پێشتریش دژی هەرێمی كوردستان بوون بەڵام ؟
Thursday, 29/01/2015, 12:00
هەر لە پاش راپەرینەوە، هەڵوێستی توركیامان لە بیرە كە لەسەرەتاوە بە كردەیی و رەفتار و گوفتارەوە دژی دامەزراندنی هەرێمی كوردستانی عیراق بوون، ئەوەی بۆیان كرا درێغیان نەكردـ تا گەیشتە ئەو رادەیەی ناكۆكیەكانی لایەنەكانی باشوری كوردستان ئیستغلال كرد و ئاگری شەری نێوخۆیان خۆش دەكرد و بە ئاشكرا دەستیان تێوەردا . ئەوەی دیمان كە پاشان و بەتایبەتی دوای روخانی رژێمی بەعس و گۆڕانی هاوكێشەكان و لە پێناو لەخۆگرتنی هەرێمی كوردستان ملكەچی ئەو دیفاكتۆیە بوون كە ناچاركران بە رەسمی مامەڵەی لەگەڵ بكەن . بەڵام تا ئێستاش بۆیان كرابێت بە ئاشكرا دژی دەوەستنەوە و بە دەمیاندا نایەت بە هەرێمی كوردستان ناوی بەرن و، لە هەڵیك و ئەڵتەرناتیڤێك دەگرەێن بۆ ئەوەی پشتی پێ ببەستن و پشت لە كورد بكەن . لەم ماوەیەشدا بە هاتنی عەبادی لە چالاكی و هاتوچۆدان بۆ ئەوەی لە مامەڵە كردن بگەرێنەوە جاری جارانیان و پاش ئەو هەموو قازانجە سیاسی و ئابووریەی لە هەرێمی كوردستان كردیان، هیچ شتێك لەبەرچاونەگرن و لەسەر سپڵەیی خۆیان بەردەوام بن .
ئەمەش ستراتیجی ئاشكرای توركیا بوو، بەڵام دەسەڵاتی هەرێم لەو ئاستەدا نەبوو یان ناچار بوو بە شێوەیەكی تر بیخوێنێتەوە و پشت بەوان ببەستێت . دەتوانین بڵێین ئەوەی زیاتر ملكەچی توركیا كرد مامەڵە لەگەل كورددا بكات :
یەكەم: بەرژەوەندیە سیاسی و ئابووریەكەی بوو . دووەم: ناچاربوو مامەڵە لەگەڵ دیفاكتۆی هەرێمی كوردستانی دراوسێیدا بكات . سێیەم :ئەڵتەرناتیڤێكی تری نەبوو . چوارەم : ئامانجی دوورخستنەوەی كورد بوو لە میحوەری شیعە و دابەشكردنی كورد لەسەر ئەو دوو میحوەرەی ناوچەكە . پێنجەم : راكێشانی دەسەڵاتی سیاسی كوردستان بۆ لای خۆی و لێدانی پە كەكە و لاتەریك كردنی بوو ، دوای ئەوەی زانی هەرێم و پە كەكە لە شەر دوركەوتونەتەوە .
ئێستاش پاش رزگاركردنی كۆبانی ، توركیا سەلماندی كە لەسەر هەمان رەفتار و بۆچون و هەڵوێست بەردەوامە و، هیچ گۆرانكاریەك لە عەقڵیەتیدا رووی نەداوە و ئەگەر بۆی بكرێت واقعی كوردستانی رۆژئاوا دەگۆرێت . ئەگەر ئەوانیش وەك هەرێمی كوردستان بە ئەمری واقیع خۆیان لەسەر سیاسەتی توركیا فەرز نەكەن، كە ئەمە هەوڵو تەقەلایەكی زۆری دەوێت، لەبەر ئەو جیوازیەی كە لە نێوان رۆژ ئاواو باشوور ی كوردستان هەیە لەمەر بارودۆخ و پەیوەندیە هەمەچەشنەكان لەگەل كوردستانی باكور و توركیاشدا، ئەوە توركیا ئامانجی خۆی دەپێكێت .
بۆ سەركەوتن و گەیشتن بە ئامانجی فەرزی دیفاكتۆی هەرێمی كوردستانی رۆژئاوا، كۆمەڵێك رێوشوێنی گەورەی دەوێت و ئەم ئەركە نەتەوەییە دەكەوێتە ئەستۆی سەرجەم لایەنەكانی كوردستان بە هەر چوارپارچەیەوە، بۆ ئەو مەبەستەش پێویستە :
یەكەم : هەوڵ بدرێت كۆنگرەی نەتەوەی بە زووترین كات ببەستێت و سەرجەم پێداویستیە هەنوكەییەكان تاوتوێ بكریت و بریاری شیاو و گونجاوی تایبەتی خۆی بۆی بدرێت .
دووەم : هەوڵی ئاساییكردنەوەی پەیوەندیەكانی لایەنەكانی كوردستان بەتایبەتی كوردستانی رۆژئاواو و باشوور و باكور بە زووترین كات بدرێت و مەترسیەكانی سەر كوردستان بخرێتە بەرچاو .
سێیەم :پلانی پەیوەندیە دەرەكیەكانی كوردستان لەگەڵ وڵاتانی رۆژئاوا و ناوچەكە دابرێژرێت .
چوارەم : هەماهەنگیەكی تۆكمە لە نێو لایەنەكانی كوردستان دروست بكرێت كە روداوی لاوەكی رۆژانە لێرە و لەوێ كارنەكاتە سەر ستراتیجیەتی پەیوەندیە كوردستانیەكان و هاوكاریەكانیان و پلانە چاوروانكراوەكانیان .
پێنجەم : رۆڵە تایبەتیە پێویستیەكانی لایەنەكان دابەشبكرێت لەمەر جێبەجێ كردنی ئەركە نەتەوەییەكان و وەزع و سەنگی هەر لایەنێك و نزیك و دووری لەگەڵ وڵاتانی جیهات لەبەرچاو بگیرێت لە جێبەجێ كردنی ئامانجەكاندا و، ئامرازەكانی سیاسەتی سەردەمانە و ئاشتیانە بگیرێتەبەر .
لەم قۆناغە تێپەرە زۆر ناسكەی كوردستاندا، هەر هەنگاوێك بە سەت حیساب دەكرێت و هەر هەڵەیەك بە هەزار دەژمێردرێت . بۆیە زۆر بە دیقەت كاركردن لە سیاسەتی ئەمرۆی سەرجەم لایەنەكان پێویستیەكە ئەم قۆناغەیە.
لەو ئەركانەی سەروە گەر سەركەوتوبین، نەك تەنها توركیا ملكەچی دیفاكتۆی كوردستانی رۆژئاواش دەبێت بەڵكو سەرجەم وڵاتانی ناوچەكە و جیهانیش حیسابی تایبەتی خۆیان بۆ سەرجەم پارچەكانی كوردستان بە وردی دەكەن و هەنگاوی یەكەمی رزگاری یەكجارەكی دەست پێدەكات .
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست