راگەیەندراوی دەستەى ژنانى چالاکى راپەرین سەبارەت بە کوشتن و خنکاندنى (شەوکەت محمد)
Tuesday, 10/02/2009, 12:00
لە کاتێکدا هەموو لایەکمان کار بۆ هوشیارى کۆمەڵایەتى و بەگژداچونەوەى توندوتیژى بەرامبەر بە ژنان و داکۆکیکردن لە مافەکانیان و پەرەپێدانى گیانى خۆشەویستى و سەروەرى یاسا دەکەین، بەڵام بەداخەوە هێشتاکە شەمشەمەکوێرەکانى تاریکى و عەقلى شەرانگێزى مرۆڤە دڕندە و بێویژدانەکان، کار لەسەر کوشتن و ناشیرین کردنى هەموو بەهاکانى ژیان دەکەن. بۆیە دەپرسین ئەمە چ عەقڵێکە کە هێشتا بیر لە کوشتن و خنکاندن و دڕندەیى بەرامبەر ژنان دەکاتەوە؟ دەبێت چ ویژدانێک لە دەرونى ئەو مرۆڤە دڵرەقانەدا بێت کاتێک دەستیان دەچێتە کوشتنى ژنێکى بێگوناهەوە؟ لەراستیدا ئەمە جگە لە ناشیرین کردنى کۆمەڵگاکەمان و زەق بونەوەى عەقڵى باوکسالاری و دواکەوتوویى و رەوایەتیدان بە کونەپهرستی شتێکى تر نییە، کە بەداخەوە هێشتاکە کەسانێکى دڵرەق و بێویژدان کارى لەسەر دەکەن.
ئەوەتا دوبارە هەواڵى کوشتن و خنکاندنى ژنێکى تر بەناوى (شەوکەت محمد عەزیز)کە رۆژى 7/2/2009 کاتژمێر(3)ى دواى نیوەرۆ لە خوار گوندى سەرسیانەوە له دهڤهری راپهڕین (ڕانیه) تەرمەکەى بە خنکێنراوى لەژیر گڵدا دۆزرایەوە، کە شوێنەوارى لێدانێکی زۆر به جهستهیهوه دیاره، ئهم تاوانه جارێکی تر ههموومانی ڕاچڵهکاند.
(شەوکەت) کە تەمەنى 25 ساڵ خوێندکاری قۆناغی کۆتایی بوو لە پەیمانگاى مامۆستایانى رانیە، لە رێکەوتى 4/2/2009 هەواڵى ونبوونى له مێدیاکان بڵاوکرایەوە، دواى چوار ڕۆژ لە لێکۆڵینەوەو بەدواداچوون توانرا تەرمەکەى لە ژێر گڵدا بە خنکێنراوى بدۆزرێتهوه، کە لایەن مێردەکەیەوە بە ناوى (حەکیم عەبداللە) تەمەنى 26 ساڵە و پیشەى پۆلیسى سەر سنورە کوژراوه که دواى ئازاردانێکی زۆری جهستهیی و بهکارهێنانی بهرد له ئهشکهنجهدانی و پاشان خنکاندن و شاردنهوهی تەرمەکەى لە ژێر گڵدا.
ئەمەش نیشانەى ئەو پەرى دڕندەیى و رەفتارى نامرۆڤانه و دوور لە هەموو بەهایەکى ئەخلاقیی و ناکۆک بە هەموو رێسا و یاسایەکى ژیانە، کە بەداخەوە لە کۆمەڵگاى ئێمەدا بە پاساوى نابەجێ بەرامبەر بە ژنان ئەنجام دەدرێت.
ئێمە لە دەستەى ژنانى چالاکى راپەرین وێڕاى ئیدانە کردنى ئەو کارە نامرۆڤانەیە و ریسواکردنى ئەنجامدەرانى، داوا دەکەین بە زووترین کات لێکۆڵینەوەى زیاتر لە ڕوداوەکە بکرێت و تاوانبارانى بە سزاى توند بگەیەنرێن و ئەنجامى لێکۆڵینەوەو مەلەفى ڕوداوەکە و وێنەى تاوانبارەکە بڵاوبکرێتەوە، لەهەمان کات داوا لە سەرجەم کۆمەڵەو رێکخراوەکانى کۆمەڵگاى مەدەنى بەتایبەتیش رێکخراوەکانى ژنان دەکەین، هەڵمەتى ریسواکردنى سەرجەم ئەو مرۆڤە دڕندانە بگرنهبەر کە کار لەسەر کوشتن و توندوتیژى بەرامبەر بە ژنان دەکەن. پێویستە ئەمانە وێراى سزاى یاسایى لە کۆمەڵیشدا ریسوا و شەرمەزاربکرێن. بە نمونەى کەسانى نەخۆش و دڕندە بهێنرێنەوە. پێویستە کار لەسەر چالاکى و نارەزایى فراوان بکرێت بۆ ئەوەى کوشتن و توندوتیژى بەرامبەر بە ژنان بوەستێنرێت و هەڵمەتى بەگژداچونەوەى فراوانى بۆ بگرێتهبهر.
8/2/2009
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست