شێرکۆ، شاعیری دەسەڵات و داگیرکەری پارکی ئازادیی
Thursday, 15/08/2013, 12:00
2278 بینراوە
ئەوەی خەڵکی سلێمانی بێ گەلێک باش ئەزانێ، کە گۆڕستانی گردی جۆگە یەکێک بوو لە هەرە کۆنترین گۆڕستانەکانی ئەو شارە، مێژووەکەی دەگەڕایەوە بۆ پێش سەرەتاکانی دروست کردنی سلێمانی لەلایەن بابانەکانەوە، واتە لە سەرو ٢٠٠ ساڵێکەوە. گۆڕستانی گردی جۆگە ئەم مێژووە دوور و درێژەی لە خۆی گرتبوو، گۆڕستانی گردی جۆگە ئەکەوتە نزێك جادەی قەنات و بەرانبەر خەستەخانەی جامعە، زۆرترین کەسایەتی ناسراوی شاری سلێمانی لە خۆ گرتبوو. گۆڕینی دیموگرافیای ئەم گۆڕستانە بۆ مەبەستی دروستکردنی پارکی ئۆتۆمۆبیل و چارەسەرکردنی کەم کردنەوەی قەرەباڵغی لە نێو جەرگەی شاردا لەلایەن دەستڕۆیشتوانی نێو کۆمپانیاکانی جەلال و بنەماڵەکەی بەئەنجام گەینرا، یەکێتی و مافیاکانی هاتن، لە ساڵی ٢٠٠٧ دا تێك و پێکیان داو بەشیك لە مێژووی شاری سلێمانیان سڕییەوە.
لە ڕاستیدا مەبەستی یەکێتی و گروپە مافیاکانی لەتێکدانی ئەو گۆڕستانە بۆ ئەو مەبەستە نەبوو کەوا ڕیکلام و بانگەشەیان بۆ کرد، لێ مەبەستی شارەوەی ئەو کارە بریتی بوو لەتێکدان و سڕینەوەی مێژووی سلێمانی، لەمێژە ئەم گروپە مافیاییە کاریان سڕینەوەی مێژوو و گۆڕینی ڕووە ڕاستەقینەکەی ئەم شارەیە. ئەوان بەشێك لەو سیاسەتەی پەیڕەوەی ئەکەن دەرهەق بە سلێمانی و خەڵکەکەی، بریتیە لە ئیهانەکردن، سووکایەتی پێکردن، دەستەمۆکردن و دواجار ئەتك کردنیان. ئەمە ئەو کارە چەپەڵ و پۆخڵەواتەیە کەوا ڕۆژ دوای ڕۆژ و بەبەرنامە یەکێتی لە سلێمانی پیادەی ئەکەن و ڕوخسارو سیمای شارەکە ئەگۆڕن و خەڵکەکەشی لەو سروشتە یاخی و شۆڕشگێڕییەوە ئەگۆڕن بۆ کەسێکی تر کە لەهی سلێمانی نەچێ و نامۆبێ بەو شارە. بێ شك، شاری سلێمانی شاری شۆڕش و داهێنان، لەژێر سایەی یەکێتی گۆڕدارا بە گوندێکی گەورەو خامۆش و ماڵوێران.
تێکدانی ئەو گۆڕستانە ئەو ترسەی خستە دڵی شێرکۆکان کەوا گەر بێتو ئەمانیش لە شوێنکی وادا بەخاك بسپێردرێن لەکاتی کۆچی دواییاندا، ئەوا بێ شك ڕۆژێك دێت گۆڕستانی ئەمانیش بەشێوەی گۆڕستانی جۆگەی لێبکرێ و کەس نەزانێ کێ لەوێ نێژاوە. لەبەر پێش چاوی شێرکۆی شاعیر، ئەو هەموو ئیسك و پروسکە بەدەم شۆفڵ و حەفارەکانی بنەماڵەی جەلالەوە هاتنە دەرێ و کەسێ نەبوو بڵێ، ئاخر ئەمانە خەڵکی شارەکە و خەڵکە ڕەسەنەکەیەتی! کێ هەیە دوای ئەوەی کە گۆڕستانی جۆگەیان تێك دا بزانێ کەوا کەس و خۆشەویستی ئەو بۆ لەوێ بەمردوویی ئەنفالکران.
شێرکۆ لەو کاتەوە مۆتەکەی ئەوە سوار شانی بوو کەوا ئەبێ لەڕێگەی وەسێتنامەیەکەوە شوێنێک بدۆزێتەوە کەوا ئەگەری تێکدانی نەبێ، هەر بۆیە ، پارکی ئازادی هەڵبژارد لەترسی ئەوەی ئەویش وەك مردوانی گردی جۆگە بێناونیشان نەبێت.
(دڵدار)ی شاعیر کە خاوەنی هۆنراوەی (ئەی ڕەقیب)ه و لەو ڕۆژەوە ئەم هۆنراوەیە بۆتە سیمبولی بەرگریی و بەرخودان بۆ هەموو کوردێك و هەر کاتێ ئەو هۆنراوەیە بووترایە، لەوێ کڵپەی شۆڕشێك داگیرساوە. وەك ئاشکرایە، کەسی ترسنۆك سروشتێکی دیکتاتۆریان هەیە. شێرکۆ بێکەس دیارە لەم هاوکیشەیە بەدەر نیە. ئەوەتا بەنیازی جێ لێژکردن بە (دڵدار) و بەنیازی ئەوەی کە هۆنراوەکەی ئەم گەلێ لەوەی دڵدار پرشنگدارترە و پێوستە لەجیاتی ئەی ڕەقیب، سروودی نیشتمانی کوردستان جێگای بکاتەوە. بۆ نەم مەبەستەش چەندین جار لەپەرلەمانە حەیاتەکەی خۆمان هەوڵدار کەوا ئەی ڕەقیب بگۆڕن بۆ ئەو سروودەی کاکە شێرکۆ. دیارە مەبەستی شێرکۆ بۆ ئەوە بوو کەوا گەر بێتو هەوڵەکەی سەربگرێ، ئەوا هەتا هەتایە سروودەکەی بەزیندوویی ئەمێنێتەوەو کەس نیە کە ئەمی لەیاد بچێ.
سروودی نیشتمانی کوردستان؛
تۆ دایکمانی، خوشەویستی،سەربڵندی کوردستان
دێرینت و پیرۆزیت و سۆمای چاوی هەموان
لەباکوور بین لەباشوور بین لەڕۆژهەڵات،ڕۆژئاوا
ئامانج یەکەو ئاڵا یەکە و ئازادیش بیرو بڕوا
ئەتپارێزین، بەچوار دەورا وەك زنجیرەی شاخانت
شوورەی جەستەو، ورەی پۆڵای ملیونەهای لاوانت
مێژووی پ.م چرای خوێنی شەهیدانی ئەم خاکە
تاهەتایە، لەسەر سەرمان، جریوە یان ڕوناکە
یەکگرتوین و بەڕێگاوەیەن ، دروشت و وورد، بەژن و پیاو
بۆ دوا ڕۆژی جوانتر لەگوڵ ڕوناکتریش لە هەتاو
دیارە ئێمە لێرەدا بەراووردی هیچ کام لەم سروودە بەوەی دڵداری شاعیر ناکەین ، لێ ئەوەی شاراوە نییە ئەوەیە کەوا ئەوەی دڵدار گەلێ زیاتر جۆش و خرۆشی و گیانی شۆڕشگێڕێتی لێ ئەتکێ. هەر بۆیە هەوڵەکەی شێرکۆ و دۆستەکانیان سەری نەگرت.
شێرکۆ بێکەس لەهەموو سەردەمەکاندا وەك (موتەنەبی) شاعیری عەرەبی شیعری ووتوە و لەبەرانبەردا پارەو پوولی کۆکردۆتەوە. ئەمەی شێرکۆش لەوەی موتەنەبی شاعیر کەمتر نییە و هەمان مەبەستی هەبووە. شێرکۆ ئاوا باس لە مەلا مستەفا بارزانی ئەکات؛
خوشمان ئەوێی
بەقەد ڕقی شمشێری ناو چاوی ئەوان
خۆشمان ئەوێی
بەقەد کینەی گوڵە تۆپ و
کوێرە بۆمبای فڕۆکەکانیان... خۆشمان ئەوێی
وەك باران بۆ کێڵگەکانمان
ئەمانەوێی
هەر بۆ مەرگ نامانەوێی
ئەی بارزانی
ئەمە کۆپلەیەکە لەو پیاهەڵدانە میزڵدانیەی کەوا شێرکۆ هەردەم خەریکی ئەو جۆرە شیعرانە بووە بۆ مەبەستی بەڕێکردنی کاری ڕۆژانە و پڕکردنی گیرفانەکانی.
لە هەشتاکانی سەدەی ڕابردوو، ئەو کاتەی سروودی مەشخەڵانی شۆڕشی نوێی ئەم جارە جۆش و خرۆشی لەجەستەی لاوانی شاردا ئەبزوان و لاوانی شاری تیاکرانە یارییەکانی ئەم سەرکردە درۆزن و ناپاکانەی ئێستا. کاك شێرکۆ دوای ماوەیەك هاتە شاری بەغدا و لەتەك جل کەتافیە سەوزەکان پیاسەی ئێوارانی لە گەڕەکی (وەزیرییە) ئەکرد و مووچەی حکومەتی وەرئەگرت. ئەو کات کاکی شاعیر کرا بە سەرپەرشتیاری (دەستەی نووسەرانی کورد) و بەچەپ و بەڕاست ئەوەی بەزاریدا بهاتەیە ئەیووت و باجی هیچ نەئەچووە سەر ووتەکانی لەبەرئەوەی کوڕی (فایەق)ی شاعیر بوو. شێرکۆ شاعیری سەردەمەکەی خۆی بووە و لەگەڵ هەموو دەسەڵاتەکاندا دەست لەملانێی یەکتری بوون و پلەو پایە و پۆست و پارەش خەمەکانی شێرکۆی ڕەواندۆتەوە و هەرگیز هەستی بەبێکەسی نەکردوە.
سەرکردە خۆفەرزکەر و خۆسەپێنەکانی ئەوڕۆی کورد هەمان تام وچێژی لای شێرکۆش دروست کرد و لە ڕێگای وەسێتنامەکەیەوە، بەزۆر خۆفەرزکردن و جۆری بەشداری پێکردن لە ڕێو ڕەسمی بەخاك سپاردنی و هەڵبژاردنی پارکی ئازادیی و دواتر بەخشینی خەڵاتێك بەناوی خۆیەوە و کردنەوەی یادی ساڵانە لەشێوەی خەڵاتەکانی(نۆبڵ) بۆ باشترین هۆنراوە و سروود، ئەوەمان بۆ دەرئەخا، کە کاك شێرکۆ چەندە حەز و ئارەزووە نێرگیسیەکانی بەسەر کۆمەڵگای کوردیدا ئەسەپێنێ.
ماوەتەوە ئەوە بڵێم کەوا چەندە شێرکۆ ناهەقی کرد لە دانانی ئەم وەسێتنامەیە، ئەوەندە و زیاتریش کەسوکارەکەی و تاقمەکەی جەلال و نێچێرڤان بارزانیش کەتەنها بۆ مەرامێكی سیاسی چەوت لەپشت ئەو هەموو گەورەکردن و بەپیرۆزکردنەی تەرمەکەی شێرکۆوەن. ئەبوو کەسوکارەکەی ئەو وەسێتە خۆ سەپێنەیان پێ قبوڵ نەبوایە و وەك شاعیرێکی میللی لەتەك شاعیرە ناودارەکانی سلێمانی بەخاك بسپێردرایە. بەڵام ئەو وەسێتە ئەو ڕاستیەمان پێ ئەڵێ، کە هەرگیز شێرکۆ شاعیری گەل و میللەت نەبووە و بەم شێوەیەش زیاتر و زووتر لەیادی هەموان ئەچێتەوە.