كەی دڵەراوكێی خەڵكی كوردستان نامێنێت ؟
Wednesday, 29/02/2012, 12:00
ئەگەر بە وردی لە چۆنێتی رزگاربونی خەڵك لە دڵەراوكێی بەردەوام لە هەموو لایەنێكیەوە، بدوێین، دەبێت بۆ ئەم مەهامە گرنگە پیرۆزە، ئەركی كورت مەودا و دوور مەوداشمان لەبەر چاو بێت ، كە بە دیاریكردنی ئەولەویاتەكان لە هەموو بوارەكاندا كارئاسانیمان دەست دەكەوێت .
بە هەموو پێودانگێك، لە هەرێمی كوردستان، هەنگاوی یەكەمی بنیاتنانی كیانی سیاسی تایبەت بە خۆ لە سەرەتایدایە، بەڵام تا رۆژگاری ئەمرۆشمان زەمینەی چەسپاندنی شێوە و ناوەرۆكی فكریی و جۆری دەسەڵات بە شێوەیەكی بنەرەتی لە بەرێوەچونی كاروباری ئەم هەرێمە، بە تایبەتی بۆ دوو دەیەیە زیاترە لە غیابی دەستوردا بەرێوە دەچێت، بە تەڵخی ماوەتەوە . ئەگەر بنەما سەرەكیەكانی تەلاری بەرێوەبردنی كاروباری خەڵك بە شێوەیەكی دیموكراسیانەی عەیار بەرز جێگیرنەبووبن، بەڵام كەرەستە پێویستەكان تا حەدێك فەراهەم بوون، جا ئەم حاڵەتەش لە دەرئەنجامی كاری خۆكرد بێت یان بە خۆڕسك و بەرهەمی كارلێكە گشتیەكانی ناوچەكە و جیهان بێت .
ئەوەی جێگەی سەرسورمانە تا ئێستا بەرێوەچونی كاروباری دەسەڵاتی هەرێمی كوردستان، ئەگەر پشت بە پشتخانی هەمەجۆرەی بزوتنەوەی رزگاریخوازی كوردستان بەستبێت و نەتوانێت زانستیانە پۆلێن بكرێت و پێناسەیەكی تایبەتی خۆی هەبێت و عەلمانیەت و نا عەلمانیەت بونی یەكاڵانەبوبێتەوە و لە ژێر رەحمەتی گۆڕانكاریەكانی ناوچەكە بێت لە هەموو لایەنێكیەوە و، بە شنەبایەكی بچوكی دەوروبەر توشی دڵەراوكێ و هەست بە لەرینی پایە و كۆڵەكە بنەرەتیەكانی بكرێت، ئەمە وا لە خەڵك دەكات هەمیشە ترسی لە شتی كتوپر بێت و بێ متمانەیی زاڵ بێت بە سەریدا و بەردەوام هەموو ئەگەرەكانی بە زۆر خراپەكانیشیەوە لەبەرچاو بێت.
ئەو زەمینە فراوان و رێسا هەمەچەشن و دەستورو یاسا تێكەڵ وپێكەڵەی عیراقی دوای روخانی دكتاتۆریەت بخوێنینەوە، كە واچنراوە هەموو فكر و بیرو بۆچونەكان لە خۆ بگرێت و تەنانەت برگەی دژبەیەك و نەگونجاوی تێدا بێت، لە چەندین گۆشەنیگاوە راڤە بكرێت ، دەكرێت هەر كەس و لایەنێك بە پێی سەنگ و قورسایی خۆی هێڵە گشتیەكانی دیاری بكات و بە پێوەری خۆی بیپێوێت، ئەمەش وا لە هاوڵاتیانی هەریمی كوردستان دەكات كە تا ئەو رۆژەی پابەند بن بە ناوەندی عیراقەوە هەمیشە چاویان لە ئەو دەسەڵاتەی عیراق بێت كە تا چەند قورسایی هەیە و هێزی لەگەڵدایە كە بتوانێت ئەم ئەزمونەی هەرێم پێشبخات یان لەناوبەرێت، چەند لەگەڵ ئامانج و ئاواتەكانی خەڵكی كوردستان دێتەوە و رێگرنابێت لە بەردەم هەوڵەكانی گەیشتن بە دوا مەنزڵگە . هەر دەبێت پشت بەولایەنەی ناوە ند ببەستێت كە جڵەوی حوكمی بە دەستەوەیە و بیروبۆچونی سەركردایەتیەكەی و روانینیان بۆ پرسی گەلەكەمان تا چ ئاستێك وێكدێتەوە . هەمووشمان بیر و ناوەخنی یەك بەیەكی لایەنە باڵادەستەكانی عیراقی ئەمرۆ دەناسین و باش دەزانین كە هەڵگری چ بیرو بۆچون و باوەر و ئایدیۆلۆجیایەكن، تا ئێمە پەیوەست بین بە وانەوە باڵادەستی رەهای ئەوان هەر دەمێنێت و تا سەقامگیریی عیراق گەشە بكات و تەبایی و یەكگرتوویی باڵ بەسەر پێكهاتە سەرەكیەكانیدا بكێشێت، دەست لەسەر دڵ چاوەرێی قەدەر بین و لە ژێر رەحمەتی ئەواندا چاوەرێ بین چارەنوسمان بە چی دەكات ،بەم شێوە زەمینەوە دەبێت ئەم هەرێمە بخوێنینەوە .
دەبوایە هەرێمی كوردستان دەستووری خۆی هەبوایە،كە نیە، ئەمەش كەمتەرخەمیەكی گەورەی دەسەڵات لە ئاست چارەنوسی گەلەكەمان دەردەخات، هەبوونی دەستوری خۆمان پێش ریفراندۆم لەسەر دەستوری عیراق ، چەندین خاڵی ئەرێنی بۆ گەلەكەمان تۆمار دەكرد لە هەموو لایەكەوە ، چ كاریگەری لە سەر دەستوری عیراق و چونێتی تێپەراندنی یان لە ئاست بەستنەوەی هەردوو دەستور و مامەڵە كردنی ناوەند و هەرێم بە برگە و مادەكانەوە. بەهەر حاڵ ، پێویستە ئەمرۆ دەستوری كوردستان بە شێوەیەك تێپەرێنرێت كە جگە لە رازیبون و پشتگیری كردنی رەهای زۆرینەی چین و توێژەكانی خەڵك و پابەند بون و قوربانیدان لە پێناویدا،ئەمیش بە رێگەی سەركەوتن گوزەر دەكات كە لە بەدەستهێنانی پرسە ستراتیجیەكە لە گەیشتن بە سەربەخۆیی لە هەلومەرجێكی لەبار و گونجاودا خۆی دەبینێتەوە و، پێویستە بنەماكانی جێگیربونی سیستمێكی دیموكراسی راستەقینە لە خۆ بگرێت، كە برگە و مادەكانی بە درەوشاوەیی دیار بێت و كەلتور و میژوو و پشتخانی فكری رۆشنبیری كۆمەڵایەتی و بنەچەی ئەم گەلە لەبەرچاو بگرێت و كاریگەری هیچ فكر و عەقیدەیەكی نامۆی خۆسەپێن لەسەر نەبێت و تێیدا رەنگ نەداتەوە ،ئەمە ئەو كەلێنەش پر دەكاتەوە كە دەبێت دەستوری هەرێم دوای دەستوری فدراڵی عیراق دێت فەرزە لەسەری لە مادە سەرەكیەكانی دەرنەچێت .
بەڵام لەم ساتەوەختەدا كە بارودۆخەكە دەخوێنینەوە،ئایا وا ناخوازێت بپرسین ، كاتی ئەوە نەهاتووە كە هەموو خۆڵ و تۆز و تەڵخی سەدان ساڵە نیشتووی سەر فكر و رەسەنایەتی ژیان و عەقڵیەتی خەڵك بسڕینەوە و، بە پرۆسەیەكی هەمەگیر و عەقڵانی ژیانی كوردەواری خۆمان ئاسایی بكەینەوە، كە سەدان ساڵە تێك دەشكێنرێت و، پریشكی زوڵم و زۆری ئەم و ئەو دایرماندووە و، لە فكرو باوەری رەسەنی خۆی خزێنراوە و دوور خراوەتەوە، بۆیە جێی خۆیەتی بڵێین لەم قۆناغەدا دەكرێت بیر لە چونێتی دەستپێكردنی سەرەتای گۆڕانی گشتی فكری خەڵك و هەنگاوی یەكەمی راستَەرێ كردنەوەی كاروانی ژیانی كورد و چەسپاندنی رەسەنایەتی خۆی، بكەینەوە و، بە جێبەجێكردنی ئەو كارەش بەشێوەیەكی ریشەیی لە ژێردەستەیی رزگارمان دەبێت و دەبینە گەلێكی خاوەن كەسایەتی و پێناسەی خۆمان و، دەبینە پێشرەویش بۆ بەشەكانی تری كوردستان .
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست