کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


بودجە بەشى چى ئەكات؟

Monday, 18/06/2012, 12:00





ئەم خەڵك و پەرلەمانتارانەى ئۆپۆزسیۆن زۆر سەیرن هەر لەخۆیانەوە شت گەورە ئەكەن مێشێك ئەكەن بەگایەك،ئەوەتا هیچیان بەدەستەوە نەماوە و نازانن چى بكەن لەداخا دێن رەخنە لەبودجە ئەگرن بەبێ ئەوەى بزانن ئەوە پارەیە چۆن سەرف دەكرێت و چى لێدێت بۆكوێ دەچێت یەكسەر هاوەن بە تاریكییەوە دەنێن و ئەڵێن بودجە لەتاریكیدایە حكومەت لەبودجە وپارە خەرجیەكاندا ناشەفافە و خۆیان نەبێت كەس نازانێت ئەو پارە جوانانە چىیان لێدێت و بۆكوێ ئەڕوات،وائەزانن هەمووى ئەچێتە گیرفانى ئەو وەزیر و گزیر و مەسئولانەوە، ئەوانیش بەئارەزووى خۆیان تەخشان وپەخشانى ئەكەن،نا عەزیزەكانم هیچ وانیە و لەخۆشتانەوە غایلەو گومانى خراپ مەكەن و تەفسیر و تەحلیلى ناڕەواى بۆ نەهۆننەوە، من لەبرى حكومەت و وەزارەتى دارایى فلس و دینارى ئەو بودجەیەتان بۆ ساغ ئەكەمەوە كە چۆن چۆنى خەرج ئەكرێت ،ئەوجا بزانم هەر هەمووتان سەدو هەشتا دەرەجە پێچ ناكەنەوە و پەشیمان نابنەوە و كالەك و شوتى و كالیاریش بەئەژنۆى خۆتان ناشكێنن لەبەرامبەر ئەوە تۆمەت و بۆختانانەى بۆ ئەو مەسئولە فریشتەو پەپوولانە هەڵتان بەستوە. فەرموون وەرن لەگەڵما با سەرپێى بەچەند خاڵێك بۆتان بەیان كەم:
1- هەموو دەزانن كە حكومەتەكەمان ساوایە، ساواش لە گەورە ئەرك و مەسرەفى زۆرترە ئەوە دایبى، شیر ،جۆلانە، كرێمى هین چەوركردن،جل وبەرگ و سیریلاك، لەعابەو میكانۆ وتۆپ و بووكە شوشە ،مەسروفاتى عیدمیلاد و پارەى عیادە و دكتۆر بۆ نەخۆشى و كورە نازانم هەزاران شتى دیكە، بەخۆتان دەڵێم ئێوە هەمووتان تولف و جگە رگۆشەتان هەیە مانگى چەند بۆ ئەوانەخەرج ئەكەن. بەس بەویژدان بیڵێن؟ ئەمە بەشێكى بودجەیە باشە؟!
2- قوەتى عەسكەرى و جەیشى نیزامى و پۆلیس و ئاسایش و دیفاع مەدەنى و ئەوانى تر وەكو نان و ئاو بۆ ئێمە زەرورون، ئەوەتا رۆژانە ئەیبینن حكومەتى توركیا و ئێران حدودەكانمان قەسف ئەكەن ،بەئارەزوى خۆیان لەو مەنتیقانە تەراتێن ئەكەن، باشە ئەگەر جەیشێكى نیزامیمان نەبێت بۆ دیفاع خۆ بەنوێژى نیوەرۆ ئەمان كەن بەپۆڕى خوراو،تۆ حسابى ئێستا مەكە كە ئەوان هیچیان پێ ناكرێت و رەد فیعلیان نیە ،پۆلیس ناتوانێت دز وتاوانبار بگرێت،ئێمە حالیەن هاین لەژێر تەدریبدا بۆ ئەوە نزیكەى بیست بۆ سى ساڵمان ئەوێت تاكو فێرى سیلاح بەكارهێنان و علومى عەسكەرى ئەبین ئەبن ئەى خۆ ئەوەش بەگاڵتە ناكرێت تفەنگ وئەسبابى شەر و خواردن و جل وبەرگى ئەو حەشامەتە چەكدارە پارەى خەیاڵى ئەوێت،هەروەها مودەریبى ئەمریكى و بەریتانىیمان گەرەكە، ئەمەشیان لاى خۆت بە بڕێك پارە تەقدیر بكە
3- خۆ بیرتانە ئەو عانەى خەڵك لەخۆشیا هارببوو، بەفیتى تابورى پێنج و هەنێك وڵاتانى دراوسێ كردیان بە چ موزاهەرەو فەرتەنەیەك خەریك بوو حكومەت و ئەزمونەكەمان سەرەونگوم بكەن و قڵپى بكەنەوە، ئەى بۆ حیمایەى مونجەزاتى سەورە و سەلامەتى گیانى فەخامەتى رەئیس پێویستمان بە هێز و قووەت نیە ها ؟؟،ئەى قوەتیش خواردن و كەباب و مریشك و موكافەئەى ناوێت، تێڵاى ناوێت ،وانیە تو نیكاحت؟،ئەى خۆ ئەوانە بەماچ دەست ناكەون پارەى ئەوێت پارە،
4- توخوا بۆ شان وشەوكەتى حكومەتەكەمان ناشرین و عەیبە نییە كە كوڕى سەرۆكى هێژا(خوا بیپارێزێت) بچێت بۆ سەفرە سیاحەت دوو پولى لەگیرفانا نەبێت،یان خەڵك بەچاوى سووك وكەم سەیرى ناكات لەو دوبەى و قەتەرو خلیجە لەناو ئەو هەموو دەوڵەمەندەدا قومار نەكات و چەند ملیۆنێك دۆلار نەدۆڕێنێت. ناڵێن بەخوا وڵاتێكى دواكەوتون و هیچ لەعیلمى قومارو رەقێ و بادان نازانن.
5- سەرۆكى ئەنجومەنى وەزیرانێكمان هەیە هەر بەلێو ئەخورێت، ئەوەنە سادە وساكار و بێ فیزە هەرنەبێتەوە ، دائیمەى خوا وا لەناو خەڵكى هەژار و فقیر و نەدارا من دەیان جار بینیومە لە گیرفانى خۆى پارەى یاوە بە هەژاران، چەندین جار جل وبەرگ و پێلاوى خۆى داكەندوە و بەخشیویەتى بە شێت وناتەواوەكان، ئەى كە ئەو وایە بۆچ ئێمە پێمان ناخۆش بێت ئەگەرچەند سەد ملیۆنێك تەرخان بكات بۆ كردنەوەى موئەسەسەیەكى ئیعلامى، یان بۆ ئەوەى كوڕە بچكۆلەكەى شازادەى بەرێز تۆزێك كەیف و سەفا بەو پولانەوە بكات
6- هەموو ئەزانن لەوڵاتەكەماندا موعەدەلى خواى حەفلەو موناسەبات و جەژنە ئەوە یادى دامەزراندنى حزبەكەى خاتون، ساڵرۆژى شۆڕشى كولەكە، جە پاشتێلانەى كچەكەى كاك چاوخێل، شەكراو خواردنەوەى كوڕەكەى شێخ قەڵتاغ، لەدایكبوونى بەبە نازدارەكەى كاك سەرزل، ئەمانەوە زۆرێكى تركە لێرەدا ناكرێت یەك یەك باسیان بكەم، بەڵام بابزانن هەریەك لەوانە مەبلەغى قورس و گرانى ئەوێت، ئەگەر پارەى بودجە نەبێت چى دەرەقەتى دێت
7- لە سەرانسەرى دونیادا دكتۆرێكى وەكو خاڵە هۆرجۆن وڵاتى ئێمەى چووە بەدڵا و هاتوە بەمیوانیمان ،ئەى خۆ ناكرێت شەو لە مزگەوت بیخەوێنین و سێ ژمە نان وتەماتە و فەلافلى دەرخوارد بدەیت ، ئەوە بێجگە لەمەسرەفى خۆى ئەى بۆ پاراستنى رۆحى نابێت سى چل كەس حیمایەى بێت، یان ئەگەر رۆیشتەوە خۆ ئەبێت دە دوانزە دەفتەر گڵاى بەدیارى بەیتێ، خۆ ئەگەربێت وئەو میوانە بەرێزەمان بەگیرفان و دەستى خاڵى بڕواتەوە حەیاى هەموو كوردى هەر چوار پارچەكە ئەچێت ، رەنگبێت لەمەولا ئابڵوقەشمان بخەنە سەر و نەیەڵن دراماكانیان تەرجومەو پەخش بكەین، ئەمەیان ناو بنێن دەفعى بەلا.َ
8- ئەوەش نا هەموو ئاگادارن كە وەزعى عێراق چەند قۆڕە ،خەریكە حكومەتەكەیان فەشەل بێنێت و وەزعەكە بەرەو ئاقارێكى ترسناك بڕوات،كێ لەخەمى ئەو شتەدایە و هەوڵ دەدات بۆ چارەسەر و دەرچوون لەو میحنەتە تەبعەن مامەو كاكە ،بۆ ئەوەش زیافەت و نانخواردن وخەوتن و هاتۆچۆى تەیارە و سەیارەو حیمایە و ئوتێلى راقى خواردنەوە و شەوە ئاهەنگى ئەوێت، دە تۆ خۆت حسابى بكە بزانە كولفەى یەك رۆژى ئەوانە چەند ئەكات ئەوكاتە خۆت حوكم بە.
9- هەر وەزیرێك یان ئەندام پەرلەمانێك بێجگە لەمعاشەكەى مانگى لە دەفتەرێك كەمتر مەسرەفى نیە من نازانم بەڵام بەرێزت ئەتوانیت حاسیبەبگریت بەدەستەوە عەدەدەى ئەوانە زەربى یەك دەفتەر بكە، كەئەمە ئەیدات لەتایەكى بودجەكەمان
10- زیاتر لە دوو هەزار كەسمان هەیە كەهەنیًَكیان پێشتر ئەندام پەرلەمان و وەزیرو وەكیل وەزیر بوون بە پارەیەكى پاش تەقاعود بوون،هەروەها یەك دنیا كەسى تریش شك ئەبەم كەلەبەرخاترى حیزبەكانى ئەملاو ولا بە عینوانى وەزیر و شت تەقاعود كراون ئەوانیش یەك لەسەر چوارى ئەو بودجەیە بۆخۆیان عافێت ئەكەن

11- تونێلى پێشرەو خەستەخانە 400 قەرەوێلەیەكە و جەزرە وەستیەكەى شەستیەكەو رێگەى تاسڵوجە، چەندیان پارە ئەوێت بۆ تەعمیر وتەواو بوون، كە مەعلومى جەنابتانە هەرهەمووى پارەى گەرەكە ،خۆ كەس نایات لەراهى خوا بەبەلاش ئەو ئیشەمان بۆبكات باقڵم ئەڵین پارەى ئیدامەو تەعمیرەكەى لە تەئسیسەكەى زۆرتر ئەخوات
12- عەیب نیە وڵاتانى دراوسێ بە چاوى كەم سوك ونەخوینەوار سەیرمان بكەن ،خۆشى خۆشى خۆمان بەحكومەت ئەزانین ئەى ناكرێت بۆ دەرخستنى روی گەش و جوانى سەركردەو مەسئولەكان كەناڵى راگەیاندن چەند رۆژنامەیەكى رۆژانەى وەكو (كوردستانى نوێ و خەبات و هەولێر)و چەندین كەناڵى تەلەفزیۆن و سەتەلایت مان هەبێت ؟؟ راستە رۆژانە بڕێكى زۆر پارەیان بۆ خەرجدەكرێت لەسەر میزانیەى حكومەت وە هیچ دەورو تەئسیریشیان نیە ،بەڵام بۆ ئەوەى دوژمنان و ناحەزان شەق بەرن بەكوێرایى چاوى دوژمن هەر هەبێت باشترە.
13- منیش لەگەڵتاندام ئەزانم كە لە حدودەكان و بیرە نەوتەكان و پارەى داهاتى ئاو و كارەباو باج بڕێكى زۆر زۆر داهات هەیە، ئەچێتە بانكەكانەوە ئەزانم ئێستا ئەلًَێیت ئەى ئەوانەچى لێدێت؟ بۆ كوێ دەچێت؟ ئەوەیان لەبراى خۆتى وەربگرە و حەزئەكەیت سوێند وقورعانت بۆئەخۆم كە چۆن خەرجدەكرێت، بەشێكیان بۆ مەكتەب سیاسى و سەركردایەتى و كۆمیتەو لق چڵى ئەملایە وئەولایە، خۆ ئەو ئەندامە قوربەسەرانە هیچ معاش و هاوكاریەكیان نیە، ئەى نابێت لەو داهاتە دوو دیناریان بەینى بۆ مەسروفاتى ماڵ و مناڵیان؟ یان ئەگەر كاك بێ بار ویستى بچێت بۆ خاریج بۆ بۆیاغكردنەوەى قژى یان بۆ عیلاجى نەخۆشى ئایدزەكەى لەكوێ پارەى بۆ تەئمین بكەین؟ غێر لەو پارەیە، یان ئەها خۆ دیتوتانە كاك چڵكن لەلادێكەى خۆیان ڤێلایەكى دروست كردووە ئاو و كارەباى نوقسانە زەروریشە بۆى تەرتیب بكرێت ، ئەویش خۆ هەرئەبێت لەسەر هەمان حسا بێت.
گوڵ و دڵەكەم دەستم بشكێت كە لەحساب و بیركاریا كۆڵم ولەزەرب و تەقسم و ئەوانەیا زۆر سەرى لێدەرناكەم ئەگینا ئەهاتم فلس بەفلس بەوردى و دیقەت بۆم حساب ئەكردن قەناعەتتان هەبێت لەسەرى قەرزار ئەبونەوە ئەوكاتە ئەتان زانى كە ئەو مەسئول وبەرپرسە ئێسك سووكانە چەنێك دەست پاك و نەزیه و بەویژدانن و فێڵ و حەرام وتەڵەكەو ساختە هەر نازانن ، من ئێستا هیچ ناڵێم بەڵام لە موستەقبەلێكى نزیكا خۆتان ئەو راستیانەتان بۆ مەعلوم ئەبێت ،ئەوكاتە هەر هەمووتان هەست بە پەشیمانى و غەدر و ناهەقى ئەكەن لەسەر ئەو بوختان و شتە هەڵبەستراوانەى داوتانەتە پاڵیان، ئەوكاتەش بەردەرگاى ماڵیان وەكو ماڵى شێخەكەكەى ئەوبەرمان بەرناكەوێت هەموومان پۆل پۆل ئەچین بۆ گەردن ئازادى و لێ خۆش بوون لەبەرامبەر ئەو تۆمەتانەى داومانەتە پاڵیان.




نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە