بۆ/ پێگەى ئازیزى كوردستانپۆست
Thursday, 10/09/2009, 12:00
ب/ وەڵام
دواى دەستخۆشیلێكردنتان و هیواى سەركەوتنى زیاتر خواستنم بۆ تەواوى ستافى پێگە ئازیزەكەتان لەدەرخستنى ڕوویەكى ڕاستى ڕووداوەكان ... لەخوارەوە وەڵامى خۆم بۆ ئەو نوسراوە دەدەمەوە كە بەناوى ئەندازیارێكەوە لە بەروارى 9/9/2009دا بڵاوكراوەتەوە بەناونیشانى ((بۆ گشت لایەنە پەیوەندیدارەكان و كاربەدەست و وەزارەتەكان و بەڕێوەبەرایەتیەكان تكایە تكایە دزەكانى ناو یەكێتى ئەندازیارانى كوردستان دادگایى بكەن)) و ناوى چەند ئەندازیارێكى هێناوە و لە خاڵى ((3))شدا ناوى بەندە هاتوە كە چەند بوختانێكى بۆ هەڵبەستووین و دەڵێت ((نەوزاد / سەرنوسەرى گۆڤارى ئەندازیارانە و حاجیشە و پێشتریش لە كارگەى گەچى بازیان لەسەر دزى دەركراوە وەك لە ڕۆژنامەكاندا بڵاوكراوەتەوە و فۆرمى ئەندازیارانیش بۆ ڕێكخراوى kcdo بەساختە پڕ دەكاتەوە))..
وەڵامى من, بۆ ئەو ئەندازیارە بەڕێزە ئەگەر بەڕاستى ئەندازیارە ((ژن بێت یان پیاو)), سوپاسى دەكەم بۆ ئەو بوختانانەى كە بۆى هەڵبەستوم و دەڵێم ((بوختان)) چونكە هیچ كام لەو خاڵانە كە ئەو باسى كردون شوكر بۆ خوا لەبەندەدا وجودیان نیە. بەم شێوەیە:-
1. بەڵى لەساڵى 2002 وەوە سەرنوسەرى گۆڤارى ئەندازیارانم كە گۆڤارێكى وەرزانەیە و لەماوەى 7 ساڵدا توانیومە كە 28 ژمارەى لێدەربكەم بەبێ ستافى دەستەى نوسەران و توانیومە تەنها بەماندوبون و تواناى خۆم گۆڤارێكى ئەندازەیى دەربكەم كە ئەو برادەرە ئەندازیارە((ژن یان پیاو)) لەماوەى 7 ساڵدا نەیتوانیوە تەنها یەك بابەتى ئەندازەیى بنێرێت بۆ گۆڤارەكەى خۆى بۆ ئەوەى زیاتر جوانتر و دەوڵەمەندتر و بەپێزترى بكەین و بەهەموانمان بیكەینە دەنگ و ڕەنگێكى جوان و زانستى بۆ سەرجەم ئەندازیاران لە گوڵدانى ڕۆژنامەوانى كوردیدا.
بۆ ئاگادارى هەموان , بەندە نە ئەندامى دەستەى لقى سلێمانى یەكێتى ئەندازیارانم و كاتى خۆى لەساڵى 2001دا و لەیەكەم كۆبونەوەى دەستەكەدا دەستم لەكار كێشاوەتەوە((كە لێرەدا پێم خۆش نیە هۆكارەكانى بنوسم)) ودواى ئەوەى لەهەڵبژاردنێكى ئازاد و لەبەردەم دادوەردا لەساڵى 2001دا بە ئەندامى دەستەى لقى سلێمانى هەڵبژێردرام. هەروەها ئەندامى كۆمیتەى باڵاى یەكێتى ئەندازیارانى كوردستانیش نیم و تەنها ئەندامێكى سادەى لقى سلێمانیم وەك 4000 ئەندازیارى تر. بەڵام لەبەرئەوەى سەروسەكوتم لەگەڵ نوسیندا هەیە ودواى ئەوەى براى بەڕێزم ئەندازیار ((گیب جبار)) لەسەرنوسەرى گۆڤارەكە دەستى كێشایەوە بەندەیان تەكلیف كرد كە كارى سەرنوسەرى گۆڤارەكەیان بۆ ڕابپەڕێنم بەرامبەر یارمەتیەك یان موچەیەكى مانگانەى زۆر كەم بەبەراورد لەگەڵ كارى سەرنوسەریدا ((كە بەڕێزتان دەزانن كارى نوسین و دەركردنى گۆڤارێگ چەندە گران و پڕ كێشە و ماندوبونە)). بەم شێوەیە من هیچ لێپرسراوێتیەكم نیە لە یەكێتى ئەندازیاراندا و هیچ پارەو پولێكیشم لەبەردەستدا نیە جگە لە قەڵەم و كاغەز و ئاگادارى ئیشوكارەكانى ناو یەكێتى ئەندازیارانیش نیم جگە لەكارەكەى خۆم.((وەك ئەو برادەرە ئەندازیارە((پیاو یان ژن)) كە ئەو هەموو زانیاریە ژمێریاریانە دەزانێت كە ((ڕەنگە خۆى لێپرسراوى یەكەم بوبێت یان ئەندامى كۆمیتەى باڵا بێت لە یەكێتى ئەندازیاراندا)) چونكە ئەو زانیاریانە تەنها كەسى یەكەمى دەزگایەك یان لێپرسراوێك دەیزانێت , وەك لەهەندێ بڕگەى نوسینەكەشیدا ئەم گومانەمان دەسەلمێنێت كە ناوبراو خۆى لێپرسراو بوەو لەئاستى لێپرسینەوەدا بوە , بەڵام نازانم بۆ لەسەردەمى كارى خۆیدا لێپرسینەوەى جدى نەكردوە, چونكە هەروا ئیشى كردوە بە دزیەوە و جورئەتى خۆ ئاشكراكردنى نەبوە و تەنها بە بوختان و بۆڵەبۆڵ ئیشى كردوە و حەسودو بەخیلیش بوە بۆ هەموو كەسێك كە توانایەكى زیاترى هەبوبێت لە خۆى.
2. دەڵێت حاجیشە. ڕاست دەكات و دەڵێم پێدەچێت ((ناوبراو زۆر باشم بناسێت بەڵام سەیر لەوەدایە كە تەنها ناوى یەكەمى بردوم كە خۆى باش دەزانێت كە بەنەوزادى موهەندیس ناسراوم وخاوەن سەدان بابەتى زانستى و ڕەخنەیى و سیاسى و ئیداریم لە ڕۆژنامە و گۆڤارو سایتەكاندا و چەندین بابەتیشم ناردوە بۆ كوردستان پۆستى ئازیزیش و بەڕێزەوە بۆیان بڵاوكردومەتەوە و زۆر باشتریش دەزانێت كە خاوەن قەڵەم و ڕاى خۆمم و هیچ ترس و باكێكیشم نیە لەدەركردن یان نانبڕین كە ئێستا باوە لە كوردستاندا و باشتریش دەزانێت كە باجى ئەو نوسین و بوێریەى خۆمم داوە و تائێستاش هەر بەچاوى نەیار سەیر دەكرێم)). پێم وایە سیفەتى حاجیبونیش لە مرۆڤدا سیفەتێكى خراپ نیە و پەیوەندى تایبەتى هەیە بە بۆچون و كەسایەتى خۆمەوە نەك ئیشوكارى ڕۆژانەوەم وەك ناوبراو بەتانەوە ناوى بردوە. هەر ئەو سیفەتەشم واى لێكردوم كە لەزۆر كارى نەشیاو ودزێو خۆم بپارێزم وەك بوختان هەڵبەستن و درۆكردن و دزى كردن و تۆمەتدروستكردن بۆ برادەران و ئازیزان و هاوڕێكانم.لێرەدا كەمێك وەكو حاجى قسەى لەگەڵ دەكەم و دەڵێم لە قورئاندا هاتوە كە ئەگەر یەكێك غەیبەتى كەسێكى تر بكات((غەیبەت بریتیە لەوەى كەسێك باسى كەسێكى تر بكات كە سیفەتێكى تیادا بێت لەناو خەڵكیدا لەكاتێكدا خوا شاردبێتیەوە)) ئەوا وەكو ئەوە وایە كە گۆشتى براكەى بخوات بە مردوویى ((ولا یغتب بعچكم بعچا ایحب احدكم ان یاكل لحم اخیه میتا فكرهتموه)). یان لە جێگەیەكى تردا دەفەرموێت كە ((ایاكم والغیبە فان الغیبە اشد من الزنا))واتە غەیبەتكردن لە زیناكردن خراپترە((بۆ ژن و بۆ پیاو)) .بەڵام بوختان ((بریتیە لەوەى كە كەسێك باسى كەسێكى تر دەكات و ئەو سیفەتەى تیادا نەبێت)) ئەمە گوناهێكى زۆر گەورەترە لە غەیبەت ((فقد احتمل بهتانا واپما مبینا)).جا برادەرى ئازیز كامیانت پێخۆشە تەحەمولى سزاكەت بكە لەم دنیاش و لەو دنیاش.كە تەنها ڕووڕەشی و سووك بونت بۆ دەمێنێتەوە لەناو هاوڕێكانتا.
3. دەڵێت ناوبراو لەسەر دزى دەركراوە لەكارگەى گەچى بازیان . لەمەشیاندا ئەندازیارى بەڕێز سەرچیغچوە , چونكە بەندە لەسەر دزیكردنى ژمێریارى كارگەكە سزاى ((ئینزار)) دراوم و بە هەڵەش لابرام لە بەڕێوەبەرى كارگەكە لەبەروارى 28/9/2008دا((كە هاوپێچە)). چونكە لەئەنجامى لێكۆڵینەوەى لیژنەى سەرۆكایەتى ئەنجومەنى وەزیراندا بەندەبە((كەمتەرخەم)) ناوبراوم و هەربۆیەش سزاى ((ئینزار)) دراوم كە لەژیانى وەزیفى فەرمانبەرێكى خاوەن 18 ساڵ خزمەتدا كارێكى ئاساییە و لەوانەشە ئەندازیارى ئازیزیش ((ژن یان پیاو))چەندین سزاى ئیدارى وادرابێت.بەڵام ژمێریارى كارگەكە بە تۆمەتى ((ئیختیلاس و تەزویر)) دراوەتە دادگا. هەر لەبەر ئەوەى بەندە لەو مەسەلەیەدا بێبەرى دەرچووم بەفەرمانى وەزارى ژمارە 389 لە 5/2/2009دا((كە هاوپێچە)) و دواى 4 مانگ و 7 ڕۆژ كرامەوە بە(( بەڕێوەبەرى كارگەى مەڕمەڕى ماوەت)) و تا ئێستاش بەردەوامم. كە ئەمە گەورەترین بەڵگەیە لە بێ بەرى بونم و پاكێتیم لەو كێشەیەدا كە تەنها سوپاسى خواى گەورە دەكەم كە بەرائەتى منى دەرخست و بەندەش چومەتە بەر دەمى دادگا و سكاڵام تۆمار كردوە لەسەر ژمێریارى كارگەكە لەسەر مافى خۆم كە تەزویرى ئیمزاى منى كردوە. و لەخۆم و لەكارەكانیشم نەترساوم و لە ئێستاشدا پاڵێوراوم بۆ پۆستى بەڕێوەبەرى گشتیش.بۆیە ئەو ئەندازیارە بەڕێزە بوختانكەرەش بێ ئاگا دەرچوەو بەهەردوو دەست و قاچیشیەوە كەوتۆتە ناو هەڵە و بوختانێكى گەورەوە. كە هەقە داواى لێبوردنمان لێبكات چونكە ((الاعتراف بالخگو فچیلە)).
4. باسى پڕكردنەوەى فۆرمى ئەندازیارانى كردوە كە بە ساختە من پڕمكردبێتەوە بۆ ڕێكخراوى kcdo . بەندە بە فەرمانێكى كارێگێڕى ((ژمارە 150 لە 15/3/2009دا)) وەك ئەندامێكى لیژنەیەكى 5 كەسى ئەو كارەمان پێسپێردراوە وەك كارێكى تایبەتى بۆ نوسینگەى ئەندازیارى((سەركۆ)) نەك وەك كارى یەكێتى ئەندازیاران و هیچ پەیوەندیەكى بە حساباتى ئەندازیارانەوە نەبوە . بەندە بە تەنها چ مەجبورم كارى ساختە پڕكردنەوە بكەم كە كارەكە لە بنچینەدا كارى نوسینگەیەك بێت و دوور و نزیك پەیوەندى بەمنەوە نەبێت و بە لیژنەیەكى 5 كەسیش بێت بۆ ئەندزایاران كە هەموو زانیارى كەسێتى بون كەمن هیچ ئەندازیارێك ناناسم بەو هەموو زانیاریانەوە.بەڵگەش بۆ ڕاستى قسەكانم دەبوایە زانیارى لەسەر 6000 ئەندازیار كۆبكرێتەوە بەڵام دواى 4 مانگ ئینجا توانیمان تەنها زانیارى دەربارەى 1793 ئەندازیار بگەیەنینەوە ڕێكخراوەكە . خۆ ئەگەر ساختەكاریمان بكردایە دەبوایە 6000 فۆڕممان پڕبكردایەتەوە. كارى لیژنەكەش سەرۆك و 4 ئەندامى هەبوە و دەكرێت سەرۆكى لیژنەكە زیاتر ڕوونكردنەوە بدات نەك بەندە كە ئەندامێكى سادە بووم.ئەو ئەندازیارە بوختانكەرەش ((ژن یان پیاو بێت)) ناعەدالەتى كردوە تەنانەت لە بوختانەكەشیدا چونكە خێرە تەنها قاچى من و ئەندامێكى ترى لیژنەكەى گرتوە و سەرۆك و 2 ئەندامەكەى ترى لێ بێبەش كردوە . كە ئاشكراشە سەرۆكى هەموو لیژنەیەك بەرپرسیارى یەكەمە لە ئیشوكارى لیژنەكەى نەك ئەندامێك. ئەگەر مەبەستیشى بڕى پاداشتەكەیە كەوەرم گرتوە لەو لیژنەیەدا ئامادەم كەم بێت یان زۆر بیدەمە ئەو ئەندازیارە بوختانكەرە و ئاشكرایە شینەكەى بۆ حسین نیە و بۆ هەریسەكەیە.
بەم شێوەیە ئەو ئەندازیارە بەڕێزە بوختانى گەورە و شاخدارى بۆ ئەم هاوكارەى خۆى هەڵبەستوەو لەبەرامبەریشدا بەندە بە زمانى شیرین و بەڕێزەوە وەڵامى دەدەمەوە و دەمێكیشە پێشینانمان گوتویانە((ئەوەى پەرێزى پاكە لە موحاسەبە بێ باكە))و بەندە ئامادەم هەر گەندەڵیەك و كەموكوڕیەك لە ئیشوكارى گۆڤارەكەدا هەیە كە من بەرپەرسم لەو كارە ئەوا ئامادەم بۆ لێكۆلینەوە و لێپرسینەوە و هەركەسێكیش لەكار و كردەوەى خۆى بەرپرسیارە.نەك كەسان و ڕێكخراوێكى گەورە.
جائەگەر ئەو برادەرە ئازیزە مەبەستى ڕاستەقینەى نەهێشتنى گەندەڵى و كاراتركردنى یەكێتى ئەندازیارانە بابێتە پێشەوە و یەكەم كەسم كە پشتیوانى و هاوكارى بكەم بۆ ئەوەى یەكێتى ئەندازیاران ببێتە ڕێكخراوى هەموو ئەندازیاران بەبێ جیاوازى و لەخزمەتى ئامانجە پیشەیى و ڕێكخراوەییەكانیاندا بێت.و لەم دووكەرتى و دوو لەتبونیەى ڕزگارى بكەین.
لەكۆتاییدا دەڵێم بوختان هەڵبەستن كارێكى ئاسانە بەڵام ڕاستى گوتن و ڕاستى دەرخستن و سەلماندنى ڕاستى كارێكى ئێجگار گرانە و جورئەت و ئازایەتى و نەترسانى گەرەكە. بەوهیوایەى ئەو ئەندازیارە بەڕێزە زیاتر جورئەت بكات و بێتە پێشەوە و هەموو بوختانەكانى بەبەڵگەوە بسەلمێنێت , ئەوساش ئێمەش ئامادەین بۆ لێپرسینەوە و سزادانمان و ملیشمان لە موو باریكترە لەبەردەم ڕاستى و بەڵگەكاندا. بەڵام ئەگەر نەشیتوانى بوختانەكانى بسەلمێنێت ئەو كات ئێمەش قسە و هەڵوێستى ترمان دەبێت لە چوارچێوەى یاسادا.
دووبارە سوپاسمان قبوڵ بفەرموون..
حاجى نەوزادى موهەندیس سەرنوسەرى گۆڤارى ئەندازیاران 9/9/2009
سلێمانى
وێنە بۆ :-
=====
كۆمیتەى باڵاى یەكێتى ئەندازیارانى كوردستان / بۆ ئاگاداریتان و داواكارم كە لیژنەیەكى لێكۆڵینەوە پێك بهێنن بۆ وەڵامدانەوە و بەدواداچوونى ئەو بوختان و بابەتانەى تر كە لەو بابەتەدا هاتوە لەسەر یەكێتیەكەمان و هاوكارانى تریشم بۆ ئەوەى ڕاستیەكان بۆ هەموو لایەك ڕوون ببێتەوە و لەسەر زمانى كەسێكى نادیار و ترسنۆك ناوى یەكێتیەكەمان و ئەندازیارانیش پیس نەبێت/ لەگەڵ ڕێزدا
http://kurdistanpost.info/pdf_filer/nawzadimuhandes.pdf
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست