دابەشكردنى زەوییەكانى ناحیەى رزگارى هەراى ناوەتەوە "خەڵكى وەها زەوی پێدراوە كەدەستى بە خوێنى شەهیدان سوربووە"
Thursday, 27/05/2010, 12:00
لە ناحیەى رزگارى زیاتر لە 60 پارچە زەوى دراوە بە ئەندامانى هێزى پێشمەرگەو خەڵكى دانیشتووى دەرەوەى ناحیەى رزگارى،لەبەرامبەردا هاوڵاتیان و رێكخراوەكانى ناحیەى رزگارى لە دەڤەرى گەرمیان توڕەو نیگەرانن لە دابەشكردنى زەوى بەو شێوەیە،داوادەكەن سەرۆكى شارەوانى ناحیەى رزگارى لەوبارەیەوە رونكردنەوە بدات دەنا هەڵویست وەردەگرن.
"ئێمە ئەمرمان جێبەجێ كردووە دەسەڵاتى زەوی دابەشكردنمان نەبووە"
ئاوێنە لەسەرچاوە تایبەتەكانى زانیویەتى،لەماوەى پێشو چەندین پارچە زەوى لە رێگاى فەرماندەى گشتى بەسەر خەڵكى ناموستەهەق و خەڵكى دەرەوەى ناحیەكە دابەشكراوە،سەرۆكى شارەوانى ناحیەى رزگاریش لەوبارەیەوە دەڵێت"ئێمە ئەمرمان جێبەجێ كردووە دەسەڵاتى زەوی دابەشكردنمان نەبووە".
ناحیەى رزگارى لە دەڤەرى گەرمیان كە زیاتر كەسوكارى ئەنفالكراوەكان لە خۆ دەگرێت،بە بەراورد لە گەڵ شارەكانى دیكە پەراوێز خراوە،چەندین خەڵكى ناحیەكەیش كرێچییە.لەبەرامبەر ئەو ناهەقییەشدا ئەندامى كۆمەڵەى داكۆكیكردن لە مافی كرێچییان،شاخەوان نامیق،ئاماژە بۆ ئەوە دەكات لە ناحیەى رزگارى خەڵكێكى هەژار و كەمدرامەت هەیە،پەنایان بردۆتە بەر رێكخراوەكەیان، بۆ ئەوەى مافیان نەخورێت، ئەو وتى"لەناحیەى رزگارى خەڵكێكى تێدا كرێچییەو كە ئەندامە لە ڕێكخراوەكەمان، پشتیوانیان لێدەكەین،لەداهاتوودا ئەگەر زەوى دابەشبكرێت،ئەوانیش بێبەش نابن".
لەلایەكى ترەوە سەرچاوەیەك لە كۆمەڵە گەنجە سەربەخۆكانى گەرمیان، بە ئاوێنەى راگەیاند" ئەوان داوادەكەن سەرۆكى شارەوانى ناحیەى رزگارى رونكردنەوە لەوبارەیەوە بدات وتى"ئێمە ئێستا داوادەكەین سەرۆكى شارەوانى ناحیەى رزگارى رونكردنەوەى زیاتر لەو بارەیەوە بدات،چونكە دەیان موستەهەقى ناحیەكە هەیە زەویان پێنەدراوە،چەندین پارچە زەویش دراوە بەخەڵكانى دەرەوەى ناحیەكە،"ئێمە فشار دەكەین بۆ ئەوەى ئەو زەویانە كە لەماوەى پێشودا لە رێگەى هەندێك دەزگاى سەربازى و ئەمنییەوە دابەشكراوە ئاشكرابكرێت،تاوەكو دووبارە نەبنەوە،ئەگەر ئەو داوەكاریەمان جێبەجێ نەكرێت،ئەوكاتە حكومەت خۆی بەرپرسیارە لەهەر كارێك ئەنجامى بدەین".
لەبارەى زەوى دابەشكردن بەسەر خەڵكى دەرەوى ناحیەكە،بەرپرسی لێژنەى ناوچەى رزگارى یەكێتى گشتى قوتابیانى كوردستان سیروان سەعید لەو بارەیەوە ئاماژەى بەوەدا كە رێكخراوەكانى ناحیەكە كۆدەكەنەوەو هەڵویستیان دەبێت،ئەو وتى"پێویستە لەبەرامبەر دابەشكردنى ئەو پارچە زەویانە كەبە خەڵكى دەروەى ناحیەى رزگارى دراوە،رێكخراوەكانى كۆمەڵگەى مەدەنى بێدەنگ نەبێت و هەڵویستیان بەرامبەر حكومەت ببێت،كە ئەمڕۆ هەڵوێست بۆتە هەڵوێستى مەدەنیانە، ئێمە دەتوانین راى ئەو خەڵكانە لەناحیەى رزگارى وەربگرین لەبەرامبەر ئەو زەویانە كە دراوە بە كۆمەڵێك خەڵك تەنانەت لەدەرەوەى سنورى هەرێمى كوردستان هاتوون لە ناحەیەی رزگارى زەویان وەرگرتووە،خەڵكى واى تێدایە دەستى لە خوێنى شەهید هەبووە لەناحیەى رزگارى زەوى وەرگرتووە ئەگەر ئەمە بەراورد بكەى لە بەرامبەر ئەو خەڵكانە كە شەوو رۆژ خزمەت دەكەن،بە ئەوان بدرێت باشترە یان خەڵكێك لە جەلەولا و سەعدیە،عەربێك بهێنێت لەناحیەى رزگارى زەوى پێبدەى.
دەربارەى دەستیوەردان لەلایەن دەزگاى سەربازى و ئەمنییەوە لە كاروبارى حكومەت ئەو بەرپرسە باس لەوە دەكات كە دەستێوەردان هەبووە،"دەستیوەردان هەر پیشەیان بووە، ئەوە ئیشی ئێستایان نییە،ئیشی تازە بوایە رەنگە لێپرسینەوە لەو بابەتە بكرایە،چونكە ئەوان هەمیشە لەناحیەو هەموو شارەوانیەكانى شارەكاندا ئەو دەست تێوەردانەیان هەیە بۆ زەوى و بۆ دامەزراندنى فەرمانبەر بۆ هەموو ئەوانە،لە راستیدا ئەودەستیوەردانە كاروبارى شارەوانیەكانی تێكداوە،چونكە بەنوسراوێكى رەسمی لە كۆمیتەیەكەوە یان لەلایەنێكى حیزبیەوە دێت، ئەو سەرۆكى شارەوانییە ناچاردەبێت پابەند بێت بەو نوسراوە كە لەو دەزگا حزبییەوە هاتووە، ئەمەیش وای لیهاتووە سەرۆكى شارەوانى دەسەڵاتى نەمێنێت،بەنموونە زەوى بدا بە فەرمانبەرێكى موستەهەق لەشارەكەدا،حیسابی ئەو نوسراوە دەكات كە لەدەزگا حزبیەكەوە بەدەستى گەیشتووە".
لاوان ئەحمەدیش وەك مامۆستایەكى دانیشتووى ئەوشارە ئەوەى رونكردەوە كە گەورەترین گەندەڵى و تەجاوزكردنە بۆ سەر مافى خەڵكى بەشمەینەتى ناحیەى رزگارىو وتى"لە هیچ یاسایەكدا نەبووە خەڵكى خودى شارێك بەدەست گرفتى نیشتەجێبوونەوە بناڵێنن كەچى زەوى بەرێگاى ناشەرعى بدرێت بەخەڵكى دەرەوەى شارەكەت".
دەربارەى ئەوەى لە رێگاى دەزگاى زانیاری و فەرماندەى گشتى چەندین خەڵكى دەرەوەى ناحیەى رزگارى زەویان وەرگرتووە،سەرۆكى شارەوانى رزگارى،تەیمور نامیق،بە ئاوێنەى راگەیاند"زەوى دابەشكردن لە دەسەڵاتى مندا نەبووە، ئێمە تەنها ئەمرمان جێبەجی كردوە".
خەلیل عوسمان ئەندامى پەرلەمانى كوردستان لە لیژنەى شارەوانییەكان لە لێدوانێكیدا بە ئاوێنە رایگەیاند" ئاگادارى شتى وانیم.لەلایەكى تریشەوە لە پەیوەندییەكى تەلەفۆنى لەگەڵ نوێنەرى جەلال تاڵەبانى بۆ كاروبارى پێشمەرگە مەحمود سەنگاوى نەیویستووە وەڵامى پەیامنێرەكەى ئاوێنە بداتەوەو توییتى لێداوانتان بۆ نادەم.
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست