کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


تاوانێک‌ ده‌رهه‌ق هه‌موو ئازادیخوازان و هه‌قخوازانی ئه‌م ولاته‌

Tuesday, 28/06/2011, 12:00


. ئه‌و تاوانه‌ی که‌ ده‌رهه‌ق گیانی پارێزه‌ری خۆبه‌خش کاک کاروان که‌مال کرا تاوانێکه‌ ده‌رهه‌ق  هه‌موو ئازادیخوازان و هه‌قخوازانی ئه‌م ولاته‌.
کاک کاروان مرۆڤێکی تێکۆشه‌رو مرۆڤپه‌روه‌رو رێبه‌ری نموونه‌یی ئه‌م ولاته‌یه‌ جێگه‌ی شانازی هه‌ر که‌سێکه‌ نرخی ژیان و که‌رامه‌تی مرۆڤ و به‌ها به‌رزه‌کان بزانێ. هه‌لبژاردنی ئه‌و بۆ تاوانی تێرۆرکردن له‌م کاته‌دا مانایه‌کی ئاشکرای هه‌یه‌: ده‌سه‌لاتێک که‌ له‌ جیاتی پاراستنی ژیان و ئازادی هاولاتییان بۆخۆی ببێته‌ ده‌سه‌لاێکی تێرۆریستی تاوانکار، هیچ شه‌رعییه‌تێکی ئه‌خلاقی و یاسایی و ئینسانی نامێنێ. ولاتێک که‌ تاوان تێیدا بێ سزا بروا، هه‌ر له‌ تاوانه‌کانی کوشتنی سۆران و سه‌رده‌شت و سه‌تاره‌وه‌، تا تاوانی به‌رده‌وامی هێرشکردنه‌ سه‌ر به‌شدارانی خۆپیشاندانه‌کان، جه‌نگه‌ڵیکی سیاسییه‌ نه‌ک کۆمه‌لگایه‌کی مه‌ده‌نی. وه‌ک لێپرسراوی یاسایی یه‌که‌می ده‌سه‌لات له‌م ولاته‌دا پێویسته‌ سه‌رۆکی هه‌رێم و سه‌رۆکی حکومه‌ت به‌ زووترین کات هه‌لوێستی خۆیان له‌م تاوانه‌ بۆ په‌رله‌مان و رای گشتی روون بکه‌نه‌وه‌و هه‌موو هه‌نگاویکی پێویست بۆ دۆزینه‌وه‌ و دادگایی و سزادانی تاوانکاران هه‌لبگرن ئه‌گینا ئه‌وان وه‌ک تاوانکاری سه‌ره‌کی ده‌ژمێردرێن. ئه‌م ده‌ستدرێژییه‌ تاوانکارییه‌ دژی پارێزه‌ری خۆبه‌خش و هه‌قخواز کاک کاروان دوای هیرشی درندانه‌و نامه‌ردانه‌ بۆ سه‌ر رۆڵه‌ی تێکۆشه‌ری سلێمانی کاک ئیسماعیل ی بێژه‌ری خۆپیشاندانه‌کانی به‌رده‌رکی سه‌را دێ و مه‌به‌ست تێرۆرو ترساندن و تۆله‌سه‌ندنه‌وه‌یه‌کی به‌ربه‌رییانه‌یه‌ له‌ ره‌مزه‌ دیاره‌کانی ئه‌نجومه‌نی کاتی و خۆپیشاندانه‌ جه‌ماوه‌رییه‌کان. به‌رده‌وامی ئاشتیخوازانه‌ی خۆپیشاندانه‌کان بۆ ماوه‌ی دوو مانگ له‌ سڵێمانیدا ده‌کرا وه‌ک شانازییه‌ک بۆ یه‌کێتی و بۆ که‌لتووری ئازادیخوازیی و هه‌لمه‌ت و قوربانی ئه‌م شاره‌ تۆمار بکرێ به‌لام به‌ داخه‌وه‌هه‌لمه‌تی گرتن و داپه‌لۆسین به‌رامبه‌ر خۆپیشانده‌ران و جۆری ئه‌و تاوانانه‌ی به‌رامبه‌ر کاک کاروان و کاک ئیسماعیل کران و نه‌بوونی لێپرسینه‌وه‌ به‌رامبه‌ریان به‌راستی نیشانی ده‌دا که‌ ئه‌م شاره‌ له‌ لایه‌ن مافیاو چه‌ته‌و چه‌قۆکێشانه‌وه‌ به‌رێوه‌ده‌چێ. به‌ر له‌ ده‌ستپێکردنی دانیشتنی ئۆپۆزیسیۆن به‌ ماوه‌یه‌کی زۆر جه‌ختم له‌ سه‌ر ئه‌وه‌ کرد که‌ دایه‌لۆگ و دانیشن له‌ هه‌لومه‌رجی هێزوهه‌ره‌شه‌و ژێرپیدانی پرینسیپه‌کان ناکرێ به‌ تایبه‌تی پرینسیپی ئازادیی خۆپیشاندان و پاراستنی مافی ژیان و ئازادیی هاولاتییان. جێگه‌ی داخه‌ که‌ سه‌رۆکه‌کانی پارته‌کانی ئۆپۆزیسیۆن خۆیان به‌ ئاشکراو ده‌نگی به‌رز ئیدانه‌ی ئه‌م تاوانانه‌ ناکه‌ن و پاراستنی ماف و ئازادییه‌کانی هاولاتییان به‌ کرده‌وه‌ ناکه‌نه‌ مه‌رجی سه‌ره‌کی هه‌ر دانیشتن و رێکه‌وتنێک.

من به‌ توندی ئیدانه‌ی ئه‌م تاوانه‌ پێشێلکارییه‌ی یاساو ئه‌خلاق و ماف و ئازادی هاولاتییانی شاره‌که‌م ده‌که‌م. وه‌ک هاولاتییه‌ک و به‌شدارێکی خۆپیشاندانه‌کان و ئه‌نجومه‌نی کاتی به‌رده‌رکی سه‌رای ئازادی به‌ ده‌ستدرێژییه‌کی راسته‌وخۆی بۆ سه‌ر خۆشم ده‌زانم هه‌روه‌ک ئه‌مه‌ ده‌ستدرێژییه‌ بۆ سه‌ر هه‌موو مێژوو-و که‌لتووریی شانازیی ئه‌م شاره‌و به‌ها جوانه‌کانی و شه‌هیدو رێبه‌ره‌ سه‌ربه‌رزه‌کانی. گه‌ل، مێژوو، یاساو دادو هه‌ق ئه‌م تاوانانه‌ فرامۆش ناکه‌ن و ئه‌م کاره‌ لای دنیا نیشانه‌ی لاوازیی و ترسنۆکی و ساخته‌چێتی و مایه‌ی ریسوایی یه‌ بۆ ده‌سه‌لاتدارانی هه‌رێم.

که‌مال میراوده‌لی 27/6/2011

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە