ووڵات
Wednesday, 04/04/2012, 12:00
دۆستانی هێژا، دەستەی نووسەرانی کوردستانپۆست
لە ساڵی ١٩٩١ لە شاری ڤیەننای پایتەختی ئوتریش (نەمسا) ئاهەنگێکی رەسمی دەوڵەتی ئوتریش ساز کرا، بۆ پشتگدیری لە گەلی کورد و دژایەتی بەکۆمەڵ-ڕەدوونانی
میللەتی کورد لە لایەن ڕژێمی ئەوسای عێراقەوە. لەو ئاهەنگەدا سەرەک کۆماری ئێستای ئوتریش هاینتز فیشەر (کە ئەو کاتە هێشتا سەرەک کۆمار نەبوو، بەڵکو سەرۆکی پەرلەمانی ئوتریش بوو) ووتارێکی بەسۆزی بۆ پشتیوانی لە گەلی کورد خوێندەوە و ئاهەنگەکەی کردەوە. منیش لەو ئاهەنگەدا ئەم شیعرەی خوارەوەم بە زمانی ئەڵمانی خوێندەوە. پاشان تەرجومەم کرد بۆ کوردی. واتە شیعرەکەم لە سەرەتادا بە زمانی ئەڵمانی نووسی. لێرەدا دەقە کوردیەکەتان بۆ ئەنێرم بۆ بڵاوکڤدنەوە.ـ
لەگەڵ ڕێز و سەڵاودا
ووڵات
لێیان پرسیم، كە خەڵكی كوێم؟
ووتم كوردم
- كورد؟ .... كورد!!!!
پرسیار، سەرسام
دووبارە خۆی هاویشتەوە ناو گوێی مەرام
- كورد چیە؟ .... ئایینە یان خێڵ؟
تیرەیە یان دەستە و هۆزەك؟
ووتیان خەڵكی كام ووڵاتی؟
كامە دەوڵەت،
كام حوكومەت هینی تۆیە؟
لە سەر نەخشە، كام سنووری سیاسی
دەوری خاكی تۆی داوە؟
ئاڵاكەتان شێوەی چۆنە؟
وەڵام !!! ... مردوو!
وەكو دەنگی شەرابردوو
بەڵام خەون زیت و زیندوو:
- ووڵاتەكەم "كوردیا" یە
پایتەختەكەی "كوردۆپۆلیس"
ووڵاتەكەم كۆئاوێتەی بەفرو چیایە
پەرستگایە بۆ ئاشتیەك
بە دەروازەی ڕووی مێژوودا لە خاچ دراو
ئاڵاكەی سوورێكی خوێنباو
لە ناوەندیا
كۆترێكی سپی ئاشتی
چڵێ سونبول لە دەنووكیا،
ووڵاتەكەم بێ سووپایە
چوون گەلەكەی شەڕخوا نیە
ووڵاتەكەم "كوردیا" یە
پایتەختەكەی "كوردۆپۆلیس"
ڤیەننا ئەیلوولی ١٩٩٠
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست