کۆبانێ هاوارێک بەرەو ڕووى دنیا
Thursday, 09/10/2014, 12:00
2138 بینراوە
کۆبانێ.... ڕەشەبایەکە و دەچێتە کۆشکى سپى .. بە توڕە بونى هەموو ولایەتەکان خەبەر دەکاتەوە .. قسە لەگەڵ شەقامەکان دەکات و دەڵێ : گەر سەرى کۆبانێ ببڕن ئەوا سەرى واشنتن و تەکساسیش دەبڕێ.. بۆ بێدەنگن ...کۆبانى بڕۆخێت پەیکەرى ئازادى ئێوە ، هیچ مانایەکى نامێنێ .... بۆ دەمانکەنە دەرخواردى پلانەکانتان .. ئەى جۆرج کەندى سەرۆکە مەزنەکەى ئێوە لە کوێیە .. ئەى وا بڕیار نەبوو لە هەر کوێەک داعش ئاگر بێت ئێوە ئاو بن .. ئەرێ ئێوە کۆبانى نابینن ... ئەرێ کوا فۆکۆ یاما با بێت بڕوانێت میژوو کۆتاى نەهاتوە .. لە شەنگال و کۆبانیەوە .. مێژووى خوێن دەست پێ دەکاتەوە .
کۆبانى.... منداڵێکە ...بە هەنسکى گریانەوە لە شەقامەکانى پاریسدا نزا دەکات و دەڵێ : ئا لێرە ئێوە بڕیارتان دا ، کە نەهێڵن شەمشەمە کوێرەکان چاومان دەر بێنن .. ئەم منداڵە هاوار دەکات ،،، ئەوە گەریلاکانى ئێمەن کە خۆینن و شەڕى لافاوێکى ترسناک دەکەن .. کوچە بە کوچەى فەرەنسا دەگەڕێ و دەچێتە ماڵى ئەلیکسەندەر دۆما و دەڵێ : چۆن دەبێت ئێوە بێدەنگ بن .. بێدەنگى ئێوە لە مێژوەوە تا ئێستا ، پەڵەیەکى ڕەشە بە ناوچاوانى مێژووى بەشەریەتەوە .
کۆبانى.... دەنگى تێلى پیاوێکى ڕیش سپیە بۆ میکیافیلى و دەڵێ : ئیتاڵیا لەبەردەم لێپرسراویەتیەکى مێژووییدایە .. ئەم پیاوە پیرە بە دەنگێکى پڕ لە حەسرەتەوە دەڵێ : هەموو تەمەنمان بەخشیە جەنگى بونى نەتەوەیەک .. بوینە کارتى ناو سیناریۆکانتان ... بەڵام لە کۆبانیدا کۆتاى بە مێژووى بەرژەوەندى وڵاتە زل هێزەکان دێنین ... تاکتیکەکانتان هەڵدەوەشێنینەوە.
کۆبانێ.... کچۆڵەیەکە و لە کەنار دەریاکانى ئوسترالیاوە لەسەر سنگى نوسیوە ... توخوا برا مرۆڤەکانم با پاکیزەیم ئەتک نەکەن ... هاوار دەکات و دەنگى دەچێتە ماڵى ئەلزابیتى دووەم و دەڵێ : کۆبانێ خاڵى خوێنینى سنورى نەتەوەیەکە .. شەڕى ئێوەش دەکات ... کوا بەڵێنەکانتان .
کۆبانێ..... هاوارى دایکێکە لە بەریتانیا...دەچێتە بەر دەرگاکانى جۆرج غالاوى و هاوار دەکات ..توند لە دەرگاى هادلى دەدات و دەڵێت ..نەتەوەیەک شەڕى ئێوە و مرۆڤایەتى دەکات .. پێش ئەوەى سەرمان ببڕن ، پێش ئەوەى مەمکمان ببڕن ...پێش ئەوەى ببینە دروشمى فیمینیستەکانتان ..وەرن و لەگەڵمان بن ...دایکێکە دەڵێت : کۆبانى گۆرانیەکە دەبێت هەموو مرۆڤایەتى بیڵێتەوە ... دەبێت شکسپیر خەبەر بکاتەوە .
کۆبانێ... هەورێکى بەفراوییە و دەچێتە ئاسمانى بەرلین و دائەکاتە بارانى هاوار بەسەر فرانکفۆرتدا و یەخەى هۆرکمیار و مارکۆزە و هابرماس دەگریت و دەڵێت : چى تر فایلى مرۆڤ دۆستى ژیان لە دۆسیەکانتانا دەرهێنن ... درۆکانتان بۆ جیهانێکى ئارام کۆتاى پێ هاتوە.
کۆبانێ... هاوارى کورەى زەوییە لەبەر دەم هەڕەشەى ئاشتى دنیا .. هاوارى جیهانە بۆ 40 وڵاتەکەى کۆنگرەى پاریس .. هاوارێکە پێتان دەڵێ سەنگەرى شەرەڤانانى ئێمە ... دیوارى بەرگرى کردنە لە دنیا .. ئەى نابینن چۆن سەرى هاوڵاتیانى ئێوە دەپەڕێنن ... کۆبانى دەڵێت : گەر ڕاست دەکەن و ئێمە نمایندەى شەڕى ڕۆڵەکانى ئێوە دەکەین .. ئەم بێدەنگییەتان مێژووتان پڕ دەکات لە لاپەڕەى ڕەش .. کۆبانێ دەڵێ : شێرە کوڕ و کچەکانى ئێمە بە خوێنى خۆیان لەسەر دیوارەکانتان دەنوسێ .. شەرمەزار بن وڵاتە زل هێزەکانى دنیا .. ئێوە ترسنۆک بون .. ئەوە کوڕان و کچانى شەرەڤانانى ئێمەیە ، دەبنە مەدالیاى شەرەف بەسەر سنگى هەموو مروڤ دۆستیکى جیهانەوە .
کۆبانێ ... دەنگى شۆڕشێکى ژنە و دەچێتە لاى دێهاى ئەمازیخى و دەڵێ : ئەوە ئێمەى کورد شۆڕشێکمان لە ژنى ئازادى خواز دروست کرد... ئەوە کۆبانیە کە ژنانمان دەکاتەوە بە پڵنگى چنگ بە ئاگر بۆ بەرگریکردن لە بونمان و خاکمان ... مەتەرێزەکانمان پڕن لە ئیرادە .... پڕن لە تەوار .. ئەوەتا زیلان دواى خۆ شەهیدکردنى لەگەڵ ساکینە و و نارین هاوڕێکانى جارێکى تر دەگەڕێنەوە کۆبانى و سرود بۆ نیشتمان دەڵێن...بۆ مێژوو دەبێت مرۆڤایەتى شانازى بکات بە شۆڕشى شەرەڤانانى ژنەوە ..
کۆبانێ ..... مێژوویەکە و لەسەر لێوارى ئێستا وەستاوە ..جارێکى تر شەڕى ئاگرى داخ و شێخ سعیدى پیران دەهێننەوە سەنگەرەکانمان ...شەرەڤانانى ئێمە پڕن لە ڕۆحى قازى محمد و سمکۆى شکاک .. بەدەم سرودى ئەى ڕەقیبەوە بەرگرى لە شوناسى نەتەوەیمان دەکەن ... ئێستا دەکەنە مێژوویەک پڕ لە قارەمانێتى و بە دنیا دەڵێن... بەسە خەوتن لەسەر تەڵەکانى تاکتیک و بەرژەوەندى نەوت و غازتان .. کۆبانێ هاوار دەکات... ئەرێ سەرانى دەسەڵاتدارى جیهان ... ئێمە خوێنمان لەبەرەى سەنگەرەکانى مروڤایەتێدا لێدەڕوا و ئێوەش نەوتان لا گرنگترە لە خوێن ... ئەوە ئێمەیەن لەسەر دیوارى میژوو و ئێستاى دنیا دەنوسین ... کۆبانێ سمبولە بۆ ئازادى نەتەوەیەک .
https://www.facebook.com/video.php?v=595601953805385&set=vb.212595525439365&type=2&theater