ئاغای بارزانی ناوی قازی لە سەر ئەو هۆڵە بسڕەوە و ناوی باوکت لە جێی دابنێ!
Sunday, 05/06/2011, 12:00
ئەگەر لە وڵاتێک کەسێک مافی لێ زەوت بکرێ، بەر لە هەر کەس، سەرۆک و ڕابەڕی ئەو وڵاتە بەرپرسە.
ئەگەر تا ئەوڕۆ دەیان ژن بە دەستی پیاوان بە بەهانەی شەڕف کوژراون، بەر لە هەر کەس مەسعود بارزانی بەرپرسە. ئەگەر کەسانێکی بێژمار بێ گوناە لە سەر بیروباوەڕ و دژبەربوونی سیاسی لە زیندانەکان تووند کراون، بەر لە هەر کەس سەرۆکی ئەو وڵاتە بەرپرسە. ئەگەر لە سیستەمی بێ پڕنسیبی بەناو حکومەتی کورد لە هەولێر و سولەیمانی لەسەر هەتا بن گەندەڵی و دزیی و بێ سەرەوبەرەیی هەیە، بەر لە هەرکەس دەبێ ئەنگوستی تاوان بۆ مەسعود بارزانی درێژ بکرێ. ئەگەر لە خۆپیشاندانەکانی ئەو دوایانە کۆمەڵێک خەڵک بە دەستی مووچەخۆرەکانی حزبەکانی بارزانی و تاڵەبانی کوژران، بەر لە هەر کەس مەسعود بارزانی بەرپرسە.
مەسعود بارزانی سەرۆکی وڵاتێکە کە ژێرخانی ئابووری تێکقرماوە، شیرازەی فەرهەنگی لە بەر یەک ترازاوە، سیستەمی فێرکردن و بارهێنانی پڕنەخۆشی و وەدواکەوتووە، سیستەمی سیاسی بێ پڕنسیبە. سیستەمی کۆمەڵایەتی پڕ لە ئازارە، سیستەمی ئیداری دزێو و دژی خەڵکە، سیستەمی پارلەمانی عەشیرەیی و گوێ لە مستە، سیستەمی حکوومەتی گەندەڵ و نگریسە.
لە ژێر سێبەری دەستەڵاتی سەرۆک بارزانی و تاڵەبانی و حکومەت و پاڕلەمانی هەرێمی کوردستانی عیراق، لە هۆڵی قازی محەممەد لە پایتەختی کوردان لە هەولێر، یادی مردنی گەورەترین دیکتاتۆڕ و جنایەتکاری ئێران جارێکی دیکە کرایەوە. ئەوە لە حاڵێکدایە کە حکومەتی عەلی خامنەیی بۆ یادکردنەوەی مردنی دیکتاتۆری مەزن لە تاران و لە قوم تووشی گێر و کێشەیە، بەڵام لە هەولێر لە ژێر ناوی هۆڵی قازی محەممەد، بە بێ گرفت ئەو یادە دەکرێتەوە.
تۆ بڵێی جەنابی سەرۆک ڕازی بن بەوەی هاوقۆڵ و هاوپەیمانەکانیان(لایەنگرانی سەدام)، لە هۆڵێک یادی سەرداری قادسیە بکەنەوە، کە ناوی هۆڵی ژنڕاڵ بارزانی بێ؟!
بریا ژنڕاڵ بارزانی، ژنڕاڵی کۆماری کوردستان لە مەهاباد، زیندوو دەبوو بۆ ئەوەی ببینێ، کوڕ ونەوەکانی پاش ئەو چۆن حکوومەت دەکەن و چۆن بۆ بەرژەوەندی دوو ڕۆژەی خۆیان، هەموو بایخێکی ئینسانی و میللی دەخەنە ژێر پێ.
دەبێ لە سەرۆکی کلوبەکانی سیاسی بە ناو ئەحزابی کوردی جیرەوەرگری ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە باشووریش بپرسین، "ئێوە بۆ لاڵ بوون و بوونەتە سەیرچی مەزحەکەی حکومەتی هەرێم و بەرپرسانی شاری هەوڵیر؟"
دەبێ لە وەزیری رۆشنبیریش کە سەردەمێک فرمێسکی بۆ هەڵەبجە دەڕژاند و مۆمی بۆ قوربانیەکان دادەگیرساند و نفرینی لە خومەینی دەکرد، بپرسین، چۆنە لە ژێر بەرپرسایەتی جەنابت دا، ڕێ وڕەسمێکی وا قزێون بەڕێوە دەچێ؟
سەرۆکی حکومەتی کوردستان ئاغای مەسعود بارزانی باشتر وایە ناوی قازی محەممەد لە سەر ئەو هۆڵە بسڕێتەوە و ناوی باوکی لە سەر دابنێ، تا بزانێ گاڵتە کردن بە بایخەکانی میللەتێک، ژانی چەندەیە!!
برایم فەڕشی (بەهرام موکریانی) ئەندامی پێشووی وەڤدی یەکیەتی مامۆستایانی ئاڵمان و کۆمەڵەی دروستکردنی قوتابخانە بۆ کوردستان لە کاتی سەردانی کوردستان و بارزانی، نەورۆزی ساڵی ١٩٩٤
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست