن تا داوای لێبوردنمان لێبکەن و، بەوەشەوە نەوەستاون ئەوەتا تاڵەبانی خەریکە کار بۆ دەربازبوونی سوڵتان هاشم دەکات لە ڕووبەڕووبونەوەی ئەو سزایەی دادگا داویەتی بەسەریدا. ئەوەی تاڵەبانی دەیەوێت بیکات خیانەتی نیشتمانییە و بۆگەنترین ئاستی خۆفرۆشی و تاوانە بەرانبەر مێژووی کورد و ئەنفال و هەڵەبجە و حەق.
کورد دەبێت ڕێگە بەو جۆرە سازشانە نەدات و قبوڵیان نەکات. تاڵەبانی نەک ڕێگرە لە پێداچوونەوەمان بۆ مێژوو و ئاشتبوونەوەمان لەگەڵیدا بەڵکو دەیەوێت مێژوویەکمان بۆ تۆماربکات کە هەرگیز نەگەینە ئەوەی شانبەشانی بڕۆین. ئەو دەیەوێت دوژمنەکانمان لە مێژووی خۆیان ڕابکەن و دەرباز ببن.
خۆیشی درێژە بە مێژووی خۆی دەدات و تاوانەکانی بەرانبەر کورد درێژە پێدەدات و لە قێزەونیدا ئەوانەی پێشووتری ڕووسپی دەکات. ئەو بۆچی ئەوە دەکات؟
برانت سۆسیالدیموکرات بوو، تاڵەبانیش بە خۆی دەڵێت سۆسیالدیموکرات. برانت نەیویست لە مێژووی خۆی ڕابکات، تاڵەبانی یارمەتی تاوانباران دەدات لە مێژووی خۆیان ڕابکەن و، خۆیشی تا ئێستا لە بەرانبەر تاوانەکانی و نسکۆکانیدا کە بەسەر کوردی هێناوە داوای لێبووردنی نەکردووە و سزای خۆی وەرنەگرتووە، بەڵکو بە دەنگدانمان بۆ بوونی بە سەرۆک کۆماری عێراق دەستیمان گرتووە تا لە میژووی خۆی ڕابکات!
ئێمەش لە کردارەکانی ئێستەیدا بەشە تاوانمان هەیە، نابێت هەوڵبدەین لە مێژووی خۆمان ڕابکەین. بە یەک جۆر لەگەڵ مێژووی خۆمان ئاشدەبینەوە ئەویش بەوەی بایکۆتی هەموو سەرکردە کوردفرۆشەکان بکەین و دان بەوەدا بنێین کە ئێمە ئەوانمان لەسەر شانی خۆمان هەڵگرتووە.
عێراقییەش بە هەوڵدانیان بۆ دەربازکردنی سوڵتان درێژە بە ئەنفال دەدەن، نەک داوای لێبووردنمان لێناکەن و لەبەردەم مۆنیومێنتی ئەنفال و هەڵەبجەدا چۆک دانادەن بەڵکو مێژووی سەدام درێژە پێدەدەن.
ئەم باسە زۆر هەڵدەگرێت و ئەوەی باسم نەکردووە جێدەهێڵم بۆ نوسەران و کەسانی تر!
http://www.ejpress.org/article/47326
بۆ بینینی وێنەو فاکتی تری برانت لە گۆگڵدا سێرچ بکەن!
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست