نامەیەكى كورت بۆ بەرهەم ساڵح با لە دەعوەتى ئەم ئێوارهیەدا بیخوێنێتەوە!!
Friday, 03/07/2009, 12:00
سەعات 11 رۆژى هەینى 3-7-لە نەخۆشخانى فریاكەوتنى سلێمانیەوە بە تەلەفۆن ئاگاداركرامەوە كە ئەم ئێوارەیە پزیشكەكان لە یانەى كۆمەلایەتى دەعوەتى نانخواردنى د.بەرهەمن و منسش بانگكراوم،وەڵامى تەلەفۆنەكەم دایەوە كە ناتوانم ئامادەى ئەو دەعوەتە ببم،بۆچى وا وەڵامم دایەوە؟ لەبەر ئەوەى ئامادە نیم لەسەر مێزى كەسانێك دابنیشم كە لە كاتى خۆیدا بەرامبەر من بریارى نارەوایان داوە و داواى لێبۆردنیان لێنەكردوم و لەسەر ئەو بریارە نارەوایە رونكردنەوەیان نەداوە.
ساڵى 2001 بەرهەم ساڵح لە ئەمریكا گەرایەوە و بووبە سەرۆكى حكومەتى هەرێمى سلێمانى،خەڵكى شارى سلێمانى و گەرمیان و ناوچەكانى تر بە تەمابوون كە بەرهەمێكى گەنج و خاوەن رۆشنبیریەكى رۆژئاوایى گۆرانكاریەك لە سیاسەتى حوكمرانى هەرێمى سلێمانیدا ئەنجام بدات،بەڵام هەر زوو دەركەوت كە بەرهەمیش وەك بەرپرسە حكومى و حزبیەكانى ترى (ى ن ك) لە ئاست بنەماڵە دەسەڵاتدارەكەى تاڵەبانیدا ئیرادەى نیە و ئەگەر لە مامەمەوە گڵۆپى سەوزى بۆ هەڵنەكرێت بۆى نیەبریار لە سەر هیچ شتێك بدات، بۆیە هەرزوو دەركەوت كە هێنانەوەى بەرهەم ساڵح لە ئەمریكا یەك لە سیاسەتە تاكتیكیەكانى ترى تاڵەبانیە و بۆ ئەوەیە لە رێگەى بەرهەم ساڵحەوە پێوەندى خۆى لەگەڵ ئەمریكا بەرەوپێشەوە ببات،كاتێك ئەمەشى بۆ چووە سەر و قوباد تاڵەبانى كوڕى كردە نوێنەرى حكومەتى هەرێم لە ئەمریكا، دەستى كرد بە پرۆپاگەندە دژى بەرهەم ساڵح و لە سلێمانى شوێنى پێ لێژكردو عومەر فەتاحى لە شوێنى دانا.
یەك لەو بریارە نارەوایانەى بەرهەم ساڵح كە لە لایەن تاڵەبانیەوە بۆى دابەزیبوو دەبوایە جێبەجێیبكردایە،لادانى من بوو لە پۆستى سەرۆكى تەندروستى شارى سلێمانى،من ئەو كات ئەو پۆستەم لەسەر تەكلیفى هەندێک لە ئەندامانى مەكتەب سیاسى و سەرۆكى حكومەتى پێش بەرهەم وەرگرتبوو،ئەگینا نە حەزم لە پۆست بوو،نە بۆمن گونجاوبوو كە لەبەر دەستى وەزیرێكدا كار بكەم كە قەد بیرى لە كورد و كوردایەتى نەكردبووەوە وبە مەزاجى تاڵەبانى كرابووە وەزیر، رۆژى 2-8-2001 بەرهەم بە منى وت دەبێت لە پۆستەكەت دەستهەڵگرى، منیش پرسیارم كرد بۆ؟ وتى كێشەى تۆ لە لاى مام جەلالە دەتوانیت لە لاى ئەو ئەو كێشیە چارەسەر بكەیت،منیش وتم نامەوێت بچمە لاى تاڵەبانى فەرموو بریارى دەركردنم دەربكە،لەم كاتەدا ئەمەوێت ئەوە بیرى بەرهەم ساڵح و پزیشكان و كارمەندانى تەندرووستى بێنمەوە كە پزیشكان و كارمەندانى تەندروستى و بەرێوەبەرى نەخۆشخانەكان و هەزاران پێشمەرگەى كۆن دژى دەركردنى من لە پۆستى بەرێوەبەرى فەرمانگەى تەندرووستى ئیمزایان كۆكردەوە، هەردوو سەندیكاى پزیشكان و سەندیكاى كارمەندانى تەندروستى دژى بریارەكەى بەرهەم ساڵح بەیانیان دەركرد،بەڵام بەرهەم و تاڵەبانى گوێیان لە كەس نەگرت و لە سەر بریارەكەى خۆیان سووربوون،باشە ئێستە بەرهەم بە چ روویەكەوە دەعوتى پزیشكان و سەندیكا دەكات و داویان لێدەكات دەنگ بدەن بە مەسعود بەرزانى و بە لیستى كوردستانى كەلە كاتى خۆیدا حسابى بۆ دەنگ و رەنگى پزیشكان و كارمەندانى تەندرسووتى و پێشمەرگە نەكردووە،لە شوێنى خۆیدایە پزیشكان و كارمەندانى تەندرووستى و پێشمەرگە لە سەر چەندان بریارى وا دەنگى خۆیان نەدەنە مەسعود بەرزانى و لیستى كوردستانى، كاكە بەرهەم بەچ روویەكەوە بانگى كەسێكى وەك من دەكەیت بۆ نانخواردن،من نە گۆشت و نە مشروب و نە جگەرە ئەخۆم، نە هێندە نەوسنیشم كە بەژەمێ خواردن هەڵوێستى خۆم بگۆرم،تۆش لەو كاتەوە نەك هە بەرەو باشتر نەگۆراوى،بەلكوو لە جاران زیاتر كەوتوویتە ژێر كاریگەرى سیاسەتى نانەتەوەیى و نادیموكراتى و نا یاسایى تاڵەبانی،ئەگەر كەمێك گۆرابیت و بروات بە شەفافیەت هەیە تكایە لە دەعوەتى ئەم ئێواریەیدا بە پزیشكەكان بڵێ بمانبوورن ساڵى 2001 لەبەر خاترى توركیا هاوكارێكى ئێوەمان لە ئەرك لاداو گوێشمان لە داوا و ئیمزاكانى ئێوە و پێشمەرگە كۆنەكان نەگرت.
تۆ و تاڵەبانى هەردووكتان لە حكومەتى عێراق پلەى بەرز(سیادیتان) هەیە،كەچى هاتونەوتە سلێمانى بە سوودوەرگرتن لە پلە حكومیەكانتان بە ناوى لیستى كوردستانیەوە هەڵمەتى هەڵبژاردنى لیستەكەى بەرزانیتان دەستپێكردووە،تۆ زۆر بەرەو دواوە گەراویتەوە،خۆزگە هەر لە ئەورپا و ئەمریكا بایتایە تا خەڵكى كوردستان كوردى دەرهوەى وڵاتیان لەبەرچاو نەكەوتایە، جاران كارت بۆ خەڵك نەدەكرد و تەنها كارت بۆ تاڵەبانى دەكرد، ئێستە نازانم بە خۆتدەزانى یان نا كە بە خۆت و تاڵەبانی چۆن كار بۆ مەسعود بەرزانى و خێزانە دەسەڵاتدارەكەى ناو عشیرەتى بەرزان دەكەن،دەزانیت سەركەوتنى لیستى كوردستانى بە واتاى سەركەوتنى سێكۆچكەى خێزانە دەسەڵاتدارەكەى بەرزانى(مەسعود و نێچیر و مەسرور) دێت؟ دەزانیت سەركەوتنى لیستى كوردستانى و سەركەوتنى مەسعود بەرزانى بەو دەسەڵاتانەى لەرەشنوسى دەستورى هەرێمدا بۆ سەرۆكى هەرێم دیارى كراوە بە واتاى ئەوە دێت لە هەرێمى كوردستاندا سیاسەتێك و دەسەڵاتێكى خێڵەكى شۆڤینى و دیكتاتۆر لە باتى سیاسەتێك و دەسەڵاتێكى نەتەوەیى و دیموكراتى جێگە دەگرێت؟ئەزانیت تۆ یەكەم كەس دهبیت لە جیگیركردنى ئەو سیاسەتەدا و دهبێ بەرپرسیارییهکهشی تهحهمول بکهیت؟
3-7-2009 سلێمانى
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست