کاتێک نەفامێک قەڵەم، جەلادێک چەک و خائینێکیش دەستەڵات دەگرنە دەست، نیشتیمان دەبێتە جەنگەڵستانێک بۆ ژیان دەست نادات..(دکتۆرمستەفا السباعی).


بۆ دەهۆڵژەنەكانی حزب، تكایە كەركوكیش ئەتك مەكەن!!

Thursday, 05/12/2013, 12:00




دەسپێك:
 رێزم بۆ ئەو بەڕێزانەی كاتی خۆیو رەنگە ئێستاش بە پیشەی (دەهۆڵژەن)ین بژێوی خۆیانو خانەوادەكانیان دابین دەكردو ئێستاش دابینی بكەنو لەگەڵ خۆژیاندنەكەیاندا خۆشیو خەندەیەكیشیان دەخستە سەرلێو و ناخی خەڵكانیتر، بەڵام مەبەست لەم (دەهۆڵژەن)یەی كە لێرەدا دەمەوێت باسی بكەم، (دەهۆڵژەن)ـەكانی حزبن كە جارێكیتر دەیانەوێت تابلۆ ژەنگنو خوێناوییەكانی سەردەمی شەڕی ناوخۆی ساڵی 1994 بەدواوەی سێ پارێزگاكەی هەرێمی كوردستان بگوازنەوە بۆ كەركوك، ئەو دەهۆڵژەنانەی حزب كە چۆن بە نووسینو وتارەكانیان ئاگری شەڕی ناوخۆیان گەرم و گەرمتر دەكرد، ئێستاش مەبەستیانە بۆ گەرمكردنی بازاڕی خۆیان و (بارك الله)یەكی بەرپرسە بەرژەوەندخوازەكانیان كەركوك بە هەمان دەردی ئەو سەردەمە ببەنەوە، دڵنیام ئەوانە لە بێئاگاییەوە دەستیان نەداوەتە ئەمكارەو بەشێوەیەكی هەڕەمەكیش لەسەری بەردەوام نین، بەڵكو بۆ وەشاندنی هەر دارێكی دەهۆڵەكەیان، چەندین بەڵگەی سەیروسەمەرە دەخەنەڕوو، تاكو هەرچی زیاترو زووترە دەنگی دەهۆڵەكەیان خەڵكە (عەوام)ـەكەی كەركوك بخەنە جووڵە.
ئەوەی زۆر مایەی شەرمەزارییە، هەندێك لەوانە بە شانازی و خۆبادانەوە باس لە باڵادەستی حزبەكەیان لەم فەرمانگەو سەركەوتنیان لەو پرۆژەو شكستخواردنی بەرامبەرەكەیان لەویتر دەكەن!!. ئەم گەمە قێزەونە نزیكەی (50) ساڵە لە باشووری كوردستاندا درێژەی هەیەو بەهۆی بەرژەوەندخوازی و پاشكۆیەتی ژمارەیەكی زۆر لە نووسەران و رۆژنامەنووسان و لەدەستدانی ئاكاری كاری راگەیاندنكاری و پیرۆزیی پیشەیی لای هەندێك لەوانە، وای لە دۆزەكە كردووە كە تادێت زیاتر رۆڵی "ئاگری بن كا" یاری بكەن و زۆرێك لەوانەش بە ئاشكرا ببنە دەهۆڵژەنێكی كارامەی ئەو بوارەو لە جیاتی ئەوەی پیشەكەیان بۆ یەكخستنی نێوماڵی كەركوكییەكان و یەكوتاری كوردی لە كەركوكدا بخەنەكار، دێن دەبنە دەسكەلای حزب و بە ئاشكرا هەوڵی هەڵگیرساندنی شەڕێكی كورد بە كورد لە كەركوكدا دەدەن، ئەمجۆرە نووسەرو رۆژنامەنووس و راگەیاندنكارانە، هاوشێوەی هاوپیشەكانیان لە بەشی دووەمی ناوەڕاستی نەوەدەكانی سەدەی رابردوو و ئەوانەی پێشووتریش بوونەتە هۆكارێك بۆ گەرمكردنی شەڕی راگەیاندن لە چوارچێوەی بانگەشەی هەڵبژاردن كە هەر لە ئێستاوە مەترسییەكەی وا خەریكە دەردەچێت و هەر حزب و هێزە دەیەوێ لە كەركوك تۆڵەی شوێنەكانی دیكە لەیەكتری بكەنەوە، كە بە دڵنیاییشەوە زیانلێكەوتووی یەكەمیش تەنها تەنها هەر كورد دەبێت. بۆیە با ئەوانەی خزاونەتە نێو ئەو زەلكاوەوە، هەرچی زووە پاشەكشە بكەن و لەجیاتی دژایەتیكردنی یەكتری، هەوڵی یەكخستنی نێوماڵی كوردو یەكوتاری كوردی لە كەركوك بدەن، بۆئەوەی شەرمەزاری مێژووی نەوەكانی ئایندە نەبن.


نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە