کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


چارەنووسى یەكێتیى حیزبە فیرعەون كوژەكە بەرەو كوێ؟!

Saturday, 23/05/2009, 12:00


دروستبوونى حیزبێكى كوردى وەك (یەكێتیى) كە لە چەند هێڵێك پێكهاتبوون، وەك (كۆمەڵەى رەنجدەران، بزوتنەوە، خەتى گشتى)، لە ساڵى 1976 بۆ كورد و مافە رەواكانى پێویستیەكى لە رادەبەردەر بوو، ئەویش بەو پێیەى ساڵێك بەسەر (ئاشبەتاڵ)ى ساڵى 1975ى شۆڕشى ئەیلولدا هاتبوو، كە لە سەر دەستى (بارزانى) رابەرایەتى دەكرا. (یەكێتیى) توانى تین و تواناى شۆڕش و داواكردنەوەى مافەكانى كوردان بە جۆرێكى نوێ و باشتر بخاتەوە دڵى تاكەكانى كوردستان، ئیدى بە جۆرێك ئەو حیزبە گەشەى كرد، كە توانى زۆر لە سەركردە بە تواناكانى شۆڕشى رووخاوى پێشوو لە خۆی كۆبكاتەوە.

بیر و را و فكرەى جیاواز، تاڵەبانى و دیموكراسیەت
گەر بگەڕێینەوە بۆ مێژوو، دەبینین زۆر لە سەركردە و كەسایەتیەكانى ناو (یەكێتیى) كە لە ساڵى 1964 لە (پارتى) جیابوونەوە، تەنها هۆكار بوونى تاك رەئی بووە. وەك دەزانین (یەكێیى) لەسەر ئەساسى فكرە و را و بۆچوونى جیاواز دروستبووە، هەردەم راى جیاواز بوونى هەبووە و دەشبێت، ئەمەش بە پێچەوانەى پارتەكانى ترى كوردستان، بە تایبەت (پارتى دیموكراتى كوردستان)، كە هەرگیز قبوڵى فكرە و را و بۆچوونى جیاوازى نەكردووە و ناشیكات، هەر ئەو قبوڵ نەكردنى فكرە و راى جیاوازە بووەتە هۆى ئەوەى، كە لە ناو قوتابخانەى (پارتی)دا سیاسەت و كارى ملکه‌چیی خوێندراوە و دواجار شەهادەى ملکه‌چیی بردن تێیدا بە دەرچوانى دەدرێت. دەتوانین بڵێین كە دیموكراسیەت و هەنگاونان بۆ بەرەو پێشوەچوونى لە (یەكێتیى)ەوە دروستبووە و هێنراوەتە نێو كوردستان و لەوێوە بۆ ناو پارتە كوردیەكانى تریش، (گەر پیادەیان كردبێت!)، گەر نموونەى (محەممەد موكرى) وەربگرین كە رۆمانى (سەگ وەڕ) دەنووسێت، هەندێ كەس رایان وادەبێت كە بیكوژن، بەڵام (تاڵەبانى) ئەوە رەت دەكاتەوە و دەڵێت: "ئەو بە قەڵەم، ئێوەش بە قەڵەم وەڵامى بدەنەوە"، لە بەرامبەردا ئەگەر نموونەیەكى هاوشێوە لە ناو (پارتی)دا وەربگرین كە (رەفیق پشدەرى) دێت و كتێبێك بە ناوى (كورد دوژمنى خۆت بناسە) دەنووسێت، لە هەڕەمى سەرەوەى ئەو پارتە هەوڵى تیرۆركردنى دەدرێت و بۆ خۆ دەربازكردن دەچێتە شارى سلێمانى و ژێر سایەى (یەكێتیى).
برادەرێكم بۆى گێڕامەوە كە پیاوێكى بە ئەزموونى (بێسەرى)، كە ئێستاش لە ژیاندا ماوە بە پارتیەكانى گوتووە: "پیاوى چاك بن خۆتان بە كوشت مەدەن، چونكە گەر شتێك نەبوایە، چۆن (تاڵەبانى) لە پارتى جیا دەبوویەوە"، دەڵێن كاتى خۆى (كەسایەتییەك)ى هونەرمەند بۆ ماوەیەكى كەم لە ناو ریزەكانى (پارتی)دا بووە، پاشان لە ریزى (پارتى) هاتۆتە دەرەوە و برادەرانى خۆى پێیان گوتووە: چۆن وازوو لە ریزى (پارتى) هاتیتە دەرەوە و چوویتە باڵى (مەكتەبى سیاسیی)، ئەویش لە وەڵامدا دەڵێ: "وەڵڵا وامزانى گۆشت دەبرژێنن، كەچى نەمزانى (كەر) داخ دەكەن".

ئەوانەى كە بە ماڵ و گیان هاوكارى شۆڕشى نوێیان دەكرد
شۆڕشى نوێى گەلى كورد، كە لەسەر ئەساسێكى دیموكراسیانە و دوور لە ئەقڵى تاك رەئیانە و خێڵەكیانە، هەروەها بە سیستمێكى نوێ و سەردەمیانە هاتبوویە مەیدانى خەباتەوە، ئیدى خەڵكى كوردستانیش تەنها هیوایان ئەو پارتە بوو، كە بتوانێت مافەكانیان بۆ دەستەبەر بكات، بۆیە گەلى كورد چ وەك گیان، چ وەك سەروەت و سامان بەرەو پیرى ئەو شۆڕشە دەچوون، گەر نموونەى كەسایەتیەكى وەك (ئەحمەد سمێڵ) كە لە ناو شارى سلێمانى دا هەستى پێدەكرا، كە چ نیشتیمان پەروەرێكە هەر بۆیە لە ناو خەڵكى بە (ئەحمەد كوردە) ناسراو بوو وەربگرین، هەر لە سەرەتاى دەسپێكى شۆڕشى نوێوە خۆی و 4 چوار كوڕى چوونە ریزى شۆڕشەوە، ئەوە جیا لەوەى كە سەروەت و سامانێكى زۆرى خۆى بۆ شۆڕش تەرخان كرد، ئەوەش دەزانرێت 4 چوار جار بریندار بووە، ئێستاش (بەرزان)ى كوڕى ئەندامى سەركردایەتى و بەرپرسى مەڵبەندى رێكخستنى (1)ە لە سلێمانى، هاوكات ئەو زەویەى كە بیناى مەڵبەند و گەراجەكەشى تێدایە خاوەنەكەى خۆیانن. دووەم (حاجى عەلى) ئەویش بە هەمان شێوە سەروەت و سامانى خۆى خستۆتە خزمەت شۆڕشى نوێوە و كوڕەكانیشى (قادرى حاجى عەلى) كە كارگێڕى مەكتەبى سیاسیى پێشوو بووە و (حەمە جەزا)ش، كە ئەوانیش بە گیان لە پێناو شۆڕش و گەلى كورددا لە خەباتدا نەپساوە بوون، هەروەها لە ناوچەى پشدەریش لە سەردەمى مەفرەزە سەرەتاییەكان (عەلى ئاغاى شەروێت) نموونەى زیندووى گیانى و ماڵى سەردەمى شۆڕشى نوێ بوو.
ئەو چەند نموونەیە بەسن بۆ ئەوەى بزانین (یەكێتیى) لەو سەردەمەدا، چ هیوایەك و رۆشناییەك بووە بۆ گەلى كورد، ئێستاش دەبێت ئەو كەسانە بەردەوام بن لە خزمەتكردن بە گەلى كورد هەروەك چۆن لە رابردوودا ئەو خزمەتە لە بن نەهاتوەیان كردووە.

تاڵەبانى و چیاكانى كوردستان
(یەكێتیى) لە ساتە وەختێكدا دروستبووە، كە زۆربەى گەلى كورد ئومێد بڕاو بووبوون لە هەڵگیرسانەوەى شۆڕش، چونكە گەورەترین شۆڕشى كوردى ئاشبەتاڵى پێكرابوو "هەركەس بۆ ماڵى خۆى"، حكومەتى ئەوساى عێراقیش تا دەهات چ لە رووى هێز و كەرەستەى جەنگى، چ لە رووى ئابووریەوە پێش دەكەوت، لێ ئەوانە هیچى نەبوونە رێگر لە دروستبوونى شۆڕشێكى نوێ، كە به‌ میتۆدێكى نوێوە هاتە مەیدانەوە، وەك دەزانین (یەكێتیى) مەكتەبى سیاسیى و سەركردایەتى لەو سەردەمى بەهێزیەى حكومەتە یەك لە دواییەكەكانى عێراقدا لە ناو خاكى كوردستان و سەرشاخەكانى كوردستاندا بووە، كە زۆربەى پارتە كوردیەكانى تر تەنها بۆ جەولەیەكیش نەیانتوانیوە بێنەوە ناو خاكى خۆیان، وەك (محەممەدى حاجى مەحموود) لە بیرەوەرییەكانیدا دەگێڕێتەوە: "چەند پێشمەرگەیەكى پارتیم لە تەپەسەرقووڵە بینى و سێ پاسداریان لەگەڵدا بوو، یەكێك لە پاسدارەكان ناوى ئاغاى (حورمەتى) بوو، لێم پرسى كە لەگەڵ پارتیدا هاتوون؟ بەڵام ئاغاى (حورمەتى) لە وەڵامدا وتى: نەخێر ئێمە ئەوانمان هێناوە!"، یا لە شوێنێكى ترى بیرەوەرییەكانیدا دەڵێت: "پارتییەكان ماوەیەكى زۆر لە ئێران پەناهەندە بوون، بۆیە كە ئێمە دەمانهێنانە ناو كوردستان زمانى سۆرانى خۆمانیان لە بیر چووبویەوە و بە زمانى سۆرانى رۆژهەڵاتى دەدوان!"، یاخود لە شوێنێكى تردا سەبارەت بە بەراوردى نێوان (تاڵەبانى و بارزانى) دەڵێت: "بارزانى 20 بیست خولەك لە كەرەج بە پێ رۆیشتبوو، ئیدى لە ئیزاعەكەى خۆیان كردبوویان بە هەرا و گوتبوویان: بەڵێ بۆ خاترى كورد سەرۆك بارزانى 20 خولەك بە پێ رۆیشت، كە لە كاتێكدا (تاڵەبانى) لە دروستبوونى (یەكێتیى)ەوە، تا رۆژى راپەڕین هەر لەناو خاكى كوردستاندا بووە"، ئەوە جگە لەوەى كە زۆربەى سەركردە و كەسایەتیەكانى ترى پارتەكانى ترى كورد، لە ئێران پەناهەندە بوون و زۆربەشیان لە هەوڵى دابینكردنى ڤیزەى وڵاتانى ئەوروپا و ئەمریكا بوون.
ئێستاش بە گوتەى سیاسەتمەدارانى عێراقى دەولى بێت، (تاڵەبانى) هاوهێزیەكى بێوێنەى ناو هاوكێشە سیاسیە دیموكراسیەكەى عێراقە و بە بێ بوونى ئەو هاوكێشەكە بەرەو لەنگى خۆى دەنوێنێت.

بوونى تاك رەئى سەركردە
بیرمەندى سیاسیى وڵاتى ئێران (محەممەد خاتەمى) لە بیرەوەریەكانى خۆیدا ئاماژە بە خراپى بوارى تاك رەئى سەركردایەتى كۆمەڵگا دەكات و دەڵێت: "هەر گەلێك چاوەڕوان تەنها تاكە سەركردەیەك بێت، ئەوا ئەو گەلە زۆر بەد بەختە"، بەپێى ئەم وتەیە بێت، خودى (پارتى) لە مێژووى دەستبەسەرا گرتنى سیاسەت بەرامبەر بە كۆمەڵگا، تەنها نیەتى ئەوەبووە كە تا مردن گەلى كورد لە بەدبەختى و سوژدە بردنى خۆیدا بمێنێتەوە نەك پێشكەوتنى.

رێككەوتننامەى ستراتیژى و لێبوردنە گشتیەكەى ساڵى 1970
ساڵى 1998 كە دەنگۆى ئاشتەوایى نێوان (یەكێتى و پارتى) بووە هیوایەكى سەرتاسەرى بۆ كۆمەڵگا لە رووى دەربازبوونى نەهامەتى خوێنڕشتن و ماڵوێرانى لە هەرێمەكەدا، لە هەمانكاتیشدا هەوڵدان بوو بۆ دروستبوونەوەیەكى سۆز و بڕوابوون لە لایەن وڵاتانى ئەورووپى، چونكە لە ماوەى شەڕى ناوخۆدا هەموویمان لە دەست دابوو، نكۆڵى لەوە ناكرێت و مزایەدەش نییە، گەر بڵێین لە پێناو ئەم ئاشتەواییەدا سەركردایەتى (یەكێتیى) گەورەترین تەنازولاتى لەو هەنگاوانەى خۆى لە پێناو سەقامگیربوونى ئاشتیدا كرد، بەڵام مخابن بەپێى كۆبوونەوەكانى كە زیاتر لە 80 كۆبوونەوە لەو سەردەمەدا كرا، (پارتى) وەك خۆ فەرزكردن و بێ گوێدانە ئیحساسى كۆمەڵگا، هەمیشە پێداگرى لەسەر شێوازى هەنگاوەكانى ئاشتى دەنا، بەڵام (یەكێتیى) لەم ئاستەدا كە بۆ ئاشتى هەنگاوى دەهاویشت (پارتى) دەیویست لە رووى جەماوەریەكەیەوە بە كۆمەڵگا بڵێ: "ئەوە منم كە (یەكێتیى)م لە ئاست خۆم و ئێوەشدا بچوككردۆتەوە"! دوایین كارەسات ئەوەیە كە لە دواى ئاشتەوایى رێككەوتننامەى (ستراتیژى) لێكەوتەوە، كە مخابن ئیستا (یەكێتییە) شۆڕشگێڕ و داهێنەرەكەى دوێنێ، سەركردایەتى (پارتى) و جەماوەرەكەى لە كۆبوونەوە نهێنیەكانى حیزبى خۆیاندا ئەم رێككەوتننامەیە، بە لێبوردنى گشتى ساڵى (70) لە قەڵەم دەدەنەوە، كە ئەمەش دەبێتە مایەى بێهێزى سەیركردنى (یەكێتیى)ەكەى دوێنێ، كە ئەمڕۆ لەسەر دەستى چەندان ئەندام مەكتەبى سیاسیى و سەركردایەتى ئەمڕۆ، تەنها چاوەڕوانى بڕیارەكانى (پارتی)ن، ئەمە لە لایەك و لە لایەكى تریشەوە وەك بەڕێز (عوسمان بانى مارانى) لە چاوپێكەوتێكى دا لەگەڵ گۆڤارى (شەقام) دەڵێ: "بۆى هەیە كە (یەكێتیى) لە ناو (پارتی)دا بتوێتەوە.

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە