هەڵسەنگاندنی من بۆ کوردستانپۆست: سایتێک پڕ بەپێستی پارتیی و یەکێتی
Wednesday, 04/04/2012, 12:00
١٠ ساڵ زیاترە، کوردستانپۆست کار دەکات. لەو تەمەنەی خۆی دا، هەوراز و نشێوی زۆری بینیووە.
کوردستانپۆست تایبەتمەندیی خۆی لە هەواڵ و نووسینی بابەتەکاندا هەیە، بەتایبەتی لە ڕیسواکردنی بەرپرس و ڕۆشنبیرە دەبڵ مۆڕاڵەکان، بۆیە چەندین جار بۆتە بابەتی گفتوگۆی بەرفراوان و هێرشی ڕاگەیاندنی کراوەتە سەر. تەنانەت بەشێوازی ناراستەوخۆ، لە بەرزترین ئاستی (پارتی و یەکێتی) باسیان کردووە و بەرەنگاری بوونەتەوە. ٣ جار هاککراوە، چەندین سکاڵای لە سەر تۆمارکراوە، هەرەشەی لێکراوە، بەرتیلیان بۆ ستافەکەی رۆکردووە، ئەشکەنجەی بنەماڵەکانیان دراوە، چەندین گروپی لێ جیابۆتەوە، دەسەڵات نووسەری سیخوڕی تێدا چاندووە، یان بەزیون و چوونەتە نێو دەسەڵات، چەندین نووسەر بۆ ئەوەی مامەڵە بە بەهای خۆیان بکەن، ماوەیەک هاتوون لە کوردستانپۆست بناسرێن، دوای ئەوە چوونەتەوە ناو دەسەڵات و خۆیان هەڕاج کردووە. نووسەری تریش هەیە، چۆتە دەرێ و سایتێکی کردۆتەوە و ناوی پۆستێکی لە خۆی ناوە وەک ئەوەی لە دوای هەموو هەورێک باران دەبارێت...هتد
بەداخەوە تا ئێستا نەمبینیوە نووسەرێک لە بابەتێکدا، بێت و بوێرانە هەڵسەنگاندن بۆ ئەو سایتە بکات، باس لە لایەنە (پۆزەتیف و نێگەتیڤەکانی) بکات!؟
بۆچی ئەو سایتە بۆتە ژمارەیەکی گرنگ و کاریگەر لە سەر دەسەڵات؟
بۆچی هەر دۆسیەیەک لە سەری بوەستێ دەتوانێ بیکاتە بابەتی رۆژەڤی میدیا، یان گەرما و گەرمی توێژێکی بەرفراوانی سیاسیی و ڕۆشنبیرەکان؟
بۆچی زۆرترین خوێنەر سەردانی کوردستانپۆست دەکات، ئەمە لەکاتێکدا، بەدەگمەن سایتەکانی (دەسەڵات و ئەهلی)یەکانیش دەوێرن ژمارەی خوێنەرانیان بۆ هەر بابەتە نیشان بدەن؟ بەڵام کوردستانپۆست دوور لە ساختەکاری ژمارەی خوێنەری بابەت و هەواڵەکانی نیشان دەدات. ئەو سایتانەی تریش، کە ژمارەی خوێنەرانی دیاری دەکات، بۆ هیچ بابەتێکی ناگاتە چەند هەزارێک (بۆ نمونە جگە لە ووتارەکانی نەوشیروان مستەفا لە سایتی سبەی)، ئەمە لە کاتێکدا کوردستانپۆست نووسینێی وای هەیە گەیشتۆتە ١٥٠ هەزار وەک نووسینەکانی شەهیدی ئازادیی سەردەشت عوسمان، یان هەواڵ و بابەتەکانی بەردەوام لە نێوان ١ بۆ ٢٥هەزار دێت و دەڕوات؟
من لێرەدا بەدواوە بە باشی دەزانم، چەند سەرنج و تێبینی خۆم بەرامبەر بە سایتی کوردستانپۆست دەردەبڕم بەهیوای ئەوەی خەڵکانی تریش لە پێناوی دەوڵەمەندکردن و بەهێزکردنی سەرنجەکانیان ڕاشکاوانە بنووسن، هەروەها کوردستانپۆستیش وەک داهێنانێکی جیا لە چاو سایت و ڕۆژنامەکانی تر، دەرگای رەخنەگرتن و هەڵسەنگاندن زیاتر بکاتەوە.
بۆچی ئەم سایتە ئەوەندە دوژمنی هەیە؟
1. ئەم سایتە، شیوازێکی نوێ و تایبەتەمەندیی خۆی هەیە، لە بڵاوکردنەوەی هەواڵ و ململانێ لەگەڵ دەسەڵاتدا، بەتایبەتی لە هەڵدانەوەی تاوان و ناپاکی ٥٦ ساڵەی ئەم دوو پارتە. ئەمەش کارێکی نوێیە، هەموو کارێکی نوێش، سەرەتا دوژمنی زۆر و دۆستی کەم و هەزم نەکراو رووبەرووی دەبێتە. هاوکات کوردستانپۆست کاری جدی کردووە و دەیکات، هەرچی پیرۆزییە دروستکراو و بڤەکانی ئەم دوو بنەماڵەیە هەیە، یان هەندێک دیاردەی تری ناشرینی ناو کۆمەڵگا هەیە، دەخاتە ژێر قسە و باس و گومانەوە، تاڕاشکاوانە خەڵک لە سەری قسە بکات. سنوری رەخنە و هەڵدانەوەی لاپەری سەدان ڕۆشنبیر، نووسەر و رۆژنامەنووس، پارت و ڕێکخراوەکانی سیاسی دەرەوەی دەسەڵات هەیە، لە دەبلمۆراڵی و ناڕاستگۆیی لە ئەخلاقی سیاسیی و ڕۆشنبیرەکان دەخاتە ڕوو. کۆی ئەمانەش هۆکارێکە بۆ ئەوەی پیاوانی ناوەوە و دەرەوەی دەسەڵات، لەگەڵ بەشێکی زۆر لە ڕۆشنبیرە دەربارەکان، بەهەموو لق و پۆپەکانیانەوە بکەونە دژایەتیکردنی جدی کوردستانپۆست و سەنگەری لێبگرن. لەڕێگای سەدان مینبەری راگەیاندن (بەشێوەی ناراستەوخۆ)، کوردستانپۆست تۆمەتبار دەکەن، کە گوایە نووسین تێیدا بۆتە جوێندان، رۆژانە هەڵمەتی دەکەنە سەر. لەکاتێکدا بۆ خۆیان ئەوان تاوان و ناپاکی و درۆزنی دەکەن، کەچی بەخەیاڵی ئەوان، دەبێت بەرامبەرەکەیان بێدەنگ بێت و باسی نەکات، ئەگەر باسیش کرا، ئەمە جنێودان و سووکایەتییکردنە. ئەوان پێیان وایە، ئەگەر ئەو راستییانەت هەڵدرایەوە و باست کرد، ئەوا دەچێتە خانەی ململانێی شەخسیی. بە داخەوە ئەو بەرەیە ئەمڕۆ لە کوردستان زۆر بەهێز و زاڵە، میدیاکانیان بودجەی خەیاڵیان لە بەردەستدایە، بەڵام ئایندەیان فشەیە.
2. زۆرینەی نووسەر و ڕۆشنبیرانی کورد، هەروەها پارت و ڕێکخراوەکانی دەرەوەی دەسەڵات، کە کەسانی ترسنۆک و دوو ڕوون لە نێوان نووسین و ئاخافتن و کرداردا. بەرادەیەک زۆربەیان لە ماڵەوە (کوردستانپۆست) ئاسا لە سەر ئەم دەسەڵاتە قسە دەکەن، بەڵام کە دێنە دەرەوە، دەبنە (خەبات و کوردستانی نوێ)، بوێرییەکانیان دەبێتە (ڕیگای کوردستان و ئالای ئازادی). بەتایبەتی ڕۆشنبیران، ئەم گروپە لە دوای ڕاپەڕین، لەپیناوی خۆشگوزەرانی خۆیاندا، خەڵکیان چەواشە کردووە، لە بەرپرسیارتی سەرشانی خۆیان هەڵدێن. بەشێکی ئەم هەڵپەرستیەش، دەرەنجامی ئەو ئابلۆقە ئابورییەی هەردوو بنەماڵەی بارزانی و تاڵەبانییە، کە خستویانەتە سەر خەڵک و دەنگە ڕەخنەگرەکان، چونکە دەسەڵات، هەموو کایەکانی ژیانی خستۆتە ژێر دەسەڵاتیی خۆیەوە، بەلام بە یەک نووسین و ئاخافتن لە قازانجی دەسەلات، گۆڕانکاریی بەسەر ژیانیان دەهێنێ. بۆیە ئەم گروپە بەرفراوانە، مەترسیدارە لەسەر چەواشەکردنی خەڵک، دەسەڵات وەک دەستی دوو یان ناراستەوخۆ لە دژایەتی نەیارەکانی بەکاری دەهێنێ.
3. کوردستانپۆست هەندێ جار خۆی پاساو دەداتە دەست دەسەڵات، بۆ ئەوەی تۆمەتەکانی بەرامبەر کوردستانپۆست، خەڵک لێی بکرێت. بەتایبەتی لە چەند ساڵی رابردوییدا، بەوەی شێوەی هەواڵ وەرگرتن و بڵاوکردنەوەکانی کەم و کورتی زۆر پێوە دیاربوو، بە پەلە و بێ بەدواچون زوو بڵاوی دەکردەوە. یان دەکەوتە ناو یارییەکانی دەسەڵات و پیاوەکانییەوە. کە بە بەرنامە لەلایەن دەزگاکانی زانیاریی و پاراستن و بەرپرسە باڵاکانی هەردوو پارتەوە هەواڵی نادروستیان بۆ کوردستانپۆست دەنارد، کە تا ئیستاش بەردەوامە، مەبەستیش لەمە ئەوە بووە تا لە ڕاستگۆیەتی ئەم سایتە بدەن. ئەم شەڕەش لەگەڵ ئەمانە بەو ئەزمون و کەرەساتە و توانایانەی لەبەردەستیانە، کارێکی ئاسان نییە، تا بتوانێ هەموو جارێک بەسەر فێلەکانیان زاڵ بیت! بەتایبەتی، هەندێ جار شەڕە ساردەکانی نیوان بەرپرسانی پارتی و یەکێتی لەگەڵ یەکتردا، یان کێشەکانی ناوەخۆ یان پلانەکانی دەزگاکانی زانیاری و پاراستن، شەڕی کەسایەتییەکانی ناو ڕۆژنامە و گۆڤارەکانی دەسەڵات و ئەهلیش، زۆر جار هاتۆتە نیو کوردستانپۆست، واتا کوردستانپۆست بۆتە شوێنێک بۆ یەکلاکردنەوەی بەرژەوەندییەکانی خۆیان لەگەڵ یەکتریدا. ئەمەش ئەگەر جار جار هەواڵی نادروستی تیا بێت، ئەوا زۆرینەی جارەکانیش بۆ مل شکاندنی یەکتر هەواڵەکان راست دەرچوونە.. بەداخەوە لای خەڵک و نووسەرانیش، ئەگەر یەک هەواڵی نادروست دەبینن، ئیتر دەبینێ ٩٩ هەواڵەکە دروستەکەی تریان لە یاد دەچێت. بەکورتی هاوشێوەی ویکلیکس، کوردستانپۆست بۆتە شوێنی ململانێی هێزەکان. بەڵام کوردستانپۆست هێشتا دەبێت وریاتر بێت و هەموو لایەکیش زیاتر چاودێری ئەو شەڕانە و هاریکاریان بکات، بە سەرنج و دانی زانیاریی دروست بە کوردستانپۆست. بەداخەوە خەڵک و رەخنەگرەکانی دەسەڵات، کەمترین هاریکاری مەعنەوی کوردستانپۆست لەم بارەیەوە دەکەن. بەڵکو هەر لە ماڵەوە پرتە و بۆڵەیان هەیە، نایگەینە دەستی ستافەکەی بە ئمێلێک، لەکاتێکدا ٦ ساڵە ئاگاداریانم، گوێ لە راو سەرنجی خەڵک دەگرن و کەم و کورتییەکانیان هەوڵی چارەسەرکردنی بۆ دەدەن.
4. لە کوردستانپۆست بەهۆی ئەوەی ڕەخنەکانی سایت و نووسەرەکانی لە سەر دەسەڵات، ئۆپزسیۆن و ڕۆشنبیرە دەبلمۆرالەکان، حیزبە کارتۆنیەکانی پارتی و یەکێتیە، هەروەها لەسەر نووسەرە چەواشەکارەکانی دەسەڵات.... چر دەبێتەوە و خاڵ لەسەر ووشەکان دادەنێت. ئەمەش ئۆتۆماتیکی دەبێتە سەنگەر گرتن لە کوردستانپۆست. ئەم میتۆدە کارکردنە ناوهێنانی (بەرپرس و نووسەر و نوێنەری حیزبەکان) ئەگەر هەواڵەکە راستیش بێت، ئەوا لە بری ئەوەی وەک قبوڵکردنی رەخنە، کە هەموو لایەک بانگەشەی بۆ دەکات، کە دەبوو بە ئاسایی وەر بگیرێت، ئەوا بە خۆی و پارت و بنەماڵە و خێڵەکەی جاڕی شەڕ بەرامبەری دەدات!؟ ئاخر کەی رەخنەگرتنی گشتگیری (پارتی و یەکێتی) کاریگەریی لە سەر ئەو حیزبانە ماوە، لە کاتێکدا بەهەزارن بە ناو نووسەر هەیە بەو زمانەش ناوێرن رەخنە بگرن!؟. بەڵام کە پەردە لەسەر تاوانە کەسایەتییەکانیان هەڵدەدەیتەوە، ئەوا کاریگەریی نووسینی باسەکە بە سەد قات زیاتر دەبێت.
زۆر جار بیردەکەمەوە ئەو هەموو سەرئێشەیەی لەسەر نووسین و ئاخافتنەکانم توشی خۆم و بنەماڵەکەم بۆتەوە، ئاخۆ ئەوەی کوردستانپۆست چەند بێت؟ ئەمە قوربانییەکە دەدرێت، چونکە ئەم هەنگاوە زوو یان درەنگ دەبێتە دیاردەیەکی سروشتی و دیموکراسی. بەڵام بەردەوام کەسە یەکەمەکان لەسەرەتادا دەکەونە بەر رەخنە، بەڵام بەتێپەرێنی ڕۆژگار جوانیان دیار دەکەوێت. ئەگەرنا ئەوانەی بەناوی خۆیان، ناوی بەرپرس و ڕۆشنبیرە درۆزنەکان بە بەڵگەوە، لە رەخنەیەکدا دەهێنن، ئەوانە وەک ئەو دەستە یەکەمەی هێرشبەری پێشمەرگایەتییە کە سەنگەرەکانیان لە دوژمن پاک دەکردەوە. ئەگەرنا کەسمان، نەشەڕانگێزین، نە کێشەمان لەگەڵ ئەو کەسانە هەیە کە ناویان دەبەین. نە بێ کاتیشین، تا لەو ئەوروپایە بێ کاتەدا کە دەتوانین دەیان خۆشی و پرۆژەی کەسایەتیمان پڕ لەو بوارە بکەین، بەڵام چی بکەین ئازار و تاوانەکان ئەوەندە زورن، پاڵت پێوە دەنێت ئەو شەرە پیرۆزە بکەیت و هەرچی ململانێیەکت توش بێت لات ئاسایی دەبێت.
لایەنە پۆزەتیفەکانی کوردستانپۆست
١/ ئەم سایتە بەهۆی ئەو شیوازە نوێیەی گرتویەتییە بەر، بۆتە هێزێکی مەعنەوی گەورە لە ترس شکاندنی جەبەروت و پیرۆزییە دروستکراوەکانی هەردوو بنەماڵە و هەندێ نووسەری ناڕاستگۆ. بەرادەیەک نەوەیەکی نوێی بوێر پەروەردە دەکات و لەو مینبەرەی خۆیەوە کەرامەتی زەلیلی تاکی کورد بە دەست ئەو دوو بنەماڵەیە دەگەرێنێتەوە، ئازارێکی زۆری بەرپرسانیش دەدات. بەرادەیەک زۆرینەی بەرپرسانی پارتی و یەکێتی بە پلە یەک ترسیان لەم سایتە هەیە. چونکە ئەوەی لە کوردستان ناتوانرێت، بوترێت و بنووسرێت یان بەنهێنی دەیکەن ئەو دەیخاتە سەر سایتەکەی بۆ خوێنەران. راستی ئەمانەش بە روونی دیارە، چەندین دەم و چاوی سیاسیی و ڕۆشنبیریی قێزەوەن کردووە، هاوکات گوێمان لە هاوار و ناڕەزایی بەرپرسانیشە لە دەست ئەم سایتە.
٢/ ئەم سایتە ئەگەر بە پێی سایتێکی پڕۆفشناڵی و رۆژنامەوانی هەڵیبسەنگێنین، هەرگیز ئەو سیمایانەی تیا نییە، خودی بەشێک لە ستافی ئەم سایتەش قسەم لەگەڵدا کردوون، ئەوانیش ددان بەوە دەنێت، کە ئەوان بەو ئامانجەوە هەنگاوی بۆ نانێن بانگەشە ناکەن، ئەگەرنا تیایان دایە، لە ٧٠کانەوە کاری رۆژنامەگەریی کردووە، بەڵام ئەوان دەڵێن ئەزمونی خۆمان گەیشتووینەتە ئەو باوەڕەی، کە ئەم شێوە نووسین و ململانێیە پیداویستییەکانی خەڵک لە هۆشیارکردنەوەی و ریسواکردن و ترس شکاندنی دەسەڵات بە ئامانج بگەیەنین.. واتا بەپێی زەرەورەتی راستیە تاڵەکانی ئەمڕۆی ناو کۆمەڵ رەفتار دەکەن، چونکە ئەو دەسەڵاتە یاسا و دادگای مۆنۆپۆل کردووە، بەڵگە و زانیارییەکان دەشارێتەوە، کەش و هەوای دیموکراسی راستەقینە بوونی نییە، تا خەڵک بە ئازادیی بەدواچوونی ورد بکات و بە بەڵگەوە قسە لە سەر هەواڵ و رووداوەکان بکات، تیرۆر و گرتنی ڕۆژنامەنووسانیش باشترین بەڵگەی گەواهدەرەن لەم بارەوە. بۆیە ئەم سایتە پڕ بەپیستی ئەو دەسەڵاتەیە و کاردانەوەی رەفتارەکانێتی.
لیرەدا ئەگەر پرسیارەکە ئاراستەی ئەو رۆژنامە و سایتانەی تری دەسەڵات و دەرەوەشیان دەکەین:
ئەی ئێوە بۆ خۆتان چەندە پڕۆفشناڵن؟
ئایا چەند لەو رۆژنامەنووسانە دەرچووی بەشی راگەیاندنن؟
چەند لەو رۆژنامەنووسانەتان زمانی بێگانە وەکو ئینگلیزی دەزانێت، تەنانەی هەیانە زمانی عەرەبیش نزانێت؟
ئایا چەند لەو سایتانە وەک کاریکی رۆژنامەگەری پڕۆفشنالانە دوور لە بەرژەوندی حیزبی یان بەرپرسان هەواڵ و بابەتەکان دەجوڵێنن؟
جگە لەوە من هەندێ لەو نووسەر و ڕۆژنامەنووسانە دەناسم، ئەگەر لە ئەوروپا بوونایە، ئەوا دڵنیام لە کوردستانپۆست خراپتریان بەو دەسەڵاتە دەکرد، بەڵام بوونی ئیرهاب و سزای مادی وایکردووە بەو زمانە بنووسن! ئاخر کاری پڕۆفشناڵی کە دەسەڵات داوا لە رۆژنامەنووسان دەکات، ئەوا لەگەڵ دەسەڵاتێکی زبری وەک پارتی و یەکێتی چۆن یەکانگیر دەبێتەوە، کە یاسا و دادگا وەک لق و مەڵبەندیان لێکردووە، بە بەڵگەوە تاوان و دزیی چەند ملیۆن و ملیار دۆلاریان لێ ئاشکرا دەبێت، کەچی پلەکانیان گەورەتر دەکرێت، هەرچی سەرچاوەی زانیارییە دەرگاکانیان قفل داوە.
٣/ هەموو ئەو بەرپرسانەی وەک خودایەکی ئیلاهی بەخۆیان و بنەماڵەکانیان رەفتار دەکەن و ئاخافتنیان لە دەمەوە گواستۆتەوە بۆ لووت، هەر یەکە سوپایەکی رەفتارفاشی دام و دەزگای تۆقێنەری خۆی هەیە. کەچی لە کوردستانپۆست بە شێوەی دادگاییکردنێک ودەیانهاڕێت و سوک و ڕەزیلیان دەکات، ئەمەش تارادەیەک ئازار وتێنوێتی تاکی کورد دەشکێنێ. لە کاتێکدا دەسەڵات لەسەر ئەو ئیرهابە دەژی، تا تاکی کورد بترسێێت و نەوێرێت داوای مافەکانی خۆی بکات و وسیاربیتەوە. تۆ سەیر بکە ٢٢ ساڵ تێپەڕیوە بەسەر راپەریندا، بە دەیان هەزار کەس لەو ئەوروپایەوە هەزاران میل لێیان دوورە، کەچی ناوێرێت ئازارەکانی بە چەند ووشەیەک دەرببڕێت!
٤/ کوردستانپۆست پێچەوانەی زۆرینەی میدیاکانی ئەهلی و گۆران، نەشارچێتی دەکات، نە خاتر و قودسیەتیش بۆ هەندێ نووسەری ووشە ڕێزکراوی بریقەدار و درۆزن دادەنێت، بەڵکو زیاتر گرنگی بەو نووسەر و دەنگانە دەدات، کە راستگۆ و بوێرن، ئیتر سەر بە هەر گروپێکی ڕۆشنبیریی، یان پلەیەکی چینایەتی بن. خاوەنی سایتەکە و چەند نووسەرێک. یەکێک لە جوانیەکانیان ئەوەیە، پێچەوانەی چەندین ڕۆژنامەنووسی تر، بۆ خۆدەرخستن کار ناکەن.
٥/ ئەگەر کوردستانپۆست نەبێت یان بەو شێوە نووسینە نەینووسێت و کارنەکات، من دڵنیام ئەوا میدیای ئەهلی لە نیشتمان گورز و فشاری زیاتری بەردەکەوێت. چونکە تا چەندە فشارەکان بۆ سەر ئەوان لە هەڵکشاندا بێت، ئەوا بازاڕی نووسین و هەواڵی کوردستانپۆست گەرمتر دەبێت.
خالە لاوازەکانی کوردستانپۆست
١/ پێویستە وریا و وردتر لەگەڵ ئەو زانیاریانە مامەلە بکات، کە دەگاتە دەستی، پێم وایە ئەوان هەندێک هەواڵیان نەبێت باشترە لەوەی پڕ لە هەواڵی بکەن، هەروەها هیوادارم وردتر سەیری بابەتەکان بکات. دەزانم و ئاگادارم ئەوانەی سەرپەرشی ئەو هەواڵ و بابەتە دەکەن، دوای تەواوبوونی کارەکانیان بە هیلاکی و سەدان کێشە و نەبوونی کاتەوە، ئەو قوربانییە خۆبەخشانە دەدەن. نەوەک ستافێکی هاوشێوەی خەندان و گوڵان و چاودێر و رووداو بودجە و کارمەندیان لە بەرەدستدا بێت.
٢/ کوردستانپۆست ئەگەر هەڵەیەکی کرد، بوێرانە داوای لێبوردن بکات و ئەم کەلتورە بخاتە ناو کارکردنی رۆژانەی خۆیەوە، چونکە زۆر جار بەمانای ووشە خەڵک بە نووسین تیرۆر کراوە.
٣/ وریاتر بێت لە وەرگرتنی هەندێ کەس، کە دەبنە دەم و چاوی ئەو سایتە، پەلەکردن لێی، یان زۆرکردنی ستافەکەی کارێکی هەڵەیە، یان کەسانێک، کە کەسایەتییان زۆر لاوازە لە قینی مەسەلەیەکەوە لەگەڵ دەسەڵات دەکەونە ململانێوە یان کەسانێک هەن زوو دەسەڵات دەیان کڕێت چونکە خاوەن کەسایەتیەکی لاوازن یان بۆ خۆدەرخستن خۆیان لێیان نزیک دەکەنەوە.
٤/ کوردستانپۆست هەندێ دەستەواژە بەکار دێنێت، وەک هەڵگرتنی (ڕووخانی دەسەڵاتی کوردی) دەبێت لە خوێنەر بگەیەنێت مەبەست روخانی دام و دەزگاکانی دەوڵەت نییە، بەڵکو سیستەمەکەیە، وەک روخانی بەعس مانای روخانی دەوڵەتی عێراقی نەدەگەیاند.
٥/ کوردستانپۆست پێویستە زیاتر هەناسەی دیموکراسی لەو مینبەری بکاتەوە بە وانەی دژی ئەم سایتەشن، یان سەرنجیان لەسەری هەیە و بڵاوی بکاتەوە.
٦/ کوردستانپۆست پێویستە روونکردنەوەی زیاتر بدات، کاتێک دۆسیەیەکی دادگا دەدوڕێنێت. ئاماژە بەو بکات کە ئەوان هیچ ئەو پارەیە نادەن، کە سەدان هەزار دۆلارە، چونکە خوێنەر وا دەزانێت کەوا هێزێکی گەورە لەپشێتی و یارمەتیی دەدات.
٧/ کوردستانپۆست دەبێت لە رەخنە گرتن سڵ نەکاتەوە و خاتری کەس و لایەنێک نەگرێت، هەر کەس و لایەنێک بەپێی هەڵە و تاوانەکانی قسەی لەسەر بکرێت. راستە ٢ ساڵێکە دەرگای رەخنەگرتنی لەسەر هەموو لایەک کردۆتەوە، بەڵام لە کۆندا خاتری بزوتنەوەی گۆرانی زۆر گرتبوو.
٨/ هیوادارم کوردستانپۆست گرنگیی بە چۆنێتی هەواڵەکانی بدات و بەدواچوونی زیاتر بە ئازاری بەشەکانی تری نیشتمانیش بدات.
٩/ ئەو ئەرکەی دەیکات و کردویەتی وەک سایت، سەرکەوتوو و کاریگەر بووە، تێپەراندنی ئەو ئەرکەی بۆ دروستکردنی ڕێکخراو، بەبیرواری من ئامانجە گەورەکەی ناپێکی.
١٠ / کوردستانپۆست شێوازی کارکردنی بەپێی (قین و میزاج و هاوسۆزی) لەسەر هیچ رەفتار و دیاردەیەک نەوەستێ، وەک ماوەیەک هەندێک کەس کە ئێستا لەگەڵیان نەماوە، رەفتاریان پێدەکرد. بەڵکوو بەپێی ئەو ستراتیژەی هەیانە ململانێی لەگەڵ تاوانبار و دزەکان بکات سەر بەهەر گرووپ و لایەنێک بن.
١١/ راستە ئەمڕۆ بە پلەی یەکەم پارتیی و یەکێتی و دوو بنەماڵە بڕیار بەدەستی سیاسیی و ئیداریی کوردستانی باشوورن، لە هەموو تاوان و ناپاکییەکدا، بەڵام پێشنیاز دەکەم کوردستانپۆست، کە بەشی زۆری ستافەکەی کەسانی نیشتمانپەروەر و پێشکەوتوخوازن، دەرگای چڕکردنی رەخنە و سەرنج زیاتر لە سەر کارە دواکەوتوەکانی ئیسلامی سیاسی بکاتەوە، چونکە ئەوانیش ئەمڕۆ هیزێکی کاریگەرن لە نێو کۆمەلگا بەبێ ئەوەی لە دەسەڵاتدا بن.
کۆتایی
کوردستانپۆست مادام کاردەکات و ناحەزەکانی هەوڵی هەڵخلیسکاندنی دەدەن، بۆیە ئاساییە هەڵەش بکات. کاتێک تۆ ململانێ و رەخنە بەو زمانە ڕاشکاوانە دەگریت، لەگەڵ ئەو هەموو کەسایەتی و پارت و خەڵکەدا دەکەویتە ملمانێ، ئەوە ئۆتۆماتێكی تۆش دەکەویە دژیان. پرسیاری من لەو هەموو خەڵکە ئەوەیە، کە چۆن بێ هەڵسەنگاندنی بابەتیانە، دێن گفتوگۆ و رەخنە دەگرن، بەتایبەتی هەزاران ڕۆشنبیری کوردستان هەمووی لێمان بوونەتە رابەر و سیاسەتمەدار چاوەڕوانە بە قودرەتی قادرێک بێت و گۆرانکاری بکات، یان خۆی لەرزۆکە و گیانی قوربانیی تیا نییە، کەچی هێڵێکی چەپ و راست بەسەر مەسەلەکاندا دێنیت. ئایا کام ئەلتەرناتیفی کارکردنی نووسین توانیویەتی بەرامبەر ئەو دەسەڵاتە سەرکەوتن بەدەست بهێنێت، یاخود کاریگەری بۆ سەر دەسەلات هەبێت؟ چۆن دەتوانێ پێش لە رەفتارەکانی ئەو دوو پارتە بگریت، کە بە بەرنامە کۆمەڵگای کوردی بەرەو فەسادی دەبەن؟
ئەوانە ناپاکی نەتەوەییان کردۆتە دیاردەیەکی ڕۆژانە، تاڵانی وڵات دەکەن و تاکی کورد زەلیل دەکەن.، توێژێکی هەرە مەترسیدار لە بەرپرس و بنەماڵەکانیان ڕۆژانە کەڵبە پیسەکانیان لە جوانی نیشتمان دەچەقێنن. ئاخر کاتێک لە وڵاتە پێشکەوتوەکان زمانی نووسین و رەخنە دەبێتە ئەو گوڵەی کە (گۆران) رەخنەی پێدەگرێت، ئەوا سەرکردایەتی ئەو ولاتانە، لەسەر بچوکترین پێشێلکاری یاسا و ئیدارە و بەڕێوەبردنی وڵات سزا دەدرێن. بۆیە خۆزگە دەخوازم دەیان سایتی تری وەک کوردستانپۆست گەشە بکات. تۆ سەیربکە دوای ئەو هەموو هەڵمەتەی راگەیاندن و ریسواکردن و ئاشکراکردنی بەڵگانەی لە تاوان و ناپاکی، کە لە سەریان بڵاودەکریتەوە، ئەوان درێژە بە ملهۆری سیاسیی و ئیداریی خۆیان دەدەن، ئێتر تۆ چۆن دەتوانیت بە زمانێکی پڕۆڤشنال لەگەڵ دەسەڵاتێکی زبر لە ئیدارە و سیاسەتدا، ڕەفتار بکەیت!؟
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست