خوێنی شوان ئەحمەد لە ئەستۆی رەئوف بێگەرد و دەسەڵاتی یەکێتیدایە
Tuesday, 06/07/2010, 12:00
ماوەیەکە شوان ئەحمەدی نووسەر و رەخنەگر بە کۆمەڵێک بەڵگەوە شەڕی ئاشکراکردنی گەندەڵیەکانی دەزگای چاپ و پەخشی سەردەم دەکات، ئەمەش بوێرییەکی گەورەیە، من لە یەکەم رۆژەوە بە وردی چاودێری رەوشەکە ئەکەم و هەموو نوسینەکانی شوان ئەحمەد و دەزگای سەردەم و نوسەرانی رەهەندم خوێندۆتەوە و ئەگەر چی شرۆڤەی خۆم هەیە بۆ ئەو دۆخە و لە داهاتوودا لە سەری دەنووسم، بەڵام هەموو ئەو نوسینانەم بە بەشێک لە ژیانی دیموکراسی و رەخنەگرتن و جیاوازی نێو دیموکراسی لەقەڵەمداوە بەڵام ئەم هەواڵەی ئەمشەو کە کوڕی رەئوف بێگەرد هەڕەشەی کوشتنی لە شوان ئەحمەد کردوە رایچڵەکاندم و مەرگی سەردەشتی بیر خستمەوە، من لێرەدا بە هەموو لایەکی رادەگەیەنم کە رەئوف بێگەرد و کوڕەکەی ، وە هەروەها دەسەڵاتی یەکێتی بەرپرسیارن لە ژیان و ئاسایشی شوان ئەحمەد و دڵۆپێک خوین لە لوتی شوان بێت ئەوان بەر پرسیارن
نابێت بە هیچ شێوەیەک ئەو هەڕەشەیەی کوڕەکەی رئوف بێگەرد بە سادەیی و ئاسانی وەربگیرێت ، نابێت رۆشنبیران و لایەنگرانی ئازادی و دیموکراسی ئەمە قەبوڵ بکەن ، لە سەروو هەموو شیانەوە نابێت ئاسایشی یەکێتی ئەو هەڕەشەیە بە سانایی و سادەیی قەبوڵ بکات و ئەبێت بە زووترین کات ئەو هەڕەشەکەرە دەستگیر بکرێت و لێکۆڵینەوەی لەگەڵدا بکرێت
من بەلامەوە سەیرە رێبین و گروپی رەهەند لەسەر کوشتنی سەردەشت شیوەن دەگێرن بەڵام شوان لە مەترسیدایە و نقەیان لە خۆیان بڕیوە ، ئەوان بە ناوی پاراستنی جیاوازییەکانەوە ساڵەهای ساڵ مۆڵگەی گەشەکردنی سەلەفییەت بوون بەڵام ئەمڕۆ بەرگری نەک لە ئازادی بەڵکو لە ژیانی هاورێیەکی خۆیان ناکەن، شێرکۆ بێکەس و رئوف بیگەرد بۆ کوژرانی سەردەشت شیعر و شانامە دەنوسن بەڵام زەمینەی کوشتنی شوان ئامادە دەکەن، سەیرە بزووتنەوەی گۆڕان بۆ کوژرانی سەردەشت و ئازادی رۆنامەنووسی دوو مانگە ماکینەیەکی گەورەی ئیعلامی و سیاسییان بەرێخستوە کەچی لەمەڕ شوان بێدەنگن کە لە ژێر قورسترین زەختتدایە و بگرە لە مەترسیدایە ، ئەمڕۆ ئەم هەڕەشەیە لە شوان کراوە سەرەتایەکی مەترسیدارە و ئەبیت بە توندی رەت بکرێتەوە ، ناکرێت هەموو عەشایەر و دەماگیرێک هەڕەشەی کوشتن لەم و لەو بکات و باکی بە کەس نەبێت ، بۆ رەئوف بێگەردی چیرۆک نووس و هەستناسکیش شەرمەزارییە کە کوڕێکی وای هەیە ، دەبێت رەئوف بێگەرد موحاسەبەی خۆی بکات کە کوڕێکی وای پەروەردەکردوە هەڕەشەی کوشتن لە خەڵک ئەکات، دەبێت شەرم لە خۆی بکات کە کوڕێکی وای هەیە ئامادەیە وشە بە گوللە وەڵام بداتەوە
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست