نەخۆشخانەکانمان
Saturday, 28/09/2013, 12:00
1696 بینراوە
مەلا مستەفا لەیەکێ لەخەستەخانەکانی جۆرج تاون لە ئەمریکا مرد. برایم ئەحمەد لەیەکێ لەخەستەخانەکانی بەریتانیا مرد. جەلال تاڵەبانی لەیەکێ لەخەستەخانەکانی ئەڵمانیا مرد. جەوهەر نامیق دوای ئەوەی پاراستن ژەهر خواردی کرد لەیەکێ لەخەستەخانەکانی سوید مرد. شێرکۆ بێکەس لەیەکێ لەخەستەخانەکانی سوید مرد. جیهاد دڵپاك لەیەکێ لەخەستەخانەکانی ئەڵمانیا مرد. مەسعود بارزانی بۆ پشکنین و ئازاری ددانی چەندین جار سەردانی خەستەخانەکانی نەمسای کرد.
ئەم چەند نمونەیەی سەرەوە ئاماژەی بێمتمانەیی سەرکردەو سیاسیەکانی کوردە بە خەستەخانەو پزیشکی کورد. لێرەوە ئەم جۆرە لەبێمتمانەییە بۆتە کەلتوریك کە خەڵکی کوردستان گەر بۆیان بلوێ هەرگیز متمانە بە خەستەخانەو پزیشکی لۆکاڵ نەکەن، هەر بۆیە ئەوەی پێوستی بە چارەسەرکردنی نەخۆشیە ڕوو ئەکاتە ووڵاتانی دەوروبەرو هەرچی سەرمایەو پارەو پولی کوردستانە بەم شێوەیە ئاودیو ئەکرێ و خەستەخانەکانی کوردستان تەنها بۆ کەسانی دەست کورت و هەژار و لێقەوماوان ئەمێنێتەوە.
لەهەر ووڵاتێك سەرکردەو سیاسیەکان باوەڕیان بە پزیشك و ستافی خەستەخانەو جۆری چارەسەرکردنی نەخۆشیەکان نەبێ ، ئەوا بزانە ئەوانە هیچ کات باوەڕیان بەهیچ چین و توێژێکی خەڵکانی خۆیان نیەو متمانەیان بەتوانا ولێوەشاوەیی گەلەکەیان نیە. دیکتاتۆرەکانی وەك(هتلەر،موسولینی،ستالین و سەدام) پزیشك و خەستەخانەی ووڵاتی خۆیان تاکە شوێنی چارەسەرکردنیان بوو. ئەوان بەو دیکتاتۆری و ملهوڕیەی خۆیان باوەڕ و متمانەی گەلەکەیانیان فەرامۆش نەکردبوو، کەچی هەرچی ئەوانەی لای خۆمانە هەردەم پەنا بۆ دکتۆری دەرەوەی ووڵات ئەبەن و دواتریش بەمردوویی ئەیان هێننەوە بۆ ئەو خاکەی کەئەمان باوەڕیان پێی نەبوە. بۆ ئەو نیشتمانەی کەهەراجیان کردوە. بۆ ئەو گرد و تەپۆڵکانەی کەچەندین ڕۆڵەی ئەم میلەتەیان تیا بەکوژداوە. بۆ ئەو گوند و شارانەی کەبەهۆی ئەمانەوە کیمیاباران و ئەنفالکراون.
دیارە دیاردەی سەرکردەو سیاسیەکانی کورد کە بڕواو متمانەیان بەگەل کورد نیە ئەوە پێش هەموو شتێ لە بێ توانایی و نەزانین و لووت بەرزی خۆیانەوەیە. دەنا ، سەرکردە و سیاسی هەر ووڵاتێك گەر بێت و لەبواری تەندرووستیدا لاواز و کەم ئەزموونیش بێ، ئەمان دێن و هەوڵ ئەدەن بەهێزی بکەن و پارەو بودجەی بۆ تەرخان بکەن تا بگاتە ئاستێکی بەرزو متمانە پێکراو.سەدام کاتی خۆی لە(کۆبا)وە هەزارەها پزیشکی هاوردە کرد بۆ خزمەتکردنی هاوڵاتیانی خۆی.
ئێستاش لەکوردستان دوای ئەو هەموو لە ١٧% ی بودجەی عێراق و پارەی نەوتی هەناردەکرا و داهاتەکانی سەر سنوور و باج و ئەوانی تر، کەچی لەزۆربەی خەستەخانەکاندا دەرمانی ئێکسپایەر و کەمی ستاف و نەبوونی ئۆتۆمۆبیلی ئیمێرجێنسی و کەم ئەزموونی پزیشك لەئارادایە، ئاخۆ هۆکاری ئەم کەمترخەمی و کەم و کوڕیە مانای چی و بۆچی؟؟؟کەچی لەهەمووشی سەیرو سەمەرەتر، وەزارەتی سەخڵەمەو تەندرووستیمان هایەو خوا بەزیادی نەزانێ وەزیرێکی خرپنیشمان هەیە.
بەبڕوای بەندە پێوەری پێشکەوتنی هەر ووڵاتێك بەستراوەتەوە بە ئاست بەرزی بواری تەندرووستی . واتە هەر شوێنێك پزیشکی باش و نەخۆشخانەی چاکی لێ بێ، ئەوا حەتمەن ئەو شوێنە وەیان ئەو ووڵاتە پێشکەوتوە. وە تا پێشکەوتوو بێ مانای وایە زیاتر مافی مرۆڤ تیایدا بەرجەستە بوەو هاوڵاتیان ووڵاتی خۆیان خۆشتر ئەوێ.
سەرکردەکانی کورد و سیاسیەکانیان کاتێ تەنها نەخۆشخانەکانی دەرەوە هەڵئەبژێرن بۆ مەبەستی چارەسەرکردن، ئەیانەوێ چەندین نهێنێ خۆیان و جۆری نەخۆشیەکانیان لەهاوڵاتی خۆیان بشارنەوە. وەیان لەچەند حاڵەتێکدا ئەیانەوێ ئەو پیلانەی خۆیان داپۆشن لەتیرۆرکردنی ئەوانەی دژیانن هەروەك نمونەکەی جەوهەر نامیق و جەرجیس فەتوحوڵا.
پێوستە لەسەر خەستەخانەو ستاف و پزیشکەکانی کوردستان کە سنوورێك بۆ ئەم بێڕێزی و بێ متمانەیی و بێ حورمەتیەی سەرکردەکان و سیاسیەکانیان دابنێن و هەڵوێستێکی ڕوون و نیشتمانیان هەبێ.