کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


ئیخوان وەك بەڵتەجە

Friday, 07/12/2012, 12:00







ئیخوان نزیك بە سەدەیەك وەك نەیارێكى دەسەڵات لە میسردا درێژەى بە ژیانى سیاسى خۆى داوە. چەندان جار كارى كردووە تا دەسەڵات بەدەستەوە بگرێت، لەگەڵ دەسەڵاتدا كەوتۆتە جەنگو بەرەو رووبوونەوەى سەختو هەوڵى تیرۆركردنى سەرۆكەكانى داوە، قوربانى زۆرى داوەو ژمارەیەكى زۆرى لێخراوەتە زیندانەكانەوە، كارى نهێنىو ئاشكراى كردووەو بەشێوەیەكى گشتى دەتوانین بڵێین كە مێژووى نوێى میسر بەشێكى بەنوسینەوەى مێژووى ئیخوانو ئیسلامى سیاسى دەست پێدەكات.
دواى 83 ساڵى لەكارى بەردەوامى ئیخوانەكان سەرەنجام بەهارى عەرەبى زەمینەى زیندووبوونەوەو سەركەوتنیان بۆ سەر كورسى دەسەڵات فەراهەمكرد، لە هەڵبژاردنەكاندا براوە دەرچوونو پۆستى سەرۆكایەتى ئەو وڵاتەیان برد. گەرچى ئیخوان لەمیسرى سەردەمى پێش شۆڕشدا بەڵایەك بووە بۆ نووسەرانو ژمارەیەكى زۆریان كەوتوونەتە بەر رەحمەتى ژەقۆى ئەوان، هەڕەشە بوون بۆ سەر ژنانو زۆر جاریش مایەى كارەسات بوون بۆ ئەوانەى كە سەردانى ئەو وڵاتەیان كردووە، بەڵام بەشێوەیەكى گشتى ئەوان وەك بەشێك لە نەیارانى دەسەڵاتى دیكتاتۆرى بەژمارهاتوونو ئەمەیش ئەو بەهایەى بۆ دروست كردوون كە لە سەردەمى شۆڕشدا وەك بەشێك لە شۆڕش سەیر بكرێن، بە دەربڕینێكى تر ئەگەر گونجاوبێت دەتوانین بڵێین لە زەینى گشتیدا ئەوان وەك شۆڕشگێڕ سەیركراون، هەر ئەمەش وایكردووە لە هەڵبژاردنەكاندا زۆرترین دەنگو پشتیوانى بۆ خۆیان بەدەستبهێنن.
بەڵام ناڕەزایەتییەكانى ئەم چەند رۆژەى میسر دۆخێكى نەخوازراوى بۆ ئیخوانەكانو ئیسلامى سیاسى میسر هێنایە پێشەوە. كاتێك سەرۆكى نوێى میسر ویستى دەستور بە ویستى خۆى دابڕێژێتەوەو یەكەمین ئاماژەكانى قۆرخكردنى ئەنجامەكانى شۆڕشى دەرخست، میسر جارێكى تر بووەوە بە ئاگرى ناڕەزایەتىو مەیدانى ئازادى بووەوە بە شوێنى كۆبوونەوەو خرۆشانو بەرزكردنەوەى دەنگى نا بە رووى كەسانێكدا كە خەریكە ژیانى سیاسىو كۆمەڵایەتى میسر تاریكتر دەكەن.
سەرەتا ئاراستەى ناڕەزایەتى بەرەو رووى دەسەڵاتى دەوڵەت و سەرۆكایەتى میسر كرایەوە، حكومەتى ئێستا هەوڵیدا خۆى بەرەنگارى ئەو ناڕەزایەتیانە بێتەوەو كارەكەى وەك جۆرێك لە هەوڵى ئاشوب ناساند، كاتێك ناڕەزایەتییەكان فراوانتر بوون وەك هەوڵێك بۆ گەڕاندنەوەى دەسەڵاتى پێشووى میسرو وەك كارى لایەنگرانى موبارەك تۆمەتبار كرا، كار گەیشتە ئەوەى هێزەكان خرانە ئامادە باشییەوە بەو ئومێدەى پۆلیسو هێزە چەكدارەكان ئومێدێك بن بۆ راوەستاندنى ئەو خۆپیشاندانانە، ئەم هەوڵەیەش بێئومێدانە بوو، چونكە زۆر زوو ئەو هێزانە نا ئامادەیى خۆیان بۆ بەرەورووبوونەوەى خەڵك دەرخستو دەسەڵاتى ئێستاى میسریان تێگەیاند كە ناتوانێت پشتیان پێبەستێت.
میحنەتى ئیخوان لێرەوە دەستى پێكرد كاتێك كە ناچاربوو خۆى وەك پارێزەرى دەسەڵات دەربكەوێتو هەموو توانا بەشەرىو مەعنەوییەكانى خۆى بخاتە كار تا بتوانن ئاپۆرەى ناڕەزایەتى كەمو كزتر بكاتەوە، ئەوان كەوتنە ئەو بەرى ناڕەزایەتییەكانو بەكردەوە لە بەرامبەر جەماوەرێكى فراوانى خەڵكدا هێزى خۆیان هێنایە سەر شەقامەكانو كار بە رادەیەكیش گەیشت كە فتوانى حەڵاڵكردنى خوێنى خۆپشاندەران دراو بەرگرى لەدەسەڵاتى مورسى وەك جیهاد ناوبرا.
دەركەوت كە ئیخوان هێزێكى سیاسى دووربین نییەو لەكاتوساتێكى لەبارنەبوودا ویستى كودەتا بكات. لەكاتێكدا ئیخوان یەكێك بووە لەبەژدارانى روخاندنى دەسەڵاتى موبارەك، بەڵام دەیەوێت وەك تاكە هێز بەرهەمەكان بچێنێتەوەو سەركەوتنى لە هەڵبژاردنەكاندا قۆستەوە بۆ ئەوەى بەشێوەیەكى تەواو و ئەم جارە لە سەرەوە بەرنامە تایبەتییەكانى خۆى نەك بەرنامەیەك كە مورسى لە هەڵبژاردنەكاندا رایگەیاندبوو، جێبەجێ بكات.
كۆمەڵگاى میسرى دەتوانێت بوار بداتە ئیسلامییەكان تا بەڕێوەبردنى وڵات ئەزموون بكەنو بەڕاستیش بوارى پێدان، سەرۆكایەتى حكومەتى پێدان، گوێى بۆ بەڵێنەكانیان گرتو چاوەڕرێشى كردن، بەڵام كاتێك دەبینێت بەڵێن دەبێتە بڵقى سەر ئاو، كاتێك كە دەبینێت بەكردەوە هیچ چاكسازییەك ناكرێتو سەربارى ئەوەیش لەسەرەوە كار لەسەر بەرتەسكردنەوەى ئازادییەكانو بە ئیسلامیزەكردنى كۆمەڵگا دەكرێت لە دۆخێكى وادا كۆمەڵگاى میسرى ئیخوانو ئەو ئیسلامیانەى لەگەڵ بەڵێنو پەیمانەكانى خۆیاندا ئەمین نەبوون ئاگادار دەكاتەوە كە سنورێك بۆ كارەكانیان دابنێن، ئیخوان بە راستى ئەو ئاگادارییەى پێگەیشت، بەڵام گوێى پێنەدا تا كار گەیشتە ئەوەى جارێكى تر كۆشكى سەرۆكایەتى كراوەیە ئامانجو سەرۆكى تازە هەڵبژێرراو لە ترسى جەماوەر ناچار دەبێت لە كۆشك هەڵبژێت، ئیخوان كە دەیتوانى وەك هێزێكى سیاسى میسرى رۆڵى سیاسیانەى خۆى بگێڕایەو بەو ئاسانییە خۆى نەكردایەتە دووژمنێكى سەرسەختى خۆپیشاندەران، بەڵام ئەمەى نەكردو لە راستیدا كەوتە سەنگەری پاراستنى دەسەڵات لەهەر ناڕەزایەتییەكو هەستا بە گێڕانى ئەو رۆڵەى پێشتریش لە شۆڕشى میسردا بەڵتەجییەكان بۆ موبارەك گێڕایان، ئێستا ئیخوان هێزێكى نەیارى 83 ساڵەى دژ بە دەسەڵات نییە، بەڵكو هێزێكى بەڵتەجى چەقۆكێشەو كار دەكات بۆ ئەوەى شۆڕشى میسر بدزێت. ئیخوان هەر لە ئێستاوە باجەكانى ئەو هەڵوێستەى دەداتو تەنانەت ئەگەر لەم روداوانەش رزگارى بێت هێشتا ناتوانێت قەرەبووى ئەوە بكاتەوە كە ئیتر دەسەڵاتى ئەوانو دەسەڵاتى ئیسلامى سیاسى خۆى مایەى كارەساتەو خۆى بووەتە ئامانجى جەماوەرێكى فراوانى ناڕازى، بەدڵنیاییەوە ئیخوان تەنیا لە میسردا ئەم باجە نادات، بەڵكو لەسەرجەم رۆژهەڵاتى ناوەڕاستدا دەبێت بیدات، ئەمەیە ئەنجامى بە بەڵتەجەبوونى هەر هێزو ئایدیۆلۆژیایەك.

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە