پێغەمبەرى حـزبەكـەم... سەرۆكى ئایینەكەم
Monday, 06/05/2013, 12:00
سەرۆك لە هەموو دەوڵەتێكى سیستەم دیموكراسى و یاسا سەروەر هەڵبژێردراوى نوخبەیەكى لێهاتوو و كارامە و شارەزا و زیرەك لە یاریەكانى سیاسەت و خاوەن بەرپرسیاریەتى باڵا و پارێزەرى بەرژەوەندى گشتى ولات بێت لەسەروى بەرژەوەندى تەسك و تایبەتەكانى دارودەستە و حزبە دەسەڵاتدارەكەى سەرۆك.سەرۆكێك بە قەد ناو و ناواخنەكەى گەورە بێت ، رق و كینەى بەرامبەر هیچ هێز و لایەنێك نەبێت، هیچ هێز و لایەنێكى ركابەرى هەڵبژاردنى وەك دوژمنێكى نیشتمانەكەى سەیر نەكات.
كە دێمە سەر وەسفى پێغەمبەری ئایینێك بە تایبەتى ئایینەكەم وەك قودسیەتێك و متمانەیەكى رەهام پێ ى هەیە و شوێنكەوتووى دەبم چونكە ئەم نێردراوەى بانگەشەى بۆ ئەم ئایینە دەكرد بەلگەى ئەزموونى سەرەتا و كۆتایى ئایینەكەى راستەقینە و تاقیكراوە. وەك سەرۆكە تەزویرەكە بە هەڵبژاردنێكى ساختە و چەواشەكارى نەهاتبووە ئەم پۆستە.وەك ئەم سەرۆك ناوە زنجیرەیەكى شەرى ناوەخۆ و خۆكوژى و دەرمانخواردنى هاونیشتمان و هاو نەتەوەى نەكردبووە سەرە دێرى و خشتەى سیاسەتە دارێژراوەكانى. تاكرەویەكەى بە جۆرێك بێت لەسەر ووتەیكى ئازادى سەردەشتێك سەدان باوكى وەك عوسمان شێت بكات لە تاو كوشتنى جەرگێك لە پێش خێزانەكەى .
ئەى سەرۆكى مەسیفێك و سەرى رەشێك ئەى سەرۆكى هەزاران مافیا و دز و جەردە و خوێنمژ.سەرۆكى 31ى ئـاب. چ ناهەقیەك بەرۆكى ولاتەكەمى گرتووە بیست و دوو سالى حوكمرانى وەك رەگى دارێكى بێ سود چوبێتە ناو ئەرزێك پر لە داهات و سەروەرى و زەویەكى بە رێژەى قەترەكانى بارانى زستانى كوردستان شەهید و فیداكارى دیبێت. سەرۆكێك هەوڵى دەستكاریكردنى دەستورێك بدات كە سوێند و بەلێنى لێ وەرگرتووە هەرگیز سەرپێچى یەكە بە یەكە بەندەكانى نەكات. هەڵبژاردنێك داوا بكات هەروەك كورد دەلێت پارتى و یەكێتى ئەگەر لەگەڵ ولاتى چیــن هەڵبژاردن بكات هەر پارتى و یەكێتى براوەى ئەم هەلبژاردنەن. هەرێمێكى نەگبەتى ڕێژەى موچە خۆرى حزبى و پێشمەرگە بندیوارەكانى و مەسینە هەڵگرەكان و جاش و خۆ فرۆشەكانى زیاتر بێت لە رێژەى گشتى دانیشتوانى ئەم وولاتە. بە درێژاى سنورى كوردستان بۆرى نەوت خەریكى دزینى سەروەت و سامانى ئەم گەلەن.
سەدان بەرپرس و فەرخە مەسئول لەم هەرێمە رەتل و حیمایەكانیان لە مێگەلە ئاژەڵەكانى كوێستانەكانى كوردستان زیاتر دەبێت.مەبەستم كورەكانى مەسعود بارزانى و كورەكانى تالەبانى و ئیدریسى بە ناو جوانەمەرگى نێچیروان نیە؟؟ دواى هەشت ساڵ لە كورسى پەرستن هێشتا تێنویەتى كورسى قورگە ووشكەكانى گرتووە.سەرۆكێك لە چوار پارچە تەنها گوندێك هەژموونى تێدا هەبێت. قێزم لە كوردبوونم دەبێتەوە كە دەبینم خۆت بە كوردپەروەر دەزانى. واز لە ئاینەكەشم دێنم گەر بزانم لە ئاینەكى منى.
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست