کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


کوا دکتۆر که‌مال فوئاد؟!

Friday, 24/08/2012, 12:00


موڕاڵ پیاوی جوان خاوه‌نێتی، نه‌وه‌ک نیشتیمانفرۆشان!

دکتۆر که‌مال فوئاد که‌سایه‌تیه‌کی نه‌ناسراو نییه‌، تا من به‌ خوێنه‌رانی بناسێنم، ماوه‌یه‌کی درێژه‌ دکتۆر که‌مال فوئاد بزره‌ و ده‌نگ و باسی نییه‌، ته‌نانه‌ت ئه‌و حیزبه‌ی که‌ ئه‌و یه‌کێک بوو له‌ دامه‌زرێنه‌رانی ساڵی 1975 هه‌ر به‌ لایا ناچن و له‌ کوله‌که‌ی ته‌ڕیشدا ناوی ناهێنن، دڵنیاشم دوای خوێندنه‌وه‌ی ئه‌م وتاره‌ ده‌ستده‌که‌ن به‌ پڕۆپاگه‌نده‌کردن، گوایه‌ هه‌میشه‌ ئاگایان لێی بووه‌ و خه‌میان خواردووه‌!

با بێینه‌وه‌ سه‌ر کرۆکی ئه‌م وتاره‌:
دکتۆر که‌مال فوئاد له‌م ساڵانه‌ی دواییدا تووشی چه‌ند ڕووداو و کاره‌ساتێکی ناخۆش بووه‌وه‌، که‌ به‌ ته‌واوه‌تی کاریگه‌ری زۆر نێگه‌تیفیان هه‌بوو له‌ سه‌ر ته‌ندروستی و په‌کیان خست،  له‌وانه‌:
- پێش 3-4 ساڵ کوڕه‌که‌ی به‌ کاره‌ساتێکی ناخۆش له‌ ئه‌ڵمانیا گیانی له‌ده‌ستدا.
ئه‌و کوڕه‌ی خه‌ریکی بڕین و ڕێکخستنی چیمه‌نی باخچه‌که‌یان بوو به‌ ئامێرێکی کاره‌بایی، به‌هۆی ته‌زووی کاره‌باوه‌ ده‌ستبه‌جێ گیانی سپارد. ئه‌م ڕووداوه‌ پشتی دکتۆر که‌مالی شکاند، به‌تایبه‌تی که‌ ته‌نها یه‌ک کوڕ و کچێکی هه‌بوو.
- دواتر کۆچی د.ئیحسان فوئادی برای ئه‌وه‌نده‌ی تر په‌رێشانیکرد.
- له‌ 16-12-2011 شدا هێڵگای خێزانی له‌ ته‌مه‌نی 71 ساڵیدا له‌ به‌رلین کۆچی دواییکرد و دکتۆر به‌ ته‌نها مایه‌وه‌.
 ئیتر ڕۆژ به‌ڕۆژ ته‌ندروستی د. که‌مال به‌ره‌و خراپی چوو، خۆی گه‌یانده‌وه‌ به‌رلین و ماوه‌یه‌کی زۆر له‌ خه‌سته‌خانه‌دا مایه‌وه‌، دوایی گواستوایانه‌ته‌وه‌ ‌ بۆ خانه‌ی ئه‌و پیرانه‌ی ده‌ستیان لێده‌شۆرێت، تا مردن له‌وێ ده‌مێننه‌وه‌.
ئێستا دکتۆر که‌مال فوئاد له‌ بارێکی ده‌روونی زۆر ناخۆش و سه‌ختدا کات به‌سه‌ر ده‌بات دوور له‌ سلێمانی، به‌ بێکه‌سی و ته‌نهایی له‌و شوێنه‌دا ماوه‌ته‌وه‌.
ته‌نها سێ که‌س سه‌ردانی ده‌که‌ن: کچه‌که‌ی و جار جار د.جه‌مال فوئادی برای و که‌سی سێهه‌م پێشمه‌رگه‌یه‌کی به‌وافای خۆیه‌تی، که‌ ساڵانێکی زۆره‌ له‌ گه‌ڵیدایه‌ لای ده‌مێنێته‌وه‌ و خزمه‌تی ده‌کات، که‌ ناوی عادله‌ گه‌ر هه‌ڵه‌ نه‌بم، ئه‌م پێشمه‌رگه‌ جوامێره‌ له‌ هه‌موو هه‌ڤاڵ و براده‌ره‌کانی دکتۆر به‌وه‌فاتر و ئه‌مه‌کدار تره‌، هه‌رچه‌نده‌ باری دارایی ئه‌م پیشمه‌رگه‌یه‌ باش نییه‌ و له‌ ئوتێل ماوه‌ته‌وه‌ و کچه‌که‌ی دکتۆر که‌مال مه‌سره‌فی ئوتێلی بۆ ئه‌دات. داوای لێبوردن ده‌که‌م که‌ له‌وانه‌یه‌ ئه‌ز سنورم به‌زاند بێت و باسم له‌ هه‌ندێک باری ژیانی تایبه‌تیکرد، به‌ڵام ئه‌وه‌ی مه‌به‌ستمه‌ بڵێم و بپرسم، باشه‌ کوا وه‌فات جه‌لال تاڵه‌بانی بۆ که‌سێک که‌ زیاتر له‌ په‌نجا ساڵه‌ هاوڕێی خه‌بات و تێکۆشانته‌؟!
ئه‌ی جەلال تاڵەبانی سەرۆك كۆماری عێراق‌و سكرتێری گشتی یەكێتی؟!


تو ئه‌و په‌روه‌ردگاره‌ تا ئێستا چه‌ند ملیۆن دۆلارت له‌ خۆتا سه‌رف کردوه‌ له ‌17/6/2012 که‌ لەسلێمانییەوە بەرەو ئەڵمانیا بەڕێكەوتیت و تا لە 20ی هەمان مانگدا نەشتەرگەریی بۆ ئەژنۆت ئەنجامدرا و تا ئیستاش له‌ژێر چاره‌سه‌رییدایت و دیار نییه‌ که‌ی گۆجان فڕیده‌ده‌یت و دێیته‌وه‌؟
به‌ چ یاسای جه‌نگه‌ڵێک بۆ عیماد ئه‌حمه‌د ڕه‌وایه‌، که‌ ته‌نها بۆ لابردنی په‌ڵه‌یه‌کی ده‌موچاوی ده‌یان هه‌زار دۆلار سه‌رف بکات؟ یان بۆ قاچی ئه‌رسه‌لان باییز؟
تۆی به‌ڕێزیشت ڕه‌وایه‌ ئه‌م هه‌موو پاره‌یه‌ سه‌رف بکه‌یت و گه‌نجێکیش دینارێکی ڕیمی له‌ گیرفاندا نییه‌.


به‌ڕێز تاڵه‌بانی...!
پێش ئه‌م که‌وتنه‌ت له‌ ئه‌ڵمانیا، که‌ ده‌هاتیته‌ ده‌ره‌وه‌ی وڵات چه‌ند جار سه‌ردانی ئه‌م هه‌ڤاڵه‌ی خۆتکرد و لێت پرسیه‌وه‌؟
باشه‌ دارایی حیزب و حکومه‌تی به‌غدا له‌ خۆتا سه‌رفده‌که‌یت، ئایا بایی ئه‌وه‌نده‌ به‌خشنده‌یی ئه‌وه‌شت تیا نییه‌، ته‌نها مه‌سره‌فی ئه‌و پێشمه‌رگه‌ به‌وه‌فایه‌ بکه‌یت، که‌ به‌دیار د. که‌ماله‌وه‌ ماوه‌ته‌وه‌؟
باشه‌ کێن ئه‌وانه‌ی سه‌ردانی دکتۆر که‌مال ده‌که‌ن و به‌ به‌رده‌وامی ده‌چنه‌ لای به‌ تایبه‌تی ئێستا زۆر بێتاقه‌ت و بێکه‌س و ته‌نهایه‌؟ بۆچی ناتوانن بیهێننه‌وه‌ بۆ سلێمانی و خزمه‌تی بکه‌ن؟ هیچ نه‌بێت نیوه‌ی ئه‌و گرنگیپێدان و ئه‌و پاره‌یه‌ی که‌ خۆت و براده‌ره‌کانی مه‌کته‌بی سیاسی به‌خشیتانه‌‌ د.که‌مال مه‌زهه‌ر مانگانه‌ له‌ له‌نده‌ن بۆ چاره‌سه‌ریی نه‌خۆشیی و هه‌روه‌ها مه‌سره‌فی تۆژینه‌وه‌ که‌ 2-3 ساڵ به‌رده‌وام بوو؟ عافێتی بێت و هیچ نه‌بێت د. که‌مال مه‌زهه‌ر به‌مه‌ خزمه‌تیکی کردوه‌ و هیچ گله‌ییم نییه‌، خۆزگه‌ هه‌موو داراییتان له‌م جۆره‌ کارانه‌دا سه‌رف ده‌کرد.


به‌ڕێز مامی هه‌مووان، ده‌ ئاوڕێکیش بده‌ره‌وه‌ له‌م هه‌ڤاڵه‌ت!  هیچ نه‌بێت به‌قه‌ده‌ر ته‌ها محێدین گرنگی به‌م پیاوه‌ش بده‌‌، که‌ به‌قه‌ده‌ر زه‌وی و ئاسمان له‌ یه‌که‌وه‌ دوورن له‌ ڕووی که‌سایه‌تی و هه‌ڵوێست و نیشتمانپه‌روه‌رییه‌وه‌!


ته‌ها محێدین دوای ڕووخانی ڕژێمی سه‌دام هاته‌وه‌ سلێمانی و تاڵه‌بانی له‌ دوکان خانویه‌کی بۆ دابینکرد، وه‌ک میوانی تایبه‌تیی خۆی مایه‌وه‌، له‌ ئابی 2009 دا ته‌ندروستی تیکچوو بردیانه‌ عه‌مان و له‌وێ کۆچی دواییکرد.
دکتۆر که‌مال فوئاد زۆر له‌وه‌ به‌رزتره‌ و پێویستی به‌ پاره‌ نییه‌ مامه‌!
ئه‌و پێویستی به‌ڕێزگرتن و دڵنه‌وایی هه‌یه‌!
 ئه‌ی ئه‌ندامانی مه‌کته‌بی سیاسی یه‌کێتی..... بۆ غیره‌ت و جوامێریتان له‌ ژێر سفره‌وه‌یه‌!؟ ئاوا پاداشتی د. که‌مال فوئاد ده‌ده‌نه‌وه‌؟!

هه‌زار جار قوڕ به‌سه‌ر ئه‌و دایکه‌ی جگه‌رگۆشه‌کانی کرده‌ قوربانی بۆ کورد و چاوه‌ڕێی ده‌ستی ئێوه‌یه‌، مۆڕاڵ پیاوی جوامێر خاوه‌نیه‌تی نه‌وه‌ک نیشتمانفرۆشان!


*یه‌که‌م فۆتۆی سه‌ره‌وه‌ی بابه‌ته‌که‌ له‌ ماڵپه‌ڕی کاک عه‌دنان موفتیه‌وه‌ وه‌رگیراوه‌.
http://www.adnanmufti.com/2012/04/blog-post_28.html

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە