بێدەنگی وژیان
Thursday, 17/10/2013, 12:00
2366 بینراوە
سێ کەس کە حوکمی لەسێدارە دراون دەیانبەن بۆ سەرپەراندن ، پیاویکی ئاینی و پارێزەریک و ئەندازیارێک .
کاتێک کەملی مەلاکە دەخەنە بەر تەوری مل پەراندنەکە (مقێلە) لێی دەپرسن دوا وتەت چییە؟
ئەویش ئەڵێ خودا خودا خودا ئەو رزگارم دەکات ، کاتێک کە تەورەکە بەتوندی هاتە خوارەوە و گەیشتە ملی پیاوە ئاینیەکە وەستاو خەلکەکە سەریان سورما ووتیان ئەوە خودا رزگاری کرد وئازادیان کرد .
پارێزەرەکەیان هاورد و ملیان خستە بەر تەورەکە و پێیان وت تۆ دوا وتەت چییە ؟ ئەویش وتی من پیاوی ئاینی نیم وخودا وەک ئەوان ناناسم تارزگارم بکات ، بەڵام من (عەدالەت) دادپەروەری دەناسم و دادپەروەری رزگارم دەکات کەوتە دادپەروەری ... دادپەروەری ، تەورەکەیان بەسەریدا بەردایە خوارەوەو کاتێک کەگەیشتە ملی تەورەکە وەستاو وتیان ئەوە دادپەروەریش ئەمی رزگار کردو ئازاد کرا .
نۆرەی ئەندازیارەکە هات وملیان خستە بەر تەورەکە و پییان وت تۆ هیچ وتەیەکی کۆتاییت نییە ؟ وتی من نە پیاوی ئاینم تاخودا رزگارم بکات و نە پارێزەرم تا دادپەروەری رزگارم بکات بەڵام ئەوەی من دەیزانم ئەوەیە کە ئەو گوریسەی بەکار هاتوە بۆ بەرزکردنەوەی تەورەکە گرێیەکی تێدایە وئەو گرێیە رزگارم دەکات لەسەر پەراندن ، کاتێک تەماشایان کرد بینییان بەراستی گرێیەکی تێدایە و گرێکەیان کردەوە و تەورەکە کەوت بەسەر ئەندازیارەکەداو سەری پەراند .
بۆیە دەبێ بزانیت کەهەموو کات وتنی راستیەکان لەبەرژەوەندی تۆدا نییە . و باشتر وایە دەمت بەداخراوی بهێڵیتەوە ، تەواو وەک ژیانی ئەمرۆی ئەم وڵاتە بەهەر شێوەیەک و بە هەرجۆرێک قسە بکەیت لە گۆشەیەک یان تێکستێکی وتەکانت بۆت دێن و سەروگوێلاکت دەگرن وایلێهاتووە کەس متمانەی بە کەس و بە هیچ نەماوە ، لەسەر یەکێتی قسە بکەیت ئەڵێن پارتیە و گۆرانە ، لەسەر پارتی قسە بکەیت ئەڵێن ئەمە سەر بە پێنج حیزبە ئۆپۆزسیۆنەکەیە یان جەماعەتی گۆڕانە ، لەسەر گۆران و ئۆپۆزسیۆن قسە بکە ئەڵێن ئەمە یەکێتتە و داخی دڵێتی دۆڕاون ، سەبارەت بە کورد قسە بکە ئەڵێن تازە لە ئەی رەقیبایە ، لەسەر عێراق قسە بکە ئەڵێن خۆی فرۆشتووە بە عەرەب و زۆڵە کوردە ، هتد ..
لە راستیدا تاکی کوردی ئەمرۆ لە دوای راپەرینی 1991 شێوازی پەروەردەکردن و گۆشکردنی بەرە و دیموکراتیزەکردن و بیرکردنەوەی لە ژیان بە شێوەیەکی نوێ و جیاواز لە جاران لە سەرەتاوە بە شێوەیەکی ناتەندروست و هەلە بوو ، بەشێوەیەکی وا گۆشکرا کە تەنها بخوات و بخەوێت و بیری بەلای هیچ شتێکی تردا نەچێت و هەرچی فرمانێکیشە لە هەر شوێنێک و لەهەر جێیەکەوە پێی بدرێت وەک رۆبۆتێک دەستبەجێ جێبەجێی بکات و نەپرسێت ئەمە چیە و بۆچی ؟
هەر لەسەرەتاوە تاکی کورد فێری ئەوە کراوە کە تەنها مافێک هەیبێت هەوڵدانی بێت بۆ ژیان ومانەوە دوور لە هەموو ماف و ئیمتازات و خێر و سەروەت و سامانی ئەم وڵاتە ، گەلی کورد بە درێژایی تەمەنی و بە شاهیدی دیرۆکێکی دورودرێژ بەردەوام سەرقاڵ کراوە بە شۆرش وجەنگەکانەوە و هەرگیز دەرفەتی ئەوەی نەدراوەتێ هەوڵی بە ئاشتی و ئارامی ژیان بدات هەر هەوڵێکیشی لەو پێناوەدا راستەوخۆ پیی وتراوە ئەوە ئەڵقە لەگویە بەعسیە یان سەربە ئێرانە یان میتی تورکە یان موخابەرات و چەندین تانە و تەشەری دیکە و خستنەپاڵی چەندین زاراوە و دەستەواژەی بێ سەروبەر ، تاکی کورد فێری ئەوە نەکراوە کە و بە مێشک بیر بکاتەوە نەک بە دڵ و عاتیفە هەرکاتێکیش بۆ ساتێک ئارامی کەوتبێتە ناوچەکە فتیلی کارەساتێک یان جاوبەستێکی سیاسی و ئیداری لێکراوە تا بیری بۆ هیچ لایەنێکی تر نەچێت و مافی ئەوەی نەبێت بڵێت من مافی خۆمە زیاترم بوێت و مافی خۆمە ئەمەم قبوڵ نەبێت ، بەردەوام پێویستە درۆ بکەیت و ماستاو خەست بەکیتەوە و کوێرانە پێ بە راستەکاندا بنێیت و لەسەر هەلەکان سویندی یاسایی بخۆیت ، بۆتۆ لێرە لەمە زیاتر نیە و ئەمە واتای ئەو ژیانەیە کە دوای نەمانی دەسەڵاتە خوێنرێژەکانی ناوچەکە بۆت فەراهەم کراوە ، هەوڵ بدەیت هەرچۆنێک بێت ببیت بە پیاوی کەسێکی باڵادەست و خاوەن هێز و دەسەڵات تا بتوانیت کەمێک لە مافە دروستکراوەکانت دەستکەوێت خۆ گەر لەوە زیاتر و وەک دەڵێن لەو دەقەی پێی پرۆگرام کراویت دەرچویت راستەوخۆ سەر و زمانت خراوەتە بەر دەمی تەورەکە و کۆتایی بە ژیانت هاتووە ، کەواتە هەمیشە پێویستە تۆ بێدەنگ بیت تا بژی ، ژیان لە ناوەرۆکی ئەم وڵاتەدا واتە بێدەنگی و نەبەزاندنی هێڵە دەستکردە بەزۆر سەپاوە سورەکان ، بەداخەوە مرۆڤەکان لێرە هیچ بەهایەکیان نیەو تەنها بریتین لە بوکەڵەیەک و هەڵوسوڕاندنیان بەدەست دەسەڵاتی ئەمرۆی کوردیەوە بۆتە مایەی گاڵتەجاری بە مرۆڤایەتی و ئاماژەیەکی خراپی داوەتە ژیان لێرە و لە هەمان کاتدا زەنگێکی ترسناکی دوارۆژی ئەو قۆزاخە و چرۆ نوێیانەی سەر رێگە و بەردەم قاپین .
جیڤارا کمال