کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


ڕووخاندنی سه‌رای سلێمانی ئاگرێک بوو له‌ مێژووی ئه‌م شاره‌یان به‌ردا

Sunday, 17/01/2010, 12:00





هه‌زارو نۆسه‌دوسێ بوو،شه‌شی ئه‌یلوول که‌ ڕۆژهه‌ڵهات !

غریوی ویستنی حه‌ق که‌وته‌ ناوشاری سلێمانی
(هه‌ڵۆبه‌گ) ئه‌وجه‌وانه‌ی پڕدڵێ بوو بۆ وه‌ته‌ن ئاوات !
له‌پێش جه‌معێته‌که‌وه‌ تابه‌رده‌رکی سه‌را ڕووی هه‌ڵمه‌تی هانی
(گۆران)*

سلێمانی شارێکی زیندوو به‌هه‌موو مانایه‌ک ،شارێک به ‌ته‌مه‌نێکی که‌مه‌وه‌ لیپاو لیپه‌ له‌ڕوداو. هه‌موو کوچه‌و کۆڵانێکی چیرۆکێکمان بۆ ده‌گێڕێته‌وه‌ ، ڕووداوه‌کان هێنده‌ سه‌رنج ڕاکێشن، بۆیه‌ نه‌وه‌ دوای نه‌وه‌ به‌ئامانه‌ته‌وه‌ ده‌یگێڕنه‌وه .
سلێمانی ئه‌و شاره‌یه‌، که‌ ڕژێمه‌ یه‌ک له‌دوای یه‌که‌کانی ئێراق و داگیرکه‌رانی ئیگلیز سلێمانیان به‌گرفت زانیوه‌ ، بۆیه‌ هه‌میشه‌ له‌هه‌وڵی سه‌رکوتکردن و بۆردمانی ئه‌م شاره‌دابوون ، مێژووی تازه‌ش له‌گه‌ڵ به‌عسێکاندا گه‌واهیدمان بۆ ده‌ده‌ن که‌ چۆن ده‌ستیان ئاواڵابووه‌ بۆ ئازاردان و خوێنڕشتن له‌م شاره‌دا ، ملازمه‌ سه‌رسه‌رییه‌کانی وه‌ک محسین و عه‌بد و خۆفرۆشه‌ کورده‌کان، که‌‌ له‌خزمه‌تی به‌عسابوون گه‌واهی ده‌ده‌ن ئه‌م شاره‌ چی له‌هه‌گبه‌یدا هه‌ڵگرتووه‌، به‌عس به‌هه‌موو دڕنده‌یه‌وه‌ نه‌ی توانی سیمای ئه‌م شاره‌ تێک بدات، که‌چی ده‌سه‌ڵاتدارانی کورد سیسته‌ماتیک له‌تێکدان و داگیرکردنی ئه‌م شاره‌دان،وه‌ك شاره‌ نازداره‌که‌ی هه‌ولێر، ئێره‌ش به‌پلان داگیرده‌کرێت بستۆکه‌یه‌ک زه‌وی نه‌ماوه‌ خاوه‌نه‌که‌ی کۆمپانیا حوته‌کان و ملیۆنه‌ره‌ دزه‌کان که‌ وه‌ک قارچک هه‌ڵتۆقین خاوه‌نی نه‌بێت . که‌سمان نازانین چۆن ئه‌مانه‌ غیره‌ت ده‌که‌ن ئاوا مێژووی ئه‌م شاره‌ گڕیی تێبه‌ربده‌ن و بیسوتێنن،ئاخر ئه‌مه‌ له‌هه‌ر جێگه‌یه‌کی تردا و له‌هه‌ر شارێکی تردا ڕووی بدایه‌ جێی قبوڵ کردن نه‌بوو.
سه‌رای سلێمانی و به‌رده‌رکی سه‌را کڕۆکی شاره‌ و مێژوومان بۆ ده‌گێڕێته‌وه‌. ئه‌و ده‌ڵێ من شه‌شی ئه‌یلولم، من شه‌ڕی به‌رده‌رکی سه‌رام. من شاهیدم چه‌ند سه‌رباز به‌مه‌تره‌لۆزه‌وه‌ و شه‌ستیر لێره‌وه‌ لای منه‌وه‌ شه‌قامیان خه‌ڵتانی خوێن کرد . منم که‌ یه‌که‌مین جار سلێمان پاشا هاته‌ لام، من کرۆکی شارم من مێژووم .
ئه‌مڕۆ ده‌سه‌ڵاتی کوردی به‌پلان سیمای سلێمانی تێک ده‌ده‌ن . ئه‌وه‌تانێ به‌ناوی ئارامییه‌وه‌ سلێمانیان تژی کردوه‌ له‌عه‌ره‌بی پێ په‌تی ، له‌ئایه‌توڵای عه‌مامه‌ به‌سه‌ر ، ئه‌وه‌تانێ عه‌لی ئه‌دیب (سه‌رکرده‌ی حیزبی ده‌عوا) نایشارێته‌وه‌ که ‌به‌عسێکان لێره‌ واته‌ له‌سلێمانی به‌که‌ماڵی ئیسراحه‌ت کۆبونه‌وه‌کانیان ده‌که‌ن، کێ ده‌ڵێ شێخ جه‌عفه‌ری کۆنه‌ پارێزگاشیان له‌گه‌ڵدا نییه‌، سلێمانی ناتناسینه‌وه‌.
هه‌موو جارێک بۆ ڕه‌وینه‌وه‌ی خه‌مه‌کانمان، بۆ یادی ڕابردومانمان سه‌ردانی به‌ر سه‌رامان ده‌کرد تا له‌وێوه‌ ڕابردوو بهێنمه‌وه‌ یادی خۆم، ئیستا ئه‌وه‌شیان لێ سه‌ندینه‌وه‌ ، سه‌رای سلێمانیان له‌گه‌ل خاک و خۆڵدا تێکه‌ڵ کرد . ئه‌گه‌ر حه‌زره‌تی نالی بمایه‌ هارده‌بوو چی ده‌وت؟ تۆ بڵێی نامه‌یه‌کی تری بۆ سلێمانی بناردایه‌

(قوربانی تۆزی ڕێگه‌تم ئه‌ی بادی خۆش موروور
وه‌ی په‌یکه‌ری شاره‌زا به‌هه‌موو شاری شاره‌زوور) **

ئه‌مڕۆ ده‌سه‌ڵاتی کوردی هێنده‌ قێزه‌ونه‌ بێ ئه‌وه‌ی بگه‌ڕێته‌وه‌ بۆ لای خه‌ڵک و پرسیار بکات هه‌مووکارێک به‌مه‌زاجی چه‌ند موشه‌خۆرێک ده‌که‌ن. ده‌یانه‌وێت ڕه‌وا بده‌ن به‌دزێکانیان. ده‌یانه‌وێ مێژوو له‌زهنی ئه‌و خه‌ڵکه‌دا بسڕنه‌وه‌ . ده‌یانه‌وێ پێمان بڵێن ئێمه‌ مێژووین ئێمه‌ له‌ شه‌ڕی به‌رده‌رکی سه‌را له‌وێ بوین، بۆیه‌ سه‌را له‌به‌رچاوتان کاڵده‌که‌ینه‌وه‌ . سه‌رای سلێمانی به‌پلان ڕوخێنراوه‌ ده‌بێ بکه‌رانی ئه‌وکاره‌ ڕسوا بکه‌ین.
هاوڕێیه‌کم که‌ خاوه‌نی ئه‌و ماشێنانه‌یه‌ که ‌بۆ ڕوخاندن به‌کار دێت، پێیان ووتوه،‌ که‌ له ‌و ئه‌تک کردنی سلێمانیدا، واته‌ سه‌رادا به‌شداربێت، نه‌ی کردوه‌ وتوێتی من چۆن تاوانی واده‌که‌م. که‌چی به‌خێرای کرێکاری عه‌ره‌بیان بۆ گرتووه‌ و ئه‌نفالی سه‌رای سلێمانیان کردوه‌. له‌دوای سه‌را چی تر ماوه‌ شاهیدی مێژوو بێت، خانه‌قاتان هه‌ڵگێڕایه‌وه‌ هه‌ربۆیه‌ حه‌زره‌تی نالی ده‌یزانی چی ده‌که‌ن چه‌ندین ساڵ به‌ر له‌هاتنی ئێوه‌ بۆ ئه‌م شاره‌ ئه‌و فه‌رمووی
سه‌یرێکی خۆش له‌چیمه‌نی نێو خانه‌قا بکه‌
ئایه‌ ڕه‌بیعی ئاهوه‌ یاچایه‌ری سوتوور؟

به‌ڵێ ئه‌تککردنی سلێمانی پلانێکه‌ بۆ ئه‌وه‌ی ئێره‌ش ته‌عریب بکه‌ن، ئه‌وه‌تانێ ڕاپۆرتێکی وه‌زاره‌تی په‌روه‌رده‌ ده‌ڵێ 60% قوتابی عه‌ره‌ب له‌قوتابخانه‌کاندا زیادی کردوه‌، خۆ 50 ساڵ پێش ئه‌مڕۆ جه‌له‌ولا تاقه‌ عه‌ره‌بێکی لێ نه‌بوو عه‌ره‌بی ڕه‌سه‌ن و ناڕه‌سه‌ن له‌ که‌رکوکدا نه‌بوو، که‌چی ئه‌مڕۆ له‌سایه‌ی سه‌ری ئێوه‌ی ده‌سه‌ڵاتداردا بزانن چی ده‌که‌ن له‌ کوردستان و له‌ سلێمانی .
بۆیه‌ ئیتر کاتی ئه‌وه‌ هاتوه‌ ئاسۆ ده‌لاکه‌کان بگه‌ڕێنه‌وه‌ و سه‌را و خه‌ڵکیش ئازاد بکه‌ن، ئه‌وه‌ی به‌به‌عس نه‌کرا، یان نه‌یویست بیکات ئێوه‌ی ده‌سه‌ڵاتدار کردتان . ده‌تانه‌وێت چی تر بکه‌ن و چۆنی بکه‌ن؟



ئه‌گه‌ر ئێمه‌ له‌سه‌ر مزگه‌وت و گه‌رما و خانه‌قا و ، سینه‌ماکان و هاتنی ئه‌و هه‌موو ڕه‌وه‌ عه‌ره‌به‌ بهاتینایه‌ته‌ ده‌نگ ئیستا ده‌مان توانی سه‌رای سلێمانی بپارێزین و نه‌هێڵین تێکی بده‌ن ، ئاخر ئێوه‌یخه‌ڵکی ئه‌و شاره‌ نین بۆیه‌ نازانن سه‌را مانای چێ. وه‌ک ئه‌وانه‌ی که‌ ئه‌مڕۆ هه‌ولێریشیان داگیر کردووه،‌ کاتی ئه‌وه‌ هاتوه‌ بتانێرێنه‌وه‌ بۆ گونده‌کانی خۆتان، بتان نێرینه‌وه‌ بۆ که‌ره‌ج، کاتێک ئێمه‌، ئێوه‌ ده‌بینین هه‌ناسه‌شمان بۆ نادرێت له‌م شاره‌دا ، تۆ بڵێی شه‌هیده‌کانی به‌رده‌رکی سه‌را لێمان خۆشبن؟ تۆ بڵێی بێکه‌س شاعیر به‌م هه‌واڵه‌ دڵگران نه‌بێت؟ ئاخر ئه‌ویش ده‌سته‌ی هێرش که‌ربوو له‌شه‌ڕی به‌رده‌رکی سه‌رادا .
بڵێ به‌بووکی تازه‌ی یه‌ک شه‌وه‌م گه‌ر هاته‌ سه‌ر نه‌عشم ،*
نه‌ڵێ خۆی بۆ وه‌ته‌ن کوشت و له‌ڕێ ی عه‌شقی منا نه‌ژیا
وه‌زیفه‌م بوو له‌پێناوی ووڵاتێکا سه‌رم به‌خشم .....
که‌تۆی په‌روه‌رده‌ کرد بۆمن له‌داوێنی چیاو که‌ژیا ..!


سه‌رچاوه‌:
*شه‌هید هۆنراوه‌ی (گوران) به‌یادی شه‌شی ئه‌یلوول ، شه‌ڕی به‌رده‌رکی سه‌را
** چامه‌که‌ی حه‌زره‌تی نالی بۆسلێمانی
ئه‌زمڕ
چوارباخ سلێمانی

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە