بۆ 16ى3 لەگەڵ فرۆكەوانەكە وەرن بۆ هەڵەبجە
Friday, 13/03/2009, 12:00
سەرۆكەكان و بەرپرسەكان
بازرگانەكانى خوێن
وەرن ئادەى وەرن بۆ هەڵەبجە
ئەمجارەیان ڕێگەتان لێناگرین
ئەمجارەیان بەرد بارنتان ناكەین
ئەمجارەیان تف بارانتان ناكەین
ئەمجارەیان جنێوتان پێنادەین
ئەمجارەیان لەسەر ئاستى جیهان
ئابڕوتان نابەین
نا مەترسن
سوێنتان بۆ دەخۆم
سوێند بە شەقامەكانى هەڵەبجە
مەگەر هەر لە سەرى ڕەش و قەلاچۆلان
شەقامى لەو جۆرە بەدى بكرێ
سوێند بەو هەزاران كەلاوەیە
كە مەگەر هەر بازاڕى نیشتمانى نێچیرو
بازاڕى ئەسحابەسبى هێرۆخان
لەو جۆرە كەلاوانەیان بچێت؟
نا مەترسن سوێنتان بۆ دەخۆم
سوێند بەو هەموو ئیمزا پوچانەتان
سوێند بەو هەموو بەڵێنە سەرابیانەتان
ئەمجارەیان
هیچ گەنجێك ...هیچ منداڵێك
لەتاو قوڕاوى هەڵەبجە
ناتوان وەك بەهارى ئەو ساڵ ڕاوتان بنێن
لەتاو سڕبوونى دەستەكانیان لەسەرماندا
ناتوانن بەبەرد جامى ڕەشى سەیارەكانتان بشكێنن
نامەترسن وەرنە هەڵەبجە
چیتر ئێمەى زیندوان بێدەنگ دەبین
چیتر ئێمەى گەنجان هاوار ناكەین
وەرن بەڵام ئاگاداربن ...
نەكەن نزیكى كەلاوەكان ببنەوە
چونكە كەلاوەكانى هەڵەبجە لێتان توڕەن
گەر بزانن دێنە شارەوە
لە توڕەیدا داروو پەردویان بەیەكدا دەدەن
گەر كەلاوەیەك خۆى داڕوخاند بەسەرتاندا و
خۆى كردە گۆڕتان......
لەو دەمەدا ئێمە بەرپرس نین
لە داڕووخانى كەلاوەكان
وەرن بەڵام ئاگاداربن ...
شەقامەكان لەتاو بێزاریان
خۆیان لوول نەكەن
خۆتان و هەرچى لەگەڵتاندایە
سەرو بنتان كەن
لەو دەمەدا ئێمە بەرامبەر شەقامەكان
هیچمان پێناكرێت
وەرن بەڵام ئاگاداربن ...
ئەگەر ڕێتان كەوتە قوتابخانەیەكى سەرەتایى
بۆ بینینى وێنە هەڵواسراوەكانتان
ئەگەر قوتابیەك
بەرلەوەى لەسەر تەختەى ڕەشى پۆلەكەى بنوسێ
هەڵەبجە ....لەو كاتەدا
لەسەر ڕوخسارى ڕەشتان نووسى خیانەت
لێمان زوویر نەبن
منداڵەو منداڵیش هەستى پاكە
كوردیش دەڵێ
قسە یان لە شێت یان لە منداڵە
وەرن بەڵام ئاگاداربن.....
سەرۆكەكانى ووڵات ئەمجارەیان
بروسك ئاسا بەهەڵەبجەدا تێمەپەڕن
چیتر مەترسن لە گەنجانى هەڵەبجە
بەهەڕەشەى لە سێدارەدان ترساوین
چونكێ دەتانناسین ئێوە كوڕى
چ كولتورێك و
هیتلەرێكى و سەدامییەكى كوردن؟
وەرن چیتر ئێمە زیندوو بێدەنگ دەبین
بەڵام 5 هەزار شەهید لێَتان هاتنە دەنگ
لەسەر ئازادكردنى بكوژەكانیان
ئێوەیان بە نەفرەت كرد
دەستەڵات نیییە
چونكە خیانەتى ئێوە
هێندە قێزەونە
نەك زیندوو
بەڵكو شەهیدەكانیشمان
لەسەرى بەدەنگ هاتن
هەرخۆتان بەخۆتان بن
بەچ ڕوویەكەوە دەڕۆنە سەر گۆڕى شەهیدان
كاتێك خیانەت دەكەن لێیان
كاتێك بكوژەكانیان ئازاد دەكەن و
لە شازدەى سێدا تەقە دەكەن لە ڕۆڵەكانیان
_هەڵەبجەى شەهید
10_3_2009
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست