کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


کۆبانی و نیویۆرك، یەك چارەنووس

Wednesday, 05/11/2014, 12:00


دوو هۆکاری گەلێ گرنگ لەپشت بەهاناوە هاتنی کۆبانی لەلایەن ئەمریکاوە پێوستە ڕەچاو بکرێ و بەهەند وەربگیرێ. یەکێکیان پەیوەندی بە سیاسەتی ناوەوەی خودی ئەمریکاوە هەیەو دووەمیان پەیوەندی بە جیهان بە شێوەیەکی گشتی و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستەوە هەیە.
یەکەمیان: لەدوای ڕووداوە تیرۆریستیەکانی ١١ سێپتێمبەری ساڵی ٢٠٠١ ، ئەمریکا بەردەوام لەنێوان هێرش کردن بۆ سەر تیرۆریستان و بەرگری لە ووڵاتەکەیدایە. ئەم جۆرە جەنگە کارێکی وای کرد گەورەترین داڕمانی ئابووری بەدوای خۆیدا هێنا تا ئەوەی لەساڵی ٢٠٠٨ دا بەتەواوی دەرکەوت و ڕاگەیەندرا. ئێدی لەو ڕۆژەوە تا هەنووکە ئابووری نەیتوانیوە بە تەواوی بکەوێتەوە سەر ڕێچکە تەندرووستەکەی و باجدەری ئەمریکا ڕەنگە تا ماوەیەکی تریش نەکەونەوە سەر پێی خۆیان. ئەم ڕاستیە وای لەهەردوو پارتی(کەر و فیلە)کان کردوە هەرچی قورسایی خۆیانە بەکاری بێنن بۆ ئەوەی زۆرترین دەنگدەر لەکاتی هەڵبژاردندا بۆ خۆیان ڕابکێشن و کۆنترۆڵی هەریەك لە (پیران و سەنەت) وە دەست بێنن. واتە؛ کاتێ ئەمریکا پارێزگاری لەکۆبانی ئەکا و بەجەنگی خۆی ئەزانێ،ئەوە پێش ئەوەی بڵێ هەمان تیرۆریست و هەمان دوژمن دژمانە،ئەوا فشارێکی زۆری هەریەك لەو دوو پارتە لەسەر یەکتری هەیە کە ئایا کامیان زیاتر ئەخوازن شەڕی ئەو دوژمنە تیرۆریستە بکەن .
ڕەنگە دیموکراتەکان هاوشێوەی کۆماریەکان نەبن سەبارەت بەجەنگی دژە تیرۆر،هەر بۆیە فشاری کۆماریەکان ڕۆژ دوای ڕۆژ لەزیاد بووندایە کە هانی ئۆباما بدەن سەرسەختانە بەشداری جەنگ بکەن و بەشێوەیەکی ڕاستەخۆ کاریگەری ئەمریکا نیشان بدەن. ئەگەر چی دیموکراتەکان لەکاتی ئۆباما زیاتر هێزە شەڕکەرەکانیان لەهەریەك لە عێراق و ئەفگانسان کێشایەوە،لێ کۆماریەکان ئەمەیان بەهەڵەی ستراتیژی ناوبرد و دروست بوونی (داعش) بەیەکێك لەو هۆکارانە لێك ئەدرێتەوە کەئەو بۆشاییە سەربازیەی ئەمریکا لەعێراقدا بەجێی هێشت،هۆکاری سەرەکی بەهێز بوونی ئەم تاقمە تیرۆریستیە بێ. هەر بۆیە لەو ڕۆژەوە کۆماریەکان جەخت لەوە ئەکەنەوە کە پێوستە ئەمریکا لەسەر ڕێچکەی سیاسەتەکانی (بۆش) بڕوا. تا کار گەیشتە ئەوەی ئەم هەڵانەی دیموکراتەکان لەلایەن کۆماریەکانەوە قۆزترایەوەو توانیان بۆ جارێکی تر کۆنترۆڵی (پیران)بکەن و لەهەوڵی ئەوەدان کۆنترۆڵی (سەنەت)یش بکەنەوە. کەواتە بەشداری کەمی ئۆباما کە تەنها خۆی لە هێرشی ئاسمانی بینییەوە بۆ سەر چەتەکانی داعش لە کۆبانی، فشارێکی بێشووماری کۆماریەکان بوو کەدوا جار توانیان بۆ بەرژەوەندی خۆیان یەکلای بکەنەوە.
دووەمیان: هەر لەدوای داگیرکردنی عێراقەوە لەساڵی ٢٠٠٣ دا، زۆربەی ووڵاتانی جیهان و ناوچەکە پێیان وابوو ئەمە جەنگی نەوت و بەرژەوەندی ئابووریە. ئەمان ئەیان ووت؛ ئەمریکا لەبەر خاتری چاوی کاڵی عێراقیەکان نیە سەدام حوسێن لائەباو عێراق داگیر ئەکا، بەڵکە لەبەر خاتری نەوتەکەی و کۆنترۆڵکردنی ناوچەیەکی ستراتیژیە لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست. لەراستیدا ئەگەر چی هۆکاری هەموو جەنگەکان بەشێکی زۆری ئەگەڕێتەوە بۆ باری ئابووری و بەرژەوەندی ئابووری، لێ بۆ ئەم نمونەیەی جەنگی عێراق و پاشان بەشداری کردنی هێزەکانی ئاسمانی ئەمریکا و هاوپەیمانان بۆ سەر چەتەکانی داعش لەکۆبانی تەواو پێچەوانەکەی ڕاستە. واتە؛ ئەمریکا پێش ساڵی ٢٠٠١ ئاستی نرخی دۆلار و ئابووری و پەیوەندیە بازرگانەکانی لەگەڵ ووڵاتانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا گەلێ تۆکمەو بەهێزتر بوو وەك ئەوەی دوای ڕووداوە تیررۆریستیەکانی سەر شاری نیۆرك. ئەمریکا بەبەشداری کردنی لە جەنگی دژ بەداعش لەکۆبانی پەیامێکی وای بەجیهان دا کەوا ئەمان شەڕ ناکەن بۆ نەوت،بەڵکە شەڕ دژی تیرۆریستیەکان ئەکەن و ئەوەش ئامانجیانە. کێ هەیە نەزانێ ئەمریکا خاوەنی زۆرترین نەوتە لەجیهاندا. کێ هەیەنەزانێ ئەمریکا هیچ پێوستی بەنەوتی عێراق و شوێنانی تر نیە،گەر بیەوێ هی خۆی بەکار بێنێ. لەڕاستیدا ئەمریکا ئەوەندە ئابووری پێش کەوتوە کە لە توانایدا هەیە پشت بە نەوت و گازی سروشتی نەبەستێ. ئەمریکا خاوەنی گەورەترین سەرمایەو خاوەنی گەورەترین ئابووری جیهانە. لەبەرئەوە پاساوی جەنگی داعش و هەر تاقمێکی تری تیرۆریستی نەوت نیە،بەقەد ئەوەی پاساوێکی مرۆیی و مۆڕاڵی و سیاسی ناوخۆی ئەمریکایە کە ئەبێ بیکا. ئەمریکا ئەتوانێ پشت لەنەوتی جیهان بکا و پشت بە نەوتی خۆی ببەستێ گەر بیەوێ، لێ ناتوانێ پشت لە تیرۆریستان بکا و چاوی خۆی لێ بنوقێنێ. ئەمریکا کاتێ بینی هێزێکی وەك (کورد) جەنگی داعش ئەکا و ئامادەیە تێك و پێکی بشکێنێ،ئەوا بەدڵنیاییەوە بەشداری تیا ئەکاو بۆیە بەدووری نازانین گەر بێتو پێویستیش بکا،ئەوا جارێکی تر هێزی زەمینی ڕەوانەی ئەو شوێنانە ئەکرێ کە چەتەکانی داعش و هەر تاقمێکی تری تیرۆریستی ئەبنە مەترسی بۆ سەر ئەمریکاو هاوپەیمانان. ڕەنگە هۆکاری ئەوەش کەوای لە ئەمریکا کرد بەشداری کوردی ڕۆژئاوا بکاو پردی ئاسمانی دروست کرد ئەوەبێ، کە وەك زل هێزێك جارێکی تر خۆی نمایش کرد کە زۆرێك پێیان وابوو ناتوانێ لە سووریا ئەو کارە بکا.

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە