لەمەرگى سەناى پەپولەوە بۆكۆچى خاتوو خونچەى قوربانى ، یادداشتێك بۆرای گشتی
Sunday, 23/06/2013, 12:00
1756 بینراوە
((تائیستا بەدوا داچوون بۆ سەناى پەپولە نەكراوە مەرگى خاتوو خونچەشى هاتە سەر)) ..
رۆژی (27 / ئازار / 2013) (سەنا عەبدوڵڵا سلێمان) تەمەن (4) ساڵ لە نەخۆشخانەی گشتی قەڵادزێ گیانی لە دەستدا (سەنا) پێویستی بە نەشتەرگەری لەوزەتەین هەبوو لە ژێر بەنج گیانی لە دەستد ا ، بەدوا دا نەچوونی ئەو رووداوە ئیمەى دانیشتوانی قەڵادزێ ی نیگەران كرد ، چالاكوان و هاووڵاتیان یادداشتێكمان ئاراستەی رای گشتی و لایەنە پیوەندیدارەكان كردووە ئەمەی خوارەوە دەقی یادداشتەكەیه .
رای گشتی
پەرلەمانی كوردستان
رێكخراوەكانی مافی مرۆڤ
وەزارەتی تەندروستی
ژیانی منداڵەكانمان لە دەسەڵاتەكانتان گرنترە؛ وەزارەتی تەندروستی چیتر جێگەی متمانە نیە !
رۆژی (27/3/2013) منداڵێكی تەمەن (4) ساڵی دانیشتووی شاری قەڵادزێ بەناوی (سەنا عەبدوڵڵا سلێمان) لە نەخۆشخانەی گشتی شارەكە گیانی لە دەستدا .
سەنا بۆ نەشتەرگەری لەوەزەتین سەردانی نەخۆشخانەی كرد، بەڵام بە داخەوە لە ژێر بەنج گیانی لە دەستدا و هەڵنەسایەوە.
ئەمە یەكەمین جار نیە كە ژیانی هاوڵاتیانی ئەم هەرێمە لە ناو سیستمی تەندروستیدا دەكەوێتە مەترسیەوە و گیانیان لە دەستدەدەن.
لە بەرامبەردا دەسەڵاتی سیستمی تەندروستی و وەزارەتی تەندروستی، بەو پەڕی خوێنساردییەوە هیچ كارداناوەیەكی ئەوتۆیان نەبووە بەرامبەر بەم كارەساتانە و ئەگەر لەم ڕەفتاڕانەیان بەردەوام بن دوور نیە كە ژیانی ژمارەیەكی زۆرتری هاوڵاتیان بكەوێتە مەترسیەوە و بەهۆی كەمتەرخەمیەوە گیانیان لە دەستبدەن.
ئەوەی هەموو رووداوە جەرگبڕەكانی ناو سیستمی تەندروستی كۆدەكاتەوە هەوڵ و تەقەڵای وەزارەتی تەندروستی بووە لە پەردەپۆشكردنی ئەو ڕووداوانە و شاردنەوەی هۆكارە ڕاستەقینەكان و بێتاوانكردنی تاوانبارە سەرەكییەكان.
بە داخەوە لەمەدا وەزارەتی تەندروستی سەركەوتوو بووە. لە هەموو ئەو رووداوانە، و بە كارەساتی مردنی سەناشەوە، وەزارەتی تەندروستی بە ناوی دروستكردنی لیژنەی لێكۆڵینەوە خانەوادەی قوربانیەكان و چالاكەوانانی كۆمەڵی مەدەنی و كەسانی دڵسۆز سەرقاڵ دەكات و دوای ئەوەی ماوەیەك بەسەر كارەساتەكان تێدەپەڕێت و گەرموگوڕی ئەو كارەساتانە ساردەبنەوە، وەزارەتی تەندروستیش بێدەنگی لێدەكات و ئیتر بەكەس ناڵیت دەرئەنجامی لیژنەكانی چیبوون و هۆكاری مردنی قوربانیەكان چی بوو و تاوانبارەكان كێ بوون.
ئێمە بیری وەزارەتی تەندروستی دەخەینەوە، كە ئەم سیاسەتەی ئاشكرا بووە و چیتر ناتوانێت لە رێی دروستكردنی لیژنەی بێدەسەڵات و وەهمیەوە راستیەكان بشارێتەوە و قوربانیەكان و تەواوی خەڵك چەواشە بكات.
ئەگەر وەزارەتی تەندروستی خوێن و ژیانی رۆڵەكانی ئێمەی بەلاوە گرنگ نەبێت، ئەوە ژیانی منداڵێكی ئەم شار و ناوچە و هەرێمەی ئێمە زۆر لەوە گرنگتر و نازدارترە كە بەو سووكایەتیەی دروستكردنی لیژنەوە لە لایەن وەزارەتی تەندروستیەوە مامەڵەی لەگەڵ بكرێت.
بۆیە لێرەدا داوا دەكەین، كە وەزارەتی تەندروستی بە زووترین كات روونكردنەوە لەسەر دەرئەنجامی لیژنەكانی بدات لە رووداوی كوشتنی سەنا و پەرلەمانی كوردستان و لایەنە پەیوەندیدارەكانی تر ئاگادار دەكەینەوە كە چیتر وەزارەتی تەندروستی جێگەی متمانە نیە و پێویستە لیژنەی بێلایەن لێكۆلێنەوە لە كارەسات و ڕووداوەكانی ناو سیستمی تەندروستی و دەزگا تەندروستیەكان بكات.
بە پێچەوانەوە دەبێت چاوەڕوانی كارەساتی زیاتر و قوربانی زۆرتر بكەین.
كۆمەڵێك هاووڵاتی قەڵادزێ .
((چەند رۆژیك بەر لەئیستا خاتوو خونچەش بووە قوربانى لەم لینكەوە زانیارى زیاتر بخوینەوە .
http://www.kurdistanpost.com/view.asp?id=1f251670 )) .