گەڕانەوە بۆ دواوە
Sunday, 05/05/2013, 12:00
ئەم گەلە ڕەسەنەی میزۆپۆتامیا کەبەهەزاران ساڵە خوێن و ئێسکی تێکەڵ بە بست بە بستی خاکی ئەم پارچە زەوییە دەکات کە لەسەردەمی دەسڵاتی سەلجوقییە تورکەکانەوە پێیدەوترێت کوردستان سەردەمێکە قوربانی دەستی خۆخۆری و فرە مینبەری و ڕاجیایی و یەکتر نەخوێندنەوەو یەکتر هەزم نەکردنە ، کە ئەمەش کەم تا زۆر هۆکاری پوکانەوەو نەخەمڵین و حساب بۆ نەکردنێتی لە کۆڕبەندی ناو نەتەوەیدا، ئەم میللەتە نە خەمڵیوە جگە لەوەی گیرۆدەی دەستی ڕامیاری نەگریسی دابەشکردنی ئیمپریالیست و وابەستەی بیری بێکەڵکی ترادیسیۆن و دابەش بوی سەر ئەجێندای هەرێمایەتی و نەبونی زمانی هاوبەش و تێنەگەشتنێکی هاوبەشە لە مەڕ پرسە گەرم و چارەنوسییەکانی تایبەت بەخۆیی ، ڕۆژ بە ڕۆژیش کەلێنی نێوان تاکەکانی و پێکهاتەکانی گەورەتر دەکرێت لە پێنا بەرژەوەندی تەسکی پارتایەتی و فیئەوی و خانەوانەیدا من لێرەیا بە کورتی چەند نمونەیەکتان بۆ دەخەمەڕو بەو ئومێدەم دەسڵاتدارانی ئەم هەرێمە هەرچی زوە ئاوڕێکی جدی بە لادا بدەنەوەو ئەم دیاردانە لە ڕیشەوە بنکۆڵ ڕیشەکێش بکەن دەنا چەند دەیەیەکی تر شتێك نامێنێ بتوانین یەکگرتویی کوردی لە سەر بونیاد بنێین لەوانەش:-
* نەبونی زمانی یەکگرتوی کوردی کە بۆ کاروباری فەرمی هەرهیچ نەبێت تەنها لە باشور کاری پێبکرێت ، کاتێك لە پردی بێخمەی سەر زێ ی گەورە دەپەڕیتەوە بە ئاشکرا شێوەی دو میللەتی بەدیار دەکەوێت هەمو تابلۆکانی ئەدرەسی ئەمبەر شێوەزاری کرمانجی ناوەڕاستەو تابلۆکانی بەری ئەوبەر کرمانجی ژورو.
* دانیشتنی دو بێژەر لە ستۆدیۆی هەواڵی تیڤییەکانی کوردستاندا ئاماژەی نەبونی بنەماکانی لێکگەشتنی تاکی کوردەو یەکێکە لەو دیاردانەی من هەرکات بەدی ئەکەم کۆڵێك خەمم ئەداتێ.
* دابەش بونی ئاشکرای زۆنەکانی دەسڵاتی باشورە کە ڕێك ئەمانباتەوە سەدەی نۆزدەو سەردەمی دەسڵاتی میرنشینە پاشکۆکانی عوسمانی و ێەفەوی.
* نەبونی داو و دەزگای پیشەیی و نەبونی دەسڵاتێکی داو و دەزگایی دەوڵەتی هاوچەرخ ، بەڵکو لەجیاتی ئەوە بەرقەرار بونی دەسڵات و هەژمونی خێڵ دەبینرێت.
* نەبونی بارەگایەکی ڕەسمی حکومەت کە لە شێوەی کۆشك و تەلاری سەرۆکایەتیدا بێت کە لە سەروبەندی دەستاودەستکردنی دەسڵاتدا سەرۆکی نوێ بیکات بە جێگای بەڕێوەبردنی وڵات.
* نە بونی هەست و ئینتیمای هاو بەش بۆ کوردستان و سەرهەڵدانی دیاردەی ناوچەگەرێتی بە زەقی هەتا کار بە ڕادەیەك گەشتووە سەرکردە ڕامیاری و حکومییەکانیش ناوی ناوچەو خێڵ و بنەماڵەکانیان کردوە بە ناسنامەی کەسایەتی خۆیان.
* نە بونی سوپایەکی نیشتیمانی دیسیپلین کراو کە بە یەك مەودای وەك یەك لە سەرجەم تاك بە تاکی کۆمەڵگەی کوردی بڕوانێت و لە سەرو بەندی تەنگەژە ڕامیارییەکاندا بێلایەن و نیشتیمانی و پارێزەری ستراکتۆری وڵات بێت.
* کردنەوەی زانکۆی لاوازی زۆرو بۆر لە شارو شارەدێ و قەزاکان و مانەوەی فێرخوازی هەر شارە بۆ تەواو کردنی خوێندن لەناوچەکەی خۆی ، ئەمەش دەبێت بە هۆی ئەوەی تێکەڵی ناوچەیی دروست نەبێت و کەلێنی جیاوازی کلتورە ناوچەیەکان فراوانتر دەکات.
* پەرەسەندن و سەرهەڵدانی بیری خێڵەکی و گەڕانەوە بۆ شوناسە کۆنەکەی سەرو بەندی ڕژێمی دەرەبەگایەتی وەك زیندو کردنەوەی ئێل و تەمویل کردنی سەنتەرە بۆ دروستکراوەکانیان و فێستیڤاڵە کاڵ و کرچەکانیان کە ڕۆحی پەرتەوازەیی و خرۆشی بنەماڵەیی بە دودا دێت.
* کردنەوەی ڕادیۆو تیڤی تایبەت بە شێوە زارەکانی وەك کرمانجی و هەورامی و فەیلی و ئێزدی کە هیچ بردێکی لێكتێگەشتن بۆ دروست کردنی زمانی فەرمی کوردی ناهێڵێتەوە.
* نەبونی ڕێگایەکی خێرای پێشکەوتو کە شارو ناوچەکان و مەودای نێوانیان کورت بکاتەوە هەتا بەهۆیانەوە هاتو چوۆی نێوان شارەکان زیاد بکات و زیاتر کلتورە لۆکاڵییەکان تێکەڵ بە یەك ببن و لە ناو یەکتردا بتوێنەوەو دواتر کلتورێکی هاوبەش و هەستێکی وەك یەك دروست ببێت.
دابەش بونی کوردو دەسڵاتە لۆکاڵییەکەی بە سەر ئەجێندای نەتەوە سەردەستە داگیرکەرەکانی نیشتیمانەکەیدا.
* ڕۆژ بەڕۆژو ساڵ بەساڵ جیا بونەوەی زمانی پەروەردەکەی کە لە بەیاننامەی ئازاری حەفتاوە دروست ببو ، ئێستا لەیەکی بنەڕەتەوە ساڵ بەساڵ ناوچەی پارێزگای دهۆك واز لە شێوەزاری بەناو سۆرانی پەروەردە دێنن و بە شێوە زاری کرمانجی دەپەروەردێن.
ئەمانە ئەو دیاردە مەترسیدارانەن کە ڕۆژ بە ڕۆژ یەکێتی کوردان زیاتر بۆ دواوە دێنن و ماڵی کوردی وێرانترو ویژدانی دڵسۆزانی ئەم میللەتە بیمارتر دەکەن و خوێ دەکەنە برینی قەتماغە نە بەستوی سینەمانەوە ،تکایە دروستکەرانی بڕیاری سیاسی و کاربەڕێوەبەرانی ئەم مەملەکەتە ئەگەر لە خەمی ئایندەی وڵاتدان ئاوڕێکی بەلایا بەنەوە.
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست