" حكومەتى كوردى" وگەڕانەوە بۆخاڵى سفر ؟!
Thursday, 09/01/2014, 12:00
لەراستیدا ئەمرۆ تائەندازەیەك ناتوانین لەژیر سایەى سیستمى تۆتالیتارییانە ودەسەلاتى تاكڕەواییانەى هەردوو حیزبى بنەماڵەیى (یەكێتى وپارتى) دا بڵێین كەخاوەنى حكومەتێكین بەناوى "حكومەتى كوردى " چونكە ئاشكرایە زۆربەى ئەو دام ودەزگا ودامەزراوە ورێكخراو وسەندیكا ودەسەلاتە لۆكاڵى وگشتیانەى كەلەهەناوى حكومەتى كوردى (دەسەلاتى یەكیتى وپارتى) لەماوەى بیست وپێنج ساڵى حوكمڕانى كردنیاندا هاتووەتە دەرێ لەژێر پرسیاردان ؟ ، هەرچەندە بەشێك لەڕووناكبیرانى حیزبى وناحیزبى (ئەهلى) وسەربەخۆ لەوباوەڕەدان كەخراپى ئەدا وتواناكانى حكومەتى كوردى لەئاست چارەسەركردنى كێشە هەنووكەییەكان وبنەرەتییەكان ودوورخستنەوەى دەستى حیزب لەناوەندە سیاسی وكۆمەلایەتی وئابورییەكان بەتەنها ناكەوێتە ئەستۆى هەردوو پارتى دەسەلاتدار بەڵكو هەموو ئەو هێزە سیاسیە جیاواز وحیزبۆچكەكانى دیكە لێی بەرپرسیارن ، بەلام پێم وایە ئەمە بیانوو وپاساوێكى بێ بنەمایە كەهەردوو پارتى دەسەلاتدار وەكو قەوانێك هەمیشە دەیتەقێنن ، ئێمە دەزانین ئەو حیزب ولایەن وتاكە كەس وكۆمەڵانەى كەنە بودجە ونە هێز ونەچەك ونەماددەیان لەبەردەستە توانایى زاڵبوون وگۆڕینى كۆمەڵگەیان نیە بەشێوەیەكى خێرا تەنانەت ئەگەریش هەیانبێت زۆر لاوازە ولەئان وسات وشوێنى خۆى دا نایەتەوە كایەوە ، ئەمە لەلایەك ، لەلایەكى دیكە یەكێتى وپارتى زیاد لەماوەى بیست وپینچ ساڵە حوكمڕانى كوردستان دەكەن دیارە مەبەستمان لەهێزە بنەماڵە پەرستى وعەقلیەتەشاخیەكەى نێو ئەم دوو حیزبەیە كەلەوكاتەى دامەزراوەیەكیان دروست كردووە بەناو " حكومەتى كوردى " ، دیارە ئەم دامەزراوەش بوونى وەكو حكومەت لەبەردەم پرسیارى گەورەدایە چونكە حكومەت دەبێت خاوەن سیستم ودامەزراوەیى حكومى بێت ودووربێت لەهەیمەنەى هیزێكى سیاسى دیارى كراو وحیزبێكى بنەماڵەیى ، حكومەتێك بێت لەهەمووانەوە دروست كرابێت وبۆهەمووان بێت نەك تایفە وبنەمالەیەكى جەقبەستوو كەتەنها بەرژەوەندییەكانى خۆى بەلاوە گرنگ بێت بیباتە رێوە ، كاتێك دەتوانین بەحكومەتى كوردى بڵێین حكومەت كەخاوەن دادگایەكى سەربەخۆ وسەروەرى یاسابێت ، یاسایەك كەلەسەرووى بەرژەوەندى هەموو هێز ولایەنێكەوە بێت نەك ببێتە تەراتێن وگەمەى دەستى بەرپرسەكان (دادگاى گشتى كەلار وەك نموونە كەلەژێر كارییگەرى بەرپرسەكانى ناوچەكە كارەكان ڕادەپەڕیندرێ نەك لەلایەن خودى دادوەر وپارێزەرەكانەوە) ، جگەلەم بوارەش تاوەكو ئەم ساتە حكومەتى كوردى سوپایەكى یەكگرتووى نیزامى نیە كەبەرگرى لەهەموو تاك وهاولاتیەكى كوردى بكات بەبێ جیاوازى بەڵكو ئەوەى كەهەیە میلیشیایەكى ڕووتە كەتەنها بەرگرى لەبەرپرسە سیاسی وحیزبیەكان دەكات بەمەشەوە نەوەستاون بەداخەوە بۆیان بڕەخسێت دەستیان بەخوێنى هاوڵاتیانی خۆیانیش دەچێت (ئەمەش زیندووترین نموونەى دیكتاتۆریەتى حیزبیە) ، لەڕووى ئابورییشیەوە شتێك نەماوە ناوى ئابورى نیشتمانى بێت هەموو ئەوەى كەهەیە یا ئابوریى وبازارێكى مۆنۆپۆڵكراوى حیزبیە یاخود ئابورییەكى بەكاربەرانەیە كەزیاتر پشت بەووڵاتانى دراوسێ ودەوڵەتە ئیقلیمیەكان دەبەستێت تادێت زیاتر دەست وپەنجەى لەگەڵ كەلوپەل وشمەكى وولاتانى دیكەدا نەرم كردووە لەكاتێكدا ئەوەى پەیوەندى بەبەرهەم هێنان ووەگەڕخستنى كاڵاكانى ناوخۆوە بێت ئەوا دوورە لەواقیعى سیاسیەوە ، بەداخەوە بوارێك نەماوە كەبەناو حكومەتى كوردى گرفتەكانى چارەسەر كردبێت یاخود ڕەگە قەیراناوییەكانى خستبێتە بەرلێكۆڵینەوە وبەشێوەیەكى بنەڕەتى چارەسەرى كردبێت بۆنموونە بوارى پەرورەدە وهونەر وەرزش و..هتد دوور ونزیك لەقوولایى كێشەدان ؟!
كوردبوونى ئەم بەناو حكومەتەش لەژێر پرسیاردایە ؟! من تاكو ئەم ساتە گومانم لەوەیە كەروحى كوردبوون وكوردایەتى بوونى ومەسەلەى نیشتمانى لەناو بەرنامەى كارى سیاسى ئەم دوو دەسەلاتدارە حیزبیەدا بێت ، چونكە هەموو هەول وئامانجێكیان بەداخەوە بۆنى كز كردن ولاوازبوونى ڕوحى كوردایەتى لێدێت هەر لەبەتاڵانبردنى سامانى نیشتمان ولەكەداركردنى دەنگى ئازادى خەڵك وگرنگى دان بەكولتورى توركى وئێرانى وئەوروپى بەئەندازەیەك كەروحى كوردبوونى لەناخى هاولاتیان وخودى كۆمەڵگاكەش دا كوشتووە ، بەداخەوە تاكو ئەم ساتە پێویستە پێداچوونەوەیەكى قووڵ وڕەخنەگرانە بەتێرمى " حكومەتى كوردى " دا بكرێت چونكە بەهیچ شێوەێەك ئەو ناوە تەعبیر لەواقیع وحەقیقەتى دۆخەكە ناكات .
ڕووداو گەلێكى دیكەش هەن لەئیستادا كەگەرما وگەرم لەمیدیاكان وتۆڕە هەواڵیەكان دا بەگۆیماندا دەدرێ ئەویش بوونى مێژوو وناسنامە وشوناسى ئەم حكومەتەى خستووەتە ژێر پرسیارەوە ئەویش تیرۆركردن وكوشتنى رۆژنامەنووسان وترساندن وتۆقاندنى رۆشنبیران هەر لەتیرۆركردنى سۆران وسەردەشت وستار وكاوە گەرمیانى تاكو فەلاقەكردن وتیهەلدانى وبرینداركردنى نەبەز گۆران وئاسۆس هەردى وشاسوار عەبدلواحید و..هتد ، كەماوەیەكە دەیەوێت بەم رێگایە خەڵكى سەربەخۆ وئازاد كەماوەیەكە لەنێو كۆمەڵگدا بەتوانایى زاتى وخودى خۆیان دەركەوتوون وگەشەیان كردووە بێدەنگ بكات ؟!!
هەموو ئەم ڕووداوانە ناچارمان دەكەن كەپاش بیست وپێنچ ساڵ بەم حكومەتە بلێیین پێویستە لەخاڵى سیفرەوە دەست پێبكات چونكە بەردێكى نەخستووەتە سەر بەردێك تاكو ببێتە مایەى دەست خۆشى كردن ؟!
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست