کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


تەنزى سیاسى .. مەخلوقاتى ئەمڕۆ

Sunday, 24/05/2009, 12:00


گەر مێژووى گەڕان بە دواى كشتوكاڵدا دیارترین و دێرینترین نموونەى ماخۆلیاى مەخلوقاتى ئەمڕۆى سەر زەوى بێت، ئەوا دەبێت بە ناچارى لەبەر ووشكە ساڵى و كەمى خزمەتگوزارى ئەمڕۆ، لە حەوزە بێ ئاوەكەى مزگەوتى (حاجى حان) دوو ركات نوێژى سوننەت و چوار ركاتى قەرزیش بە (قەڵڵا) بگێڕینەوە و وەك ئافرەتى سك پڕیش بێ چوونە لاى دكتۆر دەستە و نزا راوەستین و بڵێین: خوایا بەسە لەم ئاستا رایگرە و هیچیكەمان ناوێ! ئێ بۆ.. بۆ، لەبەرچى دیسانەوە شێت بوویت؟! كورە بابە ناهەقم نییە، تۆ بزانە لەوەتەى خوا رۆژەكاتەوە ئەم مەخلوقاتە دواى بە كارهێنانى تەنەكەیەك ئاو بۆ دەركردنى وسڵ لە خۆیان، چۆن دەكەونە ئەم بازاڕە و تا ئێوارە بە دواى پێداویستیەكانیاندا دەگەڕێن! شەویش لە تاو ئازارى قاچەكانیان بە چەشنى حەس حەسەكانى ساڵانى حەفتاى مەخفەرەكان لوولەى (ماهێڕ)ەكانیان لە ناو گەڵدایە و بە دەم وەنەوزى خەوەوە چۆن فیكە بۆ وەزعى ئەو سەردەمەى (حوكمى زاتى)یان لێ دەدا، ئەمڕۆش هەر بەو چەشنە فیكە بۆ ژمارەى (ماددە)كان لێ دەدەن، خۆ ئەگەر هاوسەرەكانیشیان بۆ گەمە و دەسبازى بیانەوێ لە خەویان هەڵسێنن، كە هەقى شەرعى خۆیانە كەچى یەكسەر وەك چواردەى تەمووز رادەپەڕن و بۆ داپۆشینى عەیبى خەو لێكەوتوویان یەكسەر دەڵێن: ئۆف.. ئۆف، خوا بە خێرى بگێڕێ، بە حیسابى ئەم خەوە بێت وەزعى ئایندەى ئەم میللەتە باش نابێت، تۆ بزانە شەش ساڵ سیاسەتمەدارانى ئێمە (ماددە) ستراتیژیەكانى ئەم گەلەیان بۆ جێ بەجێ نەكراوە و هەمووى وەك گۆشتى قەنارە لە دەستوورى عێراقیدا بە هەڵواسراوى ماوەتەوە، كەچى كاكم لە پێناو داپۆشینى عەیبى خەولێكەوتووى، بە گێڕانەوەى خەوى درۆ دەیەوێت لە كونفەیەكوونێكدا بمانكاتە ئەو قومارچیانەى ژوورى پۆكەرى نادیەكان و بمانهێنێتە سەر ساجى عەلى و، كڵاشەكانمان بكەین بەسەر پێوە و بە دۆڕاوى بەرەو ماڵ بچینەوە، زیاتر نەچیتە ناو قووڵایى باسكردنەوە، بۆ؟! وەڵاهى من بزانم هاوپەیمانەكانى ئەهلى عەجەم و ئەهلى عوسمان رێككەوتوون هەركەسێك راستیەكان بڵێت، لێى دەچنە كەمینەوە، یا بە گرتن، یا بە سزا خوا پێم نەگرێ شتێكى تریشیان وت، جا با تۆ تووشى ئەو سێ فەقەرەیە نەبیت، جا خۆ من چیم وتووە بەڵكو باسى گەڕان دەكەم! ئاخر گەڕان وەكو چى؟! گەڕان.. گەڕان..، ئا گەڕان وەك: قەساب بە دواى گوێرەكەى قەڵەوا! كەبابچى بە دواى خەڵوزا! مەتعەمچى بە دواى فاسۆلیاى نەكوڵەكا! فەرمانبەر بە دواى عەلاوە و تەرفیعا! كوڕانى هەرزەكار بە دواى وێنەى نەجوا كەرەم و سەلما حایكا و كلیك كردن لەسەر شتى قۆڕا! كچانى هەرزەكاریش بە دواى وێنەى موهەننەد و بەدى پرتەقاڵى و مۆرا! كەڵەشێریش بە دواى مریشكى بن دیوارى مزگەوتا! كرێچیش بە دواى شوققەى حوكمەتا! حیزبى بچوكیش بە دواى تەحالوفاتا! لیستى حدباش بە دواى رەفیق حیزبى كۆندا! حوكمەتى هەرێم بە دواى نەوت وكۆمپانیاى ئەمریكیدا! پەرلەمانیش بە دواى خەتەنە كردنى كچاندا! رۆژنامە و گۆڤار و میدیاى ئەهلیش بە دواى سەرچاوەى راست و شەفافى هەواڵدا! میللەتیش لە پێناو دیموكراسى بە دواى لیستى جیاواز و گۆڕاندا!
[email protected]

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە