ئەگەر خاوەندارێتی لە چیایەك نەكرێت ،دەوڵەت چۆن دەپارێزرێت؟!!!
Friday, 19/08/2011, 12:00
ئەگەر ئاوەڕێك لەمێژوی خەبات وتێكۆشانی گەلی كورد بدەینەوە ئەوەمان بەرچاودەكەوێت كەهەمیشە هاوتەریبی شۆرَش وبەرخۆدان وسەركەوتنەكان ، پیلانگێڕی دوژمنان و پەرتەوازەیی كورد و شكست و تراژیدیا بونیان هەبووە، ئەوەی جێگەی ڕەخنەوهەڵوەستە لەسەركردنە ئەوەیە كە لەو سەدان ساڵەی رابردوودا كەپڕ لەهەورازو نشێوە هیچ ئەزمونێك وەرنەگیراوە ، لەكاتێكدا رێگەی سەركەوتن بەسەر شكستەكاندا و پوچەڵكردنەوەی پیلاگێڕییەكان وەك رۆژی روناك لەبەچاوە، بەڵام بەردەوام ئەوەی بەربەست و لەمپەر بووە لەپێش گرتنەبەری رێگای راست ودروست بۆ گەیشتن بە ئامانج و سەركەوتنی یەكجاری ، تەنها بەرژەوەندی تایبەت بووە كە بەرژەوەندییە گشتییەكانی كردووە بەقوربانی ، بەڕاستی جێگەی سەرسوڕمانە ئایە بۆ دەبێت لەم نیشتمانەی ئێمەدا هەردەم مێژو دوبارە بكرێتەوە ؟! ئێستا كوردستان لەبەردەم تاقیكردنەوەیەكی دیكەی مێژویی زۆر گرنگ و هەستیار دایە ، هەل ودەرفەتێكی زێرین هاتۆتەپێش بۆ سەرجەم گەلی كورد لەكوردستانی مەزندا ، هەروەك و چۆن لەسەدەی رابردوودا نەخشەی جیهان گۆڕانی بەسەرداهات وبەشێك لەمافخوراوان بەمافەڕەواكانی خۆیان گەیشتن ، هاوكات داگیركاری نیوەدەوڵەتیش بەشێوازەكەی رابردوو كوتایی پێهات ، ئیستاش بەشێوازێكی دیكە جیهان لەگۆڕانكاریدایە بەتایبەتی رۆژهەڵاتی ناوین لە بەردەم گۆڕانكاریەكی نوێدایە و كاتی هەرەس هێنانی بتەكانی ستەمكاریە ، بێ گومان گەلی كوریش پشكی ئەوگۆڕانكارییەی بەردەكەوێت ئەگەربەئامادەكارییەوە پێشوازی لە رووداوەكان بكات ئەنجامێكی ئەرێنی (پۆزەتیف) بەدەست دەخات ، ئەگەرهەروەك ورابردوو بەپەرتەوازەیی وتێروانینی جیاوازو لەبەرچاوگرتنی بەرژەوەندی تابەت مامەڵە لە گەڵ پێشهاتەكاندا بكات ئاشكرایە كە مێژوو بەسەرخۆیدا دووبارەدەكاتەوە و ئەنجامەكەشی هەروەك رابردوو نەرێنی (نەگەتیف) دەبێت ، لەكاتێكی وادا مەحكوم كردنی ئیمپرالیزمی نێودەولەتی و داگیركەرانی كوردستان و دوژمنان و نەیارانی كورد جگە لە بۆڵە بۆڵێكی بێ بەها و كوتانی ئاسنی سارد هیچی دیكەنییە ، جونكە لەدەستدانی دەرفەت بەئەنقەست و بۆ خاتری بەرژەوەندی تابەت هیچی لەخیانەتی مەزن كەمتر نییە، ئەوهەل و دەرفەتەی كە دێتە پێش چارەنوسی نەتەوەیەكی بەخۆیەوەپەیوەست كردووە كە تەنها لە مێژوی هاوچەرخدا دەیان ساڵە قوربانی ئەبخشێت بۆئازادی و سەربەخۆیی و لەبەرامبەر هەمو ستەم وتاوان و نەهامەتی و ماڵ وێرانییەكدا خۆڕاگربووە و هەبونی خۆی پاراستووە، گومان لەوەدا نییە ئەورووداوانەی بەسەرگەلی كورد دا هاتووە لەرابردوودا هەگیز گەل لێی بەرپرسیار نەبووە ، بەدەر لە بارودۆخی هەرێمی ونێودەوڵەتی بەرپرسیاری سەرەكی خودی سەركردەو بەرێوەبەرانی شۆڕش و سەرهەڵدانەكانی كوردستان بوون، خاڵی سەرەكی بەپرسیارییەكەش ئەوەیە كە سەركردەكانی كورد هەمیشە بەئەو قەدەرە رازیبونە كە دوژمنان بەسەریاتدا سەپاندویانە، لەسەد ساڵی ڕابردوودا بەتایبەتی لەدوای دابەشكردنی كوردستان بەسەرچوار دەوڵتدا زۆرترین شۆڕش وسەرهەڵدان لەپێناوی ئازادی و مافەرەواكانی گەلدا بەرپابووە لەهەرچواربەشەداگیركراوەكەی كوردستاندا ، بەڵام هیچ كاتێك بیرلەوەنەكراوەتەوە یان كاری بۆنەكراوە لەچوارچێوەی رێكخراوێكی نەتەوەیی دا بەبیروراجیاوازەكانیانەوە كۆبنەوە و بەڵێن بدەن كە بەرژەوەندییەكانی نەتەوەی كورد لەپێش هەمو بەرژەوەندییەكی ترەوە لەبەرچاوبگیرێت ، بەدرێژای مێژو ئەوە خاڵی لاوازی شۆڕشەكانی كورد بووە ، دوژمنانیش هەمیشە ئەوخاڵە لاوازەیان لەبەرچاوگرتووە و لەوێوە سەركەوتنی خۆیان لەپیلانەكانیاندا مەسۆگەركردووە، لای هەمووكەس ئاشكرایە ئەوچوار دەوڵەتەی خاكی كوردستان بەسەریاندا دابەشكراوە بەردەوام ناكۆكی لە نێوانیاندا هەبووە بەڵام سەبارەت بە دۆزی كورد خاوەنی یەك تێڕوانینن هەركاتێك دركیان بە ئەوەكردبێت شۆڕشی ئازادیخوازی كوردستان لە هەربەشێكی داگیركراودا بەئاراستەی سەركەوتندا دەڕوات ناكۆكی خۆیان وەلاناوەو هاوكارو پشتیوانی یەكتر بوون لەپێناوی ئەوەی كورد بەخواست وئامانجی خۆی نەگات، هەرچەندە دەیان نمونە لەهاوپەیمانی نێوان ئەو وڵاتانە بۆدژایەتیكردنی كورد بەدی دەكرێت، كەچی هەمیشە شۆڕشەكانی كورد بەخۆش باوەڕیەوە یەك لەودەوڵەتانەیان بەدوژمن زانیبێت ئەوانی دیكەیان بەدۆستی خۆیان زانیوە، بێ ئەوەی دەرك بەوە بكەن كە هیچ یەك لەووڵاتانەی كوردستانیان داگیركردووە جیاوازی لەنیوان كورد دا ناكەن و ئەگەر بەشێوەیەك هاوكاری لایەنێكی كوردی بكەن تەنها بۆبەرژەوەندی خۆیانەو هەركاتێكیش بخوازن یان وەكو مقاشێك بەكاری دەهێنن لەبەرامبەر لایەنێكی دیكەی كورد یاخود لەگەڵ وڵاتی دراوسێ مامەڵەی سیاسی پێوە دەكەن ، لەو بوارەشدا نمونەمان زۆرە كە هەریەك لە توركیاو ئێران وئێراق گەمەیان بە چارەنوسی كوردەوەكردووە و كوردیان لەبەرامبەر كورد بەكارهێناوە ، بەبیرهێنانەوەی ئەو روداوانەی ئاماژەی پێكرا گرێدراوی ئەم قۆناغەی ئەمرۆیە ئێستا گەلی كورد دوو رێیانێكی لە پێشدایە یان دەبێت خۆی گیرۆدەی قەدەر بكات وەك رابردوو هەربەشێكی كوردستانی پارچەكراو بەرژەوەندی تایبەت وحزبایەتی پارچەگەرێتی لەبەرچاوبگرێت، یان بۆیەكەمجار لەمێژوی خویدا رێگەی دووەم بگرێتەبەرو دەست بەرداری دەسكەوتەكاتییەكان بێت و بەرژەوەندی گشتی نەتەوەی كورد لەبەرچاوبگرێت و بەهەموبیروڕا جیاوەزەكانیەوە لەژێر چەترێكی نەتەوەیدا كۆبێتەوە و دەستبەرداری وڵاتان بێت و بەپشت وپەنای گەل و تەبایی و یەكڕیزی سەرجەم لایەنەكان رێی سەركەوتن بگرێتەبەر، ئێستا هەرچواربەشەكەی كوردستان بە پێواژۆیەكی هەستیاردا تێدەپەڕن ئەگەری سەركەوتن زۆرنزیكە هەرچەندە پیلانی دوژمنانیش زۆر بەچڕوپڕی كاری بۆدەكرێت ، هەروەك چۆن رژێمی ستەمكار وداگیركاری سەرباشوری كوردستان هەرەسی هینا ئێستاش هاوشێوەكەی كەبەعسی سوریایە و داگیركاری رۆژئاوی كوردستانە لەپەلەقاژەی مەرگدایەو هەرەس هێنان وداروخانی نزیكە، لەباكوری كوردستانیش سەرەڕای دڕندەیی دەسەڵاتدارانی تورك گەلی كورد گەیشتووە بەئاستێك كە چاوەروانی سەركەوتنی زۆرمەزنی لێدەكرێت، هەنگاوی یەكەمی ئەوسەركەوتنەش لە ناوەڕاستی مانگی حەوتدا نرا و خۆبەڕێوەبەری دیموكراتی راگەیاندرا گەلی كوردیش بەخۆپیشاندانی جەماوەری پێشوازییان لەو بڕیارەمێژوییەكرد، ئەوەی دەمێنێتەوە رۆژهەڵاتی كوردستانە هەڵبەتە دەسەڵاتداروداگیركاری ئەو بەشەی كوردستان كەرژێمی كۆماری ئسلامی ئێرانە لەژێرفشاروگەمارۆی نێودەوڵەتیدایە ، لەهەمان كاتدا شۆڕش و بەرخۆدانی كورد بە فكروفەلسەفەیەكی نوێوە بەئەزمون وەرگرتن لەشێوازی خەبات و تێكۆشانی باكوری كوردستان گەیشتووە بەئاستێكی زۆرباش و بەردەوامیش لەگەشەسەندن دایە، هەمو ئەم روداو و پێشهاتانە دەمان گەیەنێت بەوئەنجامەی كە لەهەركات زێدەتر كورد پێویستی بەیەكڕیزی و تەبایی و هاوهەڵوێستی هەیە بۆ پاراستنی دەسكەوتەكان و گەیشتن بەئامانجی سەرەكی كە بۆ ئەم سەردەمە ئازادی بیروڕاو مافی نەتەوەیی وفەرهەنگی وسیاسی وخۆبەرێوەبردنە بەشێوازێكی دیموكراتیانە، هەرچەندە هیوایەك هەیە بۆئەوەی تەواوی لایەنە سیاسیەكانی كوردستان لە كۆنگرەیەكی نەتەوەیدا بڕیار لەسەرچارەنوسی گەلی كورد بدەن، بەڵام ئەوەی جێگەی نیگەرانییە ئەوەیە كە تائێستا ئەومژارەگرنگە نە لەلایەن پارت ورێكخراوە سیاسیەكانەوە نە رێكخراوەكانی كۆمەڵگەی مەدەنی نە رۆشنبیران نەكراوە بەرۆژەڤ و هیچ كارێكی جدی بۆنەكراوە ، لەكاتێكدا پێویست بو سەرجەم ئەولایەنانەی ئاماژەم پێكرد ئێستا لەكاروخەباتدا بن بۆئەوەی رای گشتی شەقام لەگرنگی ئەوكۆنگرەیە ئاگاداربكەنەوە و كۆدەنگی خەڵكی كوردستان بۆ ئەو مەبەستە ئامادەبكەن ، لەراستیدا تێگەیاندنی هاوڵاتیانی كوردستان لەگرنگی ئەكۆنگرەیە پشتگیری وپشتیوانییەكی زۆر بەهیز دەبێت بۆسەركەوتنی كۆنگرەكە، ئەگەر لایەنە سیاسیەكان بەهەربیانو و هۆكارێك خۆیان لەو ئەركە بەدورگرتبێت بەهەرحاڵ، ئەی تۆبڵێی رێكخراوەكانی كۆمەڵی مەدەنی یاخود بەتابەتی رۆشنبیران پاساویان چیبێت كە بەهیچ شێوەیەك خۆیان نزیكی ئەو بابەتە ناكەنەوە؟ لەراستیدا رۆشنبیران بەرلەهەموكەسێك درك بە مەترسییەكان دەكەن و لەهەمان كاتدا رێگەچارەی گونجاویش بەدیدەكەن ورۆڵ وكاریگەریشیان هەیە لە بەرۆژەڤ كردنی هەر باس وخواسێكدا ، پێویستە ئاماژە بەوەبكەین كە ئێستا چاوەروانی ئەوەدەكرێت كورد لەكۆنگرەی نەتەوەیی خۆیدا نەخشەرێیەك بخاتە پێش چاوی رای گشتی بۆ چارەسەركردنی كێشەكانی لە گەڵ وڵاتانی پەیوەندی دار، هێشتا ئەوكارەنەكراوەو ئەنجامەكەی نازانرێت چۆن وچی دەبێت ، كەچی لە باشوری كوردستان لە هەندێك میدیاوە بابەتی دەوڵەتی سەربەخۆی كوردستان دەكرێت بەرۆژەڤ و گفتوگۆی لەبارەوە دەكرێت ، بێگومان دەوڵتی سەربەخۆ خواست و خەونی هەمو كوردێكە ئەگەرچی سەركردەكانیش بەخەونی شاعیرانەی بزانن، بەڵام برسیارەكە ئەوەیە ئایە كام دەوڵتی سەربەخۆ ؟ ئایە ئەودەوڵەتەی باسی دەكرێت چەند لەروبەری جوگرافیای كوردستان لەخۆدەگرێت؟ ئایە لەم كات وساتەدا دەرفەتی ئەوە هەیە هەرچواربەشەكەی كوردستان یەك بخەینەوەو دەوڵە تێكی سەربەخۆ دامەزرێنین؟ یاخود قسەلەسەر باشوری كوردستانەو بەنیازین سێ پارێزگا بكەین بە دەوڵتی سەربەخۆ؟ ئەگەرمەبەست لە سێ پارێزگاكەبێت كەئێستا شێوەسەربەخۆییەكی هەیە و تەنها یەك لەدەی پارێزگاكانی كوردستانە ئەوە نەك نابێت بەدەوڵەت بەڵكو دەوڵەتۆكەش نیە، ئەگەر گفتوگۆكەش بۆدەوڵەتێكی راستەقینەیە كەسەرجەم خاكی كوردستانی گەورە لەخۆبگرێت ئەوەش پێویستە لە كۆنگرەی نەتەوەییدا گفتۆی لەسەربكرێت وبەكۆدەنگی بڕیاری بۆبدرێت، لەو بڕوایەدام لە هەركەس زیاتر ئاواتەخوازی دەوڵتێكی سەربەخۆی خاوەن سەروەری ودیموكراسی و پێشكەوتوی كوردستانم ، بەڵام ئەگەر تەنها بۆ سێ پارێزگای باشوری كوردستان راپرسی بكرێت بۆ بەدەوڵەت بون بێ دوودڵی بەنەخێر وڵام دەدەمەوە، لە كۆتایدا دەمەوێت ئاماژە بەوەبكەم باشوری كوردستان بیست ساڵە نیمچەسەربەخۆییەكی هەیە هەمان كات بەشێكیشە لە دەوڵەتی ئێراق ، ئایە تائێستا چەندجار لەلایەن وڵاتانی دراوسێوە سنورەكانی بەزێنراوەوە بێ رێزی بەسەروەریەكانییەوەكراوە؟ ئایە هیچ بەربەستێك هەبووەوهەیە بۆئەوەی رێگە لەدەستدرێژیەكانی دوژمنان بگێرێت؟ ئایە رازیكردنی دڵی دوژمنان وپاراستنی بەرژەوەندیەكانیان سەربەخۆییەیان بندەستی وكۆیلایەتی؟ باشترین ونوێترین نمونە كەزیاترلە مانگێكە بەردەوامە تۆپباران ودەسدرێژیەكانی ئێرانە بۆ ناوچەسنوریەكان بەتایبەتی چیای قەندیل، ئایە لەبەرامبەر ئەودەستدرێژیەو هەمو دەستدرێژیەكانی رابردوو چی كراوە بۆپاراستنی ئەم هەرێمە نیمچەسەربەخۆیە؟ ئێستا ئێران بەئاشكرا ئاماژەبەوە دەكات كە چیای قەندیل خاڵی هەستیاروگرنگی كوردەو پێویستە دەستی بەسەردابگێرێت، ئایە چی وڵامێك هەیە بۆ ئەوهەڕەشەیەوچی ئامادەكاریەك بۆرووبەرووبونەوەی ئەوداگیركاریە لە لایەن هێزەكانی باشوری كوردستانەوە بەدیدەكرێت؟!! پێویستە خۆمان لەوراستیە بەهەڵدا نەبەین ئەگەرخاوەندارێتی لە چیایەك نەكرێت هەرگیز دەوڵەتێك ناپارێزرێت،،
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست