کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


میحنەتی دیالۆگی سیاسی

Friday, 29/05/2009, 12:00


لەژمارە (173)ی رۆژنامەی ئاوێنەدا، مەلا بەختیار وتەبێژی مەكتەبی سیاسی یەكێتی نیشتمانی دەڵێت "ئەوەی گۆڕە ئاشكراكانمان هەڵنەداتەوە، گۆڕە نهێنییەكانی هەڵنادەینەوە." لە ژێر ئەم مانشێتەشدا وێنەی خاوەنى ئەو رستەیەو نەوشیروان مستەفا بڵاوكراوەتەوە.
ئەو دوو وێنەیە، دوو كەسایەتی مێژوو ڕەنگاوڕەنگی بزوتنەوەی سیاسیو چەكداری شاخو شارن، كە شەرعیەتی دەسەڵاتی سیاسی لەو سەردەمەدا بریتی بوو لە ژمارەی كەللەسەری دوژمنانونەیارانو قوربانیەكان، دەیانەوێ لەو ئەزمونەوە فێری شەرعیەتی ژمارەی دەنگەكانی سندوقی هەڵبژاردنمان بكەن.
لەوەڵامی پرسیاری ڕۆژنامەنوسێكى ئاوێنەدا سەبارەت بەهەڵدانەوەی لاپەڕەكانی مێژوو لە نێوان لیستە ركابەرەكاندا، مەلا بەختیار دەڵێت"ئامادەین قسە لەسەر مێژووش بكەین، بەمانا نێگەتیڤەكەی نا، دیارە ئەگەر لایەك بیەوێت لاپەڕەیەكی سپی هەڵداتەوە، لایەك نەیەوێت گۆڕە ئاشكراكانمان هەڵداتەوە لەسەرمان، ئەو كاتە ئێمەش هەوڵنادەین گۆڕە نهێنییەكان هەڵدەینەوە لەسەری" .
بەر لەم لێدوانەی مەلا بەختیار، خاوەنى كۆمپانیای ووشە لە سەر دەستوری "نەلەمن قڕەو نەلەتۆ قڕە"، بڵاوكردنەوەی یادەوەرییەكانی شەڕی ڕاگرت "بۆ ئەوەی گرژی زیاتر نەبێت ڕامگرتن"*.
لای وتەبێژەكەی یەكێتی ئەوەی كەمێژووی دەستەكەی ئەوانو نەیارەكەیان لەیەكتری جیادەكاتەوە، ئەوەیە كە ئەوان گۆڕەكانیان ئاشكرانو بەرامبەریش گۆڕەكانی نهێنین، بە بێ وەستان لەسەر ئەوەی ئاخۆ جیاوازی چییە لە نێوان دوو گروپ كە یەكیان گۆڕى ئاشكراى هەبێت و ئەوى دى گۆڕى نهێنى؟! كامەیە جیاوازی نێوان ئەوانەی قوربانییەكانیان بە رۆژی ڕوناك لەگۆڕدا بشارنەوەو ئەوانی تریش لە شەوەزەنگی بكوژاندا ونیانكەن؟ كە لە هیچ دیمەنێكیاندا پێشێلكاریو حاڵی قوربانیەكیان لەوی دی باشتر نییە.
ئەوەی كە ئەیخوێنینەوە لە لێدوانەكان، لە دیالۆگێك ناچێت كە لە نێوان دوو گروپی جیاوازى لێكترازاوى هێزێكی دیموكراتو خەباتكار لە پێناو ئازادیو دیموكراسی نەتەوەیەكدایە، بەڵكو كتومت لەنمونەی دیالۆگی نێوان دوو گروپ دەچێت كە لەپێناوی پاوانخوازیدا دەكەونە كێشمەكیشو ئاشكراكردنى عەیبو عارى یەكتر. یان فشار دەخەنە سەر یەك بۆ شاردنەوەی تاوانەكانیان.
فەزایەكمان لەفەرهەنگی ململانێی سیاسیو حزبایەتی پیشان دراوە كە مێژوو تیایدا بریتی یە لە گۆڕە غەریبەكانو قوربانییە ناسراوەكان. وەحشێك لە ناخی شۆرشی كوردایەتی بە داهاتومان ئەناسێنێت كە مێژووی "جیاوازی" لە لەلای بریتی یە لەمێژووی ئاشكرایی یان داپۆشراوی ڕِوداوە شەرمهێنەرەكان.
هەرچەندە نەوشیروان مستەفا ئامادەیی دەربڕی كە گۆڕەكانی قوربانیانی وەحشەكەی ناو شۆرشی كوردایەتی هەڵباتەوەو سێ بەشی یادەوەرییەكانی شەڕی لە سجنی ئەبەدی ڕزگاركرد، جاهەرچۆنێك بێت هەڵسەنگاندنمان بۆ ئاستی حەقیقەت لەو یادەوەریاننەدا بەڵام لەبەر "هەندێ ئیعتبارات" بەشەكانی تری فڕێدایەوە نێو زیندانی مێژوو.
لە 1991وە سیاسەتمەدارانی دەسەڵاتداری كورد پێمان دەڵێن: "نەكەن باسی گۆڕی تاوانكارییە داراییو ئەخلاقیو سیاسیییەكانمان هەڵبدەنەوە، گەر وابكەن لە ناو خۆماندا شەڕ دەكەین، لە شەڕیشدا دەستكەوتەكان لە دەستدەدەین، دوژمنە وەهمیو راستەقینەكانمان بە خۆمان شاد دەكەین."
جا ئەگەر لە 1991وە هەتا ئەمڕۆ بێدەنگیمان دنیای لێكردوین بەشامی شەریف، دەبا ئەخلاقی دیالۆگی سیسیمان هەر بەو ئاستە نزمە بڕوات، گەر تابێت گەندەڵیان زیاد دەكاتو باجی بێدەنگیمان كەڵەكە دەبێت، ئەوا دەبا چیدی ئەم ئەخلاقە لە سیاسەتدا قبوڵنەكەینو هەڕەشەی "گەر بێدەنگ نەبن گرژی زیاتر دەبێتو شەڕدەكەین" چاوبەستمان نەكات.
* دوادیداری نوشیروان مستەفا لە گۆڤاری لڤین









نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە