کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


یەكێتى و پارتى پەروەردەیان فەوتاند

Saturday, 23/03/2013, 12:00








هەڵسەنگاندنێكى كورت بۆ خۆپیشاندانەكەى 10/4/2005 ى مامۆستایان

1ـ رۆژی راچڵەكین
ئەو رۆژەى بەشێكى زۆروبەرچاوى مامۆستایانى كوردستان هاتنە سەر شەقام، لە ئاپۆرەیەكى بێوێنەو جەماوەریدا، لەچێشتەنگاوى 10/4/2005 یەكەم زەنگى وریاكردنەوەیان دا بە حكومەتى هەرێم و یەكێتى مامۆستایان، شوێنەوارى ئەو راچڵەكینە ئاماژەو ئاسەوارەكانى دیارن، واتە پێش قۆناغى 10/4 ئێمە حكومەتێكى لەخۆبایى و گوێ نەگر و لووت بەئاسمانداچوومان هەبوو، سەرەڕاى ئەمەش سەندیكایەكمان هەبوو، لەجێى نەبووان بوو، واتە سەندیكایەكى ترسنۆك، دوولەتكراو، لەژێر هەژمونى حیزبدا بوو، وەكو سەندیكایەكى كارتۆنى سێبەرى دەسەڵاتبوو، ئەو دەمە یەكێتى مامۆستایان نەك هەر پشتى مامۆستایانى خۆپیشاندەرى نەگرت، بەڵكو پشتى مامۆستایانى لەزەویدا و بەراست و چەپدا كەوتە فڕێدانى تۆپەڵە وشەى ناشرین، كە لەسەردەمى داگیركارى بەعسیشدا لەوە ناشرینتر بەمامۆستایان نەوترابوو.

2ـ قۆناغى 1992 ـ 2003
هەردوو حیزبى فەرمانرەوا لەسەرەتاى دروستكردنى حكومەتى هەرێمى كوردستاندا چونكە باریان لاربوو، یەكەم شت بۆ قەڵەوكردن و هەڵسانەوەى خۆیان، بەناوى شۆڕشگێڕى و سەر بۆ موچە نەوى نەكردن كەوتنە هەڵخەڵەتاندنى مامۆستایان، ئەگەرچى مامۆستایان ئەركى سەرشانیان بەجوانى بەجێگەیاندوبەگژ حكومەتى هەرێمدا نەك نەچوونەوە، بەڵكو پشتیشیان گرت، ئەم هەڵوێستەى مامۆستایان لەدواجاردا وەفاى حكومەتى هەرێمى بەدواوە نەبوو، بەڵكو گەیشتە ئەوپەڕى بێوەفایى و بەسوك تەماشاكردنى مامۆستایان و بێبەشبوونیان لەمافە رەواكانى خۆیان،دیارە هۆكارى ئەم بێمنەتیە بەمامۆستایان لەلایەك بۆ هەڵاوسانى هەردوو حیزبى فەرمانڕەوا دەگەڕایەوە، لەلایەكى تریشەوە هەرچى جومگە سەرەكیەكانى دەسەڵاتى پەروەردەو یەكێتى مامۆستایان بوو، درابوونە ئەو ئەندامە گوێڕایەڵانەى كە جگە لە "بەڵێ" بۆ دەسەڵات و بەرپرسان هیچى تریان نەدەزانى، یان لەترسى پلەو پایەو دەستكەوت هەمیشە پشتیان لەمامۆستایان و روویان لەدەسەڵات بوو، بەكورتى قۆناغى ساڵانى 1992 ـ 2003 قۆناغێكى تاریك، قۆناغێكى سەخت بوو، وزەوتواناى مامۆستاى لەقاڵبدابوو، بەڵام لەدواى روخاندنى بەعس، ئینجا دەستى یەكێتى و پارتى و رێكخراوە كارتۆنیەكانیان بەتەواوى كەشف بوو.

3ـ قۆناغى 2003 بەدواوە
لێرەدا بەپێویستى دەزانم زۆر بەكورتى سەرنجێك لەسەر رۆمانە بەناوبانگەكەى جۆرج ئۆیڵ بەناوى "مەزراى ئاژەڵان" بدەم، كاتێك ئاژەڵان لە وریابوونەوەو شۆڕشێكدا سەردەكەون بەسەر خاوەن كێڵگەكەداو دەریدەپەڕێنن، هۆكارى شۆڕشەكەشیان ئەوەبوو كە خاوەن كێڵگەكە بەناشرینترین شێوە رەفتارى لەگەڵ ئاژەڵەكانیدا دەكرد، دواجار كێڵگەكە دەكەوێتە دەست ئاژەڵان خۆیان و بەوپەڕى دڵسۆزییەوە كاروبارى خۆیان دەبەن بەڕێوە، تاواى لێدێت بەرازەكان دەست دەگرن بەسەر كێڵگەكەداو دەكەونە كوشتن وچەوساندنەوەى ئاژەڵانى تر بەبیانووى خیانەتى جۆراو جۆرەوە، لەكۆتایی رۆمانەكەدا جارێكى تر ئاژەڵەكان شۆڕشێك دەكەنەوە بەسەر بەرازەكانداو لەناویان دەبەن.
بەكورتى قۆناغى 1992 بۆ 2003 ئەو قۆناغە بوو كە لەساڵى 1991 سەركەوتن بەسەر بەعسدا بەدیهات و حكومەتى هەرێم دامەزراو ئینجا بەبیانووى جۆراوجۆرەوە دەستەبژێك هەموو ژیانیان برد بۆ خۆیان و كولەمەرگى و نەهامەتیش بۆ خەڵك، بیانووەكەشیان ئەوەبوو كە دوژمنى سەرەكى كە بەعس بوو، مابوو، بەڵام لە2003 بەعس روخێنراو خەڵك چاوەڕێى قۆناغێكى تازە بوون، بەڵام هەر هیچ، ژیان سفر بوو، خزمەتگوزارى سفربوو، پەروەردە سفر بوو، ئالەوكاتەدا 10/ 4/ 2005 هەزارەها لە مامۆستایانى كوردستان لەسلێمانى هاتنە سەر شەقام و بەدەسەڵاتیان وت ئیتر ئەم دۆخە قبوڵ ناكەین، هەرچەندە پیش خۆپیشاندانەكە دەسەڵات و یەكێتى مامۆستایان پێشبینى ئەوەیان نەدەكرد كە مامۆستایان بەو قەبارە گەورەیەوە بڕژێنە سەرشەقامەكان و داواى مافەكانى خۆیان بكەن، چونكە پەیتا پەیتا زوڕناى راگەیاندنیان دەخستە كار بۆ ئەوەى كەس بەشدارى تێدا نەكات، بەڵام كە ئەو رێژە زۆرەى مامۆستایانیان بینى،توشى شۆك بوون، بڕیار وابوو كەمامۆستایانى هەولێریش هاوشێوەى سلێمانى خۆپیشاندان ئەنجام بدەن، بەڵام دەسەڵات لەوێ، ترسیان لەوەى سلێمانى، وەهاى لێكردبوون كە رێوشوێنى توند بگرنە بەرو مۆڵەتیش بەهیچ خۆپیشاندانێكیش نەدەن.
4ـ بەرهەمەكانى خۆپیشاندانى 10/4/2005 ى مامۆستایان
هەرچەندە دەسەڵاتى یەكێتى و پارتى ئەگەر مل بۆ فشارى خەڵك و مامۆستایانیش بدەن، هەرگیز ناڵێن ئەوە لەژێر فشارى خەڵكدا بووە، واتە بۆنەیەك دەدۆزنەوە بۆ ئەوەى داخوازییەكە یان بەشێكى جێبەجێ بكەن و بیكەن بە دەسكەوت و داهێنانى خۆیان، بەكورتى رەنگدانەوەى فشارى خۆپیشاندانەكە بەشێوەى ناراستەوخۆ بریتى بوو لەمانە:
ئەلف ـ بەستنى كۆنگرەى پەروەردەیى و گۆڕینى سیستمى پەروەردەیى.(خۆپیشاندانى مامۆستایان و بەرزكردنەوەى تابوتێك تیایدا بۆ لەگۆڕنانى پەروەردەى كۆن، یەكێك بوو لەفشارەكان بۆ بەستنى كۆنگرە، ئەگەرچى ئەنجامى كۆنگرە بێ كەم و كوڕى نیەو رەخنەى زۆرى لەسەرە) ب ـ گۆڕینى پرۆگرام (ئەگەرچى ئەمیش بێ كەم و كوڕى نیە) ج ـ زیاتر گرنگى دان بەدروستكردنى تەلارى خوێندنگە(ئەگەرچى لەئاستى پێویستدا نیە) د ـ خەرجكردنى دەرماڵەى هاتووچۆ بۆ مامۆستایان بەپێى دورونزیكى ه ـ خەرجكردنى دەرماڵە مامۆستایان كە بریتى بوو لە سەدوبیست و پێنج هەزار دینار(ئەگەرچى یەكێتى مامۆستایان ئەمە بەدەستكەوتى خۆیان دەزانن لەوقۆناغەدا، بەڵام راستیەكەى ئەوەیە كەدەیانووت پێش ئەوەى مامۆستایان وەكو خۆپیشاندانەكەى 10/4/2005 دەست پێبكەنەوە، باش وایە خۆمان داوا لەحكومەت بكەین، واتە فشارى 10/4/2005 بوو كەواى لە یەكێتى مامۆستایان كرد بەوكارە هەڵسن.
5ـ ئێستا
تا ئێستاش پەروەردە لەقەیرانداندایەو ژیانى مامۆستاش لەوئاستەدا نیە، ئەگەرچى هەم پەروەردەو هەم ژیانى مامۆستا لە پێش 10/4/2005 باشترە، بەڵام دەسەڵات پێویستى بەڕاچڵەكاندنێكە بۆ ئەوەى قۆناغێكى تر بچینە پێشەوە، سەیر ئەوەیە بەڕێوەبەرێكى گشتى جارێكیان وتبووى من لەساڵى 1975 دامەزراوم، ئەو كێشانەى كە ئێستا لەپەروەردەدا هەن، ئەوساش هەبوون... (بەكورتى مەبەستى ئەوەیە كێشە هەر هەبووەو كەسیش قسەى نەكردووەو خەڵكیش رازى بوون وخۆپیشاندانیش نەكراوە) سەیرم لێدێت ئەو بەرپرسە لەچ سەردەمێكدا دەژى؟، ساڵى حەفتاوپێنج لەكوێ و دووهەزارودوانزە لەكوێ؟،عێراقى ئەو كاتە لەكوێ و خۆ شوبهاندنى سیستمى سوید و باسى ئەوروپاى ئێستەى حكومەتى هەرێم لەكوێ؟ بەكورتى ئەگەر ئەوكاتە كەسیش دەنگى نەكردبێ، بەڵام خۆ فەلسەفە لێدان و باسى پێشكەوتن و ئەوروپاش نەكراوە، بەڵام ئێستا بەدەنگى بەرز دەكرێ و كەچى پەروەردەى نەوەى ئێستامان نەك هەر لەمەترسیدایە بەڵكو یەكێتى و پارتى پەروەردەیان فەوتاند.


نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە