کاتێک نەفامێک قەڵەم، جەلادێک چەک و خائینێکیش دەستەڵات دەگرنە دەست، نیشتیمان دەبێتە جەنگەڵستانێک بۆ ژیان دەست نادات..(دکتۆرمستەفا السباعی).


بێكاری..مۆتەكەی یەخەی دەرچووانی زانكۆ و پەیمانگاكان

Sunday, 02/12/2012, 12:00






لەهەرێمی كوردستان بێكاری بۆتە مۆتەكەیەك و یەخەی بەشی زۆری لە تاكەكانی هەرێمی گرتووە و بێ‌ پلانی حكومەتیش گرفتەكەی قوڵتركردۆتەوە ، ساڵانە هەزاران قوتابی لەزانكۆ و پەیمانگاكان خوێندن تەواودەكەن ،بەڵام دوای تەواوكردنی خوێندنەكەیان مۆتەكەی بێكاری یەخەیان دەگرێت و زۆرینەشیان چاویان لە دامەزراندنە ئەگەر بەمووچەكی كەمیش بێت ئەوا هەر لایان باشترە لەكەرتی تایبەت بەبیانووی ئەوەی دامەزراندن لەدامەزراوەكانی حكومەت پاشەڕۆژێكی ڕوونی هەیە ،



لەزۆرێك لەفەرمانگەكانیش حكومەت گیرۆدەی دەستی زۆری فەرمانبەرە و لەڕابردوودا هیچ پێوەرێك نەبووە بۆ دامەزراندنی فەرمانبەران و دابەشكردنی بەسەر دامودەزگاكاندا ، لەم چەند ساڵەی ڕابردوو بەتایبەت لەكاتی دوو ئیدارەیی بەلێشاو فەرمانبەریان دادەمەزراند بێئەوەی هیچ كارێكی ئەوتۆیان پێبدرێت تەنها دامەزراندن و پێدانی مووچە بوو ،



بۆئەوەی لەكاتی هەڵبژاردنەكان دەنگێكیان زیاتر بێت . كاریگەری ئەو سیاسەتە هەڵەیە لەئێستادا دیاركەوتووە كەبەرپرسانی بواری دارایی و ئابوری هەرێم ئاماژە بەوەدەكەن لەسەدا شەست و پێنج بۆ لەسەدا حەفتای بودجەی ساڵانەی هەرێم بۆ مووچە دەڕوات لەم ناوەڕاستەشدا پشكی تایبەت بەر كادیرەحیزبیەكان دەكەوێت كەلەسەر بودجەی ئەم هەرێمە مووچەیان بۆدابینكراوە یاخود خانەنشینكراون و لەئێستاشدا بێكار دەسوڕێنەوە ،

یاخود كاری حیزبی دەكەن، هەرێم پڕبوە لەدەرچووانی زانكۆ و پەیمانگاكان و داوای دامەزراندن دەكەن حكومەتیش لەدووساڵی رابردوو پشكی دامەزراندنی دیاریكردووە و لەرێگەی فۆرم و پێشبركێوە كارمەند دادەمەزرێنێت و ئەوانەیشی ناویان لەدامەزراندن نایەتەوە دەرژێنە سەرشەقامەكان ،

حكومەتیش پلانێكی ئەوتۆی نیە بۆچارەسەركردنی ئەم قەیرانە و رۆژ دوای رۆژیش ژمارەی دەرچووانی زانكۆ و پەیمانگاكان ڕوو لەزیادبونن و هەمووشیان داوای دامەزراندن لەحكومەت دەكەن ، چەند ساڵێكە لەهەرێم گەشەی كەرتی تایبەت ڕوو لەزیادبوونە و ئەمەش دەرفەتێكی دیكەیە بۆرەخساندنی هەلی كار بۆتاكەكانی ئەم هەرێمە كە بێكارن ، بەڵام زۆرینەی ئەوانەی داوای دامەزراندن دەكەن و بەدوای كاردا دەگەڕێن كاركردن لەكەرتی تایبەت ڕەتدەكەنەوە ئەوەش بەهۆی ئەوەی كاتی دەوامیان زۆرە و مووچەكانیش لەكەرتی تایبەت بەیاسا ڕێكنەخراوە و بڕەكەشی كەمە ،

لە دە مانگی رابردووی ئەمساڵدا حەوت هەزار و 380 كەس تەنها لەهەولێر لەبەرێوەبەرایەتی بەكارخستن ناوی خۆیان تۆماركردووە و داوای دۆزینەوەی هەلی كاریان كردووە ، بەرێوەبەری بەرێوەبەرایەتیەكەش ئاماژە بەوەدەكات زیاتر لەهەزار و 200 هەلی كاریان بۆ ئەو بێكارانە دۆزیوەتەوە و پەیوەندییان پێوەكراوە بۆئەوەی كارەكان وەربگرن ،

بەڵام زیاتر لەسەدا 87 یان هەلی كارەكانیان ڕەتكردۆتەوە ، بەپێی ئاماری بەرێوەبەرایەتی بەكارخستنی هەولێریش ئەوانەی داوای هەلی كاریان كردووە تەنها 9كەسیان نەخوێندەواربوونە كەمتر لەپەنجا كەسیشیان بروانامەی نزمیان هەبووە ئەوانیتر زۆرینەیان دەرچووی زانكۆ و پەیمانگاكانن ، بەپێی ئاماری ئەمساڵی وەزارەتی پلاندانانی هەرێمیش بێت لەئێستادا رێژەی بێكاری لەهەرێم لەسەدا شەشە ، بەڵام چاودێرانی ئابووری باس لەوەدەكەن رێژەكە زیاترە و ئەم ئامارە ئامارێكی ورد نیە .

ساڵی رابردوو میلاكاتی دامەزراندن لەهەرێمی كوردستان 25هەزار كەس بوو ئەمساڵیش میلاكاتی دامەزراندن 17 هەزار كەس چاوەروانیش دەكرێت بۆ ساڵی داهاتوو رێژەكە بۆ 7 هەزار كەس كەمببێتەوە



نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست




کۆمێنت بنووسە